هەموو گیانلەبەرێک گۆشتخۆرە بەس ناوی گورگ بەدە
نازەنین عوسمان حەسەن- دکتۆر
 
					کە باسی دیکتاتۆر و وڵاتی داخراو دەکەین، یەکسەر ناوی کۆریای باکوور و سەرکردەکەی، کیم جۆنگ ئون دێتە خەیاڵمان، کەس باسی تورکمانستان و سەرکردە دەسەڵاتدارە دیکتاتۆرەکەی، گوربانگولی بێردیمحەمەدۆف ناکات، کە دەبێت بڵێین سەد رەحمەت لە کفندز، گەر هەردوو سەرۆک بەراورد بکەین.
تورکمانستان، یەکێکە لە وڵاتەکانی ئاسیای ناوەڕاست، لە 1881 بەپێی رێککەوتننامەی ئاخاڵ لە دەوڵەتی قاجاڕ جیا کرایەوە و بە روسیای قەیسەرییەوە لکێنرا، دوای هەڵوەشاندنەوەی یەکێتیی سۆڤیەت، لە 1991سەربەخۆیی راگەیاند. سنوورەکەی؛ لە باکوورەوە کازاخستان و ئۆزبەکستان، لە خۆرهەڵاتەوە ئۆزبەکستان، لە باشوورەوە ئەفغانستان و ئێرانە و لە خۆرئاواشەوە دەریای قەزوینە.
 لە سەدا هەشتای خاکەکەی بیابانی قەرەقوومە، بەشی زۆری دانیشتوانی لە خوارووی وڵاتەکەدان، نزیک زنجیرەچیاکانی کۆپی داغ، پایتەختەکەی، پارێزگای عیشقابادی نزیک سنووری ئێرانە و گەورەترین شاریەتی، دانیشتووانی نزیکەی شەش ملیۆنە و یەک لەسەر پێنجی لە پایتەختدا دەژین.
''کوردی تورکمانستان''
زۆربەی خەڵکەکەی تورکمانن، لەگەڵ کەمایەتییەکانی: ئۆزبەک، کازاخ، روس و کورد، ئەو کوردانەش، لە سەدەی حەڤدەیەمدا، لە سەردەمی شا عەباسی یەکەمدا، گەیشتوونەتە ئەو وڵاتە و سەر بە خێڵێکی کوردی خۆراسانن کە یاخی بوون لە شا عەباس و ئەویش بۆ ئەوەی ئەو کێشەیە لە خۆی دوور بخاتەوە، ئەو خێڵە کوردەی دوورخستەوە بۆ تورکمانستان، زۆربەیان موسوڵمانی سوننەن و کێشەی ئێتنیکییان کەمە.
تورکمانستان دەوڵەتێکی کۆماری، سەرۆکایەتی، عەلمانی، دیموکراتی و بێلایەنە، وا دەناسرێت لە نەتەوە یەکگرتووەکان، نزیکەی نیوەی خەڵکەکەی بە کشتوکاڵەوە خەریکن، بەرهەمی سەرەکییان لۆکەیە و لە 10 وڵاتی یەکەمە لە بەرهەمهێنانی لۆکەدا لەسەر ئاستی جیهان، ئەوکاتەی بەشێک بوو لە یەکێتیی سۆڤیەت، سەرچاوەی دابینکردنی لۆکەی سۆڤیەت بوو. 
ئابوورییەکەی پشت بەبەرهەمهێنانی وزە دەبەستێت، بەتایبەتیی گازی سروشتی. تورکمانستان چوارەمین وڵاتی جیهانە لە یەدەگی گازدا لە دوای روسیا، ئێران و قەتەر.
زۆربەی گازەکەی تورکمانستان بۆ چین و روسیایە، لەو چەند ساڵەی دواییشدا بەرەو ئێران و لەوێشەوە بۆ تورکیای ناردووە، ئێستا لە هەوڵی دروستکردنی بۆریی گواستنەوەدایە بە ژێر دەریای قەزویندا بەرەو تورکیا و لەوێشەوە بۆ شوێنی تر، تورکیا دەمێکە هەوڵی ئەوە دەدات راستەوخۆ لەگەڵ خۆیدا ئەو پەیوەندییە دروست بێت بەبێ لایەنی ناوەند، ساڵانە زۆربەی گازەکەی بەرەو روسیا دەچوو، لە 2020 لەسەر نرخ رێک نەکەوتن و هەناردەی کەمی کرد و ئێستا زۆربەی گازەکەی لە رێگەی بۆریی (ئاسیا- چین)ەوە بەرەو چین دەچێت، تاکە کۆمپانیا، کۆمپانیای گازی حکومەتی تورکمانستانە و تەنیا ئەو کۆمپانیایە مافی دەرهێنان و ناردنی گازی سروشتیی هەیە. 
