ژن ژیلەمۆی سەرتەندور
راز ئەسعەد - نووسەر

هەر لە سەردەمی گوندی چەرمۆ و پێشتریشەوە، تا دەگاتە ئەم ساتەوەختە، نان سەرەکیترین خۆراکی دانیشتوانی ئەم سەرزەمینەیە، کە ئێمە بە شانازییەوە ناومان لێناوە کوردستان، وەنەبێت هەر لای ئێمە خۆراکی سەرەکی بێت، بۆ زۆربەی گەلانی دیکەش هەر وایە، وەلێ بۆ کورد زۆر تایبەتتر و گرنگترە، چونکە هەر لە کۆنەوە لای ئێمەی کورد لەو خۆراک و بژێوی ڕۆژانەیە زیاتر بووە، کە لە لەبرسان مردن دەمانگێڕێتەوە. لەلایەکی دیکەشەوە و جگە لە گرنگییەکەی، کورد هێندە نانی لا پیرۆز بووە، لە دوای خودا سوێندی پێخواردووە، زۆر جار پێشینەکانمان لە جیاتی قورئانی پیرۆز، پەچکێک نانیان هەڵگرتووە و بە دڵپاکی و ڕاستگۆیی سوێندیان پێخواردووە و وتویانە بەم قورئانە!
مادامەکی نان هێندە پیرۆزە، ئەدی چۆن دەبێت دروستکەرەکەی پیرۆز نەبێت، هەر لە کۆنەوە نان دروستکردن، یان نانکردن پیشەیەکی سەد لە سەد ژنانە بووە، چونکە پێشتر تەنیا لە ماڵەکاندا نان کراوە، لە ماڵەکانیشدا ژنان کردوویانە، لە زۆر ناوچەشدا ڕۆژانە نانکراوە تا بە تازەیی بخورێت، نانکردن لە ژیانی ژنی کورددا بەڕادەیەک گرنگبووە، تەنانەت کێماسیی بووە ئەگەر ژنێک نەیزانی بێت نان بکات، کەواتە پیشەی نانکەری پیشەیەکی سەربەرزانە و لە هەمانکاتیشدا پیرۆزە، جێی خۆشحاڵیشە کە ئەو شانازییە بە باڵای ژنی کورددا بڕاوە.
ژمارەی ئەو گەڕیدە و ڕۆژهەڵاتناسانە کەم نین، کە پیشەکانی ژنانی کوردیان یاداشتکردووە، لە نێو ئەو پیشانەشدا، پیشەی ناکردن وەک یەکێک لە کارە قورس و سەختەکانی ژنان باسکراوە، لە کوردەواریشدا وتراوە ''ئیشی ژنان بیست و چوارن، هەر نان و هەویر دیارن''.
کاری نانکردن لە ڕواڵەتدا و بە تێڕوانینێکی سەرپێییانە تەنها وەک یەک کار دەردەکەوێت، بەڵام لە بنەڕەتدا چەندین کاری ورد و ئاڵۆزی لە خۆیدا کۆکردۆتەوە، ژن هەر لە هێنانی گڵ و شێلانی قوڕەوە هەتا دەگاتە دروستکردنی تەنور و دواتر ئامادەکردنی بۆ برژاندنی نان، تەنانەت سوتەمەنی نانکردنەکەش هەر خۆی دابینیکردووە، هەر لە کۆنەوە ژنان بە کۆڵ دار و چیلکەیان کۆکردۆتەوە، هەندیک جاریش پاشماوەی ئاژەڵ (تەپاڵە)یان بەکارهێناوە.
تۆمابوا سەبارەت بە شێوازی هەویر شێلان و نانکردن دەڵێت ''ئارد و خوێ بەبێ هەوێن هەویر دەشێلێ کە لە ناو تەشتێکی گەورەی بەردیندا دەیشێلێت، دوای ئەوە بە بۆرییەکی تەختە (تیرۆک) پانی دەکاتەوە و دەیخاتە سەر مایەیەکی تایبەتی و دەنووسێنرێت بە دیواری ناوەوەی تەندورەکەوە، کە لە شێوەی گۆزەدایە". بە هۆی قورسی کۆی کارەکەوە مێجەرسۆن ئاماژەی بەوە داوە کە لە پیشەی نانکردندا زیاتر لە چەند ژنێک بەشداری و هاوکاری یەکتر دەکەن، لە هەویر شێلان و گونکبڕین و پانکردنەوەیدا. خاتوو هێنیش کارامەیی و دەستڕەنگینی ژنی کوردی بەوەوە بەستۆتەوە، کە تا چ ڕادەیەک دەتوانێت هەویرەکە پان بکاتەوە.
نان لە کۆندا بە تەندور کراوە، ئەو شوێنەی نانی لێدەکرا بە سەرتەندور ناونراوە، کەواتە زادی ڕۆژانەی خێزان لە سەرتەندورەوە دابەشدەکرا، بەو پێیەی ژنانی ماڵ و دراوسێ لە سەرتەندور کۆدەبوونەوە، ئیتر ئەوێ دەبووە شوێنی ڕاز و نیازی ژنانە و هەر لەوێوە کاروباری خێزان و ماڵ ڕێکدەخرا، کەوایە سەرتەندور شوێنێکی گرنگ و زیندووی ماڵی کوردی بووە.
