بازرگانانی خودا: چۆن دین کرا بە پەیژەی دەسەڵات و فەتوا بە چەکی سڕینەوە
مژدە عەلی- نووسەرو مامۆستا
ئەندازیاریی حەرام و دووڕوویی لەپشت ماسکی ئەخلاقەوە
گومانی تێدا نییە بەدرێژای مێژوو لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا، ئایین لە پەیامێکی ڕۆحی و ئەخلاقییەوە بۆ گۆڕدراوە بۆ پیشەسازییەک کە قۆرغکارانی پیرۆزی بەڕێوەی دەبەن. لەم جوگرافیایەدا، فەتوا چیدیکە ڕوونکردنەوەیەک نییە بۆ کاروباری ئیماندار بەڵکو بووەتە لاستیکێکی سیاسی و ئابووری؛ پیاوانی ئایینیی سەر بە دەسەڵات، حەرام و حەڵاڵ بەپێی بەرژەوەندییەکانی خۆیان و دارودەستەکانیان داتاشن. کاتێک بەرژەوەندییان لە ڕاگرتنی دۆخی باوە، دەرگای دۆزەخ بەڕووی ڕەخنەگرندا دەکەنەوە، و کاتێکیش پێویستیان بە نزیکبوونەوە لە کورسییەکانە، دەقەکان بۆ بەرژەوەندیی ستەمکاران شیدەکەنەوە. ئەمە ئەو کاتەیە کە ئایین لە ئامرازێکی ڕزگارییەوە دەبێتە چەکێک بۆ تەکفیر و سڕینەوەی نەیارەکان لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییەکاندا.
کارەساتەکە لێرەوە دەستپێدەکات کە داپۆشینی جەستە و توندکردنی تابووە کۆمەڵایەتییەکان دەکرێنە چەکێکی هۆشیارکەرەوە و ترسێنەر بۆ کۆمەڵگا. ئەم کۆت و پێوەندانە وەک پەیژەیەک بەکاردێن بۆ سەرکوتکردنی پێکهاتە لاوازەکان، بەتایبەت ژنان، تا هۆشیاریی گشتی لەناو بازنەیەکی داخراوی دڵەڕاوکێی بەردەوامی ناموس و شەرعیەتدا بهێڵنەوە. لەکاتێکدا کە خەڵکی ئاسایی بە یاسا توندەکانی سزا و چاودێریی توندی دابونەریت سزا دەدرێن، خۆیان و دارودەستەکانیان لە پشت پەردە سپییەکانەوە لە هەموو بەها و یاسایەک بەخشراون. پارێزگاریی ڕواڵەتی لە بەهاکان لای ئەوان تەنیا ماسکێکە بۆ ڕووتەکردنی خەڵک لە مافە بنەڕەتییەکانیان و چەواشەکردنی ڕای گشتی لە کێشە بنەڕەتییەکانی وەک گەندەڵی، نادادپەروەری و دزینی سامانی گشتی.
