لە میسرەوە بۆ ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست... ناوەندی ژنۆلۆژی دیدێکی نوێی توێژینەوە لەسەر پرسی ژن و کۆمەڵایەتیەکان دەخاتە ڕوو
ناوەندی ژنۆلۆژی هەوڵدەدات ڕێبازێکی توێژینەوە لەسەر بنەمای کراوەیی و هاوکاری دابمەزرێنێت، ڕۆڵی خۆی لە چارەسەرکردنی کێشەکانی ژنان و کۆمەڵایەتی لە ڕوانگەیەکی زانستییەوە بەرز بکاتەوە کە وەڵامی گۆڕانکاری و ئاڵەنگاری بەردەم ناوچەکە بداتەوە.
ئەسما فەتحی
قاهیرە – لەمڕۆدا پێویستییەکی پەرەسەندوو هەیە بۆ بەرهەمهێنانی دیدگای توێژینەوەی نوێ کە توانای تێگەیشتن لە پرسەکانی ژنان لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا هەبێت لە ڕوانگەیەکەوە کە ڕێبازە نەریتییەکان تێپەڕێنێت، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی گۆڕانکارییە خێراکانی سیاسی، کۆمەڵایەتی و تەکنەلۆژی کە چەندین پرسیاری پەیوەست بە دادپەروەری، یەکسانی، ماف، بەشداری کۆمەڵگەیان زیندوو کردۆتەوە، لەم چوارچێوەیەدا، ناوەندی ژنۆلۆژی بۆ بیرکردنەوە و لێکۆڵینەوە وەک دەستپێشخەرییەک سەریهەڵداوە کە هەوڵدەدات کەشی زانیاری لەسەر بنەمای توێژینەوەی زانستی و گفتوگۆ و بەرهەمهێنانی زانین وەک ئامرازێک بۆ گۆڕانکاری بونیاد بنێت.
کردنەوەی ناوەندی ژنۆلۆژی لە میسر نزیکەی مانگێک لەمەوبەر پرسیارەکان لەسەر چەمکی "ژنۆلۆژی" دەوروژێنێت وەک زانستێک کە بە هەموو لایەنەکانییەوە باس لە کۆمەڵگە دەکات، بەتەنها لە لێکۆلینەوە لە بابەتی ژناندا سنوردار نییە، بەڵکو دەرگا بەڕووی تێگەیشتنێکی بەرفراوانتر لە پەیوەندییە کۆمەڵایەتی و کولتووری و سیاسییەکان، هەروەها ئەو ئاڵەنگاریانە دەکاتەوە کە ڕووبەڕووی کۆمەڵگەکانی ناوچەکە دەبنەوە، ئەمەش لە دیدگایەکەوە سەرچاوە دەگرێت کە پێی وایە زانین خاڵێکی بنەڕەتییە بۆ گەیشتن بە گۆڕانکاری بەردەوام.
بۆ تێگەیشتن لە پاڵنەرەکانی پشت دامەزراندنی ناوەندەکە، هۆکارەکانی هەڵبژاردنی میسر وەک شوێنی دەستپێکردنی، دیدگای بۆ کارەکانی داهاتوو، یەکومایەتیدان بە توێژینەوە، پلانەکانی بۆ تۆڕکردن لەگەڵ دامەزراوەکانی ژنان و ئەکادیمی، و ڕۆڵی لە پاڵپشتیکردنی توێژەران و بەرهەمهێنانی توێژینەوەی پەیوەندیدارتر، ئاژانسەکەمان ئەم چاوپێکەوتنەی خوارەوەی لەگەڵ نوجین یوسف، بەڕێوەبەری جێبەجێکاری ناوەندی ژنۆلۆژی بۆ بیرکردنەوە و توێژینەوە ئەنجامدا:
بۆ دەستپێکردن، پێمان خۆشە دەربارەی چەمکی ناوەندەکە بزانین و بۆچی بە تایبەتی ناوی "ژنۆلۆژی"ت هەڵبژاردووە، چی وای لێکردیت لەم کاتە تایبەتەدا دایبمەزرێنیت؟
بیرۆکەی ژنۆلۆژی نوێ نییە، هەروەها دامەزراندنی ناوەندەکە بڕیارێکی لەناکاو نەبوو، لە ساڵی ٢٠٢٥ەوە گفتوگۆی بەردەوام سەبارەت بە چەمکی ژنۆلۆژی و ئەو گۆڕانکاریانەی لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن و پێویستی کەشی هزری و لێکۆڵینەوە کە لە ڕوانگەیەکی جیاوازەوە مامەڵە لەگەڵ ئەم گۆڕانکاریانەدا بکات.
