خەبات وتێکۆشان؛ شێوازێک لە هەنگاو بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکان

بێریڤان شاهۆ- ڕۆژنامەنووس

ئەگەر هەموو شتێک هاوتەریب بن، ئامانجێک نییە  کە لە پێناوی دا خەبات یان تێکۆشان بکەیت، بۆیە خەبات یان تێکۆشان، شێوازێک لە هەنگاونانە بۆ بەدیهێنانی ئامانجەکان.

 

 کاتێک باس لە تێکۆشان دەکرێت، دەبێت پێناسەیەکی ڕاستەقینەی بۆ بکرێت، ئایا ئامانجمان لە تێکۆشان چییە، بنەما و پرەنسیبەکانی تێکۆشان دەبیت چۆن بێت، هەروەها هۆکارەکانی تێکۆشانەکەت چییەو، لە ئەنجامی ئەو تێکۆشانەدا جێگرەوەمان چی دەبێت.

 

هەر مرۆڤێک تێکۆشان دەكات، لەو ڕێگەیەوە خۆی دەردەبڕێت و خۆی دەسەلمێنێت ، هەروەها ویستی خۆی بۆ بوونێك دەردەبڕێت كە لێی قەدەغە كراوە، دەیەوێت خۆی بێت و،  ئەوەی لە ناخیادایە بهێنێتە دەنگ و بەرهەمهێنان؛ تەناتەت ئەگەر ئەوە بە تێكەڵبوونی خوێنی خۆیشی بێت لەگەڵ خاكی وڵاتەكەی.

 

بەدرێژایی مێژوو زۆرێک تێکۆشان بەڕێوەبراوە، بەڵام پرسیارەکە لێرەدا ئەوەیە، ئایا گەیشتوون بەو ئامانجەی کە دایانناوە؟، یاخود بەلاڕێدا براوە. گەلی کوردیش یەکێک بووە لەو نەتەوانەی، کە بە درێژای مێژووی، تێکۆشانی کردوە لە پێناو بەدیهێنانی ئامانجەکانی، بەڵام لەبەر ئەوەی نەیتوانیوە پێناسەیەکی ڕاستەقینەی بۆ تێکۆشانەکەی هەبێت، پشت بەستوو بە هێزی ژنان و کۆمەڵگەکەی نەبووە ،خاوەن بنەمایەکی فکری نەبووە و لە جێگرەوەدا لاواز بووە، زۆر جار تووشی نسکۆو داڕمان بووە، بەڵام سەرهەڵدان و تێکۆشانی بزووتنەوەی ڕزگاری خوازی پەکەکە بە پێشەنگایەتی ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، وەرچەرخانێکی مێژووی لە تێکۆشانی گەلی کورد دا دروست کرد، لەبەر ئەوەی بنەڕەتی بەڕێوەبردن و گەشتنە ئامانج لە ناو ئەم تێکۆشانەدا، خاوەن پارادیگمابوون و ڕێگەچارەسەری تایبەتە، گرنگترین بنەمای ئەم تێکۆشانەش بەڕێکخستن کردنی کۆمەڵگە و پشت بەستن بە هێزی خۆی لەسەر بنەمایی ئازادی ژنان و ژینگەیە و هاوکات هەڵقوڵاوی خودی کۆمەڵگە و زمان حاڵی خستنە ڕوو و چارەسەرکردنی کێشەکانی کۆمەڵگەیە و لەو چوارچێوەیەدا بە بەردەوامی لە ناو خۆپەروەردەکردن، خۆ نوێ کردنەوە و هەنگاونانی بەردەوام و مێژوویی بووە و بووەتە جێگەی سەرەنجی تەواوی جیهان.

 

لە ئێستاشدا و لە بەردەوامی ئەو تێکۆشانەدا، دەستپێشخەری ڕێبەری گەلی کورد عەبدوڵا ئۆجالان، هەنگاوە مێژوویەکانی گەریلاکانی ئازادی کوردستان بە پێشەنگایەتی ژنان بۆ پێکهێنانی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک، مۆرکی خۆی لەم قۆناغە هەستیارە کە جیهان، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و کوردستان پێیدا تێپەڕدەبێت داوە و بوون بە وێردی سەر زمانەکان.

 

تەنانەت چۆنیەتی بەشداری کردنیان و ئامادەبوونیان لەو مەراسیمانەدا بووەتە جێگای سەرەنجی دۆست و نەیار، بەڵی دەمەوێت بڵێم هەر ئەو شێوازە تێکۆشانە و دیسیپلین و خۆ پەروەردەکردنەی گەریلاکانە کە بووەتە هۆکاری ئەوەی کە ببنە وێردی سەر زمانەکان و بە تێکۆشانە مەزنەکەیان چۆک بە نەیارەکانی گەل و ئاو و خاکەکەیاندا بدەن.

 

زۆر جاریش بە هۆی نەناسینی ئەم تێکۆشانە و فکر و فەلسەفەی ڕێبەر ئاپۆ کە یەک بە یەکی ئەو گەریلایانە کەسایەتی خۆیان لەسەر بونیاد ناوە ڕووبەڕووی ڕخنە ئەبنەوە کە چۆن دەبێت بەم شێوەیە و بە بێ بوونی پێشمەرجێک ئەم هەنگاوانە بنێن.

 

لێرەدا پێویست دەکات لە ڕابردوو و خەبات و تێکۆشانی ئەم تەڤگەرە ڕزگاریخوازە بڕوانین و خۆمان ڕووبەڕووی پرسیار بکەینەوە کە ئایا کێ بوو توانی بە تێکۆشانی بەردەوامی ئەو کوردەی کە لە ژێر چیمەنتۆ بوو و سەری داپۆشرابوو جارێکی دیکە زیندووی بکاتەوە؟ کێ بوو توانی ناسنامەی کوردبوون بە جیهان بناسێنێت؟ کام بزووتنەوە بوو توانی ژن بگەینێتەوە بە خۆبوونی خۆی؟ کێیە لە ناو ئەم شەڕ و ئاڵۆزییانەی کە دەسەڵاتداران بەرپایان کردووە دەست بۆ ئاشتی دەبات کە لە لای شەڕخوازان بڤەیە؟ بێگومان ئەگەر بمانەوێت باس لە تێکۆشان و هەنگاوەکانی ئەم بزووتنەوەیە بکەین نە پێنووس و نە تێنووس بەشی ناکات، بۆیە دەڵێم بە دڵنیاییەوە تەنها ڕێبەر ئاپۆ و گەریلاکانی ئازادی کوردستانن کە ئەو هەنگاوە مێژوویانەیان بە باوەڕی و جەسارەتێکی تەواوەوە ناوە و دەنێن، بەتایبەت ڕێبەر ئاپۆ جەخت لەسەر ئەوە دەکاتەوە کە قۆناغی ئاشتی و کۆمەڵگەی دیموکراتیک تەنها بە تێکۆشان و پێشەنگایەتی ژنان مسۆگەر دەبێت، کەواتە ئەو ئەرکەی کە لە ئێستادا دەکەوێت سەر شانی گەلی کورد، بەتایبەت ئێمەی ژنان ئەوەیە هەوڵبدەین بە باشی ڕێبەر ئاپۆ بناسین، لەبەر ئەو باوەڕی بە تێکۆشان و هەنگاوێک نییە کە لە بەرژوەندی گەلی کورد، گەلانی ئازادیخواز و ژناندا نەبێت.