بەرەو هەڵبژاردن و ئەرکە کوردستانییەکان
سۆزان حەمە تاتە- نووسەر

لە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق نزیک دەبینەوە، بۆ کورد دەرفەتێکی باشە لە چەند ئاستێکدا ئامادەکاریی تەواو بکات و هەوڵی بەهێزکردنەوەی پێگەی خۆی بدات.
یەکەم: هەر هێزێکی سیاسیی بەشدار لە هەڵبژاردن، دوور لە خزم خزمێنە و هۆکاری لاوەکی، باشترین کاندید دیاری بکات و توانا و پسپۆڕییەکان و دڵسۆزیی بکاتە پێوەر.
دووەم: لەگەڵ ئەوەی چاوەڕوان دەکرێت بانگەشەی هەڵبژاردن توند بێت، بەڵام پەیماننامەیەک بنووسرێتەوە بۆ ئەوەی هێڵە سوورەکان نەبەزێنرێن کە درز بخاتە پەیوەندیی لایەنەکانەوە.
سێیەم: دەکرێت هێزە سیاسییەکان لەسەر چەند بنەمایەک بۆ بەشداریکردن لە حکومەتی داهاتووی عیراق رێکبکەون، ئەویش بەهێزکردنەوەی پێگەی کورد و وەرگرتنەوەی مافەکانی هەرێمی کوردستان بێت.
تاکتیکی هەڵبژاردن و ستراتیژی خۆبەهێزکردنەوە بۆ هەر هێزێکی سیاسی، ئاساییە جۆرەها تاکتیک بگرێتەبەر بۆ ئەوەی زۆرترین کورسی بباتەوە، ململانێ بکات بۆ سەرکەوتنی زیاتر، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت ستراتیژیی نەتەوەیی و پاراستنی بەها کوردستانییەکان لە پێش دەنگ و کورسییەوە بێت، بەو پێیەی هەرێمی کوردستان خاوەن قەوارەیەکی دەستوورییە و نەیارەکانی هەوڵی جددی دەدەن بۆ بێهێزکردنی.
کاتێک ئابڵوقە دەخرێتە سەر کوردستان باسی کەس و حزب ناکرێت، بەڵکو بۆ لێدانە لە پێگەی کورد و ئەزموونەکەی، لە رابردوو و ئێستاشدا ئەوە دەبینین، بۆیە بوونی ستراتیژێکی کوردستانی گرنگە و نابێت کورد پاساو بداتە دەست نەیارەکانی.
لەدەستووری هەمیشەیی عیراقی ساڵی ٢٠٠٥ دا هەندێک ماف بۆ نەتەوەی کورد بەدەستهاتووە، بەڵام گرفتی سەرەکی ئەوەیە عیراق ئامادە نییە دەستوورەکە جێبەجێ بکات مەگەر لەو ماددە و بەندانەی دەستی کوردستان دەبەستێتەوە.
خاڵی بەهێز بۆ جێبەجێکردنی دەستوور هێزە، هێزیش سەرچاوەکەی یەکگرتوویی و ستراتیژی نیشتمانییە. پەرتبوونی کورد، دەبێتە هێز بۆ لایەنە عیراقییەکان و خۆدزینەوە لە جێبەجێ نەکردنی دەستوور، کورد دەتوانن ئەم هەڵبژاردنە بکەنە دەرفەتێکی باش بۆ بەهێزبوونەوەی پێگە لە عیراقدا، ئەوەش دەبێتە گرەنتی بۆ جێبەجێکردنی دەستوور و پاراستنی هەرێمی کوردستان، مەترسییەکان لەسەر کورد گەورەن بڕینی بودجەی هەرێم و نەناردنی مووچە، هەمواری یاسای هەڵبژاردنەکان بەدڵی هێزە شیعەکان، جێبەجێ نەکردنی ئەو یاسایانەی تایبەتن بە گەڕاندنەوەی موڵک و زەوی و زاری کورد، هاوکاری نەکردنی هێزی پێشمەرگە و دەیان مەترسیی دیکە لەسەر هەرێمی کوردستانن، ئەو مەترسییانە گەورەتر دەبن ئەگەر پێگەی کورد لە بەغدا بەهێز نەبێتەوە. لەگەڵ ئەوەشدا مەترسیی ناوخۆیی هەن، بوونی گەندەڵی و نادادپەروەری، جیاوازیی لە خزمەتکردنی خەڵک و نەبوونی دامەزراوەی تەواو شەفاف، نەبوونی چاکسازیی راستەقینە لە ئەدای دەوڵەتداری، بۆیە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش پێویستە چاکسازیی لە خۆیدا بکات و سیاسەتی پێداچوونەوەی جددی بگرێتەبەر، ئەگەر ئەوانە نەکرێن، ئەوا مەترسییە عیراقی و ناوخۆییەکان پێکەوە دەبنە مەترسیی گەورەتر لەسەر کوردستان و ئەزموونەکەمان زیاتر لە قاڵب دەدرێت.