ناوی لێنرا "ژنۆلۆژی" چونکە ژنۆلۆژیا لە بنەڕەتدا زانستێکە، زانستیش ناتوانرێت لە یەک بواردا قەتیس بکرێت، لەگەڵ لایەنە جیاوازەکانی ژیانی سیاسی، کۆمەڵایەتی، کولتووری و ئابووریدا یەکدەگرێتەوە و وەک سیستەمێکی بەیەکەوە گرێدراو مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵگەدا دەکات، نەک لەگەڵ ژنان وەک پرسێکی جیاواز لە چوارچێوەییان.
ڕەنگە زاراوەی "ژنۆلۆژی" لە میسر و ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا تاڕادەیەک تازە بێت، بەڵام وەک ئەزموونێک یان چەمکێک تازە نییە، لە ماوەی ڕابردوودا، ئێمە لە ڕێگەی ئەو کۆبوونەوە و چالاکییانەی کە ڕێکمان خستووە، شاهیدی پەرەسەندنی ئارەزووی ئەم چەمکە بووین، تێبینیمان کردووە کە هەمووان دەپرسن: ژنۆلۆژیا چییە؟ بۆچی ئێستا باسی ئەم زانستە دەکرێت؟
ئەم کارلێککردنە پاڵنەرێکی زیاتری پێبەخشین بۆ دامەزراندنی ناوەندێکی تایبەتمەند بۆ بیرکردنەوە و لێکۆڵینەوە، بە ئامانجی پەرەپێدان و سوودوەرگرتن لە توانای هەبوو لەناو کۆمەڵگەدا، لە هەمان کاتدا بەرهەمهێنانی زانیاری نوێ و بەشداریکردن لە بڵاوکردنەوەیدا، لە ڕاستیدا ژنۆلۆژی پێویستی بە ناوەند نییە بۆ ئەوەی گەشە بکات، چونکە بیرۆکەیەکە پێش ئەوەی دامەزراوەیەک بێت، زانستێکە دەتوانرێت لە هەر شوێنێکدا پراکتیزە بکرێت، ئێمە توێژەر و ئەوانەی ئارەزووی ژنۆلۆژیایان هەیە لە ئەوروپا و لوبنان و سووریا و تورکیا و ئێران و ئەمریکای لاتین کاردەکەن و هەریەکەیان ئەم زانستە بەپێی پێویستی و هەلومەرجی خۆی لە کۆمەڵگەییاندا بەکاردەهێنن، بەڵام هەبوونی ناوەندێکی توێژینەوە، چوارچێوەیەکی دامەزراوەیی بەم بیرۆکەیە دەبەخشێت کە یارمەتی دەدات بە بەرهەمهێنانی زانست بە شێوەیەکی ڕێکخراوتر و بەردەوامتر.
چۆن ئەو ڕۆڵە دەبینیت کە ژنۆلۆژی دەتوانێت بیگێڕێت لە هێنانەدی گۆڕانکاری لەناو کۆمەڵگەکاندا، بەتایبەتی لە ژێر ڕۆشنایی ئەو ئاڵەنگاریانەی کە ڕووبەڕووی ژنان دەبنەوە لە ناوچەکەدا؟
ئێمە ئەمڕۆ لە نێوان ئاڵەنگاری بەرچاوی کۆمەڵایەتیدا دەژین و ئەگەر تەنها سەرنجمان لەسەر ژنان بێت، هەزاران پرس دەبینین کە پێویستیان بە گرنگیدانی ڕاستەقینە هەیە.
پێویستمان بە گۆڕانکاری لە بیرکردنەوە و دووبارە پشکنینی زۆرێک لە چەمکە باوەکان هەیە، لە کاتێکدا ئەم گۆڕانکارییە لە شەوێکدا ڕوونادات، بەڵام بە پرسیاری دروست و هەڵسەنگاندنەوەی ئەو زاراوە و بیرۆکانەی کە ڕاهاتووین دەست پێدەکات.
ئێمە پێمان وایە سەدەی ٢١ تەنها سەدەی تەکنەلۆژیا نابێت بەڵکو سەدەی ژنانیش دەبێت، سەدەیەک کە تێیدا ژنان بتوانن ئامادەیی و دەستکەوتەکانی خۆیان لە بوارەکانی بیرکردنەوە، کولتوور، سیاسەت، دیپلۆماسی و تەکنەلۆژیادا بەرز بکەنەوە.
