ژنانی سووریا بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان ڕۆژانە ڕووبەڕووی جەنگ دەبنەوە
خراپبوونی بارودۆخی ژیان لە سووریا ژنان دەخاتە ژێر هەڕەشەی بەردەوامی بێبەشی، جا نەتوانینی کرێی خانوو، توانای کڕینی دەرمان، دەستەبەرکردنی ژەمێکی سادە بێت کە گونجاو بێت لەگەڵ بارودۆخی تەندروستییان.
ڕەنیم خەلوف
دیمەشق – ململانێ بۆ دەستەبەرکردنی پێداویستییە سەرەتاییەکان گۆڕاوە بۆ شەڕێکی بەردەوام بۆ مانەوە، ئاڵەنگاریەک کە توانای جەستەیی و تەندروستی تێدەپەڕێنێت، بەتایبەتی بۆ ژنان، ئەمەش گەیشتووەتە ئەو شتەی کە دەتوانرێت وەک دیاردەی دڵەڕاوکێی ئابووری و دەروونی پەیوەست بە ئاڵەنگاری ئابووریی ڕۆژانەوە پێناسە بکرێت.
ئەمڕۆ ژنانی سووریا ڕووبەڕووی بارگرانییەکی دوو هێندە دەبنەوە: پێویستە کاتژمێرێکی زۆر لە توانایان زیاتر کاربکەن لە ژینگە سەختەکاندا، بۆ دەستەبەرکردنی کەمترین داهات کە دەستبەجێ بەهۆی شەپۆلی یەک لە دوای یەک لە هەڵاوسان و بەرزبوونەوەی نرخی سووتەمەنی و کاڵا سەرەتاییەکان و هەروەها تێکچوونی دراو بەرامبەر دۆلار.
ئەوساف سەرحان (٤٦ ساڵ)، کە لە بەشی پاککردنەوەی هۆتێلێکی گەورەی دیمەشق کار دەکات، بەڕەچەڵەک خەڵکی گوندی نزیک پارێزگای حەمایە، ٢٠ ساڵ لەمەوبەر هاتۆتە دیمەشق بۆ ئەوەی دەست بە ململانێی خۆی بکات بۆ دۆزینەوەی کارێک کە لەگەڵ بارودۆخی تەندروستیدا بگونجێت، چونکە بەهۆی نەخۆشی شەکرەوە تووشی برینداربوونی چاو دەبێت.
لە نانەواخانەیەکی دیمەشق ١٠ ساڵ بە ڕێککەوتنی ساڵانە کاری کردووە، بەڵام دوای ڕووخانی ڕژێمی بەعس لە کارەکەی دوورخرایەوە، پاشان ڕووی لە کاری ئازاد کرد و ئێستا لە یەک ملیۆن و ٥٠٠ هەزار پاوەندی سووری موچەکەی زیاتر نییە، نیوەی ئەو پارەیە دەچێتە کرێی ژوورێکی ناستاندارد لە یەکێک لە گەڕەکەکانی دیمەشق.
سەبارەت بە بەرزبوونەوەی نرخەکانی ئەم دواییە، وتی: هەموو ڕۆژێک بیر لەوە دەکەمەوە کە چۆن ٧٥٠ هەزار لیرەم لە موچەکەم دەمێنێتەوە، پێویستم بە ٠٠ هەزارە بۆ دەرمان، لەگەڵ ٤٠٠ هەزاریش، بڕیارە چۆن بژیم؟ چۆن نەخۆشێکی شەکرە دەتوانێت سیستەمێکی خۆراکی ڕۆژانەی دروست پەیڕەو بکات؟ سەرەڕای ئەوەش، من بەدوای کارێکی زیادەدا دەگەڕام بۆ ڕێگریکردن لە برسێتی، بەڵام ئەمڕۆ، دوای بەرزبوونەوەی ڕێژەی بەنزین و و سووتەمەنی، هەموو شتێک بەرزبووەتەوە، هەر کە بڕیارەکە دەرچوو.
چیرۆکی ئەوسەف سەرحان و خەباتی بۆ دابینکردنی بژێوی ژیانی بە ئەزموونە سنووردارەکەی ئاوێنەیەکی هەموو ژنانی سووریایە کە لە نێوان ڕاستیەکی سەختی ئابووریدا دەجەنگن بۆ دەستەبەرکردنی بژێوی ژیانیان.
