مەترسییەکانی گۆڕینی ڕەوتی مێژوو لە کەرکوک

موژدە عەلی- مامۆستاو نووسەر

گومانی تێدا نییە کەرکوک بۆ ئێمەی کورد تەنها جوگرافیایەکی دەوڵەمەند بە نەوت و پڕململانێ نییە، بەڵکو شوێنکەوتنی جێپەنجەی نەتەوەیەکە کە لەناو گەردەلوولی مێژوودا هەمیشە هەوڵی پاراستنی بوونی خۆی داوە.

 

هەڵبەتە مێژووی زیندووی گەلان تەنها باسکردنیک نییە، بەڵکو لەو شوێنەدا دروست دەبێت کە مرۆڤ تێیدا بڕیار لەسەر چارەنووسی خاک دەدات. کەرکوک بۆ کورد، تەنها جەمسەرێکی جوگرافی یان کێڵگەیەکی دەوڵەمەند نییە، بەڵکو ماددەی یەکەمی ناسنامەی نەتەوەییە. کاتێک باس لە گۆڕینی هاوسەنگیی کارگێڕی و پێدانی پۆستی پارێزگار دەکرێت بە پێکهاتەیەکی تر لەژێر ناوی سازشی سیاسی، ئێمە تەنها باس لە گۆڕینی فەرمانبەرێکی باڵا ناکەین، بەڵکو باس لە لادانی ڕەوتی مێژوو دەکەین لەو ڕێڕەوەی کە بە قوربانییەکی بێشومار کێشراوە.

 

سەرەتای داڕمانی ستراتیژیەک دەبینرێت کە وێنەی نییە: پۆستی پارێزگار لە شارێکی وەک کەرکوک، سەنگەری یەکەمی بەرگرییە لەو واقیعە دیمۆگرافی و مێژووییەی کە دەیان ساڵە هەوڵی شێواندنی دەدرێت.

 

سپاردنی ئەم جڵەوە بە ئەجێندایەکی جیاواز، مانا فیکرییەکەی ئەوەیە کە کورد ئیستحقاقە مێژووییەکان دەکاتە قوربانیی بەرژەوەندییە سیاسییە کاتییەکان. ئەم پاشەکشەیە دەبێتە هۆی دروستکردنی واقیعێکی نوێ کە تێیدا ماددەی ١٤٠ و دۆسیەی ناوچە دابڕێنراوەکان لە پرۆسەیەکی یاسایی و دەستوورییەوە، دەگۆڕدرێن بۆ کەرەستەی بازرگانیی سیاسی.

 

مەترسییەکە لێرەدایە: کاتێک کورد دەستبەرداری لوتکەی هەڕەمی کارگێڕی دەبێت، لە ڕاستیدا شەرعییەتی بڕیاردان لەسەر ئاییندەی خاکەکە دەداتە دەست لایەنێک کە ڕەنگە دیدگایەکی تەواو جیاوازی بۆ داهاتووی شارەکە هەبێت. ئەو کەلێنەی کە ئەمڕۆ لە کەرکوکدا دەبینرێت، بەرهەمی ناتەبایی ناوخۆیی و قاڵببوونی لایەنەکانە لەناو بازنەی تەسکیشی حزبایەتیدا.

 

مێژوو پێمان دەڵێت کە هەر کاتێک ئیرادەی نەتەوەیی بووە قوربانیی کێبڕکێی حزبی ئەنجامەکەی پاشەکشەی ستراتیژی بووە. ئەم هەڵە گەورەیە تەنها زیان بە کەرکوک ناگەیەنێت، بەڵکو وەک لەرینەوەیەکی سیاسی تەواوی ناوچە جێناکۆکەکانی تر، لە خانەقینەوە تا شەنگال، تووشی داڕمان دەکات. ئەمە ڕێگەخۆشکردنە بۆ جۆرێکی نوێ لە تەعریبی سپی یان سڕینەوەی نەرم، کە تێیدا بە یاسا و بڕیاری کارگێڕی، ناسنامەی شارەکە بەرەو ئاراستەیەک دەبرێت کە هیچ گونجانێکی لەگەڵ ڕاستییە مێژووییەکاندا نییە.

