خوێندنەوەیەک بۆ مێژووی ڕۆشنگەری و ڕەنگدانەوەی لە کۆمەڵگەی کوردیدا
مژدە عەلی - نووسەرو مامۆستا
گۆڕانکارییە ڕیشەییەکان هەرگیز لە دەرەوەی هۆشیاریی مرۆڤەوە دەست پێ ناکەن؛ خاک، ئابووری و دەسەڵات هەرچەندە کەرەستەی گرنگی هێزن، بەڵام بێ بوونی عەقڵێکی ڕەخنەیی و هۆشیار، وەک جەستەیەکی بێ ڕۆح دەمێننەوە. گەر تماشا بکەین دەبینین سەردەمی ڕۆشنگەری لە ئەوروپا، تەنها وەرچەرخانێک. تان ڕووداوێکی دیرۆکی قەتیسماو نەبوو، بەڵکو تەقینەوەی تیشکی عەقڵانییەت بوو بەسەر ئەقڵیەتی چەقبەستوویی و پاشکۆیەتی فیکریدا. بێگومان لەو قۆناغەدا مرۆڤ فێربوو کە هێزی ڕاستەقینە لە توانای پرسیارکردندایە، نەک لە تەسلیمبوونی کوێرانەدا. ئەمڕۆ کە کۆمەڵگەی کوردی لە بەردەم لێشاوی خێرای مۆدێرنیتەیەکی ڕووکەش و پەرتبوونی بەها کۆمەڵایەتی و فیکرییەکاندا وەستاوە، پێویستیی ئێمە بە لێکدانەوەی وانەکانی ڕۆشنگەری لە هەمیشە زیاترە. ئێمە لە قۆناغێکدا دەژین کە هاوردەکردنی ئامرازەکانی تەکنەلۆجیا جێگەی بونیادنانی مرۆڤی هۆشیاری گرتووەتەوە. لێرەوە، پێویستە بپرسین: چۆن دەکرێت چەمکە بنەڕەتییەکانی ڕۆشنگەری وەک (سەروەریی عەقڵ، ئازادیی بیرکردنەوە و ڕەخنەی مەعریفی) لە واقیعی ئێستاماندا ڕەنگ بدەنەوە؟ خوێنەری هێژا ئەم وتارە هەوڵێکە بۆ گەڕان بەدوای نەخشەڕێگای شۆڕشێکی هۆشیاریی ناوخۆیی، کە تێیدا عەقڵ ببێتە پێوەری سەرەکی بۆ نوێکردنەوەی ژیانی کۆمەڵایەتی و ڕۆشنبیریمان.
هەڵبەتە بۆ تێگەیشتن لە چەمکی ڕۆشنگەری، پێویستە لەوە دڵنیا بین کە ئەم سەردەمە تەنها شۆڕشێکی زانستی نەبوو، بەڵکو پێش هەر شتێک شۆڕشێکی دەروونی و فیکری بوو. گەورە فەیلەسوفی ئەو سەردەمە، ئیمانوێل کانت، کاتێک پێناسی ڕۆشنگەری دەکات، دەڵێت: ڕۆشنگەری بریتییە لە دەرچوونی مرۆڤ لەو نەفامیشییەی کە خۆی بەرپرسیارە لێی. ئەم دەرچوونە بە واتای بەکارهێنانی عەقڵی کەسی دێت بە بێ ڕێبەرایەتی کەسێکی تر. گرنگترین وانەیەک کە مێژووی ڕۆشنگەری پێمان دەبەخشێت، گۆڕینی ئاڕاستەی پرسیارەکانە. مرۆڤی ئەو سەردەمە لە قۆناغی وەرگرتن و ڕازیبوون گوازرایەوە بۆ قۆناغی پشکنین و دۆزینەوە . لێرەوە بوو کە عەقڵ بووە دادگایەکی باڵا؛ هەر بیرۆکە، نەریت یان یاسایەک نەتوانێت لەبەردەم تاقیگەی عەقڵ و بەڵگەی زانستیدا بەرگری لە خۆی بکات، شایستەی مانەوە نییە. ئەم ئازادیی کێشان و بیرکردنەوەیە بووە بنەمایەک بۆ دروستبوونی تاکێکی بەرپرسیار، کە خۆی بەشداری لە دیاریکردنی چارەنووسی کۆمەڵگەکەیدا دەکات، نەک تەنها ژمارەیەکی بێدەنگ بێت لە ناو جەماوەردا. کاتێک لەم گۆشەنیگایەوە سەیری واقیعی ئێستامان دەکەین، جۆرێک لە دژایەتی واتە پارادۆکسی گەورە بەدی دەکەین. کۆمەڵگەی کوردی لە ڕووی دەرەکی و ڕووکەشەوە هاوتای سەردەمەکەی هەنگاوی ناوە؛ ئێمە نوێترین کەرەستەکانی تەکنەلۆجیا و فەزای دیجیتاڵی بەکار دەهێنین، بەڵام بنەما فیکرییەکانی ئەو ئامرازانەمان لەگەڵ خۆماندا نەهێناوە. ئەم دۆخە پۆست-مۆدێرنە وایکردووە کە تاکی کورد تووشی جۆرێک لە پەرتبوونی بەهاکان و دڵەڕاوکێی شوناس ببێت؛ لە لایەکەوە لە ژێر کاریگەریی کلتوورێکی جیهانگیریی سەرپێییدایە، و لە لایەکی تریشەوە هێشتا نەیتوانیوە لە کۆتوبەندەکانی بیرکردنەوەی نەریتی و چەقبەستوو ڕزگاری ببێت. هەربۆیە گەورەترین کێشەی ئێستامان، پاشەکشەی عەقڵی ڕەخنەییە لە فەزای گشتیدا، سۆشیاڵ میدیا و ناوەندەکانی ئاڕاستەکردنی ڕای گشتی، لە جیاتی ئەوەی ببنە سەکۆیەک بۆ بەرەوپێشبردنی هۆشیاری، زۆرجار دەبنە ئامرازێک بۆ قووڵکردنەوەی سۆز و دەمارگیریی کوێرانە. گفتوگۆ عەقڵانی و زانستییەکان پەراوێز خراون و جێگەیان بۆ دەنگە ژاوژاووییەکان چۆڵ کراوە. ئەمەش وایکردووە کە پرۆسەی پەروەردە و زانین تەنها ببێتە نمایشێکی ڕووکەش، بێ ئەوەی کاریگەریی لەسەر ناخی مرۆڤ و ڕەفتارە کۆمەڵایەتییەکانی جێبهێڵێت.
