چۆن پەروەردە بکەینە سەرمەشقی گۆڕانکاری بنەڕەتی؟

خەڵات فەرەیدون - سەرپەرشتیاری پەروەردەیی

پەروەردە بەشێوەیەکی گشتی بەردی بناغەی پێشکەوتنی کۆمەڵگە و باشترکردنی ژیانە، بنەمایەکی سەرەکییە بۆ ئامادەکردنی تاک بۆ ناو کۆمەڵگە و ژیان، هاوکات یارمەتیدەر و هاوکارێکی باشە بۆ دروستکردنی مرۆڤێکی تەندروست و رۆشنبیر، ئەوەش واتە زەمینەسازییەکی گونجاو بەرنامە بۆ داڕێژراو لەپێناو داهاتوویەکی گەشتر بۆ نەوە و نەتەوەکەمان.پەروەردە لە هەرێمی کوردستاندا، بە هۆکاری قەیران و بارودۆخی سیاسیی و ئابووری و لە ئەنجامی کەمتەرخەمیی درێژخایەن و کەمیی سەرچاوەی پێویست، ساڵانێکە لە بەر تانە و رەخنەدایە و هەڵوێستەکان لەسەری نەرێنین، کەرتی پەروەردە رووبەڕووی ژمارەیەکی زۆر ئاڵنگاری بۆتەوە، کە رێگری دەکات لە پێشکەوتن و سنووردارکردنی دەرفەتەکان بۆ هەر تاکێکی کورد، ناڕازیبوون لە دۆخی ئێستای پەروەردە، پێویستی بە گۆڕانکاریی بنەڕەتی لە بیرکردنەوە و بیروباوەڕەکاندا سەبارەت بەو ئامانجانەی هیوادارین لە رێگەی پەروەردەوە بەدەستی بهێنین و  ئەو جۆرە کۆمەڵگەیەی کە ئاواتەخوازین بیبینین.


پەروەردە تەنها رێگەی سەرەکییە بۆئەوەی لە رێگەیەوە کۆی بوار و کایەکانی نێو کۆمەڵگە بگۆڕدرێن و بەشێوەیەکی نوێتر بنیات بنرێنەوە، واتە شاڕێگەی گۆڕانکارییە ئەرێنییەکانە بەرەو گەیشتن بە سەرکەوتنی زۆر گەورە.


بۆ ئەم مەبەستە و بۆئەوەی شانبەشانی پێشکەوتنە خێراکان بڕۆین و لە کاروانە سەرەکییەکە دوانەکەوین، گرنگە پەروەردە بگەیەنین بە گۆڕانکاری بنەڕەتی بە لەبەرچاوگرتنی ئاستی ئێستای. بۆ جێبەجێکردنی ئەم ئەرکەش پێویستمان بە بەشدارییکردنی هەموو لایەنە پەیوەندیدارەکانە، وەک (خوێندکاران، مامۆستایان، کارگێڕان و دایک و باوکان و بەرپرسانی پەروەردە و دەسەڵاتداران). زۆر گرنگە خەڵک هەست بکەن بەشێکن لە پرۆسەی گۆڕانکاریی و قسەیان هەبێت لە ئاراستەکەیدا و رۆڵێکی چالاکانە لە جێبەجێکردنیدا بگێڕن.

 

خوێندنگەکان؛ قۆناغی سەرەتا بۆ گۆڕانکارییە گەورەکان
لە رێگەی دەستنیشانکردنی پێداویستییەکانەوە، شیکردنەوەی دۆخی ئێستا و دیارییکردنی بوارەکانی باشترکردن، لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی ئەدای خوێندکاران، یان فیدباکەکانی مامۆستا، گرنگترین هەنگاو گەشەپێدانی پیشەیی بەڕێوەبەر و مامۆستایانە بە ئامانجی بەرزکردنەوەی ئاستی زانستیی خوێندکار و بارودۆخی فێربوون و باشترکردنی پیشەی وانەوتنەوە.
بۆئەوەی بە شێوەیەکی کاریگەرانە گۆڕانکاریی بەدەستبهێنرێت، بێگومان دەبێت ناوەندێکی پەروەردەیی لە گواستنەوەی زانیارییەوە بۆ ناوەندێکی پێداگۆژیی رەخنەگرانە بگۆڕێت، کە فێرخوازان بەو زانیاریی و لێهاتوویی و بەها و هەڵوێستانە ئاشنا بکات، کە پێویستن بۆ رووبەڕووبوونەوەی  دۆخی ئێستا، چالاکانە کاربکات بەرەو کۆمەڵگەیەکی دادپەروەرتر و یەکسانتر، هەروەها دروستکردنی دیدێکی هاوبەش بۆ گەشەپێدان و فێربوون لە قوتابخانەکان.


