پەیماننامەی زەهاو؛ سەرەتای پارچەکردنی جوگرافیای کوردستان و ڕەنگدانەوەی لەسەر واقیعی ئەمڕۆ

مژدە عەلی- نووسەرو مامۆستا

دەکرێ بوتريت لە مێژووی سیاسیی گەلی کورددا، هیچ ڕووداوێک بەقەد دیاریکردنی سنوورەکان کاریگەریی درێژخایەن و نەبڕاوەی لەسەر چارەنووسی ئەم نەتەوەیە نەبووە.

 

پەیماننامەی زەهاو کە لە ١٧ی ئایاری ١٦٣٩ لە نێوان سوڵتان مورادی چوارەمی عوسمانی و شا سەفیی سەفەویدا واژۆ کرا، خاڵی وەرچەرخانێکی مەترسیدار بوو. ئەم ڕێککەوتنە تەنها کۆتاییهێنان نەبوو بە شەڕێکی خوێناویی ١٥٠ ساڵەی نێوان دوو جەمسەری هێز لە ناوچەکەدا، بەڵکو یەکەم بەڵگەنامەی فەرمی بوو کە خاکی کوردستانی کردە قوربانیی بەرژەوەندیی دەرەکی و بە شێوەیەکی یاسایی هێڵێکی نامۆی بە ناو جەستەی ئەم وڵاتەدا کێشا؛ هێڵێک کە شوێنەوارەکەی دوای نەتەوە چەندین سەدە، هێشتا بە زەقی بەسەر واقیعی ئێستای کوردستانەوە دیارە.

 

بۆ تێگەیشتن لە چۆنیەتی گەیشتن بەم پەیماننامەیە، دەبێت سەیری دۆخی پێش ساڵی ١٦٣٩ بکەین. دوای شەڕی چاڵدێران لە ساڵی ١٥١٤، خاکی کوردستان ببووە گۆڕەپانی سەرەکی و تاقانەی ململانێی مەزهەبی و سیاسیی نێوان عوسمانییە سوننەکان و سەفەوییە شیعەکان. گوند و شارەکانی کوردستان ساڵانە دەسوووتان و خەڵکەکەی ئاوارە دەبوون. بێگومان هۆکاری سەرەکی کە وای لەم دوو ئیمپراتۆریەتە ماندووە کرد کێشەکانیان لایەک بخەن، چەند خاڵێک بوو: یەکەم/داڕووخانی ئابووری و سەربازی: هەم ئەستەمبوڵ و هەم ئەسفەهان بەهۆی تێچووی زۆری شەڕەکانەوە بەرەو بێهێزی دەڕۆیشتن. دووەم/یەکلا بوونەوەی پرسی بەغدا: کاتێک عوسمانییەکان لە ساڵی ١٦٣٨دا بۆ دواجار بەغدایان گرتەوە، هاوسەنگیی هێز جێگیر بوو. سەفەوییەکان تێگەیشتن کە چیتر ناتوانن پەل بهاوێژن بۆ ناوچەکانی عێراقی ئێستا، بۆیە سازشکردنیان قبووڵ کرد.

 

لەسەر بنەمای ئەم پەیماننامەیە، سنوورێکی نوێ کێشرا کە ناوچە دابڕاوەکانی دیاری دەکرد. بەپێی ئەم کێشانە (زۆربەی ناوچەکانی باکوور و باشووری کوردستان (بە ویلایەتی موسڵ و شارەزوور و بەغداوە) کەوتنە ژێر ڕکێفی ئیمپراتۆریەتی عوسمانی.

 

هەرووها ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی کوردستان (وەک ورمێ، مەهاباد، سنە و کرماشان) بۆ ئێرانی سەفەوی مانەوە. ئەم سنوورکێشانە بە هیچ جۆرێک ڕەچاوی پێکهاتەی کۆمەڵایەتی، عەشایەری و نەتەوەیی کوردی نەکرد. میرنشینە کوردییەکان و هۆزە گەورەکان (وەک جاف، بابان و ئەردەڵان) لە ڕووی جوگرافییەوە لەت کران. بۆ نموونە، هۆزێک نیوەی زەوییەکانی کەوتە ناو خاکی عوسمانی و نیوەکەی تری لە ناو خاکی سەفەویدا مایەوە، ئەمەش سەرەتایەک بوو بۆ لێکترازانی ناوخۆیی. هەڵبەتە پێویستە خويننەوەیەکی نوي بۆ ئەنجامگەلیکی ئەم پەیماننامەیە بکەین بۆ ئیستای کوردستان و هەرچەندە ئەم ڕێککەوتنە لە سەدەی حەڤدەیەمدا ئەنجام دراوە، بەڵام نەخشەی سیاسیی ئەمڕۆی ناوچەکە و بە تایبەت دۆخی کورد لە باشوور و ڕۆژهەڵات، بەستراوەتەوە بەو میراتە مێژووییەوە. گرنگترین دەرئەنجامەکانی بۆ واقیعی دونیای ئەمڕۆمان بەم شیوەیە دەخەینە ڕوو:

