دەنگی ئازادیی لە ساڵیادی ژینا ئەمینی و یادکردنەوەی خەبات بۆ مافەکانی مرۆڤ

نەجیبە مەحمود - ڕۆژنامەنووس

 

ساڵرۆژی ژینا ئەمینی، یادکردنەوەی بزوتنەوەیەکی کۆمەڵایەتی و گەڕان بە دوای دادپەروەریدا، ساڵرۆژی کۆچی دوایی ژینا ئەمینی  کچێکی گەنج کە بە هۆی ئەشکەنجەدانی لەلایەن جمهوری ئیسلامی بە بیانووی حیجاب لە ئێران کۆچی دوایی کرد، ئەم ساڵیادە بیرهێنانەوەی بزوتنەوەیەکی گەورەیی کۆمەڵایەتی و گۆرانکارییە قووڵەکانی کۆمەڵگای ئێرانە.

 

ئەم ڕووداوە نەک هەر وەک کارەساتێک یاخود تاوانێکی ئینسانی ناسراوە، بەڵکو وەرچەرخانێک لە مێژووی هاوچەرخی ئێران و بزوتنەوەیەک بۆ ئازادی و مافی مرۆڤ ناسراوە، ژینا ئەمنینی بوو بە هێمای خۆڕاگری و خەبات بۆ مافەکانی ژنان و ئازادییە کۆمەڵایەتییەکان ..دوای کۆچی دوایی ژینا نارەزایەتیەکی بەربڵاو لە سەرتاسەری ئێران وبە تایبەتی رۆژهەڵاتی کوردستان، هەروەها لە پێکهاتەکانی ئێرانی و رۆژهەڵاتی لە دەرەوەی ووڵات دروست بوو .

 

ئەم نارەزایەتیانە بە خێرایی گۆڕا بۆ یەکێک لە گەورەترین بزوتنەوە کۆمەڵایەتییەکانی مێژووی ئێران کە خوازیاری گۆڕانی بنەڕەتی لە سیستمی سیاسی و کۆمەڵایەتی ووڵات بوو .خۆپیشاندان بە دروشمی ( ژن، ژیان ،ئازادی ) و نا بۆ حیجابی ناچاری، هاتنە سەر شەقامەکان و خوازیاری کۆتایی هێنان بە هەڵاواردنی جیندەری و پێشێلکردنی مافی مرۆڤ بوون .

 

ئەم بزوتنەوەیە نەک تەنیا لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران، بەڵکو لەسەر ئاستی جیهانیش کاریگەرییەکی بەرفراوانی هەبوو و سەرنجی زۆرێک لە ڕێکخراوەکانی مافی مرۆڤ و میدیا جیهانیەکانی بۆ لای خۆی راکێشا .لەم یادەدا یادکردنەوەی ژینا ئەمینی هەموو ئەو ئازیزانەی گیانیان بەخت کرد لەو پێناوە، ئەوانەش کە بوونە قوربانی بە لە دەستدانی بەشێک خەستەیان، ئەو پەیامەمان پێدەبەخشن، کە هێشتا رێگایەکی دوور و درێژمان ماوە بۆ گەیشتن بە دادپەروەری و ئازادی.

 

هەر بۆیە ئەم یادە دەرفەتێکە بۆ نوێکردنەوەی پەیمان لەگەڵ پرەنسیبەکانی دادپەروەری و یەکسانی و مافی مرۆڤ، وەبیرهێنانەوەیە کە گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییەکان پێویستی بە هەوڵ و هاودەنگیی هەموو لایەک. هەیە .خەڵکی ئێران و کۆمەڵگای نێودەوڵەتی دەبێ لە بیریان بێت ،کە هەر دەنگێک کە بۆ ئازادی و دادپەروەری بەرز دەکرێتەوە، بەشێکە لە خەباتی گەورەتر، کە ئامانجی گەیشتن بە کۆمەڵگایەکی دادپەروەرتر و ئینسانانەتر.

 

ساڵڕۆژی ژینا ئەمینی پێویستە وەک دەرفەتێک هەژمار بکرێت بۆ پێداچوونەوە بە ئامانج و خواستە هاوبەشەکانمان لە بواری مافەکانی مرۆڤ و ئازادییە تاکە کەسیەکان.