لە ساڵی 2017 تورکمانستان پەیوەندیی هەمەلایەنەی لەگەڵ قەتەر دروست کرد، پەیوەندیی لەگەڵ رۆژئاوا و ئەمریکاش زۆر کەمە، لەدوای سەربەخۆیی لە 1991، سەپەرمورات نیازۆڤ بوو بە سەرۆک کۆمار، کە لە حزبی کۆمۆنیستی تورکمانستان بوو، دواتر ئەو حزبە بوو بە حزبی دیموکراتی تورکمانستان، تا مردنی لە 2006  نیازۆڤ لە دەسەڵاتدا مایەوە و سیاسەتێکی پۆڵایینی بەکار دەهێنا، نیازۆڤ بڕوای وابوو خاوەنی دەسەڵاتێکی سەرو سروشتە و هێز و توانای تایبەتی لە خواوە بۆ هاتووە، کتێبێکی نووسی بەناوی (رۆحنامە)، ئەم کتێبە لە هەموو قۆناغەکانی خوێندندا دەخوێنرێت، بۆ دامەزراندن لە هەر شوێنێک، تاقیکردنەوە دەکرێت لەسەر زانیاری دەربارەی ئەو کتێبە، یاخود کاتێک دەتەوێت مۆڵەتی شۆفێری وەربگریت، پێویستە لە تاقیکردنەوە لەسەر ئەو کتێبە دەربچیت، دەنا وەرناگیرێیت، هەروەها هەندێک گۆڕانکاریی کرد، بۆ نموونە؛ ناوی مانگەکانی گۆڕی بە ناوی خۆی و کەسوکاری، ناوی نانی گۆڕی و ناوی دایکی (گوربەنسوڵتان)ی لێ نا،  دەبوو وێنەی نەک تەنیا لە دامودەزگا حکومی و شوێنە گشتییەکان هەبێت، بەڵکو دەبوو لە هەموو ماڵێکیشدا هەبێت.
سەرۆکی ئێستای تورکمانستان
دوای ئەو، لە هەمان حکومەت و حزب، گوربانگولی بێردیمحەمەدۆف هاتە سەر حوکم، کە بە هەڵبژاردنێک سەروو لە سەدا نەوەد و حەوتی دەنگەکانی هێنا، هاووڵاتییان دڵیان خۆش بوو کە لە دەست دیکتاتۆرێک رزگاریان بووە، هەندێک گۆڕانکاری کرد، وەک: کردنەوەی قوتابخانەی زۆر و دابینکردنی بیمەی تەندروستی، بەڵام هەستی خودپەسەندی لای ئەویش دروست بوو، دەبوو یەکەم بێت لە هەموو شتێکدا؛ پێشبڕکێی دروست دەکرد لە لێخوڕینی ئۆتۆمبێلدا، یەکەم دەبوو، لە هەموو وەرزشەکاندا هەر دەبوو یەکەم بێت، کتێبی دەنووسی، دەبوو زۆرترین فرۆشی هەبێت، گۆرانیی دەگوت، کاتی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا، دەیوت تووشبوومان نییە، شێتی شکاندنی ریکۆردی گێنیس بوو؛ گەورەترین فەرش، جوانترین شار، باشترین ئەسپ، باشترین سەگ.
ئاڵاکەیان وێنەی ئەسپێکی زیندووی تێدایە لە رەگەزی رەسەنی ئاخالتکە و گەر ئەو ئەسپە بمرێ، وێنەی ئەسپێکی تازە دادەنێن، لە پایتەختدا پەیکەری زێڕینی بۆ سەگەکەی داناوە.
تا ساڵی 2022 سەرۆک بوو، ئینجا وازی لە سەرۆکایەتی هێنا بۆ کوڕەکەی، سەردار بێردیمحەمەدۆف، بەڵام کوڕەکەی بەناو سەرۆکە و هیچ دەسەڵاتێکی نییە، لە 2016 یاسای سەرۆکایەتی گۆڕی، ماوەکەی لە پێنج ساڵەوە کرد بە حەوت ساڵ، مەرجی ئەوەشی لابرد کە 70 ساڵ کەمتر بێت بۆ خۆ کاندیدکردن.
گوربانگولی، دەستەیەکی دامەزراند بەناوی (دەستەی خەڵک مەسڵەحەتی) و خۆی سەرۆکیەتی، ئەم دەستەیە هەموو دەسەڵاتێکی لەدەستدایە، گەر بڕیاری لە یاسایەک یاخود فەرمانێک دا، نە پەرلەمان و نە حکومەت مافی رەتکردنەوەیان نییە و دەبێت ملکەچی بڕیارەکە بن، هەموو دەسەڵاتێکی سیاسەتی ناوەوە و دەرەوە، بازرگانی و سیاسی لە دەستدایە، جگە لەم دەستەیە، سەرکردەی ئۆڵۆمپیادە، هەرچی رێکخراو هەیە ئەو دەبێت سەرکردەی بێت، بە ناوی «سەرکردەی دەوڵەت» و «پێغەمبەری سەر زەویی تورکمانستان» ناوی دەهێنن، مەگەر خۆی رێکخراو دابنێت، دەنا هیچ رێکخراوێکی مەدەنی، یا حزبێکی تری سەربەخۆ بوونی نییە. 