یەکەم/ڕەوایەتیدان بە سنوورە دەستکردەکانی ئێستا ئەو سنوورە نێودەوڵەتییەی کە ئەمڕۆ باشووری کوردستان (هەرێمی عێراق) و ڕۆژهەڵاتی کوردستان (ئێران) لە یەکتر جیا دەکاتەوە، لە ڕاستیدا درێژکراوە و فۆرمە نوێیەکەی هەمان هێڵی پەیماننامەی زەهاوە. پەیماننامەکانی دوای ئەوە (وەک ئەرزڕۆم، تەورێز، هێڵی ١٩١١، و تەنانەت ڕێککەوتننامەی جەزائیری ١٩٧٥) کاتێک سەیری بنەچەیان دەکەیت، تەنها جێگیرکردنەوە و مۆرکردنی دووبارەی سنوورەکانی زەهاو بوون. ئەم هێڵە دەستکردە بووەتە واقعێکی یاسایی سەپاو کە تا ئێستاش ڕێگرە لە یەکگرتنەوەی سروشتیی خاک و نەتەوەکە.

 

دووەم/ لێکترازانی سیاسی و نەبوونی گوتاری هاوبەش یەکێک لە زیانە گەورەکانی ئەم دابەشکارییە، دروستکردنی دوو ژینگەی سیاسی و کلتووریی جیاواز بووە. کورد لە باشوور لەژێر کاریگەریی کلتووری سیاسیی عێراق و عەرەبیدا گەورە بووە، و کورد لە ڕۆژهەڵاتیش لەناو کلتوری فارسی و سیستمی حوکمرانیی ئێراندا. ئەم دۆخە وایکردووە کە بزووتنەوەی ڕزگاریخوازیی کورد لەم دوو پارچەیەدا نەتوانێت بەرەیەکی یەکگرتووی نەتەوەیی ڕاستەقینە دروست بکات. پارتەکانی باشوور و ڕۆژهەڵات زۆرجار بەهۆی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی خۆیان لەگەڵ تاران یان بەغدا، ناچار دەبن سازش لەسەر بنەما نەتەوەییەکان بکەن و کێشەی پارچەکەی تر پشتگوێ بخەن.

 

سێیەم/خولقاندنی تراجیدیای ئابووری (دیاردەی کۆڵبەری) ئەگەر بە وردی سەیری ژیانی خەڵکی سەر سنوورەکانی نێوان باشوور و ڕۆژهەڵات بکەین، برینی زەهاو بە ڕوونی دەبینین. دیاردەی کۆڵبەری کە تێیدا گەنجان و تەنانەت ژنان و پیرانی ڕۆژهەڵات بۆ پەیداکردنی بژێوی ژیان گیانی خۆیان دەخەنە مەترسییەوە، بەرهەمی ڕاستەوخۆی ئەو سنوورەیە کە ئابووریی سروشتیی ناوچەکەی شێواندووە. زەهاو بازاڕ و پەیوەندییە کۆمەڵایەتییەکانی ناوچەکەی پچڕاند، و لە واقیعی ئەمڕۆدا وایکردووە کە مرۆڤی کورد لەسەر خاکی خۆی بەهۆی هێڵێکی وەهمییەوە ببێتە ئامانجی فیشەکی هێزە ئەمنییەکان.

