واتای کەرامەت و بێکەرامەتی تاک چییە؟

ڕۆزا حەمەساڵح - نووسەر و وەرگێڕ

 

کەرامەت مافی تاکە، کە بەهاداربێت، ڕێزی لێبگیرێت و‌ بە ڕەوشتە‌وە‌ مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت. کەرامەت بابە‌تێكە‌ كە‌ گرنگی خۆی ھە‌یە‌ لە ھە‌ریە‌ك لە‌ بوارە‌كانی ئەخلاق و یاسا و بە یەکێک لە مافە سروشتی و یاساییەکانی تاک دادەنرێت.

 

‏‎زاراوەکە هەندێک جار بەکاردێت بۆ وەسفکردنی کرداری تاکەکەسی و لە بەکارهێنانی هاوچەرخیشدا وشەکە ئاماژەیە بۆ ڕێز.

 

‏‎بێکەرامەتكردنی تاك، مەرج نییە  بە‌ تەنها لە‌ لایە‌ن سیاسییە‌كانە‌وە‌ بێت، بەڵكو لە ناو  ھە‌موو چین و توێژە‌كانی ناو كۆمەڵگادا ئە‌م دیاردە‌یە‌ دە‌بینرێت.

 

بە‌ گشتی لە ‌ناو ئە‌و وڵاتانە‌ی یاسا تێیدا باڵادە‌ست نییە‌، یان یاسا پاڵپشتی لە كە‌سە‌ دە‌وڵەمە‌ند و حزبییە‌كان دە‌كات، زۆر بە‌ ئاسانی کەرامەتی تاك تێیدا ئە‌تك دە‌كرێت و ھیچ پێوە‌رێک بۆ‌ مرۆڤ بوون لە ئارادا نامێنێت،  لە ناو کۆمەڵگا دواكە‌وتووەکانیشدا  کە توانای هیچ داھێنانێكیان بۆ مرۆڤایە‌تی نە‌بووە‌ و نییە و تاکەکانی وەک پێویست ھۆشیار نیین و توانای  بیرکردنەوەیان  نییە و لە ڕووی فیکرەوە  تە‌نانە‌ت ئامادەی  پرسیارکردنیشیان نییە و هەوڵی تێگەیشتن نادەن و عەقڵیەتیشیان ژێر دەستەی کەسانێک دەکەن، كە‌ بە ئاسانی فریویان دەدات و فکریان قۆرخ و دەستبەسەر دەکات، لێرەدا و بەم شیوەیە دیسانە‌وە‌ كە‌رامە‌تی مرۆڤە‌كان تێیدا پارێزراو نابێت‌.

 

 وتە‌یە‌ك هەیە دە‌ڵێت؛ (هیچ بەهایەک بۆ مرۆڤ لە کەرامەتی خۆی گرنگتر نییە) ئێمە وشەی کەرامەت بەکاردەهێنین بۆ دەربڕین لە بڕوابەخۆبوون، ئەگەر بێتو ئەم بەهایە لە مرۆڤدا بشکێت، ئەوا  لەوانەیە  هەموو بەهاکانی دیکەی مرۆڤ لەگەڵ خۆیدا بێنرخ بکات. سەرەڕای پێکەوەبەستنی هەموو بەهاکان بە‌یە‌کەوە،  دەکرێت بگوترێت کاتێک مرۆڤ ئازادی لە دەستدەدات و نایەکسانی لە نێوان ژیانی خۆی و ژیانی کەسێکی دیکەی ناو کۆمەڵگاکەی دەبینێت، ئەمە واتای ئەوە ناگەیەنێت، کە ئەو مرۆڤە کەرامەتی لە دەستداوە، بەڵام بە پێچەوانەوە مرۆڤ هەر کات کەرامەتی خۆی دۆڕاند ئەوا نە ئازادی و نە یەکسانی و نە‌ ھیچ  شتێكی دیكە‌ش نابێتە‌ فریادڕە‌سی.