لەم ڕوانگەیەوە ژنۆلۆژی وەک پرسێکی گۆشەگیر سەیری ژنان ناکات، بەڵکو پەیوەندی نێوان ژن و پیاو و منداڵ و کۆمەڵگە بە گشتی دەکۆڵێتەوە و هەوڵدەدات چەمکێک لەسەر بنەمای دادپەروەری و یەکسانی و هاوبەشی بونیاد بنێت.
کاتێک سەیری ئەو ململانێ و شەڕانە دەکەین کە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست ڕوودەدەن، بۆمان دەردەکەوێت کە زۆرجار ژنان زیانبەرکەوتووی سەرەکین، پێویستی درووستکردنی زانیاری نوێ سەبارەت بە ڕاستی ژنان لە جاران بەپەلەتر بووە.
لە قسەکانتدا تیشکت خستە سەر یاسا و یاسادانان وەک یەکێک لە پرسە سەرەکییەکان، چۆن سەیری پەیوەندی نێوان توێژینەوەی زانستی و گۆڕانکاری یاسایی دەکەیت سەبارەت بە مافەکانی ژنان؟
نموونەی زۆرمان هەیە کە پشتڕاستی دەکەنەوە کە تەنها بوونی یاساکان بەس نییە، بەڵکو پرسی بنەڕەتی لە چۆنیەتی داڕشتن و جێبەجێکردنی ئەم یاسایانەدایە.
هاوڕێی سودانیم هەیە کە پارێزەرن و ئەکادیمیشن و خاوەنی بڕوانامەی دکتۆرا و ماستەرن، کاتێک لەگەڵیان باس لە توێژینەوەی ڕەگەزی و مافەکانی ژنان دەکەین، بۆشایییەکی بەرچاو لە نێوان زانیاری یاسایی و توانای ژنان بۆ سوودمەندبوونی کاریگەرانە لەم یاسایانەدا دەردەکەوێت.
ئێمە باس لە بابەتگەلێکی وەک بەشداری سیاسی، نوێنەرایەتی پەرلەمان، توندوتیژی سێکسی لە کاتی ململانێکان و دەستدرێژی لە ناوچە جەنگییەکان دەکەین، لەگەڵ هەموو ئەو بابەتانەی کە پێویستیان بە چارەسەری یاسایی و کۆمەڵایەتی هاوکات هەیە.
هەروەها تێبینی ئەوە دەکەین کە هەندێک وتاری ئایینی یان کۆمەڵایەتی لە هەندێک وڵاتدا بەردەوامن لە بەردەوامکردنی وێنەی کۆنەپەرستانەی ژنان، ئەمەش پێویستی بە زانست و پەروەردە هێندەی تر بەپەلە دەکات، چونکە گۆڕانکاری ڕاستەقینە لە بیرکردنەوە دەست پێدەکات پێش ئەوەی بگاتە یاسا.
بۆیە ئێمە توێژینەوەی ڕەگەز بە تەنها چوارچێوەیەکی تیۆری نازانین، بەڵکو کەشێکە بۆ درووستکردنی بیرۆکە کە بە تێپەڕبوونی کات دەتوانێت بگۆڕێت بۆ سیاسەت و یاسادانان و پراکتیکی کۆمەڵایەتی دادپەروەرتر.
لە ژێر ڕۆشنایی ئەزموونی مەیدانیت، بە تایبەتی لە ماوەی ساڵانی کارکردنت لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، ئەم ئەزموونە چۆن دیدگای ئێوەی بۆ پرسەکانی ژنان لە قاڵب داوە و چی زیاد کردووە بۆ چەمکی ناوەندی ژنۆلۆژی؟
ئەزموونی ١٤ ساڵ لە باکووری ڕۆژهەڵاتی سووریا، بە تایبەت لە چوارچێوەی ژینگەیەکدا، کە بە ململانێ و ئاڵەنگاری ئاڵۆز دیاری کراوە، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر دیدگاکەم هەبووە، سەرەڕای شەڕەکان و برسێتی و زیانەکانی مرۆڤ و ئەو ڕاستییەی کە ژنان لە بەرەکانی پێشەوە بوون و بارگرانییەکی قورسیان لەسەر بوو، بەڵام ئیرادەیەک هەبوو بۆ پەرەپێدانی یاسا مەدەنییەکانی پەیوەست بە مافەکانی خێزان و ژنان و هەوڵدان بۆ بونیادنانی نموونەیەک کە مسۆگەری بەشداریکردنی ژنان لە ژیانی گشتیدا بکات.
