" زەوی سەخت و ئاسمان دوور"

نووسینی: نورهاق گوڵبەهار وەرگێڕانی: نەجیبە قەرەداغی

ئەگەر تۆ خاوەنی وڵاتێکی شاخاوی بیت، ئەوا گۆرانی و چۆپی و هۆرەکانت لە سەرلوتکەی چیاکاندا دەسوڕێتەوە. ئەوا ئاسمان و زەوی لە دوای دیدارە بێبڕانەوەکەی خۆیاندا دەبن. ئەگەر تۆ خاوەنی وڵاتێکی شاخاوی بیت، سەرخۆشیی ئەوینێکی غەمگین خۆت لێت دەئاڵێنێت. دوالیزمی ژیان و مردن، هیوا و ئازار، سەبر و وەفا وەک دەق (خاڵ)ی سەر جەستەی مرۆڤ دەچەسپێن. ئەگەر تۆ خاوەنی وڵاتێکی شاخاوی بیت، ڕازەکانی ژیان بە دەستی ژنێک، بە شیری دایکی کچۆڵەیەکی ساوا، وەک ئەفسوونە کۆنەکان لەناو جەستەتدا خۆیان دەشارنەوە. بێدەنگی دەبێتە بەرزترین هاوار، گەڕانیش تۆ دەباتە نێو چیرۆکاویترین گۆشەی ژیانی ڕاستەقینەوە.

 

فیلمی " زەوی سەخت و ئاسمان دوور" ئەم حەقیقەتەی وڵاتی شاخاوی دەهێنێتە بەرچاوی بینەران. لە کۆتایی فیلمەکەدا، هەست و تام و چێژێکی وڵاتی شاخاوی لای بینەر دەمێنێتەوە. داخۆ ئەمانە چی بوون، مەگەر مرۆڤ چۆن دەتوانێت ئەمە دەرببڕێت؟ ڕەنگە ناوی فیلمەکە خۆی یارمەتیدەر بێت بۆ ئەم کاره. ناوی فیلمەکە خۆی وەک چارەنووسی وڵاتی شاخاوی، مرۆڤ ڕووبەڕووی ڕاستییەک دەکاتەوە و وەک کلیلێکە بۆ خوێندنەوەی فیلمەکە. زەوییە ڕەق و سەختەکە کوردستانە، باری کۆنی مێژوو و چرکەساتی دژواری ڕۆژگاری ئەمڕۆمان لە ناخی خۆیدا حەشار دەدات. زەوییە سەختەکە ئەو وڵاتەیە کە وەک دایە مەریەم کە لە فیلمەکەدا ڕۆڵی سەرەکی دەگێڕێت، بە کوڕەکەی دەڵێت: " ڕۆڵە، کوردستان هەمووی چیایە." ئەگەر خاوەنی وڵاتێکی شاخاوی بیت، چیرۆکەکانیشت لە باوبۆرانە سەختەکانی چیاکانەوە ئاو دەخۆنەوە و دژوار و سەخت دەبن. وەک چیرۆکی تاڵی شەڕی براکوژییەک کە لە خەونەکانماندا و بە چاوی کراوەشەوە هەمیشە لە دوامانە. وەک خەونە-ڕاستییەکانی هاروون لە فیلمەکەدا.

 

زەوی سەختە لە کوردستان. لەبەر ئەوەیە شیرین بە گوڵاو پێشوازی لە قاچاخچییەکانی وڵاتەکەی دەکات، وەک پیارسکەیەک بۆ ڕۆژی شاییەکەی لە سنگی خۆی دا دەشارێتەوە. سڵاوی هیوا لە گەریلایانی ژن دەکات. ڕازی ژیان لەسەر جەستەی خۆی دەکوتێت.

 

زەوی سەختە لە کوردستان. وەک ئازاد پشت دەکاتە ئەوین و ژیان و ڕوو دەکاتە شەڕێکی بێهوودەی لە سواڵکردن خراپتر.

زەوی سەختە لە کوردستان. بەو دەنگەی کە لە بیری ئاوی دڵانەوە هەڵدەقوڵێ، دایە مەریەم برینە بکوژەکانی بوون ساڕێژ دەکات. تەنانەت ئەگەر ئەو برینە، تۆڵەسەندنەوەی کوڕەکەشی بێت.

 

لە هەمانکاتدا 'ئاسمان دوور'ە. وەک ئەو هیوایانەی کە بە کلام و قەولی دەنگبێژان و بەو ڕازانەی لە پەڕی پەڕەسێلکە و تاووسی مەلەکدا شاراونەتەوە، هەمیشە لەگەڵماندان. بە هیوای ژیانێک کە لە دەوری ژنێکی دێرین بە دڵێکی گوشراوەوە هەمیشە دەمێنێتەوە، ئێمە دەڕوانینە داهاتووی خۆمان.

 

فیلمی دەرهێنەر هاوڕاز محەمەد، بە هێماگەری هەوڵ دەدات سنوورەکانی کوردستان لەناو دڵماندا پووچەڵ بکاتەوە. لە وێنەی میکایل ئەنجیلۆی ڕۆژئاواییەوە تا شامارانی کوردەواری، هێمای جۆراوجۆر بە شێوازێکی چیرۆکئاسای لە فیلمەکەدا بەکارهێنراون. چونکە ئەگەر تۆ خاوەنی وڵاتێکی شاخاوی بیت، دەبێت فیلمەکانیشت چیرۆکئاسا بن. تەنانەت ئەگەر باسی شەڕی براکوژیش بکەیت.

 

فیلمەکە بە نواندنێكی بەپێز و باڵا، هەوڵی داوە دەست بخاتە سەر برینێکی بەئازاری مێژوومان. چنین و داڕشتنی چیرۆکی فیلمەکە لە دەوری خودبوونی ژنێک و کوردستانیبوونی ئەو ژنە مێژووییە، بینەرانی خۆی دەباتە لای ئەو بەهایانەی لە ئێمە دوور کەوتوونەتەوە. بۆ بەردەوامبوونی ژیان، ماڵاواییکردن لە ئێسکی ئازیزانی بەر دڵ و بە بەهێزترین شێواز دانپێدانانی خود، چەقی فیلمەکەیە و لە ژیانی ڕاستەقینەشدا پێویستیی سەرەکیی ئێمەیە.

 

چونکە ئەگەر تۆ خاوەنی وڵاتێکی شاخاوی بیت، دەبێت برینەکانی خۆت بە ئاو و بای چیاکان سارێژ بکەی.