ئایا ژنان پۆستی حكومییان ناوێت؟
هانا شوان - چالاکوان

لە ساڵی ٢٠٢٥ داین و لە سەروبەندی پێکهێنانی حكومەتداین، پاش ئەوەی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی كوردستان لە مانگی (١٠ی ٢٠٢٤)دا کرا، ئەگەرچی تا ئێستا، هەر یەک جار كۆبوونەوەی پەرلەمان كراوە، بەڵام وەفدەكان سەردانەكانیان دەستپێكردووە و كۆبوونەوەكانیش بەردەوامن، هەندێكجار دەوەستن، هەندێكجاریش ئاستی نوێنەرایەتی وەفدەكان دەگۆڕدرێن.
نیگەرانییەكانمان زیاتر دەبێت كاتێك دەبینین ژمارەی ژنان كەمە، زۆرجاریش لە وەفدە دانوستانكارەكاندا نییە، سۆشیال میدیا دەستی کردووە بە بڵاوكردنەوەی وێنە و ناوی كەسە سیاسییە پیاوەكان و پێگەكانی كە هەوڵی بۆ دەدەن، بەڵام ناو و وێنەی ژنان دیار نییە. هەواڵە جیاوازەكان دەربارەی پۆستە جیاوازەكان هەن، بەڵام تەنیا ناوی پیاوان هەن، لە بەرامبەریشدا هیچ ئاماژەیەك بۆ ئەوە نییە ژنان لە كوێی هاوكێشە ئاڵۆزەكەدان، كە ژنان خۆشمان جگە لە هەندێك هەوڵی تاكە كەسی، نە ئاماژەیەك نە دەستپێشخەرییەك، نە گوشارێكمان دەست پێکردووە نە هیچ، ئەگەرچی كات درەنگە لە بەرامبەریشدا لە عیراق ژمارەیەك لە ژنانی چالاك جموجۆڵیان بە ناوی (كاتی ژنانی عیراقە) دەست پێکردووە، كە هەنگاوێكی جددیە بۆئەوەی ژنان لە پۆستە حكومییەكاندا پەراوێز نەخرێن و توانا و ئیرادەی ژنان لە كاركردن و پێشخستنی كۆمەڵگەدا فەرامۆش نەكرێت.
ژنان لە هەرێمی كوردستاندا سەلماندوویانە لە زۆرینەی پۆستە حكومییەكاندا لە بچووكترین یەكەوە تا یەكەیەكی گرنگی وەك پارێزگار، ئەدایەكی تەواو خزمەتگوزارانەیان هەبووە، توانا و هەوڵەكانیان بۆ ئەوە خستۆتە گەڕ كە خزمەت بكەن.
ژنان لە هەرپێگەیەكدابن بە تایبەتی پێگە حكومییەكان، بە شێوەیەك خزمەت دەكەن وەك ئەوەی بۆ ماڵی خۆیانی بكەن وایە، دڵسۆزانە و ماندوو نەناسانە هەوڵی چاكسازی دەدەن، سەرەڕای ئەوەی بەردەوام پەراوێز دەخرێن و دووردەخرێنەوە و ماندوبوونیان ئەژمار ناكرێت، پێویستە لە پێکهێنانی حكومەتی داهاتوودا، تواناكانی ژنان و كار و خزمەتەكانیان بۆ كۆمەڵ لەبەرچاو بگیرێت و پشتگیریی تەواویان بكرێت و هانبدرێن، ئەگەر بەشێوەی جیاكاریی ئەرێنیش بێت، پێگەی ژنان پارێزراو بێت.
بە هیواین نەبوونی یاخود کەمیی رێژەی ژنان لە وەفدەكانی، دانوستاندنی حكومەتدا نەبێتە مۆدێلێکی گشتگیر لە هەنگاوەكانیدا.