کوردستانی بە ئاگر دەورەدراو

سۆزان حەمەتاتە- نووسەر

کورد وەکو نەتەوە و هەرێمی کوردستان وەکو قەوارە دەستوورییەکەی، بەهۆی ململانێی سیاسی و جەنگ و ئاڵۆزییەکانەوە، بە دەیان مەترسیی گەورە دەورە دراوە، بیری ورد و سیاسەتی راستی وای دەوێت کە تێوەنەگلێ و دەستکەوتی باش بۆ خۆی بچنێتەوە، لەکاتێکدا دەیان ئەگەریش هەیە بۆ تێوەگلانی کە ئەگەر ئەوە رووبدات ئەوا تووشی کارەساتی گەورە دەبین.

 

دوایین پێشهات، کە رەنگە بەشێکی زۆریشی پەیوەندیداربێت بە جەنگی بەردەوامی نێوان ئیسرائیل و بزووتنەوەی حەماسەوە، جەنگی ئێران- ئیسرائیلە، جەنگێک کە ماڵوێرانی زۆر بەدوای خۆیدا دەهێنێت، ئەگەر زوو کۆتایی نەیەت، لەبەرئەوەی:
یەکەم: ئیسرائیل و ئێران تا ئەندازەیەکی زۆر شوناسی ئایینی و ئایدۆلۆژییان بەخشیوەتە جەنگ و ململانێی چەندین ساڵەی نێوانیان.


 دووەم: ئیسرائیل، ئێران بە هۆکاری زۆرینەی کێشەکانی خۆرهەڵاتی ناوەڕاست دەزانێت و بەپێچەوانەشەوە ئێران هەمان بۆچوونی لەسەر ئیسرائیل هەیە.


سێیەم: هەردوولایان یەکتر بە (دەوڵەتی تیرۆریستی و پاڵپشتی تیرۆر) دەناسێنن و هەرچی دژایەتیی کرداریی یەکترە دەیکەن.
چوارەم: لە چەند رۆژی رابردوودا بینیمان چۆن هەردوولایان بەتووندترین شێوە هێرشیان کردە سەر یەکتر و زیانی گیانی و ماڵیی زۆریان بەیەکتر گەیاند.


لەوانەیش مەترسیدارتر ئەگەری فراوانبوونی بازنەی جەنگەکەیە و دابەشبوونیانە بەسەر دوو بەرەدا، بۆ نموونە ئەگەری بەشداریی راستەوخۆی ئەمریکا تێیدا و چوونی وڵاتێکی خاوەن چەکی ئەتۆمیی وەکو پاکستان بۆ لای ئێران، هێندەی دیکە مەترسییەکان گەورەتر دەکەن و ناوچەکە و جیهان بەرەو جەنگێکی گەورەتر دەبەن.


بەهۆی بوونی سنووری زۆری هەرێمی کوردستان و ئێران، هەروەها رۆژهەڵاتی کوردستان کە بەڕەسمی بەشێکە لە کۆماری ئیسلامیی ئێران، لەگەڵ ئەوەیشدا ناوهێنانی کورد لەلایەن ئیسرائیلەوە بەمەبەست، بوونی پێگەی ستراتیژیی ئێران لە بەشێک لە شارە کوردییەکان و بنکەی سەربازیی ئەمریکا لە هەرێمی کوردستان، دەکرێت وەکو ئەگەرێک مامەڵەی لەگەڵ بکرێت و هەوڵبدرێت کورد نەبێتە بەشێک لەو ململانێ ئیقلیمییە کە رەنگە بەمەبەست هەوڵبدرێت کورد بکرێتە بەشێک لە یەکێک لە بەرەکان و بەهۆی ئەوەی ئاسان دەستیان دەگاتە کوردستان، زیانی زۆری لێبدەن.


 یەکگرتوویی هێزە کوردستانییەکان و گوتارێکی ئاشتیخوازانەی کوردانەی روون و هاوبەش، دەتوانێت کورد و هەرێمی کوردستان لەو جەنگە نەخوازراوە بپارێزێت و بێ زیان لێی دەربچێت، کورد پێویستیی بە ئاشتییە بۆ خۆبەهێزکردن و مانەوەی قەوارەکەی و جەنگ خزمەتی دۆزەکەی لە دەوروبەری ئەو جۆرە ململانێیانەدا ناکات.