بیرکردنەوەی رەخنەگرانە زۆر گرنگە
لە سەرانسەری قوتابخانەکانی هەرێمدا پێویستمان بە گرتنەبەری رێبازێکی گۆڕانکارییە، کە سەرنجی لەسەر پەرەپێدانی بیرکردنەوەی رەخنەیی بێت، چونکە تاک بەهێز دەکات بە زانیاریی و لێهاتوویی و گەشەکردنی کەسی بۆ هەلی کارێکی باشتر. گەشەی ئابووری دەباتە پێشەوە، یەکسانی کۆمەڵایەتی و یەکسانی جێندەری بەرەوپێش دەبات، داهێنان پەروەردە دەکات و خوێندکار دەکات بە هاووڵاتییەکی ئاگادارتر و بەرپرسیارتر دژی نایەکسانی دەوەستێتەوە. ئەمەش لە تەنها گواستنەوەی زانیاری تێدەپەڕێت و پێویستی بە سیستمێکی گشتگیر و فێرخواز سەنتەری هەیە.


مامۆستایان کۆڵەکە گرنگەکەی گۆڕانکاریین
پێویستە مامۆستایان خۆشەویستی بۆ فێربوون لە لای خوێندکار دروستبکەن، بە پەرەپێدانی زانیاری و پشتگیرییکردن لە گەشەپێدانی کەسی و باشترکردنی پەروەردەی خوێندکاران.


پەروەردەکردنی ژینگەیەک، کە خوێندکاران هان بدرێن بۆ پرسیارکردن، شیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو زانیاریانەی کە وەریدەگرن، بۆئەوەی قوتابخانەکانمان فەزایەک بن، کە گەنجان بتوانن ئەزموونی ئەو جۆرە کۆمەڵگە دیموکراسییە بکەن، کە دەمانەوێت بەرجەستەی بکەین.


چاندنی بەهاکانی وەک رێزگرتن، یەکسانی، هاودەنگی و هاوسۆزی. هاندانی خوێندکاران بۆ پەیوەندییکردن لەگەڵ کەسان و کۆمەڵگە جۆراوجۆرەکان بۆ تێگەیشتن لە دیدگا جۆراوجۆرەکان و بنیاتنانی هەستێکی مرۆڤایەتی هاوبەش ئەرکی خوێندنگەکانە بە هەماهەنگی لەگەڵ خێزانی خوێندکاراندا.هاوکات گۆڕانکاریی گرنگ و ریشەیی لە مەنهەجەکانی خوێندندا، لێکۆڵینەوە نوێیەکان لەسەر فێربوون، بەرەوپێشبردنی ستراتیژییەکانی وانەوتنەوە، بەرەوپێشبردنی پرۆسەی کارگێڕیی، هۆکاری سەرەکین بۆ گۆڕانکاری پەروەردەیی.


بۆ بەدیهێنانی گۆڕانکاری پێویستە بەرپرسانی پەروەردەیی و لایەنی دەسەڵاتدار بە وردی و سیستماتیکی چاو بە ئاستەنگەکانی بەردەم کەرتی پەروەردە بخشێننەوە و هەڵسەنگاندنی بۆ بکەن، بۆئەوەی تێڕوانینێک بۆ ئەو هۆکارانە بەرجەستە بکەن، کە دەبنە هۆی گۆڕانکاری.


مامۆستایانیش پێویستیان بە پاڵنەر و پاساو هەیە بۆ گۆڕانکاری، لە کۆمەڵگەکەماندا مامۆستایان بەدەست قەیرانی ئابووریی و کۆمەڵایەتییەوە دەناڵێنن، دانپێدانانی زیاتر بە گرنگی مامۆستایان و ئەو رۆڵە چارەنووسسازەی، کە دەیگێڕن لە سەرکەوتنی سیستمی پەروەردە کارێکی پێویستە و هاندەرێکی باشە بۆ پرۆسەی گۆڕانکاری، بە دابینکردنی ئاسایشی کار و پلەبەرزکردنەوە و پاراستنی کەرامەتی مرۆڤ و مووچەی هاوتا لەگەڵ ئەدای کارکردن.


کۆمەڵگە و دەسەڵات نابێت مامۆستا لەبیر بکەن، مامۆستا سەرمەشقی گۆڕانکارییە و دەرفەتەکان بۆ خزمەت و داهێنان و سەرکەوتن دەقۆزێتەوە، بۆیە شایانی هەموو گرنگی پێدانێکە.