کارکردنی ژنان لە بوارەکانی پزیشکیدا

نەرمین عوسمان – نووسەر

 

پیشەی پزیشکی یەکێکە لە پیشە مرۆییەکان، چونکە ڕاستەوخۆ پەیوەندی بە تەندروستی مرۆڤ و کۆمەڵگەوە هەیە لە کەمکردنەوەی ئازار و نەخۆشییەکان و پاراستنی تەندروستی، هەروەها یەکێکە لەو پیشانەی کە گەورەترین پێگەی کۆمەڵایەتیی لەناو خەڵکدا هەیە، پیشەی پزیشکی، لەو پیشانەیە کە لەگەڵ سروشتی ژن لە پشوودرێژی و رۆحی مرۆڤدۆستی و وردبینیدا گونجاوە.

 

لە ڕووی مێژووییەوە، هەر لە زووەوە ژن کاری لەو بوارەدا کردووە، لە مێژووی سۆمەرییەکاندا، پزیشک وەک پایەی خواوەندی سۆمەرییەکان ئاماژەی پێ کراوە، بۆ نموونە؛ عەشتار، کە وەک خواوەندی پزیشکی مرۆڤ ناوی هاتووە، هەر لە شارستانیەتی سۆمەریدا بە پزیشکی پیاویان وتووە "ئازوو"، یان "ئاسوو"، بە پزیشکی ژنیشیان وتووە "ئاساتوو" یەکەم پزیشکی ژن ناوی "لوولوو" بووە. خواوەندی زانستی پزیشکییش، مێ بووە و ناوی "گولا" بووە، کچی خواوەندی ئانۆ بووە؛ ئەو ژنەیە کە داردەستێکی پێیە و مارەکان لە دەوری ئاڵاون، کە دروشمی پیشەی پزیشکییە و تاکوو ئێستاش بۆ زانستی دەرمانسازی بەکار دەهێندرێت.

 

لە مێژووی سۆمەرییەکاندا لە ڕێگەی خوێندن و فێربوونەوە ئەم پیشەیە کراوە، جگە لە کاهین و کەسە رۆحییەکان، لە یاساکانی حاموڕابیدا یاسای بۆ داڕێژراوە، چەندین بەڵگەی مێژوویی لەم بارەیەوە ماونەتەوە، لە شارستانیەتی میسریی کۆندا، یەکەم ژن وەک پزیشک ناوی هاتبێت و لە بواری زانستیدا کاری کردبێت؛ مێریت پتاح "Merrit Ptah" ە، کە لە سەردەمی شانشینی سێیەمی میسردا بووە نزیکەی (٢٧٠٠پ. ز). لە شارستانیەتی کۆنی یۆنانیدا، "ئاگامیدی"ی پزیشک، ژن بووە، لە نووسینەکانی هۆمیردا لە سەردەمی پێش گەمارۆدانی تەروادە، ئاماژەی پێ کراوە.


ئاگنۆدیس کە لە سەدەی چوارەمی پێش زایین ژیاوە، بە یەکەم پزیشکی ژن لە ئەسینای پایتەخت دادەنرێت، ئاگنۆدیس سەرەتا وەک پیاو خۆی نیشان داوە، بۆ ئەوەی بتوانێت بەدوای ڕاهێنانی پزیشکیدا بگەڕێت، چونکە ئەوکات ئەم پیشەیە بۆ ژنان قەدەغە بووە، بۆ خوێندن چووەتە ئەسکەندەریە و شاگردی هیرۆفیلۆس بووە، کە بە بەناوبانگترین شارەزای ئەناتۆمیی ئەو سەردەمە دادەنرێت، دوای تەواوکردنی خوێندنەکەی، دەگەڕێتەوە بۆ ئەسینا و پۆشاکی پیاوانە دەپۆشێت و چارەسەری ژنانی نەخۆشی کردووە، پزیشکە پیاوەکان هەستیان کردووە ژنان وەک جاران سەردانیان ناکەن، کە ئەوەش بەهۆی ئاگنۆدیسەوەیە، هەر بۆیە تۆمەتی ئەوەیان بۆ دروست کرد کە ژنان ئیغرا دەکات، ژنانیش خۆیان نەخۆش دەخەن بۆ ئەوەی سەردانی بکەن، لەو کاتەدا نەیاندەزانی ئاگنۆدیس ژنە نەک پیاو، تا ئەوەی لە کاتی دادگاییەکەدا جلوبەرگە پیاوانەکانی لابرد و خۆی ئاشکرا کرد کە ژنە. پزیشکەکان بەردەوام بوون لەسەر تۆمەتبارکردنی و ئەم جارە بە فێڵکردن و درۆکردن تۆمەتباریان کرد، بەڵام ئاگنۆدیس بە هاوکاریی ژنان و هەندێک لە پیاوان بێتاوانیی خۆی سەلماند و دادگا ئازادی کرد، ئەم دادگاییەی ئاگنۆدیس، کاریگەرییەکی زۆری هەبوو و بووە هۆی ئەوەی یاساکانی ئەسینا بگۆڕدرێن، بە جۆرێک کە ژنان بتوانن لە بواری پزیشکیدا کار بکەن بۆ چارەسەرکردنی ژنان.

