گوڵستان

زۆزان سیما

دەگوترێت ئەگەر دابڕان بەئازار بێت، واتە پەیوەندییەکە ڕاستەقینەیە. ئەگەر سەرتاپات ئێش و ئازار بێت، ئەم پەیوەندییە چۆن پێناسە دەکەیت. ئەگەر لەو ئۆتۆمبیلە سووتاوەدا گیان و ڕۆحت پارچە پارچە بێت و خوێنی لێ بتکێ... ئەگەر لە هەموو ڕووداو و ئەزموونەکانتدا جێدەستی هەبێت، تۆ ناتوانیت وێنای نەبوونی ئەو بکەیت. من ناتوانم... وە ناشمەوێت ئەمە بکەم.

 

وتەکان لە قوڕگما گیردەبن. چاوەکانم پڕ فرمێسک دەبن. دەزانم شۆڕشگێڕەکان ئازار دەگۆڕن بۆ تووڕەیی، لەبری چەقین لەو ئازارەدا، بەدوای هۆکارەکانی ئەو ئازارەدا دەچن. کاتێک ڕۆڵەی گەلێکی کە ڕووبەڕووی کۆمەڵکوژی دەبێتەوە، ناچاری واتای شەهیدبوون تێبگەی. شۆڕشگێڕی ئەوەیە، عەشق و تووڕەیی و خەمگینی و ترسە تایبەتەکانت بکەی بە دەستەجەمعی و کۆمەڵایەتی. بەڵام ئەمجارە ویستم ئازاری لەدەستدانی گوڵستان لەئاستی ژنانی ڕۆژهەڵاتی ناویندا ئەزموون بکەم.

 

لەبیرمە گوڵستان باسی لەوە دەکرد، کاتێک خەباتکاری ڕۆژنیوز شۆڕش مستەفا گیانی لەدەستدابوو، لە مەراسیمەکەیدا ئامادە بوو. هاوژینی شۆڕش، سنوور بە هاوار و ناڵینەوە باوەشی پێدا کردووە و گریاوە. ئازارەکەی کاریگەری لە هەمووان کردبوو، کاتێک گوڵستان وەسفی ڕەوشێ سنووری دەکرد، هەم لەبەر ئەو حاڵەتەی ئەزموونی دەکرد، هەم بۆ واتادان بە نیشاندانی ئازارەکە، گوتبووی "هەندێک کەس ناتوانن ئازارەکانیشیان ئەزموون بکەن". ئەو ڕۆژە تا ئێوارە دەربارەی ئەزموون‌نەکردنی ئازارەکانمان دواین. ئێمە شایەتحاڵی شەهیدبوونی چەندین گەنج بووین کە خەون و خەیاڵی بەدینەهاتوویان هەبوو، کەسانێک کە شایستەی ژیان بوون. ئێمە تەنها نەماندەویست دەست لە ڕۆحی خۆمان وەردەین، بەڵکو دەمانویست دنیا بەسەر خیانەتکار و بکوژان و دوژمندا بڕووخێنین. بەڵام ئێمە لەنێو تێکۆشاندا بووین، تێکۆشان لێمان دەخوازێت لەگەڵ ئازارەکاندا هەڵبکەین و بەرخۆدان بکەین. وەک ئاتاکان ماهیر دەیگوت، شەڕ و تێکۆشان ئەوەندە سەختە "کاتمان نییە لەسەر ئازارەکانمان ڕاوەستە بکەین و بیریان لێ بکەینەوە". بیر لە هەموو ئەمانە دەکەمەوە و دەمەوێت لەم ئازارەدا نغرۆ نەبم و خۆم ڕزگار بکەم. بەڵام چونکە شوێنی ئەو زۆر مەزن بوو، ئەو بۆشاییە وەک چاڵێکی ڕەش ڕامدەکێشێتە نێو ئازار.

 

چەند ڕۆژە هاوڕێیانم دەخوازن باسی ئەو بکەم، لەسەر ئەو بنووسم و بدوێم. هەمان هەستی کاتی شەهیدبوونی ناگیهان بەسەرمدا زاڵبوو. ئاخاوتن و نووسین بە ئازارە، نەنووسینیش ناهەقییە. بەرامبەر ئەو کەسانە نامەردانە و خیانەتکارانە ئەویان کوشت، نووسین و ئاخاوتنی هاوڕێکانی، بەرپرسیارێتییە. دەبێت مناڵ و گەنجانی کوردستان ئەو بناسن، بزانن کێ بکەنە نموونەی باڵای خۆیان. دەبێت واتای وڵاتپارێزی و دۆستایەتی و شۆڕشگێڕی لە ژیانی ئەو هاوڕێیانەوە فێرببن. دەبێت ببنە قارەمانی ئەوان. دەبێت ژنان بزانن هاوڕێیەتی چەندێک مرۆڤ جوان و شکۆمەند و هێژا دەکات، بزانن پەیوەندی لەم چەشنە ژیان واتادار دەکەن. بەڵام ئاخۆ لەم ئێش و برینە سەختەدا، دەتوانم مافی ئەم نووسینە بدەم.

