بۆچی نوسینی درێژ؟

بەهرە حەمەڕەش- نوسەر و ڕۆژنامەنووس

 

لە هەر سەردەم و قۆناغێک، فۆرمی بیرکردنەوە و میتۆدی مامەڵەکردن لە گەڵ ژیان دەگۆڕدرێت، ئەمەش کاریگەری لە سەر شێوەی بیرکردنەوە و داکۆکیکردن لە میکانیزم و چەمکەکانی ژیان دەکات، ئێمە لە چاخێکدا دەژین، بەهۆی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیاوە سەردەمی خێرا لە گەیاندن و زۆربوونی کەناڵەکانی پەیوەندی پێدەڵێن، کە ڕاستەوخۆ و ناراستەوخۆ کاریگەری لەسەر نەفەسی بیرکردنەوە و دیالۆگ و یەکتر قبوڵکردن دەکات، هەروەها ئەم کەشوهەوایە، کاریگەری لەسەر وەرگر دەکات.

بەپێی تیۆری ڕۆڵان بارت، خوێنەر دانەری ڕاستەقینەی تێکستە یان بەشێوەکی تر، کە نوسەر تێكستێک دەنوسێت بەپێی تێگەیشتنی ڕۆڵان بارت، نوسەر دەمرێت و وەرگر دەبێتە دانەر و خاوەنی ڕاستەقینەی تێکست.

لەم سەردەمەی پێشکەوتنی تەکنەلۆژیادا، کۆمەڵێك دەرگای جیهانبینی کرایەوە و لەو کەناڵانەدا هەموو ڕووداوەکانی جیهان بەپەلە بڵاودەکرێنەوە، تایبەتمەندییەکان گشتێنراون زۆر کەمبوونەوە، هەندێجار بەریەککەوتن لەگەڵ کلتور و وردەکلتورەکاندا دەکات، کە دواجار کێشەی کۆمەڵایەتی لێدەکەوێتەوە، چۆن هەواڵەکان بەپەلە بڵاودەرکرێنەوە، خوێنەریش دەیەوێ بە پەلە و لە ماوەیەکی زۆر کورتدا زانیاری وەربگرێت، لە کاتێکدا، ئەمە لەسەر حسابی کوالێتی و تەندروستی و دەروندروستییە.

زۆربەی کەناڵەکانی پەیوەندی، دەیانەوێ خۆیان لەگەڵ ئەم خێرا وەرگرتن و گەیشتنەی زانیاری بگونجێنن، لە کاتێكدا زۆربەی جار ئەوە لەسەر حسابی کوالێتی زانیاری و گەیشتنە بە خوێنەر، بەڵام پرسیارێکی جددیش دێتە ئاراوە، کە ئایا ئەم جۆرە لە گەیشتن و زانیاری چی دەخاتە سەر مەعریفە و دنیابینی خوێنەر؟ ئایا خوێنەر تەنیا لەگەڵ ئەم هەواڵ و زانیارییە کورتانەدا رۆژ بەرێدەکات یان ئامانجێکی لە پاڵە؟.

ئەگەر ئاوڕێک لە مێژووی ئەدەبیاتی جیهانی بدەینەوە، دەبینین رۆماننوسێکی وەک تۆڵستۆی کاتێک ڕۆمانی "شەڕ و ئاشتی ــ Tolstoi/ 1865 ــ 1869" نوسی، پێنج ساڵ خەریکی دۆکیۆمێنت کۆکردنەوە بوو، گرنگی ناوەڕۆکی ئەو ڕۆمانە وایکرد، کە نوسینی ڕۆمان ئەوەندە کاتی پێویست بێ کە نزیکەی دووهەزار لاپەڕەیە، دەنگدانەوەیەکی گەورەشی هەبوو و لەسەر ئاستی جیهان خوێنەری هەیە، لە بەرئەوە، لینین تۆلستۆی وەک ئاوێنەی شۆرشی ڕوسیا پێناسە دەکرد.