با لە گۆشەنیگای ئەم ڕەهەندانەوە. ئەم بابەتە شرۆڤە بکەین:
*ڕەهەندی سۆسیۆ-پۆلیتیکی: جەستەی ژن وەک کێڵگەی ململانێی دەسەڵات
لێرەدا و لەم هاوکێشەیەدا، جەستەی ژن تەنیا بابەتێکی بایۆلۆژی یان ئەخلاقی نییە و نابینریت بەڵکو دەکرێتە کێڵگەیەکی سیاسیی ستراتیژی بۆ چەسپاندنی هەژموونی پیاوسالاریی ئاینی. پیاوانی ئاینی لە ڕێگەی داڕشتنی وتارێکی چڕ لە دەوری پاراستنی ناموس و جەستە ، زەین و وزەی کۆمەڵگا لە کێشە گەورەکانی وەک نادادیی ئابووری، ستەمکاریی سیاسی و نەبوونی ئازادییە مەدەنییەکان لادەدەن. ئەمە جۆرێکە لە سیاسەتی سەرقاڵکردن؛ کاتێک کۆمەڵگا سەرگەرمی چاودێریکردنی جەستەی یەکتر و کێشانی سنوورە ئەخلاقییە ڕواڵەتییەکان دەبێت، سیستمە ستەمکارەکان و پیاوانی ئاینیی دەسەڵاتخواز لە پشت پەردەوە شەرعیەتی خۆیان نوێ دەکەنەوە و سامانی گشتی بەبێ هیچ لێپرسینەوەیەک تاڵان دەکەن
*ڕەهەندی ئێپیستیمۆلۆژی : داتاشینی حەڵاڵ و حەرام وەک مۆنۆپۆلکردنی حەقیقەت
پرۆسەی داتاشینی حەڵاڵ و حەرام لەلایەن دامەزراوە ئاینییە فەرمییەکانەوە، لە سەرچاوەیەکی مەعریفییەوە دەگۆڕێت بۆ ئامرازێکی سەپاندنی دەسەڵات ئەوان بە ناوی نوێنەرایەتیکردنی ویستی خوداوە، مافی تێگەیشتن و لێکدانەوە لە مرۆڤەکان دەسەننەوە و خۆیان دەکەنە تاقە سەرچاوەی حەقیقەت. ئەم جۆرە فەتواسازییە، عەقڵی ڕەخنەیی لەناو دەبات و تاکی ئیماندار لە بوونەوەرێکی خاوەن ئیرادە و بیرکەرەوە، دەگۆڕێت بۆ پەیڕەوکارێکی کوێر. کاتێکیش فەتوا بوو بە ئامرازی لاستیکی، حەرام تەنیا بۆ لاوازەکان دەبێتە هێڵی سوور، بەڵام بۆ دارودەستەی دەسەڵات لە ڕێگەی دۆزینەوەی کونی یاسایی و چەمکی وەک حیلەی شەرعی هەموو جۆرە چەوساندنەوە و گەندەڵییەک حەڵاڵ و ڕەوا دەکرێت.
* ڕەهەندی سایکۆلۆژی: بەرهەمهێنانی ویژدانی بریندارو خۆبێبەری کردن لە تاوان
دواجار ئەم سیستمە وتارییە کار لەسەر دروستکردنی ترسێکی دەروونیی بەردەوام دەکات لەناو تاکی ڕۆژهەڵاتیدا. لە ڕێگەی چاندنی چەمکی تاوانباریی هەمیشەیی و بوردەوام بوون لەو ڕێگەیەدا و بێ پەروەردەیی. پەرە دەسێنێت ، لەو سۆنگەیەشەوە جۆرێک لە دووفاقی دەروونی لە کۆمەڵگادا دروست دەبێت. ئەم وێرانکارییە دەروونییە وادەکات مرۆڤەکان لەبری یاخیبوون دژی ستەمی واقیعی، خەریکی جەنگی ناوەخنی خۆیان بن، ئەمەش باشترین ژینگە بۆ پیاوی ئاینی ئامادە دەکات تا وەک پزیشکی دەروونیی شەرعی و تاقە ڕێگەی ڕزگاری، هەمیشە بەسەر چارەنووسی خەڵکەوە بمێنێتەوە و خودی تاوانکار خۆی بە گوناحکار و زاڵم نابینیت و بەڵکو خۆی بە ستەمگەر دیتە پێش چاو ئ- ئەمە کارەساتە گەورەکەیە…
پیشەسازیی تەکفیر و ھەڵوەشاندنەوەی گرێبەستی کۆمەڵایەتی