کاتێک بەهۆی جگەرەکێشانی زۆرەوە دڵی تووشی کێشە دەبێت، هەرچی ئەندامی حکومەتەکەی هەیە بە زۆر وەرزش و شاخەوانییان پێ دەکات.
''سەیروسەمەرەکانی ئەو وڵاتە''
یەکێک لە سەیروسەمەرەکانی ئەو وڵاتە، پایتەختەکەیەتی (عیشقاباد)، یاخود شاری مەڕمەری سپی، گوربانگولی بڕیاریدا هەرچی خانوو و باڵاخانەی ئەو شارەیە بە مەڕمەڕی سپی داپۆشرێت، خانووە کۆنەکانیشی رووخاند، هەموو ئۆتۆمبێلێک لەو شارەدا دەبێت سپی یان زیوی بێت، دەبێت خاوێن بێت، کاتی خۆی دەستی بە ئۆتۆمبێلێکی رەش برینداربووە و ئۆتۆمبێلی رەش بە شووم دادەنێت، هەربۆیە گەر ئۆتۆمبێلێک رەنگێکی تری هەبێت، ساڵانەی بۆ تازە ناکرێتەوە و سزا دەدرێت و دەستی بەسەردا دەگیرێت، تەنانەت گەر پیسیش بێت، سزای لێ دەسەنن، هێندە ئۆتۆمبێلی سپیی لێیە، بە سەتەلایت لە دەرەوەی زەوییەوە دەبینرێت.
شەقامەکانی پان و گەورەن، هەرچەندە نزیکەی ملیۆن و نیوێک دانیشتوانیەتی، بەڵام زۆر کەم خەڵک لە شەقام و مۆڵ و بازاڕەکاندا دەبینیت، هەمووی چۆڵن، ئەوەشی دەیانبینی، ئەو کەسانەن کە خەریکی خاوێنکردنەوەی شارەکەن و نابێت گەردی پێوە بێت، خەڵکی شارەکە زۆربەیان لە دەوروبەری شارەکە لە خانووی خراپ و لە هەژاریدا دەژین.
مۆنۆمێنتی زۆر گەورەی بۆ کردووە، لەوانە: پەیکەری سەگەکەی، کە لە زێڕ دروست کراوە. 
''گرانییە و ئاستی هەژاریی بەرزە''
ژیان لە تورکمانستان گرانییە، ئاستی هەژاریی بەرزە، گەر بەراوردی بکەین لەگەڵ وڵاتەکانی دەوروبەری، حکومەت ئاو و گاز و کارەبا بەخۆڕایی دەداتە هاووڵاتی، هەندێک کەس تا شقارتە بەکار نەهێنێت و سەرفی نەکات، کاتێک دەچێتە دەرەوەش گازەکەی هەر بەکراوەیی بەجێ دەهێڵێت.
سێ حزبی سیاسی هەیە؛ حزبی دیموکراتی تورکمانستان (حزبی دەسەڵات)، دوو حزبەکەی تر، حزبی بازرگانان و حزبی جووتیارانن، ئەوەی لای خۆمان پێیان دەڵێین حزبی کارتۆنی، لە پەرلەماندا ئیشیان تەنیا دەست بەرزکردنەوەیە بۆ بڕیارەکانی گوربانگولی.
وەرگرتنی ڤیزەی ئەو وڵاتە زۆر ئەستەمە، رۆژانە بە ژمارە تەنیا بیست کەسێک مافی چوونەناوەوەی ئەو وڵاتەیان هەیە، لەوکاتەی لە فڕۆکەخانەی عیشقاباد دادەبەزیت، گایدێکت لەگەڵە، تا دێیتە دەرەوە لەو وڵاتە، دەبێت لەگەڵتدا بێت و سەردانی مۆزەخانەکان و شوێنە گەشتیارییەکان بە گروپ دەکرێن، هۆتێلت بۆ دانراوە و تەنیا یەک هوتێل هەیە بۆ گەشتیار و مافیان نییە هوتێلی تر هەڵبژێرن.
ئینتەرنێت زۆر سنووردارە و تەنیا بە ئیمەیڵ دەتوانیت پەیوەندی بکەیت، بەهۆی ئەوەی تورکمانستان داخراوترین وڵاتە و پەیوەندیی باشە لەگەڵ چین و روسیا، رەوتی سیاسەتی بێلایەنی هەڵبژاردووە، میدیاکان ئاگاداری رەوشی ژیانی خەڵک و سەرۆکە خودپەرستە دیکتاتۆرەکانی نین، ئەو کەمە دەنگوباسەشی دەربارەی بڵاودەبێتەوە، زیاتر لەلایەن ئەو گەشتیارە کەمانەوەیە کە بۆیان هەڵکەوتووە سەردانی بکەن، یاخود هەندێک لەو هاووڵاتییانەی بۆیان لواوە ئەو وڵاتە جێبهێڵن.
