ژنانی تونس بەهۆی قەیرانی ئابوورییەوە زیانیان بەرکەوتووە

قەیرانی ئابووری تونس کاریگەری لەسەر هەموو چین و توێژەکان هەبووە، بەڵام ژنان هێشتا زیانیان پێگەیشتووە لەناو خێزان و کۆمەڵگەدا.

نەزیهە بوسعیدی

 

تونس-لەگەڵ خراپتربوونی قەیرانی ئابووری لە تونس و بەرزبوونەوەی خەرجی ژیان و بچووکبوونەوەی هەلی کار لە هەموو کەرتەکاندا بەبێ جیاوازی، بێکاری لەنێو ژنان لە تونس زیادی کردووە، بەتایبەتی لەناو ئەو کەسانەی کە بڕوانامەی خوێندنی باڵایان هەیە، زۆرێکیان بەهۆی سنووردارکردنی دامەزراندن و خزمەتگوزارییەکان لە کەرتی گشتیدا هەلی کاریان لەدەستداوە، دەستڕاگەیشتنیان بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان سنووردار و قورس بووە.

 

ئابووریناسان هاوڕان لەسەر ئەوەی کە ژنانی تونس لە ماوەی ١٠ ساڵی ڕابردوودا بەدەست بێکاری و بارودۆخی سەختی کارکردنەوە دەناڵێنن، نەک تەنها بەهۆی بەستنی دامەزراندنی کەرتی گشتی و ئەو جیاکارییەی کە لە کەرتی تایبەتدا ڕووبەڕوویان دەبێتەوە، بۆ نموونە کاری دەستی لە کەرتی تایبەتدا زیاتر لە بەرژەوەندی پیاواندایە، کە ٤٥.٢%ی ئەم کارانە داگیر دەکەن، ئەمەش لە پیشەسازیدا بۆ ٤٧% بەرزدەبێتەوە، زیاتر لە ٥٥% لە بازرگانی و چاککردنەوەی ئۆتۆمبێل و زیاتر لە ٧پ% لە بواری بیناسازیدا، بۆیە کاتێک دەوڵەت هەلی کار لە کەرتی گشتیدا نەهێڵێت، خەریکە هەلی کار بۆ ژنان لەناو دەبات.

 

لەلایەکی ترەوە ژنان چاودێری  منداڵان و کەسانی بەتەمەن دەکەن ئەمەش وایان لێدەکات زیاتر پێویستیان بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکانی تەندروستی و پەروەردە هەبێت و زیاتر بەدوایاندا بگەڕێن، لەبەر ئەوەی ژنان زیاتر بەرەوڕووی هەژاری دەبنەوە، پێویستییان بەم خزمەتگوزارییانە زیاترە.

 

لێکۆڵینەوەیەک کە لەلایەن "أصوات نساء" لە ساڵی ٢٠٢٣ بڵاوکرایەوە، دووپاتی کردەوە کە ئەو قەیرانە ئابوورییەی تونس چەند ساڵێکە تووشی بووە، کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ژنان دروستکردووە، کە باجێکی زۆریان داوە، کەمبوونەوەی خەرجییە گشتیەکان نایەکسانی و بێدەسەڵاتکردنی ژنانی قووڵتر کردووەتەوە و کاریگەری نەرێنی لەسەر ژنان دروستکردووە.

 

لێکۆڵینەوەکە ئاماژەی بەوەکردووە، کە سنووردارکردنی دامەزراندن و خزمەتگوزارییەکان لە کەرتی گشتی لە تونس، بووەتە هۆی ئەوەی ژنان هەلی کاریان لەدەست بدەن، دەستڕاگەیشتن بە خزمەتگوزارییە سەرەتاییەکان قورس و سنووردار بووە، ئەمەش بەهۆی بارگرانی قورس و بێ موچەی کاری ناوماڵەوە کە ژنان ئەنجامی دەدەن، ئاڵۆزتر دەبێت.

 

لاوازی ئابووری لەوەدا دیارە کە تەنها لە٣%ی ژنان خاوەنی موڵک و ماڵی خۆیانن، لەکاتێکدا لە ١٢%ی پیاوان، ئەوان بە ڕێژەی لە ٣% بەشداری پڕۆژە کشتوکاڵییەکان دەکەن، لە هەمان کاتدا بەشداری لە ٨٠% دەکەن لە بەرهەمهێنانی خۆراک و نوێنەرایەتی لە ٧٠%ی هێزی کاری کشتوکاڵی دەکەن.

 

قەیرانی ئابووری بەشداری کردووە لە زیادبوونی ڕێژەی توندوتیژی دژی ژنان، بە لەبەرچاوگرتنی لاوازییان، لاوازترین ئەڵقە لەناو خێزانەکەدا- ئەو شوێنەی کە پیاوان کۆمەڵگەی پیاوسالاری خۆیان تێیدا وەرزش دەکەن.

 

بەربەست و سەختییەکان

ئەمانی بن سیک عەلی، شرۆڤەکاری ڕوانگەی ئابووری تونس ڕایگەیاند، کۆسپ و ئاڵەنگاری زۆرن کە ڕێگرن لە دەستڕاگەیشتن بە پیشەی ژنان، ئەمەش لە ژمارەکاندا دیارە، ئەوان زۆرترین بێکارن لە کۆمەڵگەدا، ئەمەش دەکرێت بگەڕێندرێتەوە بۆ سیاسەتی خۆپارێزی لە دامەزراندنی کارمەند و قەرزە کەڵەکەبووەکانی حکومەت.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، قەیرانی ئابووری کاریگەری لەسەر دەستڕاگەیشتن بە ئامرازە گشتیەکانی وەک گواستنەوە و تەندروستی و تەنانەت مافەکانی مرۆڤیش هەبووە، سیاسەتەکانی خۆپارێزی بەشدارییان کردووە لە تێکچوونی دامەزراوە تەندروستییە گشتییەکان، ئەمەش بووەتە هۆی پێشێلکردنی مافی مندابوونی ژنان.