بێگومان ئەو دەسەڵاتخوازییە مەعریفی و کێشانی سنوورە توندانەی لە بەشی یەکەمی ئەم وتارەدا ئاماژەمان پێکرد لە پشت دیوارەکاندا ناوەستنەوە؛ ئەوان تەنیا تیۆری نین، بەڵکو هێزێکی داینامیکین کە ڕاستەوخۆ دەڕژێنە ناو واقیعی ڕۆژانەی کۆمەڵگاوە. کاتێک دامەزراوەی ئاینیی سەر بە دەسەڵات سەرکەوتوو دەبێت لەوەی کۆمەڵگا لەسەر بنەمای ترس و چاودێریکردنی جەستە و جێبەجێکردنی حەڵاڵ و حەرامە داتاشراوەکان ڕابهێنێت، قۆناغی دووەمی پلانەکە دەستپێدەکات. لێرەدا، فەتوا لە دەقێکی سەر کاغەزەوە دەگۆڕێت بۆ ڕەفتار، لە زمانێکی ساردەوە دەبێتە چەکێکی گەرم، و لە کۆنترۆڵکردنی دەروونەوە دەپەڕێتەوە بۆ سڕینەوەی جەستەیی. لەم بەشەدا، شیکاریی ئەو پرۆسە ترسناکە دەکەین کە چۆن پیشەسازیی حەرامسازی دەبێتە کارگەیەکی گەورە بۆ بەرهەمهێنانی توندوتیژی و داڕووخانی بنەماکانی پێکەوەژیان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
کاتێک وتاری ئاینیی فەرمی، توندوتیژی وەک ئەرکێکی پیرۆز و فەرمانی ئاسمانی وێنا دەکات، یەکەم قوربانی عەقڵانییەتو بەرپرسیارێتیی ئەخلاقیی تاکییە. لێرەدا، مۆدێلی عەقڵی مێگەلی بەرهەم دێتەوە؛ تاکەکان چیدیکە پێویستیان بە بیرکردنەوە و لێکۆڵینەوە نییە، چونکە پیاوی ئاینی بە ناوی ئەوانەوە بڕیار دەدات و بیر دەکاتەوە. ئەم خاڵیکردنەوە فیکرییە وادەکات کە ئەنجامدەرانی توندوتیژی و تیرۆر، هیچ جۆرە دۆژمنکارییەک یان گرێی دەروونی لە دەروونی خۆیاندا هەست پێنەکەن، چونکە وا تێگەیەنراون کە ئەوان جێبەجێکاری ویستێکی باڵاترن. ئەمەش ترسناکترین قۆناغی مرۆڤکوژییە، کاتێک تاوانبار بە ناوی چاکەکارییەوە دەست دەداتە چەک.
چەقبەستوویی شارستانی و بازنەی توندوتیژیی بێکۆتایی
شایەنی باسە لەسەر ئاستی مێژوویی، بەکارهێنانی ئاین وەک چەکی سڕینەوە، ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی لە ناو بازنەیەکی داخراوی مێژووی دووبارەبووەوەدا هێشتووەتەوە. ئەم وتارە، بەردەوام ڕابردوویەکی پڕ پاوان و خراپەکاری کە بەدەستی کاهین و دارودەستەکانیان خوڵقێنراوە پیرۆز دەکات و داهاتوو وەک هەڕەشە دەبینێت، ئەمەش کۆمەڵگا لە هەر جۆرە پێشکەوتن و نوێبوونەوەیەکی شارستانی بێبەش دەکات. کاتێک بەرهەمی فیکریی دامەزراوە ئاینییەکان تەنیا لە دەوری قەدەغەکردن، سڕینەوە و بەرهەمهێنانی ڕق لە دژی نەیارەکان بێت، وزەی زیندووی کۆمەڵگا (کە دەبوو لە زانست، فەلسەفە، تەکەنەلۆژیا و هونەردا بەکاربێت) لە ململانێی ناوەخۆیی و جەنگی وتارەکاندا بەفیڕۆ دەچێت. ئەمەش وا دەکات ناوچەکە وەک کارگەیەکی بەردەوامی قەیرانەکان بمێنێتەوە و نەتوانێت هەنگاو بەرەو ئاشتییەکی بەردەوام بنێت.
لە کۆتایدا دەمەویت ئەوە بڵێم :
ئیدی کاتی ئەوە هاتووە کۆمەڵگای ڕۆژهەڵاتی لەم خەونە مێژووییە درێژخایەنە بەئاگا بێتەوە و سنوورێک بۆ ئەم هەژموونە پڕپاوان و فێلکار و ئالۆزکاریە دابنێت. ناکرێت پیاوانی ئایینی خۆیان بکەنە مەرجەعی ڕەها و لە هەموو مژار و کایەیەکی پسپۆڕیی ئەم ژیانەدا —لە زانست، فەلسەفە، مافەکانی مرۆڤ و سیاسەتەوە تا دەگاتە تایبەتترین کایەکانی ژیانی تاکەکەسی— قسەی کۆتایی بکەن. سەردەمی ئەوە بەسەرچوو کە عەقڵی مرۆڤی هۆشیار لەناو بازنەیەکی داخراوی باسەکانی حەڵاڵ و حەرامی داتاشراو، پردی سێرات، و گێڕانەوەی مێژوویی بێبڕانەوەدا قەتیس بکرێت، لە کاتێکدا جیهانی دەرەوە بە خێرایی بەرەو داهاتوو و دۆزینەوە زانستییەکان هەنگاو دەنێت.