 

دۆستایەتی قووڵ

دۆستایەتی و هاوڕێتییەکی قووڵم لەگەڵ گوڵستان هەبوو. هیچ ساتێکی ژیانی، ڕووی خاڵی نەبوو لە جۆش و هەستی جوان. لەناو ژناندا، دۆستایەتی قووڵ، ڕەنجێکی مەزنی دەوێت. لە گوڵستانەوە فێری ئەم دۆستایەتییە بووم. بەو شتانەی لەو فێربووم، واتا بە پەیوەندی هەڤاڵێتی بەخشی. ڕێگەی دۆستایەتی قووڵی ژنان، پڕ زەحمەتییە. بەردەوام ژیان ئەم پەیوەندییانە دەخاتە بەردەم تاقیکردنەوە. ژن‌بوونی پاشڤەڕۆ و نەریتی، پیاوسالاری و پەیوەندییەکانی دەسەڵات، ئەم پەیوەندییانە تاقی دەکەنەوە. بێگومان پاشڤەڕۆیی ناوەکی خۆشمان تاقی دەکاتەوە. دانانی پەیوەندیی سرووشتی، پێویستی بە تێگەیشتن و تێکۆشان و ڕێز و  خۆشەویستییە.  ئەگەر سەربکەوێت و ئەم پەیوەندییە بسازێت. هەست و فیکر و هەڵوێستەکانمان ڕاست دەکاتەوە. ئێمە سەرکەوتووانە ئەو ئەزموونەمان کرد، بەڵام بەزۆریی بەرهەمی ئەو بوو. چونکە گوڵستان ئاوێنەیەک بوو کە تێیدا ڕاستی خۆمان بەڕوونی دەبینی. لە خاکەڕایی ئەودا، مرۆڤ خۆی پاک دەکردەوە. لە هەستی دەسەڵاتداری خۆی ڕزگار دەکرد، لە مرۆڤایەتی نزیک دەبووەوە. ئەمە تەنها هەستی من نەبوو، هەر کەس پەیوەندی لەگەڵ گوڵستان هەبووبێت، بەقووڵایی ئەم هەستەی ئەزموون دەکرد.

 

کاتێک ئەوم ناسی، تازە پەیوەندیم بە خەباتی چاپەمەنییەوە کردبوو. کاتێک ئەدای کارەکەیم بینی، ترسام. تا بەیانی گوێی لە ڕیپۆرتاژ و وتار دەگرت و دەیکرد بە نووسین. ئەگەر خەویشی بهاتایە، کارەکانی بەجدی ئەنجام دەدا. کیبۆردەکە ئەوەندە خێرا بەکاردەهێنا کە پێویستی بە ئامێری تۆمارکردنی دەنگ نەبوو. هەڤاڵێک بە سوعبەتەوە پێی گوتبوو: "تۆ ئەوەندە خێرا دەنووسیت کە هێندەی نەماوە ئەو شتانەی بە مێشکماندا دێت بینووسیتەوە". بێ ماندووبوون کاری دەکرد تا پەنجەکانی بێهێز دەبوون، بە باشترین شێوە کارەکانی ئەنجام دەدا. کاتێک ڕەوشیم بینی پێم گوت " فێری نووسین بە دە پەنجە نابم". زۆر پێکەنی.

 

پەیوەندیی لەگەڵ هاوڕێکانی

هاوڕێیەتی لای ئەو بابەتی سەرەکی بوو. چونکە بەوەفا بوو. هەڤاڵەکانی لە زیندان بن یان ئەوروپا، لە چیا بن یان شار، بە نامە و یاداشت و نووسین، لە ڕەوشیانی دەپرسی. نامەکانیش هەستی جوانی ئەویان دەردەبڕی.

ئەمانەتە هەرە پیرۆزەکانی، ئەو یاداشت و نامە و یادەوەرەییە بچوکانە بوون کە لە هاوڕێکانییەوە بۆی دەهات. بەوریاییەوە دەیپاراستن. هەرکەس ناڕەحەتی و نەخۆشییەکی هەبایە، دەچووە لای، هەرچی لەدەستی هاتبا دەیکرد و هاوکاری دەکرد. خواست و خولیای شەخستی نەبوو. زانیاری دەدایە هەڤاڵەکانی و دەیگوت "بگەڕێن، بپرسن". بەرامبەر ناهەقی و نادادییەکان تووڕە بوو، بەڵام هەرگیز تووڕەییەکەی نەدەبووە ڕق و کینە. بەرامبەر ئەو هەڵوێستانەی ئازاریان دەدا، هەڵوێستێکی تێگەیشتووانەی نیشان دەدا. بۆیە هەرکەس ناهەقی بەرامبەر دەکرد، شەرم دایدەگرت.

