لە سەردەمی هەژموونی میدیادا، منداڵ پێویستی بە چ جۆرە پەروەدەیەک هەیە؟
ئاسودە رزگار - نووسەر
 
					پەیوەندیی نێوان میدیا و پەروەردە، پەیوەندییەكی هاوبەشە و هیچ لایەكیان ناتوانێت دەستبەرداری ئەویدیكەیان ببێت، دەتوانرێت تێبینی ئەوە بكرێت، كە ئەم پەیوەندیی و پەیوەستبوونە لە رێگەی ئەو پەیوەندییە هاوبەشەوە دروستدەبێت، كە ئەم دووانە پێكەوە كۆدەكاتەوە. هەریەك لە پەروەردە و میدیا، گرنگیی بە رەفتار و ئاڕاستەكردنی تاك دەدەن، هەردووكیشیان ئامانجیان یارمەتییدانی تاكە بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ ژیاندا، سەرباری ئەوەی هەردووكیان گوزارشت لە كردەی تێگەیشتن و پێگەیاندن دەكەنەوە.
 ئامانجە هاوبەشەكانی میدیا و پەروەردە لە چەند خاڵێكدا:
 هەردووكیان ئامانجیان ئەوەیە، كە بە باشترین شێوە خزمەتی كۆمەڵگە بكەن. هەروەها بە باشی بەكاربهێنرێن، بە ئامانجی پاراستن و پتەوكردنی ئەو بەهاو بنەمایانەی كە باوەڕیان پێیەتی. كاركردن لەسەر جێگیركردن و پارێزگارییكردن لە كەلتوری كۆمەڵگە. هەردووكیشیان ئامانجیان بەردەوامیی پەروەردەیە، لە پێناوی رەخساندنی زەمینەی بەرهەمهێناندا.
لە رووی زانستیی و تەكنۆلۆژییەوە، كەرت و كایەی میدیا پێشكەوتنی گەورەی بەخۆوە بینیوە، بە جۆرێك لە رێگەی ئامرازەكانی میدیاوە سات بە سات پەیامی جۆراوجۆری میدیایی ئاڕاستەی وەرگر دەكرێت. هەندێك لەو پەیامانە لەگەڵ بەهاو رەوشت و كەلتوردا یەكدەگرنەوە و بەشێكیشیان بە مەبەست شێوێنراون و بۆ ئاڕاستەكردنی مندڵان و گەنجان بەكاردەبرێن، ئەوەش وایكردووە ئەو ئامرازانە لە ساختەكردنی راستییەكاندا مەترسییداربن، بۆیە پەروەردەی میدیایی، بۆتە پێویستییەكی گرنگ بۆ ئاشناكردنی منداڵان و هەرزەكاران، بە ئامانج و رەهەندە جۆراوجۆرەكانی میدیا و پاراستنیان لە كاریگەرییە نەرێنییەكانی ئەو پەیامانەی لە رێگەی ئامرازەكانی میدیاوە دەگوازرێنەوە. گرنگی پەروەردەی میدیایی لەوەدایە، كە جەخت لە پەروەردەكردنی تاك لەسەر تێڕامان و بیركردنەوەی رەخنەگرانە دەكاتەوە، چونكە ئەگەر هاووڵاتیی هۆشیار بێت، دەتوانێت لە رێگەی بیركردنەوەی رەخنەگرانەوە لە كەرەستە و بەرهەمەكانی میدیا و چۆنێتی بەكارهێنانیان تێبگات.                                                                                
ئامانجی پەروەردەی میدیایی:
1 - بەشداریی لە چاندنی بەها باڵاكان و بڵاوكردنەوەیاندا دەكات، بەتایبەت دەستەبەركردنی بەهاكانی فێركردن، گەشەپێدانی ئاڕاستەی رەفتاری بنیاتنەر، بوژاندنەوەی ئاستی پەروەردە و هزر و شارستانیی و ویژدانی لای وەرگران.
2 - لێكدانەوە و روونكردنەوەی سیاسەتی پەروەردەیی بۆ بەشدارییكردن لە سەركەوتن و كارلێكردن لەگەڵ یەكتردا.
3 - پاراستن و بڵاوكردنەوەی میراتی پەروەردەیی، هەروەها ناساندنی كەسێتییە دیارەكان و هەوڵە پەروەردەیی و زانستییەكانیان.
4 - پشتگیریی پەیوەندییكردنی تەواوكاریی نێوان خێزان و خوێندنگە دەكات.
5 - راهێنانی خوێندكاران لەسەر نووسین، خوێندنەوە، دەوڵەمەندكردنی مەعریفە، كە یارمەتییان دەدات بۆ پێشخستنی ژیانیان و بەرزكردنەوەی ئاستی خوێندنگەكانیان.
6 - جەختكردنەوە لەسەر ئەوەی، كە نەوەی نوێ سامانی راستەقینەی كۆمەڵگەن، چاودێرییكردن و گرنگیپێدان و پەروەردەكردنیان بەرپرسیارێتییەكە پێویستە هەمووان تێیدا بەشداربن.