بەڵام ئێمە شایەتحاڵی ئەوەش بووین کە چۆن ئەم دەستکەوتانە دەتوانن لەگەڵ گۆڕانی بارودۆخی سیاسیدا بگۆڕدرێن، یاسا یان بڕیارگەلێک هاتوونەتە ئاراوە کە بەشداری ژنان سنووردار دەکەن یان تێڕوانینە نەریتییەکان بۆ ڕۆڵی ژنان بەرهەم دەهێننەوە، کە مافەکانی ژنان جێگیر ناکات، بەڵکو هەمیشە پێویستیان بە پاراستنی هزری و یاسایی و کۆمەڵایەتی هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، کە لێرەوە ئەو باوەڕەم زیاتر پەرەی سەند، کە ژنان لە ڕێگەی ئیرادە و هێز و بوێری و متمانەییانەوە بوونییان دەسەلمێنن و هەر پرۆژەیەک کە هەوڵی بەدیهێنانی دادپەروەری بدات، دەبێت ڕێگا بۆ ژنان بکاتەوە بۆ ئەوەی بە تەواوی بەشداری لە بڕیاردان بکەن.
بۆیە بۆ ئێمە ژنۆلۆژیا حزب و ڕێکخراوێکی سیاسی نییە، بەڵکو بیرۆکە و شێوازێکی بیرکردنەوەیە، پێمان وایە ئەو باسانەی ئەمڕۆ ئەنجامی دەدەین، ڕەنگە سبەی چەمکی نوێ بەرهەم بهێنن، تەنانەت ڕەنگە یاسای نوێش، ئەگەر بگۆڕدرێن بۆ کردەی بەکۆمەڵ و ئیرادەی ڕاستەقینەی کۆمەڵایەتی.
گۆڕینی ژنۆلۆژی لە بیرۆکەیەکەوە بۆ ناوەندێکی توێژینەوەی فەرمی دانپێدانراو دەبێ ڕووبەڕووی ئاستەنگ بووبێتەوە، بۆچی بوونی ناوەندێکی فەرمیتان بە پێویستییەک بینی؟
وەک ئاماژەم پێدا، ژنۆلۆژیا، لە بنچینەکەیدا، پێویستی بە ناوەندێک نەبوو بۆ بەردەوامبوون، بەڵکو پێویستی بە چوارچێوەیەکی یاسایی و دامەزراوەیی هەبوو بۆ ئەوەی بەرنامەکانی بە شێوەیەکی کاریگەرتر جێبەجێ بکات.
لە کاتی ڕێکارەکانی دامەزراندنی ناوەندەکەدا، تووشی کۆمەڵێک وردەکاریی بیرۆکراتی بووین، بەڵام هەوڵماندا باوەڕەکانمان لەناو خودی پێکهاتەی دامەزراوەییەکەدا ڕەنگ بداتەوە، بۆ نموونە ئێمە دەستکاری هەندێک سیستەمی کارگێڕیمان کرد بەجۆرێک کە دەسەڵاتی واژۆکردن لە کەسێکدا چڕ نەبێتەوە، بەڵکو پشت بە بڕیاردانی هاوبەش ببەستێت، بۆ ئێمە تەنانەت وردەکارییە کارگێڕییەکانیش دەبێت ڕەنگدانەوەی ئەو ئایدۆلۆژی بەشدارییە بێت کە ئێمە بانگەشە بۆ دەکەین.
باوەڕناکەم کردنەوەی ناوەند بە واتای چارەسەری کێشەکان بێت، بە پێچەوانەوە هەست دەکەم کاری ڕاستەقینە تازە دەستی پێکردووە، ئاڵەنگاریەکان گەورەتر بوون چونکە نامانەوێت بە دروشم ڕازی بین، ئێمە هەوڵدەدەین زانیاری و لێکۆڵینەوەی ڕاستەقینە پێشکەش بکەین کە بتوانێت بەشداربێت لە گۆڕینی ڕاستی.