کەواتە لێرەدا ئەو پرسیارە دێتە گۆڕێ کە چۆن شۆڕشی هۆشیاری لە ناوخۆدا بونیاد بنێین؟
لەو سۆنگەیەوە بۆ دەربازبوون لەم چەقبەستووییە، پێویستمان بە گەڕانەوەیە بۆ سەرەتا بنەڕەتییەکانە،چونکە پێموایە شۆڕشی هۆشیاری بە دروشمی سیاسی یان بڕیاری سەرپێیی دروست نابێت، بەڵکو پرۆسەیەکی درێژخایەنی بونیادنانە کە پێویستە لە سێ ئاستی سەرەکیدا کاری لەسەر بکرێت ئەوانیش
١/شۆڕش لە سیستمی پەروەردەدا: پێویستە ناوەندەکانی خوێندن و فێربوون لە شێوازی کۆنی تەڵقین و لەبەرکردن بگۆڕدرێن بۆ فێرکردنی میتۆدی گەڕان، پرسیارکردن و بیرکردنەوەی سەربەخۆ ، خاڵی هەرە جەوهەری لێرەدا ئەوەیە کە قوتابی دەبێت فێر ببێت چۆن بیر بکاتەوە، نەک بیر لە چی بکاتەوە.
٢/ئاوڕدانەوەی ژینگەیی و مێژوویی (ئیکۆ-هیستۆری): گەڕانەوە بۆ ناسنامەی ڕاستەقینەی خۆمان لە ڕێگەی تێگەیشتن لە پەیوەندیی نێوان مرۆڤ، خاک و ژینگە. کۆمەڵگەیەک کە ڕێز لە سروشت و سەرچاوەکانی ژیانی خۆی نەگرێت، ناتوانێت عەقڵانییەت بونیاد بنێت. هۆشیاریی ژینگەیی بەشێکی دانەبڕاوە لە هۆشیاریی شارستانی.
٣/بەرپرسیارێتیی نوخبەی ڕۆشنبیر: ئەرکی ڕۆشنبیر و توێژەرانە کە چیتر لە دەرەوەی کێشە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگە نەنوسن. پێویستە زمانێکی سادە، قووڵ و کاریگەر بەکاربهێنرێت بۆ گەیاندنی چەمکە فەلسەفی و عەقڵانییەکان بۆ ناو ناخی کۆمەڵگە، نەک تەنها لە ژوورە داخراوەکاندا قەتیس بمێننەوە.
گومانی تێدا نییە شۆڕشی هۆشیاری دواکەوتنی هەیە بەڵام ئەستەم نییە، چونکە مێژووی هەموو ئەو گەلانەی کە توانیویانە کێشە ناوخۆییەکانیان تێپەڕێنن و ببنە خاوەن ژیارییەکی بنیاتنەرو پڕ ئەزموون ، پێمان دەڵێت کە خاڵی دەستپێک تەنها یەک شت بووە: داگیرساندنی مۆمی عەقڵ لە ناخی تاکەکاندا. کۆمەڵگەی کوردی ئەگەر بیەوێت لە کاروانی هاوچەرخی جیهاندا جێگەی شایستەی خۆی بگرێت، دەبێت بوێریی خۆ بنیادنان بێ نواندن بکاتە بناغەی دروست بوونی و مێژووی خۆی بە عەقڵێکی کراوە و ڕەخنەیی بخوێنێتەوە. کەواتە تاریکیی باو و چەقبەستوویی هەرچەندە کێشەکەی قورس بێت، لەبەردەم یەکەم تیشکی هۆشیاریدا، ناچارە پاشەکشە بکات.