 

ڕوونیکردەوە کە هەموو ئەوانەی سەرەوە بە بەکارهێنانی ڕێبازێکی ژنان باسکراون کە باس لە قەیرانی قەرزەکان و کاریگەرییەکانی و چۆنیەتی تێپەڕاندنی دەکات، ڕاسپاردەکانی وەک دروستکردنی جێگرەوەیەکی پێشکەوتنخوازانە بە ئامانجی بەدەستهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی و ڕەگەزی.

 

سەبارەت بە پرسی قەرز، یان ئابووری، جەختی لەوە کردەوە کە پێویستە ڕێبازێکی مافدار بگیرێتەبەر، کە لەسەر بنەمای مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان و پاراستنیان بێت، ڕێبازێکی ژنان کە ڕەچاوی دوورکەوتنەوە لە قووڵبوونەوەی نایەکسانی کۆمەڵایەتی و ڕەگەزی بکات.

 

ڕوونیشیکردەوە، گرنگە ڕەچاوکردنی ژنان و پێشکەوتنخوازانە لە پەرەپێدانی چاکسازی و بودجەدا جێگیر بکرێت، ڕەچاوی ڕەگەز بکرێت لەکاتی دیاریکردنی قەرز و لێکۆڵینەوە لە کاریگەرییەکانیان لەسەر مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکانی ژنان و یەکسانی ڕەگەزی.

مریەم قلوز، پارێزەر و ڕاهێنەری پسپۆڕ لە بواری مافەکانی مرۆڤ و شارەزا لە دەستڕاگەیشتن بە دادپەروەری لەگەڵ ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی، وتی: ئەمڕۆ بە ژمارە و ئامارەکانەوە دەزانین کە ژنان لە تونس لە ڕووی ئابوورییەوە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە، چ لە ڕووی بێکاری و هەم لە ڕووی مەترسیداری ڕێژەی نەخوێندەواری، کە لە ئامارەکانی ئەم دواییەدا گەیشتە لە ٣٥%.

 

جەختیشی لەوە کردەوە کە سیستەمی پاراستنی کۆمەڵایەتی مافێکە بۆ هەموو کەسێک، بەڵام تەنها لە ٤٢%ی ژنان چێژ لە ڕووماڵکردنی کۆمەڵایەتی وەردەگرن، کە تەنانەت ناگاتە ئاستی نیوە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، سەرەڕای بوونی یاسای کار، دۆخی ژنان لە کاری ناوماڵ و کشتوکاڵیدا بەهۆی نەبوونی میکانیزمی جێبەجێکردنی یاساکە خراپە، ئێمە ئەنجامێکی بەرجەستەمان نەبینیوە لە هاوکاریکردنی ژنان و بەرەنگاربوونەوەی ئەو پەراوێزخستنە کۆمەڵایەتی و ئابوورییەی کە بەدەستیەوە دەناڵێنن، بەڕاستی لە زۆرێک لە ناوچەکاندا ژنان بژێوی خێزانەکانیانن، بەڵام پشتیوانی و هاوکاری هەمیشە ئاراستەی پیاوان دەکرێت، کە بەپێی یاسای باری کەسی، سەرۆکی ماڵەکانن، بەڵام لە ڕاستیدا لە زۆر ناوچەدا ژنان بژێوی ژیانن نەک پیاوان.

 

ڕوونیشیکردەوە، لەبەر ڕۆشنایی توندبوونەوەی قەیرانی ئابووری، ئەگەر پاڵپشتییەکان هەڵبگیرێن، نرخەکان بەرزدەبنەوە، ژنانیش خۆیان لەبەردەم قەیرانێکی ئابووریدا دەبیننەوە کە تادێت دامرکێنەر دەبێت، کە کاریگەرییەکانی لەسەر خۆیان و منداڵەکانیان چڕتر دەبێتەوە.

 

مریەم قەلوز پێی وابوو کە کۆمەڵگەی مەدەنی لە کاتی ئەم قەیرانانەدا ڕۆڵێکی گرنگ دەگێڕێت لە داکۆکیکردن، هەوڵ دەدات خزمەتگوزاری پێشکەش بەو ژنانە بکات کە لە دۆخە لاوازەکاندا دەژین، بەڵام حکومەت ڕۆڵی زیاتری هەیە لەم بوارەدا، بە دابینکردنی میکانیزم و سیاسەتێک کە یاساکان دەگۆڕێت بۆ ڕاستی، نەک تەنها مرەکەب لەسەر کاغەز.

 

جەختیشی کردەوە، ڕۆڵی حکومەتیش لە تەرخانکردنی بودجەدایە، چونکە پێویستمان بە بودجە هەیە بۆ کارکردن و پێشکەوتن، لەگەڵ ئەوەشدا سەیرە بودجەی وەزارەتی ژنان تەنها لەسەدا ٠.٤٦ بێت، و لە %٧٢ی ئەو بڕە پارەیە بۆ منداڵی و خێزان تەرخانکراوە، بە واتایەکی تر ژنان هەمیشە لە پلەی دووەمدا دێن، تەنانەت لەسەر ئاستی وەزارەتەکەش کە پێی دەوترێت وەزارەتی ژنان و خێزان و منداڵان.