 

بۆ تێگەیشتن لە قەبارەی ئەم مەترسییەی ئێستا، دەبێت بگەڕێینەوە بۆ کێشەی ویلایەتی مووسڵ لە سەرەتاکانی سەدەی بیستەمدا. ئەو کاتەی کەرکوک وەک چەق و جەمسەری سەرەکیی ئەو ویلایەتە، بووە ناوەندی ململانێی توندی نێوان ئیمپراتۆریەتەکان و هێزە نوێیەکان. مێژوو پێمان دەڵێت کە هەوڵدان بۆ دابڕینی کەرکوک لە جەستەی کوردستان و گۆڕینی ناسنامەکەی، پڕۆژەیەکی کۆنە و لەسەرەتای دروستبوونی دەوڵەتی عێراقەوە کاری بۆ کراوە. ئەگەر لە سەردەمی ویلایەتی مووسڵدا هێزە دەرەکییەکان نەیانتوانیبێت حەقیقەتە مێژووییەکان بپۆشن، جێی داخی قووڵە کە ئێستا لە سایەی ڕێککەوتنی سیاسی نێوان خودی کورد و نەیارەکانیدا، هەمان ئەو پڕۆژانە بە شێوازێکی نوێ سەر هەڵدەدەنەوە.

 

پاشەکشێی ئێستای کورد لە کەرکوک، لە ڕاستیدا جۆرێکە لە خۆبەدەستەوەدان بەرانبەر ئەو نەخشە کۆنانەی کە دەیانویست کەرکوک وەک ناوچەیەکی بێ ناسنامە یان خاکێکی دابڕاو لە ویلایەتی مووسڵ و کوردستان نیشان بدەن. ئەم پاشەکشەیە، شەرعییەت دانە بە هەموو ئەو هەوڵە مێژووییانەی کە دەیانویست کورد لە شارە بنەڕەتییەکانی خۆی بکەنە میوان.

 

کەواتە: لە کۆتاییدا، دەبێت ئەوە ڕوون بێت کە کەرکوک تاقیگەی شکستی یان سەرکەوتنی ئیرادەی نەتەوەییە. هەر سازشێکی سیاسی کە کورد لە پۆستی پارێزگار و بەڕێوەبردنی ئەم شارە بێبەش بکات، تەنها دۆڕانی کورسییەک نییە، بەڵکو واژۆکردنە لەسەر دابڕانی مێژوویی شارەکە لە قووڵاییە ڕەسەنەکەی. ئێمە لێرەدا لەبەردەم مەترسیی ئەوەداین کە کەرکوک لە ناوچەیەکی کوردستانیی جێناکۆک ەوە بگۆڕدرێت بۆ ناوچەیەکی بێ ناسنامە کە تێیدا کورد وەک کەمینەیەکی پەراوێزخراو مامەڵەی لەگەڵ بکرێت. ئەم پاشەکشەیە نەک هەر ڕەوتی مێژوو دەگۆڕێت، بەڵکو مانا و شەرعییەتی هەموو ئەو قوربانییانەش دەخاتە ژێر پرسیارەوە کە بۆ پاراستنی ئەم خاکە دراون. مێژوو بەزەیی بەو لایەنانەدا نایەتەوە کە کلیلی ماڵەکەی خۆیان بە هیوای دەستکەوتی کاتی دەدەنە دەست ئەوانەی باوەڕیان بە مێژووی ئەم نەتەوەیە نییە. پێویستە هێزە کوردییەکان تێبگەن؛ کەرکوک تەنها وێستگەیەکی سیاسی نییە بۆ مامەڵە، بەڵکو دوا قەڵایە، کە هەر درزێکی تێبکەوێت، تەواوی خانوو و ناسنامەی ئێمە لە هەموو ناوچە جێناکۆکەکاندا ڕووبەڕووی داڕمانێکی گەورە دەکاتەوە.