 

چوارەم/بەکارهێنانی کورد وەک کارتی ململانێی هەرێمی هاوشێوەی سەدەی حەڤدەیەم کە عوسمانی و سەفەوییەکان میرە کوردەکانیان دژی یەکتر بەکاردەهێنا، لە ئێستاشدا تاران و بەغدا (لەگەڵ ئەنقەرە) هەمان کایەی کۆن دووبارە دەکەنەوە. کاتێک نێوانیان تێکدەچێت، دەبنە دۆستی حیزب و لایەنە کوردییەکانی بەری بەرانبەر و پشتگیرییان دەکەن، بەڵام هەر کاتێک بەرژەوەندییەکانیان یەکی گرتەوە، یەکەم سازش لەسەر حیسابی پرسی کورد دەکەن. باشترین نموونەش ڕێککەوتنە ئەمنییەکانی ئەم دواییەی نێوان ئێران و عێراقە بۆ چەککردن و دوورخستنەوەی پارتەکانی ڕۆژهەڵات لەسەر سنوورەکان، کە دەری دەخات عەقڵیەتی زەهاو هێشتا لە پایتەختەکانی دەوروبەرماندا زیندوە. کەواتە لێکۆڵینەوە لە پەیماننامەی زەهاو پێمان دەڵێت کە کێشەی کورد تەنها بەرهەمی نەخشەکانی دوای جەنگی جیهانی یەکەم (وەک سایکس-پیکۆ و لۆزان) نییە، بەڵکو ڕەگ و ڕیشەکەی قووڵترە و بۆ ناکۆکیی کۆنی ئیمپراتۆریەتە ناوچەییەکان دەگەڕێتەوە.

 

ئەم پەیماننامەیە بناغەی هەموو دابەشکارییەکانی دوای خۆی بوو. بۆ دەربازبوون لەم میراتە سەپاوە، پێویستە لە ڕووی فیکری، ئابووری و کلتوورییەوە کار بۆ کاڵکردنەوەی ئەم سنوورانە بکرێت، چونکە تا ئەو کاتەی سنوورە دەروونی و سیاسییەکانی زەهاو لە ناوخۆی خۆماندا نەشکێندرێن، گەیشتن بە ستراتیژێکی نەتەوەیی هاوبەش ئەستەم دەبێت.

 

سەرچاوە

باجەلان، عادل محەمەد (٢٠١٢). مێژووی پەیوەندییەکانی نێوان ئیمپراتۆریەتی عوسمانی و دەوڵەتی سەفەوی، سلێمانی.

پیرباڵ، د. فەرهاد (٢٠٠١). کوردستان لە ژێر ڕۆشنایی بەڵگەنامە نهێنییەکاندا (پەیماننامە نێودەوڵەتییەکان)، وەرگێڕانی: حەمە کەریم عارف، هەولێر.

ڕەسول، د. عەبدوڵڵا عەلی (٢٠١٨). ململانێی عوسمانی - سەفەوی و کاریگەریی لەسەر کوردستان (١٥١٤ - ١٦٣٩)، نامەی دکتۆرا کۆلێژی ئاداب، زانکۆی سەڵاحەدین.

شاڵی، د. جەمال (٢٠٠٥). مێژووی سیاسیی کوردستان لە کۆنەوە تا پەیمانی لۆزان، هەولێر شەرەفخانی بەدلیسی (٢٠٠٧). شەرەفنامە: مێژووی ماڵمێرانی کوردستان، وەرگێڕانی: هەژار موکریانی، تاران

ئەمین، د. نەوشیروان مستەفا (٢٠٠٢). کورد و عەجەم: مێژووی سیاسیی کوردەکانی ئێران، سلێمانی.

قەفتان، فازڵ (١٩٧٩). مێژووی دەوڵەتی عوسمانی و پەیوەندییەکانی بە کوردەوە، بەغداد مایکل، م. ئەفرەسیاو (٢٠٠٧). کوردستان و دەوڵەتی عوسمانی: لێکۆڵینەوەیەک لە سەرچاوە مێژووییەکان، وەرگێڕانی: د. نەجاتی عەبدوڵا، هەولێر.

مەردۆخی، شێخ محەمەد مەردۆخ (٢٠١١). مێژووی کورد و کوردستان، وەرگێڕانی: زانەر محەمەد، سلێمانی.

نیکیتین، باسیل (٢٠٠٣). کورد: لێکۆڵینەوەیەکی کۆمەڵایەتی و مێژوویی، وەرگێڕانی: د. محەمەد ڕەیانی، هەولێر.

کریم، مژدە علی حسین (٢٠٢٦). مێژوو لە مێژوومانەوە دروست دەبێت(دیاریکردنی شوناس لە ئاوینەی بەرخوداندا) چاپی یەکەم ،سلیمانی.

مادواڵ،دیڤید (بێ سال )مێژووی هاوچەخی کورد بەداوای لیبوردنەوە ئەم کتیبەی لە بەردەست مندایە هی نوسەری ناوبراو زۆر کۆنە و چەند پەرەیەکی سەرەتای پیوە نەماوە بۆیە سالی چاپەکەی لی دیار نییە.