 

‏‎مرۆڤ هەموو کات شانازی بە کەرامەتی خۆیەوە دەکات، ئەو کردار و پەیوەندییانە ڕەتدەکاتەوە، کە کەرامەتی بشکێنێت، بۆیە زۆرجار کەسێک دەڵێت من ئەم ڕەفتارە قبوڵ ناکەم، یاخود ئەم کارە ناکەم، یان لەم پەیوەندییەدا بەردەوام نابم، چونکە کەرامەتم ڕێگەم پێنادات.

 

‏‎وشەی (ڕێگەم پێنادات) ئەویش گوزارشتی خۆی  هەیە، چونکە (کەرامەت) لە ویست و حەزەکانی دیکەی مرۆڤ بەرزترە‌، زۆر جار کەسێک لەوانەیە حەز و ویستی بۆ ئەو کارەش هەبێت، بەڵام کە ڕێز نەگرتنی و زەلیل بوونی تێدا بە‌دیكرد،  ئەوا ڕەتی دەکاتەوە و لە پێناو حەز و  ئارەزووەکانیدا  کەرامەتی خۆی ناشکێنێت.

 

چەندین شێواز هەن، کە وا لە مرۆڤ دەکات  هەست بە زەلیلی و شکاندنی کەرامەتی بکات، ئەم هەستەش لە کۆمەڵگایەکەوە بۆ کۆمەڵگایەکی تر و لە کولتوورێکەوە بۆ کولتوورێکی تر  دەگۆرێت.

 

ڕەنگە لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی دیکە جیاوازتر بێت، بۆ نموونە مرۆڤ ڕەنگە پێوەرێکی دیاریکراوی قسەکردن یان شێوازی مامەڵەکردنی دیاریکراو لە ناو کولتوورێکی دیاریکراودا قبوڵ بکات و بە لایەوە کارێکی سروشتی بێت، بەڵام لە ناو کولتوورێکی دیکەدا و بە‌ لای  کەسێکی دیكە‌وە‌ ڕەنگە سوكایەتیکردن و شكاندنی کەرامەتی کارێکی ئاسایی نەبێت.


نموونە‌ش بۆ ئە‌مە‌، لە ناو  کۆمەڵگای ئێمەدا  ژن هەیە هیچ پێوەر و سنوورێكی  بۆ بە‌رامبە‌رە‌كە‌ی دانە‌ناوە‌ بە‌وە‌ی كە‌ ڕێزی بگیرێت و کەرامەتی نە‌شكێنرێت، ژن ھە‌ن  ڕۆژانە لە لایەن مێردەکانیانە‌وە‌ یان خێزانە‌كانیانە‌وە‌ توندوتیژی لە‌ بەرامبەریان دەکرێت و لێیان دەدرێت و سوکایەتییان پێدەکرێت، کەچی بە لایانە‌وە‌ کارێکی ئاساییە‌وە‌ و قبوڵی دەكە‌ن و باوەڕ و قەناعەت و شوکرانەی ئە‌و ژیانەش دە‌كە‌ن، چونکە  دڵنییاییە‌كیان لا دروست بووە بە‌وە‌ی ئەگەر بێتو قبوڵی ئەو ژیانەش نەكە‌ن،  ئەوا دواتر لە لایەن چواردەور و کۆمەڵگاوە زیاتر کەرامەتیان دەشکێنن.

 

بە پێچەوانەی ئەوەشەوە  ژنانێك هەن بچوکترین قسەپێوتن یان بێڕێزی لە لایەن هاوسەر و خێزانەوە قبوڵ ناكە‌ن و بە شکاندنی کەرامەتی دەزانن و لەو ڕووەوە پێوەرێکی گرنگیان بۆ ئەو مەبەستە داناوە، ئەمەش دەگەرێتەوە بۆ ڕادەی هۆشیاری تاکەکان و تا چەند دەتوانن پشت بە هێز و توانای خۆیان ببستن بۆ ئەوەی کەرامەتیان پارێزراوبێت.


‏‎ڕەنگە مەرجی گشتی بۆ کەرامەتی مرۆڤ لەم گوتە بەناوبانگەدا دەرببڕێ: (ئازاد بوونی مرۆڤ لە ترس، یاخود ویست یان پێویستی).