 

عەشقی وڵات

گوڵستان وڵاتەکەی وەک باخچەی گوڵ دەبینی، کتومت وەک ناوی خۆی. عاشقی بەرد و خاک و گوڵ و تیشکی مانگ و باران و گەڵای دارەکانی وڵاتەکەی بوو. عاشقی مێژوو و جوگرافیای چوارپارچەی کوردستان بوو. زۆری حەز لە هەڵپەڕکێ بوو. جوان هەڵدەپەڕی. لە هەڵپەڕکێی چەپکیدا وەک بڵێی باڵدەگرێت و لەخۆشیدا دەفڕێت. حەزی لە پیاسەی ژێر باران بوو. ڕۆمانتیک بوو؛ واتای دەدایە تیشکی مانگ و گوڵ و گەڵای داری زەردی پایز. دەیزانی و باوەڕی وابوو، ئەگەر مرۆڤ بزانێت چۆن بڕوانێت، ئەوا دەتوانێت لە جوانییەکانی ئەم خاکە پشکدار بێت. بێگومان ئەمە وڵاتپارێزییە. ئاگاداری جوانی وڵاتەکەی بوو، واتا دەبەخشێتە مێژوو و جوگرافیاکەی، لەپێناویدا تێدەکۆشا. عاشقی هەر پارچەیەکی کوردستان بوو. لە کام شار و کام پارچە خەباتی کردبا، فێری چاند و زاراوەی ئەو جێیە دەبوو، هەوڵی دەدا پەیوەندی بەهێز لەگەڵ کەسانی ئەوێ دابنێت. بۆیە هەم کورمانجییەکەی پێشدەخست، هەم فێری سۆرانی دەبوو. ئەو وڵاتپارێزییەی لە بنەماڵەکەیەوە وەریگرت، لەگەڵ ئایدۆلۆژیای ئازادی ژن یەکی خست و بەم شێوەیە کەسێتی خۆی بنیاتنا.

 

خۆبوون واتە سەوزبوون لەسەر جەوهەری خۆت، گوڵستان دڵسۆزی ڕیشەی خۆی بوو. بۆیە دەگەڕا بۆ زانینی چیرۆکی داپیرەگەورە سوریانییەکەی کە لە کۆمەڵکوژی ڕزگاری بوو، وە خزمەکانی لە شاری قامیشلۆی ڕۆژئاوای کوردستان بینییەوە. بۆ ئامادەکردنی هەواڵ لەسەر شۆڕش چووە ئەو خاکە، بەڵام لە بنەماڵە سوریانییەکەیەوە گوێبیستی چیرۆکی داپیرەگەورەی بوو.

 

بە سادەبوون و دڵسۆزیییەکەی، هاوڕێیەکی جوانی منداڵان بوو. شیرینی بۆ منداڵەکان لە جانتاکەیدا هەڵدەگرت،  ملوانکە و مورووی دەکردە دیاری بۆیان. هاوڕێی گەمەکردنی مناڵان بوو. مناڵان هەستیان بەم خۆشەویستییە سادەیەی دەکرد و نزیکی دەبوونەوە. کاتێک لە ڕۆژئاوا دەرچوو، لە عامودا ئایە (٤ ساڵ) بەنرخترین دیاری خۆی بەخشی بە گوڵستان. ئەو بووکەشووشەیە هێشتا لە تەنیشت جێگاکەیەتی. لەو گەڕەکەی تێیدا دەژیا، لەو شوێنەی کاری دەکرد، لەگەڵ منداڵان و بەساڵاچووان پەیوەندییەکی بەهێزی دامەزراند. دەبوو هاوکاری ئەو ژنانەی لەگەڵیاندا کاری دەکرد، گوێبیستی کێشەکانیان دەبوو، ڕێگەی پێ نیشان دەدان.

 

کاتێک هەوڵدەدەم ئەمە بنووسم بەردەوام گوێ لە گۆرانییەکی کۆن دەگرم کە ماوەیەک پێش ئێستا گوڵستان بۆی ناردبووم...

 

Nikarim dûr bifirim
Ava deryan bibirim
Li ser lat û zinaran
Sitranê xwe biqêrim 

Destên me wê bibin bask
Em ê bifirin herin
Welatê xwe vegerin
Welatê xweş û bihuşt

Dibînim xewnê şeva
Hesreta li ber çava
Dixwazim te bibînim
Welatê gulşîlana

 

وەک گۆرانییەکە دەڵێت، ئەی هاوڕێم، بە حەسرەتی دیدارت لە سەرزەمینی بەهەشتیی ماڵئاواییت لێ دەکەین. لەبیرت ناکەین، ناهێڵین لەبیر بچیتەوە. نە پێنووسەکەت، نە کامێراکەت، نە هیواکانت لەسەر زەوی جێناهێڵین...