ژن و نانکردن، ژن و سەرتەندور هەمیشە وەک دوانەیەکی لێکدانەبڕاو بوون، بەو پێیە کۆبوونەوەی ژنان لەسەر تەندورەکان گرنگی تایبەتی لە هەموو ڕووەکانەوە هەیە و دەبێتە مەکۆیەکی گرنگ بۆ نەخشاندنی مێژووی ژیانی ڕۆژانە، چونکە وێڕای یارمەتیدانی یەکتری و درکاندنی ڕاز و نیازەکانیان بۆ یەکتری، سودیشیان لە ئەزمونی ژیانی ژنانی لە خۆیان بەتەمەنتر بینیوە، کە خەمەکانی ڕۆژگار کەزییەکانی سپی کردبوون، لەهەمانکاتدا شوێنی یەکلاییکردنەوەی کێشەکان بووە و جێگایەکی گونجاو و لەباربووە بۆ دروستکردنی پەیوەندیە کۆمەڵاییەتییەکان، کاتێک بە کچێک و دایکیان ڕادەگەیاند، کە دەیانەوێت فڵان کچ بکەنە بووکی خۆیان، ئەمە لە کوردەواریدا پێی دەگوترا دەم تاقیکردنەوە و لەوێوە پرۆسەکانی دیکەی بەدوای خۆیدا کێش دەکرد، لەهەمانکاتدا لە کۆندا سەرتەندرورەکان بۆ ئامادەکردنی خواردنەکان بەکاردەهات، ئەگەر پرسەیەکیش ڕوویبدایە چەند ژنێک کۆدەبوونەوە و لە سەرتەندور نانیان بۆ ماڵی خاوەن پرسەکە دەکرد.
تەندور لە شیعری شاعیرانی کلاسیکیدا باسوخواسی زۆرە، بە تایبەت کاتێک وەسفی حاڵی دڵی خۆیان دەکەن و گڕی نێو هەناویان بە تەندور دەچوێنن، بۆ نموونە ئەحمەد موختار جاف لە دەقێکدا دەڵێت:
گرپە و گڕەی تەنورە بڵێسەی هەناوەکەم
سیروان و تانجەڕۆیە خوڕەی ئاوی چاوەکەم
شێواوی مویی خاوی کەسێکم بە ڕۆژ و شەو
بۆیە پەشێوە ئێستەکە، بیرە بڵاوەکەم
سەرباری ئەو هەموو ڕۆڵ و گرنگی و پیرۆزییەی ئەم کارەی ژنان، کە لە سەرتەندورەوە ئەنجامیان داوە، بەداخەوە تا ئێستاش زۆرینە لە پیرۆزی ئەم کارە تێنەگەیشتوون، هەندێک جار گوێبیستی ئەوە دەبین بۆ توانجدان لە خاتونێک، دەستەواژەی ژنی سەرتەندور بەکاردەهێنرێت، ئەمە لێدانە لەو کارە پیرۆزە و خودی ژنانیش، ئەوە ئەوەندەی دیکە قوڕەکە خەستدەکاتەوە، زۆرجار دەبینین لە نێو میدیاکان و ناو دەق و نووسینی نووسەران و تەنانەت لە زاری کەسانی ئەکادیمیشەوە، بە ئاگایی بێت یان لە نائاگایدا ئەم دەستەواژەیە دەبیستین، کە بەداخەوە ڕەنگە بێمەبەست یان بەهۆی سادەبینییەوە بێت، بەڵام گومانی تێدانییە برینێکی قوڵە و زۆریش قوڵ.
سەرچاوەکان:
١- شێخ محەمەدی خاڵ ، پەندی پێشینان ، چ١، دەزگای ئاراس ، هەولێر ، ٢٠٢١.
٢- تۆمابوا، ژیانی کوردەواری، و؛حەمە سەعید حەمە کەریم ،چ١، لە بڵاوکراوەکانی دەزگای ڕۆشنبیری و بڵاوکردنەوەوی کوردی (٤٩)، ١٩٧٩.
٣- مەیجەرسۆن، گەشتێک بۆ میسۆپۆتامیا و کوردستان لە بەرگێکی نادیاردا، و؛مینە، چ١، لە بڵاوکراوەکانی کتێبخانەی یادگار، ٢٠١٨.
٤- هێنی هارۆلد هانسن، ژیانی ئافرەتی کورد، و؛ عەزیز گەردی ، چاپخانەی کۆری زانیاری عێراق، بەغداد،١٩٨٣.
٥- ئەحمەد موختار جاف، کۆبەرهەمی ئەحمەد موختار جاف، چ١، ناوندی بڵاوکردنەوەی کوردستان، ٢٠١٩.