7 - لەئەستۆگرتن و چارەسەكردنی كێشە پەروەردەیی و فێركارییەكانی خوێندكاران لە میدیاكانەوە.
8 - ناساندنی پێشكەوتنەكانی بواری هزری پەروەردەیی و تەكنۆلۆژیای فێركاری، هەروەها هاندانی خوێندكار لەسەر توێژینەوەی زانستی و رۆشنبیری و میدیایی.
9 - دەرخستنی رۆڵی خوێندنگە وەك ئامرازێكی سەرەكیی بۆ پەروەردە و فێركردن.
10 - پتەوكردنی پەیوەندیی نێوان لێپرسراوان و كارمەندان و خەمخۆرانی پەروەردە لە وڵاتدا.
بنەماکانی پەروەردەی میدیایی:
1 - قووڵكردنەوەی هەستی نیشتمانی، لە رێگەی هۆشیاركردنەوەی هاووڵاتییان بەوەی كە رۆڵی خۆیان لە بوژاندنەوە و پارێزگارییكردن لە سامان و دەستكەوتەكانی وڵاتەكەیاندا بگێڕن.
2 - جەختكردنەوە لەسەر زمانی دایك، كە ئامرازی سەرەكییە بۆ گوتاری میدیای پەروەردەیی و گەنجینە كەلتورییەكەی.
3 - رۆشنایی خستنەسەر كۆڵەكە زانستییە پەروەردەییەكان لە پەیامی میدیای پەروەردەیی وەك: ( مامۆستا، خوێندكار، خوێندنگە، پڕۆگرام و خێزان و بەشدارییكردن لە ناساندنی رۆڵ و ئەرك و مافەكانیاندا.)
4 - پابەندبوون بە بابەتیبوون لە خستنەڕووی راستییەكاندا و دووركەوتنەوە لە زیادەڕۆیی قسەكردن و رێزگرتن لە وشە.
گرنگییەکانی میدیای پەروەردەیی بۆ منداڵان:
گرنگی میـدیـای ئاراستەکـراوی منـداڵان، لـە گـرنگی خـودی منـداڵانـەوە سەرچـاوەی گـرتووە، چونکە ئەوان گرنگـترین و بەنرخترین سامان و سەرمایەی گەل و وڵاتـن. گـرنگیدان بە منداڵان، گرنگیدانە بە ئەمڕۆ و بە داهاتوو، چونکە منداڵان بەشێکن لە ئەمڕۆ و هەموو داهاتووشن. کارکردن لە میانەی ئـەوەی کە نـەوەی نوێمـان سامانی راسـتی کۆمەڵـن.
گرنگی میدیـای پەروەردەیی، هەموو لایەنەکانی ژیـانی منـداڵان دەگـرێتەوە، منـداڵ کە لەدایک دەبێت، پەڕەیەکی سـپی نەنـووسراوە، زەوییـەکی بەیـاری نەکێڵـراو و تـۆو نەکراوە،  لە رێی پـەروەردە و فـێرکردن و رۆشنبیرکردنی، لە رێی دابونەریت و بەهـاکان و رەوشـت و یاسـا و رۆشـنبیری و زانسـت و زانیـاری، کە لە خـێزانـەکەی و لە باخچـەی منـداڵان و لە قوتابخـانە و لە ژینگەی دەوروبـەری و لەو کۆمەڵگـەیەی لێی دەژی وەریان دەگـرێت، لـە گـیانلـەبـەرێـکی بایـۆلـۆژییـەوە، دەگـۆڕێـت بـۆ کەسـایەتیـیەکی رۆشـنبیر و کۆمـەڵایەتی و شارسـتانی. پێویستە هانی توێژینەوە و لێکۆڵینەوە لە بواری میدیای پەروەردەیی بدرێت. میدیای پەروەردەیی بە هەموو جۆرەکانییەوە، گرنگییەکی زۆریان بۆ منداڵان هـەیە، بە کـورتی و بە چـڕی، ئەمـانە بەشـێکـن لە گـرنگـییەکـانی:
1 - گەشە بە هـەستی بەرپـرسیارێتی لە منـداڵانـدا دەکـات.
2 - بـڕوا و متـمانە بەخۆبـوونی منداڵان زیـاتـر و شـیرینتر دەکـات.
3 - کـار بۆ چانـدنی بەهـا بەرزەکان دەکات لە دەروونی منـداڵان دا.
4 - بە پێی خەسڵەتەکانی قۆناغەکانی تەمەن و تایبەتمەندییەکانی زمان، بە شـێوازێکی ناسک و شـیرین و ئاسان منـداڵان دەدوێنـێت.
5 - بنـیاتنـای تـەوای منـداڵان.
6 - ئاستی رۆشـنبیری و زانیـن فرەدەکات.
7 -دوورکەوتنەوە لە توندوتیژیی.
 
