هونەری هاوسەنگی لە پەروەردە و کۆمەڵگەدا
شۆخان ئیسماعیل - مامۆستا

پەروەردەکردنی نەوەیەکی هاوسەنگ، ئەرکی سەرجەم کۆمەڵگەیە و تەنها بنەماڵەکان و قوتابخانە و مامۆستاکان ناگرێتەوە، هەمووان دەتوانن بەشداربن لەم پرۆسە بنیاتنەرەدا. گۆڕانکاری و هەنگاوەکان پێویستی بە کات و ئارامگرتنە، هەروەک چۆن شەو و رۆژ کاری یەکتر تەواو دەکەن، دەکرێت کۆمەڵگەش بەهێواشی بەرەو هاوسەنگی بڕوات . بۆ نموونە: کاتێک دوکاندارێک بەڕێزەوە مامەڵە لەگەڵ کڕیار دەکات، نموونەیەکە بۆ کەسانی دیکە، کاتێک کارمەندێک بەرپرسیارێتی کردار و ئەرکەکانی خۆی هەڵدەگرێت، کەواتە توانیوێتی کەسانی چواردەوری فێر بکات. گرنگە هەر کەسێک لەشوێنی خۆیدا دەست بکات بە گۆڕانکاریی ئەگەر بە بچووکترین کرداریش بێت.
کۆمەڵگەی ئێمە و تەنانەت جیهانیش شایەتی تێکچوونێکی بنەڕەتییە لە هاوسەنگی لە بوارە جیاوازەکاندا، ئەم ناهاوسەنگییە لە خێزانەوە دەست پێدەکات، کە منداڵان لەنێوان دووفاقیدا دەژین، یان لەژێر فشارێکی توند کە هیچ شوێنێک بۆ میهرەبانی و لێبوردەیی ناهێڵێتەوە، یان تەرخانکردنی رێژەی زیاد لە گرنگی پێدان، ناهاوسەنگی لە قوتابخانەکانیشدا دووبارە دەبێتەوە، لێرەوە ڕووبەڕووی سیستمێکی پەروەردە دەبینەوە، یان بە شێوازێکی توند و بێ گوێدانە لایەنی دەروونی مامەڵە لەگەڵ قوتابییان دەکات، یاخود بە تەواوی دەست لە بەرپرسیارێتی و هاوکاری و هەماهەنگی قوتابییان هەڵدەگرێت.
ئەم شێوازە لە مامەڵەکردن لەناو سیستمی پەروەردە و نێوان قوتابخانە حکومی و ناحکومییەکاندا بەدی دەکرێت، لێرەوە کۆمەڵگە هەنگاو دەنێت بەرەو (دوالیزم)، ئەم دۆخە دواجار ئەوە دەخوازێت مەودایەک لەنێوان نەوەکاندا دروست بێت، کە تێیدا لێک تێگەیشن و رێز لەدەست بچێت.
با لەخێزانەوە دەست پێبکەین، بەو مانایەی دایک و باوک بتوانن جدیبوون و توندوتیژیی جیا بکەنەوە، منداڵان پێویستیان بە سنووری روون هەیە، بەڵام لە هەمانکاتدا پێویستیان بە خۆشەویستی و پشتگیریی تەواو هەیە. لەو کاتەی هۆشداریی پێدەدرێت پێویستە رێنمایی بکرێت نەک لە چوارچێوەی ئامۆژگاری و توڕەیی و تۆڵەدا.
مامۆستاکانیش هەوڵبدەن رۆڵی خۆیان لە قوتابخانە لە وانەبێژییدا کورت نەکەنەوە، بەڵکو وەک رێبەری کەسایەتی و رەوشتی بەرز خۆیان ببینن، ئەمە ئەو مانایە نادات ئازادی رەها بدرێتە قوتابی، پێویستە ئازادی لەپێناو بنیادنانی کەسایەتی و درک و تێگەیشتندا بێت بۆ گەردوون و ئەو ژیانەی تێیدا دەژی، نەک لەپێناو ئەوەی کە مامۆستایەکی نەرم و نیان و ژینگەی ئازادیی فراوانە.