 

ئەم لێدوانە دوو ڕەهەندی بنچینەیی بۆ پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ پێناسە دەکات؛

ڕەهەندی یەکەم: پەیوەندی بە ڕۆح و نەفسی مرۆڤەوە هەیە کاتێك سوکایەتی پێبكرێت، ئەگەر کەسەکە بترسێنرێت یان لە ڕووی دەروونییەوە ستەمی لێ بکرێت یان زە‌لیل بکرێت، لە کاتێکدا 


ڕەهەندی دووەم: پەیوەندی بە لایەنی ماددی جەستەییەوە هەیە ئەگەر کەسەکە برسی بکرێت یان ئەشکەنجە بدرێت یان جەستەی وەک کەرەستەیەکی سێکسی بەکاربهێنرێت.


‏‎هەروەها کۆیلایەتیش بە گەورەترین پێوەری شکاندنی کەرامەتی مرۆڤ دادەنرێت، چونکە لەو ڕووەوە مرۆڤ  دەبێتە موڵکی کەسێکی دیکە و بێ ئیرادە دەکرێت. کاتێک باس لە کۆیلایەتی دەکەین مەبەستمان تەنیا شێوە تەقلیدییەکانی نییە، بەڵکو شێوە هاوچەرخەکانی لە بازرگانیکردن بە مرۆڤ و لەشفرۆشی و کاری زۆرەملێ و بەکارهێنانی جەستە بە تایبەتی جەستەی ژنان وەک کاڵایەک مامەڵەی پێوە بکرێت.

 

ماوتە‌وە‌ بڵێم؛

پاراستنی كە‌رامە‌تی مرۆڤ بە‌ یە‌كێك لە‌ بەها گەورەكانی  ناو مافە‌كانی مرۆڤ دادە‌نرێت، مافی ئازادیی تاکەکەسی و مافی نیشتەجێبوون و کار و موچەی شایستە.. هتد.


‏‎وڵاتانی ڕۆژئاوا و ئەو وڵاتە پێشکەوتووانەی، کە کەرامەتی مرۆڤ تێیدا تاڕادەیەکی زۆر  پارێزراوە‌ و عەقڵیەتی  زۆرەملی ناسەپێنن و دوژمنایەتی تێڕوانینە جیاوازەکانی دیکە ناکەن، بەڵکو تەنیا ناکۆکیان لەگەڵ ئەو وڵاتانە و ئەو کەسانەدا ھە‌یە‌، کە کەرامەتی مرۆڤ  پێشێلدەکەن یان لە ژێر هەر ناوێکدا پاساو بۆ پێشێلکارییەکانیان دەهێننە‌وە‌.

 

جا لێرە‌دا زۆرێک لەو کەسانەی مافی مرۆڤ بە كولتووری ڕۆژئاوای دە‌زانن، خۆیان  چاویان لە وڵاتانی ڕۆژئاوایە‌ و سوود لە‌ تە‌كنە‌لۆژیا و دە‌ستكە‌وتە‌كانیان دە‌بینن، بۆ بە‌ سە‌ربردنی خۆشییە‌كانیان سە‌ردانی ئە‌و وڵاتانە‌ دە‌كە‌ن و منداڵەکانیان دەنێرن بۆ  خوێندن لە زانکۆکانی ڕۆژئاوا، كاتێكیش پرسیاریان لێ بکرێت بە‌وە‌ی بۆچی منداڵە‌كانیان بۆ خوێندن و ژیان دە‌نێرنە‌ و‌ڵاتانی ڕۆژئاوا؟  لە‌ وەڵامدا دە‌ڵێن: چونکە لە‌و وڵاتانە‌دا ڕێز لە مرۆڤ دەگیرێت و کەرامە‌تی پارێزراوە. جا ئەمەش خۆی لە خۆیدا دووفاقیەکی گەورەیە و زۆریش هەڵدەگرێت  ھە‌تاوە‌كو  لە‌ سە‌ری  بدوێین.