ئێمە ڕووبەڕووی ئاڵەنگاری دەبینەوە کە پەیوەندییان بە بیرکردنەوەی باو و چەشنە چەقبەستووەکان و کولتوری پیاوسالارییەوە هەیە، کە تا ئێستاش کاریگەری لەسەر زۆرێک لە کۆمەڵگەکانە، بۆیە بەرپرسیارێتی ئەمڕۆمان لەوە زیاترە کە پێش دامەزراندنی ناوەندەکە بوو.
دیارترین ئەو بابەتانە چین کە ناوەندەکە لە قۆناغی داهاتوودا سەرنجیان لەسەر دەبێت؟ ئایا چالاکییەکەی تەنها لە بابەتی ژناندا سنووردار دەبێت؟
لێکۆڵینەوەکانمان تەنها لە بابەتێکدا سنووردار نابێت یان وەک پرسێکی جیا لە ژناندا، چونکە ئێمە وەک کۆیەکی یەکگرتوو سەیری کۆمەڵگە دەکەین.
ئێمە کار لەسەر بابەتگەلێکی وەک چەمکی ئازادی، دادپەروەری گوازراوە، ناسنامە، توندوتیژی ڕەگەزی، دەستدرێژی لە ناو ململانێ و دەرەوەی ململانێ، خەتەنەکردنی مێینە، لەگەڵ کۆمەڵێک بابەتی کۆمەڵایەتی و کولتووری بەرفراوان کە کاریگەرییان لەسەر ژنان و کۆمەڵگە بە گشتی، کاریان لەسەر دەکەین، هەروەها گرنگییەکی تایبەت بەو گۆڕانکاریانە دەدەین کە جیهان لە ژێر ڕۆشنایی گەشەسەندنی تەکنەلۆژی و بەتایبەتی زیرەکی دەستکرددا شاهیدییەتی.
چەند جارێک باسی زیرەکی دەستکردت کردووە، چۆن سەیری کاریگەرییەکانی لەسەر ژنان و لەسەر توێژینەوەکان دەکەیت؟
ئێمە زیرەکی دەستکرد وەک هەڕەشەیەکی ڕەها سەیر ناکەین، نە وەک چارەسەرێک بۆ هەموو کێشەکان، بەڵکو وەک ئامرازێک کە پێویستی بە لێکۆڵینەوەی ڕەخنەگرانە هەیە.
ئەوەی ئەمڕۆ تێبینی دەکەین ئەوەیە کە تەکنەلۆژیا کاریگەری لەسەر چۆنیەتی بیرکردنەوە و نووسین و تەنانەت هەست و پەیوەندییەکانمان هەیە، وەک ئەوەی مرۆڤ دەستی کردبێت بە پشتبەستن بە ئامێرەکان بۆ بەرهەمهێنانی بیرۆکە و بۆچوونەکانی، ئەمەش ناچارمان دەکات بە جددی باسی کاریگەرییەکانی زیرەکی دەستکرد لەسەر ژنان و لەسەر کۆمەڵگە و لەسەر بەرهەمهێنانی زانین بکەین.
بۆیە بەشێک لە لێکۆڵینەوەکانمان تەرخان دەکەین بۆ لێکۆڵینەوە لە سوود و زیانەکانی زیرەکی دەستکرد، چۆن دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بەبێ ئەوەی ببێتە جێگرەوەی بیرکردنەوەی ڕەخنەگرانە یان شارەزایی مرۆڤ.
هەروەها باست لە لێکۆڵینەوەی کراوە کرد، مەبەستت لەم چەمکە چییە؟
بەداخەوە زۆرێک لە توێژینەوەکان تەواو دەبن بەڵام دواتر لە ڕەفەدا دەمێننەوە یان تەنها لەلایەن ژمارەیەکی سنووردار لە توێژەرانەوە دەبینرێن، ئامانجمان ئەوەیە کە لێکۆڵینەوەکانمان بخەینە بەردەست بۆ گفتوگۆی گشتی، ڕێگە بە توێژەران و لایەنە ئارەزومەندەکان و خوێنەران بدەین بۆچوونەکانیان دەرببڕن، ڕاستی لە یەک ڕوانگەدا بونیاد نراوە، بەڵکو لە ڕێگەی دیالۆگ و ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکانەوە بونیاد دەنرێت.
