ترسەکانمان دەبێتە راستی!

هاژە باست - نووسەر

هەمیشە مەراقم بووە لە زۆریی بینەری کورد بۆ دراما تورکییەکان، ئەوەی جاران لە فیلم و دراما تورکییەکاندا دەمانبینی، بە تایبەت کە کەناڵە کوردییەکان (بێ سانسۆر و لێپرسینەوە) سەرچاوەیەکی خێران بۆ گەیاندنیان بە چاوی بینەران، هەمووی هاتەدی، جیلێکیان فێری خیانەت و پیاوکوشتن و هەزاران جۆر لە فێڵ و تەڵەکە کرد و هەر بەردەوامیشین لە سەیرکردنیان، هەر نازانم چۆن وەک ماددەی هۆشبەر پێیانەوە ئالوودە بووین. 


ئەوەی ئێستا جێی داخە، وەڵڵا راستتر بڵێم جێی مەترسییە، جۆرێکی دیکە لە فێڵکردن لەم جۆرە درامایانەی ئەم سەردەمەدا هاتوونەتە ئاراوە، کەسانێک دێن بۆ ماڵەکە بێ ئەوەی خزم یان ناسیاو بێت، یان هیچ پەیوەندییەکی خوێنی لەنێوانیاندا هەبێت، سەرەتا خۆی فەقیر دەکات، هەتا جێی خۆی خۆش دەکات، دواتر ئەو دەبێتە خاوەن ماڵ و خاوەن کۆمپانیا و خاوەن تەواوی سەروەت و سامانەکەت و هەر ئەوەندە دەزانی جەنابت کە خاوەن ماڵی یان لە سوچێکا وەک خزمەتکار جێگات دەکەنەوە، یانیش فڕێت دەدەنە دەرەوە. 

کێ بە بیریدا دەهات هەموو ئەو فێڵ و تەڵەکانەی لە دراما تورکییەکاندا پیشانمان دەدرا ببنە ئەمری واقیعی کۆمەڵگەکەمان؟! نازانم سانسۆر خستنەسەر ئەم بەرهەمانە لەم مەملەکەتەی ئێمەدا بۆ ئیش ناکات؟!

هەر بەڕاستی کە ئەم دیمەنانە دەبینم، (نەک ئەوەی خۆم بەتایبەتی دانیشم بە دیاریانەوە، بەڵکو بە ناچاریی کە دەچمە ماڵێک دەیبینم)، دەترسم. ئاخر کێ بە بیریدا دەهات ئەو خیانەت و دزیکردن و راکردن  لە ماڵ و هەڵهاتن و هەموو ئەو فێڵ و تەڵەکانەی دیکە کە لە رابردوودا پیشانمان دەدرا ببنە ئەمری واقیعی کۆمەڵگەکەمان؟! بە دەیان خێزان تێکچوون و سەریان لێشێوا و جیابوونەوە، تاوانبار و تۆمەتباریش هەن کە گوێ لە چیرۆکەکانیان دەگریت جۆرێکن لە فیلمی تورکی، دەی بۆچی پێمان مەحاڵ بێت ئەو کارەساتی دەستگرتن بەسەر ماڵ و موڵک و خێزانەش نەبێتە واقیع؟


جا هەر لەم فیلمانەدا، وەک بڵێی بە مەبەست وا دەکەن، پۆلیس، هێزی ئەمنی و هێزە پارێزەرەکان تا دەقەی سفر دەرناکەون، لە دەقەی سفریشا هەموو شتێک ئارام بووەتەوە و ئەوانیش مێش میوانیان نییە.


نازانم سانسۆر خستنەسەر ئەم بەرهەمانە لەم مەملەکەتەی ئێمەدا بۆ ئیش ناکات؟!