دیسان لێرەوە دەپرسین، ئایا وەرگری ئەو سەردەمە و دوای ئەویش، چۆن تاقەتی هەبووە، کە ڕۆمانی دوو هەزار لاپەڕەیی لەسەر شەڕی نێوان ڕوسیا و فەرەنسا بخوێنێتەوە؟ زۆربەی ئەو پرسیارانەی، کە لە فەیسبوک بۆم دەنێردرێت ئەوەیە، کە دەڵێن: نوسینەکانت کورت بکەوە، زۆر درێژن، بێگومان لەبەرئەوەیە، کە زۆربەی خوێنەر بە مۆبایل بابەتەکان دەخوێنێتەوە، لەوانەیەش مرۆڤ وەک دانەر ماف بە وەرگر بدات لە وەها ڕەوشێکدا، کە بیەوێت نوسینی کورت بخەیتە بەردەستیان، چونکە ئەوان دەیانەوێ بە کەمترین ماوە و ماندووبوون لە ناوەڕۆکی نوسین تێبگەن؟ بەڵام پرسیارێکی تری جددی بۆ نوسەر دێتە ئاراوە، ئایا هەموو مژارەکان(هزری، فەلسەفی، کۆمەڵایەتی، ئابوری...) بە ناوەڕۆکی کورت گوزارشتی تەواویان لێدەکرێت؟

چونکە پێموایە، هەمیشە ناونیشان و جۆری بابەت حوکم لەسەر کورتی و درێژی نوسین دەدات، نوسەر کاتێک تێکستێک دەنوسێت، وەکو ئەوە وایە، کە منداڵێک بێنێتە دنیا، دەیەوێ مافی تەواو بە هەموو وردەکارییەکانی ژیانی بدات و لە هەموو ڕوویەکەوە تێری بکات، تا دەگاتە تەمەنی باڵقبوون.

کەواتە چۆن دەتوانین زمان و شێوازی نوسین، لەنێوان ڕاپۆرتێکی سیاسی، سەروتاری ڕۆژنامەوانی، بابەتێکی ڕۆشنبیری، هزری، فەلسەفی و کۆمەڵایەتی، لێک جیابکەینەوە، کە هەریەکێکیان زمانێکی بۆ نوسین هەیە، دەبێت بەهەمان شێوە وەرگری جۆراوجۆریش هەبێت.

فەیسبوک پەنجەرەیەکی راستەوخۆ و بێ سانسۆرە، بە زووترین کات دەگەیتە هەموو وەرگرێک و دواڕۆژی جیهان بە گشتی بەرەو ئەوەدەچێت، کە هەموو شتێک ببێت بە ئۆنلاین، ئەگەر ئێستا گۆڤاری هزری، فەلسەفی و کۆمەڵایەتی هەبوایە، کە خوێنەری تایبەتی هەیە، ئەوا بە ئاسانی ئەم بابەتانە لەوێ بڵاو دەکرانەوە، بەڵام ڕەوشی ئابوری و پێشکەوتنی تەکنەلۆژیا، بەرەو تێکستی ئۆنلاین دەچێت، سەرەڕای ئەمەش، ئەو نوسینانەی کە خەڵکی وەکو ئێمە دەینوسێت لە پلان و خەونەکانی نوسەردایە، بەپێی توانا و دەرفەت، ئەمجۆرە نوسینانە لە نێوان دووبەرگدا وەک پەرتوک بخرێتەبەردەستی خوێنەری ئازیز.

دەمەوێ ئەوەش بڵێـم، کاتێک نوسەر تێکستێک دەنوسێت، لەوانەیە پێویستی بە خوێندنەوە و تێڕامانی مانگ و ساڵ لە ئاسانترین حاڵەتدا چەندین ڕۆژ بێت، لە بیرکردنەوە و خوێندنەوە، تا هەست بە تێر و تەسەلی دەکات، ئایا خوێنەری جددی، ناتوانێ یەک کاتژمێر بۆ خوێندنەوەی تەرخان بکات؟ هەروەها دەبێت خوێنەر ئەوەش بزانێت، کە کام نوسەر و تێکستە، شایانی کات پێدان و خۆماندووکردنە، هەروەها کام تێکست زانیارییەکی دیکە، دەخاتە سەر هەگبەی تێگەیشتن و دنیا بینی.