هەروەها دڵنیا دەبینەوە لەوەی کە لێکۆڵینەوەکانمان لەسەر بنەمای ڕاستی بن، نەک تەنها پێداچوونەوەی تیۆری یان دووبارەکردنەوەی ئەو شتانەی کە لە پەرتوکەکاندا دەدۆزرێتەوە، ئێمە پشت بە توێژینەوەی مەیدانی و ڕاپرسی و چاودێریکردنی ڕاستیە کۆمەڵایەتییەکان دەبەستین بۆ دڵنیابوون لەوەی کە دۆزینەوەکانی توێژینەوە لە ژیانی ڕۆژانەی خەڵکەوە سەرچاوە دەگرن و بەشداری دەکەن لە دابینکردنی چارەسەری ڕاستەقینە.
جگە لەوەش کاردەکەین بۆ دروستکردنی هاوبەشی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژنان و ناوەندە جیاوازەکانی توێژینەوە، چونکە پێمان وایە ئاڵوگۆڕی ئەزموونەکان خێراترین ڕێگایە بۆ بەرهەمهێنانی زانیاری قووڵتر و کاریگەرتر.
سەبارەت بە منیش، هەست دەکەم قۆناغی داهاتوو قۆناغێکە کە تێیدا هەرچەند فێر دەکەین، ئەوەندەش فێر دەبین، هەرچەند دەبەخشین هێندەش وەردەگرین، چونکە زانینی ڕاستەقینە لە یەک ئاراستەدا بونیاد نانرێت، بەڵکو بە گفتوگۆ و کاری هاوبەش گەشە دەکات.
هەڵبژاردنی میسر وەک بارەگای سەرەکی ناوەندی ژنۆلۆژیای بیرکردنەوە و لێکۆڵینەوە، پرسیاری زۆر دەوروژێنێت، بەتایبەتی کە تۆ تۆڕێکی پەیوەندی و ئەزموونت هەیە لە زیاتر لە وڵاتێکدا، بۆچی میسرت هەڵبژارد؟ بۆ ئێوە نوێنەرایەتی چی دەکات لەسەر ئاستی هزری و پراکتیکی؟
هەر لە یەکەم سەردانمەوە بۆ میسر هەستم دەکرد ئەو شوێنەیە کە دەمەوێت کاری لێ بکەم، ئەم هەستە تەنها سۆزداری نەبوو، بەڵکو لە ژینگە دەوڵەمەندە کولتووری و هزری و شارستانییەکەیەوە سەرچاوەی گرتووە کە دۆزیمەتەوە، لەبارە بۆ بونیادنانی پڕۆژەیەکی توێژینەوەی درێژخایەن،
گەلی میسر ڕۆشنبیرن، بناغەیەکی بەهێزی شارستانیەتیان هەیە، پێم وایە هەر پرۆژەیەکی هزری پێویستی بە کۆمەڵگەیەک هەیە کە مێژوو و کولتوور و توانای گفتوگۆی هەبێت و ئەوەش ئەوەیە کە لە میسر دۆزیمەتەوە، شارستانیەت تەنها پەیوەندی بە ڕابردووەوە نییە، چۆن بیرکردنەوەمان لە ئێستادا لە قاڵب دەدات، هەمیشە هەست دەکەم کارکردن لە میسر دەرفەتێکی ڕاستەقینەمان پێدەبەخشێت بۆ بەرهەمهێنانی زانیاری پەیوەندیدار بە ڕاستییەوە.
ژنانی میسری مێژوویەکی دوور و درێژی هەبوون و کاریگەرییان هەیە، توانای وەرگرتنی هەمەجۆریی و پەیوەندیکردنیان لەگەڵ چین و توێژە جیاوازەکانی کۆمەڵگەدا هەیە، ئەمە شتێکە کە من لە ماوەی لێرەدا بە چاوی خۆم شاهیدی بووم، نەک هەر هەستم بە پشتیوانی ژنان کردووە، بەڵکو هاندانی ژمارەیەکی زۆر لە ئەکادیمیست و توێژەران و پیاوانی میسریشم دۆزیوەتەوە کە باوەڕیان بە گرنگی ئەم پڕۆژەیە هەیە.
لە ڕوانگەی یاساییەوە، هەبوونی ناوەندێکی فەرمی لە میسر، بوارێکی زیاترمان پێدەبەخشێت بۆ کاری دامەزراوەیی و چوارچێوەیەکی ڕوون بۆ بەڵگەنامەکردنی چالاکییەکانمان، بەرنامەکان و لێکۆڵینەوەکانمان دابین دەکات، ئەمەش متمانە و بەردەوامیی کارەکانمان بەرز دەکاتەوە.
