کوشتنی ژن لە دەسەڵاتی نێرسالارییدا
سۆما خالید – ڕۆژنامەنووس

کوشتنی ژنان بە بیانووی شەرەف؛ کوشتنێکە، کە ژنان و کچان لەلایەن ڕەگەزی بەرامبەر بە پاساوی نامووس و شەرەف دەکوژرێن، گوایە کەرامەتی خێزانەکەیان لەکەدار کردووە و بە ئابڕووبەرانە ناوی دەبەن، لە کاتێکدا ژنان تەنیا دەیانەوێت وەک مرۆڤ بە ئازادایی بژین و مافەکانیان زەوت نەکرێت.
لە زۆرینەی کولتوورەکانی کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و لە باشووری کوردستان بە تایبەتی، بەهۆی عەقڵییەتی کۆنەپەرستی و کلتووری نێرسالاری ئەمجۆرە کوشتنە وەک”شەرەف”پێناسەی دەکەن، بەڵام لە ڕاستیدا جۆرێکە لە توندوتیژی ڕەگەزی توند و پێشێلکردنی جدی مافەکانی مرۆڤ، هەر بۆیە لە هەندێک لە وڵاتانی جیهان بە پێی یاسا سزای قورس بۆ بکوژەکە دانراوە، بە پێچەوانەوە لە باشووری کوردستان لەلایەن دەسەڵات بکوژەکە ئازاد دەکریت و داڵدە دەدرێت، بە هۆی سەروەرنەبوونی یاسا و دەستێوەردانە ناو کاری دادگا کەیسەکانی ژنان ناگەنە ئەنجام، چونکە مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی كاربەڕێكەری هەرێمی کوردستان لە دەستپێکی دەستبەکاربوونی لە کابینەی نۆیەمی حکومەتدا لە ساڵی ٢٠١٩ـەوە تا ئێستا هەموو هەوڵێکی خستووەتەگەڕ بۆ قەدەغەکردن و ڕێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ئامارەکانی کوشتنی ژنان و توندوتیژی دژ بە ژنان، ئەوەش وایکردووە بە نەرمی و بە بێدەنگی مامەڵە لەگەڵ پرسەکانی ژنان دەکرێت.
کوشتنی ژنان پەیوەندی بە ڕەگەزەوە هەیە و لەسەر بنەمای ڕەگەزیی ئەنجام دەدرێت و لە نایەکسانی و زاڵبوونی پیاوان بەسەر ژناندا سەرچاوەی گرتووە، ئەم دیاردەیە دەرئەنجامی کۆمەڵێک هۆکارە، کە بەشێوەیەکی مێژوویی و سیستماتیک لە کۆمەڵگاکاندا ڕەگیان داکوتاوە لەوانە، کلتووری پیاوسالاری، کۆنتڕۆڵ و خاوەنداری، نەبوونی پەروەردەی یەکسانی ڕەگەزیی، لاوازی یاسا، ئاساییکردنەوەی توندوتیژی دژی ژنان، هەژاری، جەنگ، قەیرانی کۆمەڵایەتی و ترس لە دەستدانی دەسەڵات.
کوشتنی ژنان تەنها کوشتنێکی سادە و تاوانێکی تاکەکەسی نییە، بەڵکو ڕەنگدانەوەی پێکهاتەی جیاکاری و کلتوورییە، زەنگی ئاگادارکردنەوەیە بۆ ڕووخانی بەها مرۆییەکان لە کۆمەڵگایەکدا، چالاکوانانی مافەکانی ژنان هەوڵ دەدەن کوشتنی ژنان وەک تاوانێکی دیاریکراو بناسرێت و یاساکان توندتر بکرێن، لەبەر ئەوەی کاریگەری قووڵ و وێرانکەری لەسەر کۆمەڵگا هەیە، نەک تەنها بۆ خێزانی قوربانی، بەڵکو بۆ تەواوی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی و کلتووری دەروونی کۆمەڵگە، بۆ بەرەنگاربوونەوەی پێویستی بە هۆشیاریی و یاسادانانی جددی و پەروەردەی گونجاو و بەشداری سەرتاسەری ژن و پیاو هەیە، بەرپرسیارێتی سەرەکی تەنیا لەسەر ژنان نییە، بەڵام ژنان دەتوانن هێزی سەرەکی شەڕی دژ بە کوشتن بن و بە هۆشیاریی و یەکڕیزی و دەنگێکی بەهێز گۆڕانکاری ڕاستەقینە بکەن.