 

بەم شێوەیە، لەوەتەی دەسەڵات لە ژن قۆرغ کراوە، ژنان بۆ بەدەستهێنانی مافەکانیان شەڕ دەکەن.

یەکەم پزیشکی ژن لە عیراق، کە دەرچووی کۆلێجی پزیشکیی بێت و دابمەزرێت؛ خاتوو ئانا ستیانە، کە بە ڕەچەڵەک ئەرمەنییە و دەرچووی ساڵی ١٩٣٩ بووە، خاتوو مەلەک رەزوق غەننامیش، یەکەم کچی موسوڵمان بووە چووبێتە کۆلێژی پزیشکیی شاهانە لە عێراق، هەروەها دکتۆر سانیحە ئەمین زەکی، کە لە پزیشکە پێشەنگەکانی عیراقە و بە ڕەچەڵەک، هەم کوردە، هەمیش عەرەب و تورکمان، یەکەم خاتوونە چووبێتە کۆلێژی پزیشکیی بەغدا.

 

بۆ کاری پزیشکیی تایبەت بە نەخۆشییەکانی ژنان، زیاتر خواست لەسەر ژنانە، چونکە نەخۆشەکان پێیان باشترە کێشەکانیان لەگەڵ پزیشکی ژن تاووتوێ بکەن، هەرچەندە پیاوان لەم ساڵانەی دواییدا سەرکەوتنیان لەم بوارەدا بەدەست هێناوە، بەڵام هێشتا یەکێکە لەو کارانەی داواکاریی لەسەر پزیشکی ژن زیاترە.

 

ئامارێک لە ساڵی ٢٠١٧ بڵاو کراوەتەوە باس لەوە دەکات کە لەو ساڵەدا بۆ یەکەم جار لە مێژوودا ژمارەی پزیشکی ژن لە پزیشکی پیاو زیاتر بووە، بەم شێوەیە ژنان هەموو ئاستەنگە کۆمەڵایەتی و ئەکادیمییەکانیان تێپەڕاندووە و لێهاتوویی و متمانەیان لەم بوارەدا بەدەست هێناوە، زۆرێک لەو پزیشکانە نموونەی پێشەنگن لە تێکەڵاوکردنی زانست و لێهاتوویی زانستی لە لایەک، میهرەبانی و چاودێریی دەروونیی نەخۆش لە لایەکی ترەوە و دەستکەوتی گەورەیان بەدەست هێناوە و رۆڵێکی گرنگ دەگێڕن.

 

لە هەمان راپۆرتدا ئاماژە بۆ ئەوە کراوە کە سەرەڕای ئەم سەرکەوتنانە، ژنان هێشتا بە ڕێژەیەکی کەم ڕاگری کۆلێژە پزیشکییەکان و سەرۆک بەشەکانی ئەو بوارەن.

 

ئەو پسپۆڕییانەی پزیشکی ژن زیاتر بۆی دەچن، بریتین لە: ژنان، منداڵان، پێست، چاو، جوانکاری، ئامێرەکانی پشکنین "سۆنەر، مەمۆگراف، ئێم ئاڕ ئای و تیشک…"، تاقیگەکان، لووت و قوڕگ و گوێ، ددان، چارەسەری نەخۆشییەکانی شێرپەنجە بە تیشک و کیمیاوی و فیزیایی، هەروەها دەرمانسازی بە هەموو بوارەکانییەوە.

 

ماری کوری، زانای فیزیا و کیمیا، یەکەم ژن بووە کە خەڵاتی نۆبڵی لەو دوو بوارەدا بەدەستهێناوە، تاکە ژنیشە کە دوو خەڵاتی نۆبڵی زانستیی وەرگرتبێت کە لە دوو بواری جیاوازدا بەدەستی هێناون.

 

ماری، بەشدارییەکی بەرچاوی لە بواری پزیشکیدا کرد و توانی بۆچوونی زانایان لەسەر ماددە تیشکبەرەکان بگۆڕێت، ئەمەش یارمەتیدەر بوو بۆ دۆزینەوەی چارەسەری نەخۆشیی شێرپەنجە بە بەکارهێنانی ئایزۆتۆپ.

 

کاری پزیشکی، یەکێکە لە گرنگترین کارە مرۆییەکان و قورسترینیان لە ڕووی خوێندن و خۆماندووکردنەوە، جگە لە ڕووە مرۆییەکەی، سەرچاوەیەکی دارایی باش بۆ ژن فەراهەم دەکات.