هەروەها میسر بۆ من نوێنەرایەتی بەشێک لە مێژووی ناوچەکە دەکات، کاتێک لەگەڵ توێژەرانی میسری دادەنیشم، خۆم دەبینمەوە سەرقاڵی گفتوگۆیەکم کە دەرگایەکی فراوان بەڕووی مێژوو و شارستانیەت و کۆن و ناسنامەی ژناندا دەکاتەوە، ئەمەش هەر پڕۆژەیەکی توێژینەوە دەوڵەمەندتر دەکات.
جگە لەوەش لە میسردا، هەست بە دووری لە سووریا ناکەم، پەیوەندی مێژوویی و کولتووری قووڵ لە نێوان هەردوو وڵاتدا هەیە، ئەمە جگە لە پەیوەندی مێژوویی کورد لە میسر، کە وا دەکات هەست بکەم ئێمە لە چوارچێوەی کەشی کولتووری هاوبەشدا کاردەکەین نەک لە سنووری جوگرافیای جیاوازدا.
هەندێک پێیان وایە کە پرسی ژنان لە زۆرێک لە وڵاتانی عەرەبیدا هاوشێوەن لە کاتێکدا لە لایەنەکانی دیکەوە جیاوازن بەپێی زەمینەی ناوخۆیی، ناوەندی ژنۆلۆژی چۆن چارەسەری ئەم بابەتە دەکات؟ ئایا ڕێبازێکی یەکتربڕانە بۆ پرسەکانی ژنان دەگرنەبەر؟
پێمان وایە بابەتی گشتی هەن کە ژنان لە وڵاتانی جیاوازدا یەکدەخەن، وەک ماف، ناسنامە، دادپەروەری گوازراوەی، پاراستن، بەهێزکردنی ئابووری، ئەمانە بابەتگەلێکن کە ناتوانرێت لە سنووری یەک وڵاتدا قەتیس بکرێن.
بەڵام لە هەمان کاتدا ناتوانین بە یەک شێوە مامەڵە لەگەڵ هەموو وڵاتان بکەین چونکە هەر کۆمەڵگەیەک تایبەتمەندی کولتووری و یاسایی و کۆمەڵایەتی خۆی هەیە، مەرج نییە ژنانی میسری ڕووبەڕووی هەمان ئاڵەنگاری ژنانی سووریا، لوبنانی، لیبیا یان کەنداو ببنەوە، هەر بۆیەش ناتوانرێت هەموو کەسێک بخرێتە یەک قاڵبەوە.
ڕێبازی ئێمە لەسەر بنەمای لێکۆڵینەوەی هەر کۆمەڵگەیەک لە چوارچێوەی تایبەتی خۆیدا، لە هەمان کاتدا ڕەچاوکردنی ئەو پرسە هاوبەشانەیە کە ژنان لە ناوچەکەدا یەکدەخەن.
بۆیە پشت بە توێژینەوە سەربەخۆکان دەبەستین بۆ هەر وڵاتێک، دەستنیشانکردنی ئاڵەنگاری و دەرفەت و تایبەتمەندییە ناوازەکان و پاشان بەراوردکردنیان بۆ بەدەستهێنانی تێگەیشتنێکی قووڵتر، دوور لە گشتاندن یان چەمکە پێشوەختەکان.
دیارترین تایبەتمەندیەکانی پلانی ستراتیژی ناوەند بۆ قۆناغی داهاتوو چین؟ دەست دەکەیت بە کارکردن لەسەر چ یەکەمایەتیەک؟
لە قۆناغی یەکەمدا، سەرنج دەخەینە سەر ناساندنی ناوەند و چەمکی ژنۆلۆژی لە ڕێگەی سیمینار و کۆبوونەوە و دیالۆگ و دروستکردنی تۆڕێک لە پەیوەندی لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژنان و ناوەندەکانی توێژینەوە و توێژەران.
لە درێژخایەندا، گرنگی سەرەکی لەسەر بەرهەمهێنانی توێژینەوە دەبێت، ئێمە دەمانەوێت توێژینەوە بەرهەم بهێنین کە پەیوەندییان بە پرسە ڕاستەقینەکانی کۆمەڵگەوە هەیە، وەک توندوتیژی خێزانی، ماف، ناسنامە، دادپەروەری و بابەتەکانی تر کە پێویستیان بە شیکارییەکی زانستی قووڵ هەیە.
هەروەها پلانمان هەیە وۆرک شۆپی مەشقی ڕێکبخەین کە فێربوون لەگەڵ مەشقی پراکتیکیدا تێکەڵ بکات، بۆ ئەوەی ناوەندەکە ببێتە کەشی ئامادەکردنی توێژەران کە توانای بەرهەمهێنانی زانیارییان هەبێت، نەک تەنها بەکارهێنانی.