گەورەترین کارەسات لەوەدایە کە نیوەی زیاتری ئەو مۆنۆپۆلکارانەی پیرۆزی، خۆیان یەکەم پێشێلکاری ئەو ڕێبازەن کە بانگەشەی بۆ دەکەن؛ دین بۆ ئەوان تەنیا ماسکێکە بۆ ڕووتەکردنی خەڵک و پەیژەیەکە بۆ گەیشتن بە کورسی و دەسەڵات و مەرامە دونیاییەکانی خۆیان. بۆیە، ڕزگاریی ڕاستەقینەی کۆمەڵگای ئێمە لەوەوە دەستپێدەکات کە پیرۆزییەکان لە بازاڕی سیاسەت و فەتوا قازانجویستەکان بکێشرێنەوە. پێویستە مرۆڤی ئەمڕۆ متمانە بە عەقڵ و کەرامەتی خۆی بکاتەوە و تێبگات کە ئایین ئەگەر نەبێتە هۆکارێک بۆ مرۆڤدۆستی، ئاشتی و بەرزکردنەوەی بەها ئەخلاقییەکان، ئەوا تەنیا دەبێتە ئامرازێکی تر بۆ چەوساندنەوە. کاتی ئەوە هاتووە ژیان بۆ مرۆڤەکان و ئاسمانیش بۆ خودا جێبهێڵرێت، تا چیدیکە کەس نەتوانێت بە ناوی ئاسمانەوە، دۆزەخ لەسەر زەوی بۆ مرۆڤەکان دروست بکات.
لەسەرووی هەموو ئەمانەشەوە، دەبێت ئەم ڕاستییە بە ڕوونی بوترێت: زانکۆ و ناوەندە ئەکادیمییەکان، شوێنی بازرگانیکردنی مەلاکان و ڕەوتە ئایینییە سێبەرەکان نین. چیدیکە ڕێگەپێدراو نییە ئەم قەڵا زانستییانە بکرێنە سەکۆیەک بۆ بەرهەمهێنانەوەی هەمان ئەو دەق و وتارە کۆنباوانەی کە کۆمەڵگایان بەرەو دواکەوتوویی بردووە. پیاوانی ئایینی و ڕەوتە مۆنۆپۆلکارەکان دەیانەوێت لە ڕێگەی دەستوەردان لە کایەی ئەکادیمی و بەکارهێنانی پاساوە ناموسی و شەرعییەکان، پەردەیەک بەسەر ڕووی ڕاستەقینەی خۆیاندا بکێشن؛ ئەوان ئەم کارە تەنها لە پێناو پاراستنی باڵاڕادەبوونی خۆیان و درێژکردنەوەی تەمەنی هەژموونیان دەکەن.
ئامانجی ئەوان لەم داگیرکارییە مەعریفییە، قەتیسکردنی عەقڵی خوێندکار، کورتکردنەوەی ئاسۆی بیرکردنەوەی گەنجان و شێواندنی کایەی زانستە، تا ڕێگە نەدەن زانکۆکان نەوەیەکی ڕەخنەگر و ئازاد بەرهەم بهێنن کە پرسیار لە شەرعیەتی ئەوان بکات. بۆیە، پاراستنی سەربەخۆیی زانکۆکان لەم وتارە تەکفیری و حەرامسازە، جەنگێکی چارەنووسسازە بۆ ڕزگارکردنی عەقڵ و زانست لە ژێر چنگی پیاوانی دین، چونکە تا زانکۆکان لەم هەژموونە تاریکە ڕزگار نەکرێن، هیچ هیوایەک بۆ ڕووناکبیری و گۆڕانکاریی پڕ پەروەردەو داهینان لە کۆمەڵگادا بوونی نابێت.