یەکێک لە یەکەمایەتیەکانمان پشتگیریکردنی گەنجان و ژنانە، بەو پێیەی دەوڵەمەندییەکی زۆر لە توانای توێژینەوە هەیە کە پێویستی بە ڕێنمایی و دەرفەت هەیە بۆ کارکردن لە ژینگەیەکی زانستی جددیدا، ئەمەش ئەوەیە کە ئێمە هەوڵدەدەین لە ڕێگەی بەرنامەکانی مەشق و چاودێری توێژینەوەوە پێشکەشی بکەین.
هەروەها ئێمە گرنگییەکی زۆر بە ژنانی گوندنشین دەدەین، گەیشتن بەوان لە بوارەکەدا بە یەکێک لە گرنگترین ئامانجەکانمان دەزانین، زۆرێک لەو ئاڵەنگاریانەی کە ژنان لە ناوچە گوندنشینەکاندا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، لە توێژینەوە نەریتییەکاندا ڕەنگدانەوەی نییە، بۆیە دەمانەوێت لە بوارەکەدا ئامادە بین و گوێ لە ژنان بگرین و بە چاومان چاودێری ڕاستیەکانیان بین.
هەروەها پلانمان هەیە کۆنگرە و بۆنە ناوچەییەکان بە هاوکاری لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژنان و ناوەندەکانی توێژینەوە لە ناوخۆ و دەرەوەی میسر ڕێکبخەین، بە ئامانجی ئاڵوگۆڕی شارەزایی و بونیادنانی هاوبەشی کە توێژینەوەی هاوبەش بەرز بکاتەوە.
ئایا ناوەندەکە لە ئێستەوە دەستی کردووە بە هەنگاوی پراکتیکی بەرەو بونیادنانی ئەم هاوبەشییانە یان ئەمە هێشتا لە قۆناغی پلانداناندایە؟
لە ڕاستیدا پێش کردنەوەی ناوەندەکە پەیوەندیمان لەگەڵ ژمارەیەک دامەزراوە هەبووە، بەڵام دوای کردنەوەی، ئێستا چوارچێوەیەکی فەرمیمان هەیە کە لەسەری بونیاد بنێین.
هەنگاوی یەکەممان کۆکردنەوەی دەستەی ڕاوێژکارییە کە ژمارەیەک ئەکادیمی و پسپۆڕ لەخۆدەگرێت، بۆ ئەوەی سوود لە ئەزموونەکانیان وەربگرن لە پەرەپێدانی بەرنامەی کاری ناوەندەکە و گفتوگۆکردن لەسەر یەکەمایەتیەکان بۆ قۆناغی داهاتوو، دوابەدوای ئەمەش زنجیرەیەک دیدار لەگەڵ ڕێکخراوەکانی ژنان و ناوەندەکانی توێژینەوە و توێژەران دەست پێدەکەین، بە ئامانجی بونیادنانی تۆڕێکی هاوبەشی فراوان لەسەر بنەمای ئاڵوگۆڕی شارەزایی و جێبەجێکردنی پڕۆژەی هاوبەش.
ئێمە لە سەرەتای ئەم گەشتەداین، ناوەندەکە تەنها چەند ڕۆژێکە کراوە بووە، بەڵام ئاواتەخوازین ئەم دەستپێکردنە ببێتە خاڵی دەستپێک بۆ لێکۆڵینەوە درێژخایەنەکان کە بەشداربێت لە بەرهەمهێنانی زانیاری زیاتر پەیوەندیدار بە ڕاستیەوە و توانای زیاتری پاڵپشتیکردنی ژنان و کۆمەڵگەکانی ناوچەکە هەبێت.
لە کۆتاییدا، وتی: باوەڕم وایە کە زانینی ڕاستەقینە لە ڕێگەی هاوبەشییەوە بونیاد دەنرێت، هەر گۆڕانکارییەکی ڕاستەقینە لە گفتوگۆ و پاشان لێکۆڵینەوە و پاشان کاری هاوبەشەوە دەست پێدەکات، ئەمەش ئەو ڕێگایەیە کە ئێمە هەوڵی دامەزراندنی دەدەین لە ڕێگەی ناوەندی ژنۆلۆژی بۆ بیرکردنەوە و لێکۆڵینەوە.