بەرگری لە مانەوە
لە ١٢ی ئەیلولدا دەسەڵاتداران بڕیارێکیان بۆ بەرزکردنەوەی نرخی سووتەمەنی دەرکرد، بڕیارەکە لەسەر شەقامی سووریا ڕەتکردنەوەی بەرفراوانی لێکەوتەوە، لە ئەنجامدا، خۆپیشاندان لە شارەکانی سووریا سەریهەڵدا و بە سەرکردایەتی ژنان لە زۆرێک لە پارێزگاکان.
سەبارەت بە دۆخی ئابووری بۆ ژنان، عروب حەمود، ڕۆژنامەنووس بە ئاژانسەکەمانی ڕاگەیاند، ڕاستی ئابووری بۆ ژنان لە ئێستادا ناجێگیرە، ژنان بەدەست دۆخێکی ئابووری زۆر سەختەوە دەناڵێنن، بەتایبەتی کە ژنان بە شێوەیەکی دادپەروەرانە کۆنترۆڵی دابەشکردنی سەرچاوە داراییە بەردەستەکانی ناو ماڵ دەکەن، جا پەیوەندی بە خوێندنەوە هەبێت یان پێداویستییەکانی ناوماڵ و پێداویستییە سەرەتاییەکان، بۆیە بارگرانی لەسەریان ئاڵۆزتر و قورسە، هەروەها یەکەم کەسن کە کاریگەری بەرزبوونەوەی نرخیان لەسەر دەبێت.
جەختی لەوە کردەوە، کە زۆرینەی ڕەهای ژنان بەقەد پیاوان، زیاتر لە پیاوان کاردەکەن و مافی خۆیانە شەپۆلەکانی هەڵاوسان و نەبوونی ئاسایشی دارایی ڕەت بکەنەوە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، ڕۆڵی ژنان کاریگەرە، چ لە ڕابردوو و چ لە ئێستادا.، وتی: ژنانی سووریا لەکاتی گەمارۆدان و بۆردوومانەکاندا لە هەلومەرجێکی سەختدا پەروەردەیان کرد، پارێزگارییان لێکرد و کاریان کرد، بەدرێژایی هەموو ئەو ڕووداوانە توانیان بەو سەرچاوانەی لەبەردەستیاندا بوون بۆ خۆیان و خێزانەکانیان بەڕێوەببەن، بۆیە بزووتنەوەی مەدەنیی ئەمڕۆ سەبارەت بە نرخ و تێچووی ئابووری بەبێ ژنان تەواو نییە، بەو پێیەی ئەوان پارێزەری ئابووری ناوخۆیی و دەرەکین.
عروب حەمود، ڕۆژنامەنووس جەختی لە پێویستی باشترکردنی پێگەی ژنان و گەیشتن بە یەکسانی ڕەگەزی لە دەستڕاگەیشتن بە پۆستە بەڕێوەبەرایوتیەکان کردەوە، بە لەبەرچاوگرتنی ئەوەی کە زۆرینەی پۆستەکانی بەڕێوەبردن لە هەموو لایەنەکانی ژیاندا لەلایەن پیاوانەوە بەدەستەوەیە و لە ئەنجامدا موچەکانیان زیاترە، وتی: دەبێت چارەسەرێک بدۆزرێتەوە، دەبێت هەلی کار بۆ ژنان دابین بکرێت کە لەگەڵ شارەزاییەکانیان بگونجێت.
ئەو مافانەی کە دەبێت بەپەلە جێبەجێ بکرێن
پزیشک غەنا نەجاتی، پسپۆڕی دەروونناس و چالاکوانی مەدەنی ڕوونیکردەوە، بارودۆخی ئابووری ژنان بابەتێکە کە زۆرجار گفتوگۆی لێدەکەوێتەوە، هۆکارەکەی ئەوەیە، کە هەندێک دەڵێن ژنان دەرفەتی پیاوان دەقۆزنەوە، هەندێکیش دەڵێن ژنان مافی خۆیان وەرناگرن، بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە ژنان پێویستیان بە دەرفەتی زیاتر و یاسای پاڵپشتە بۆ بەدەستهێنانی یەکسانی لەگەڵ پیاوان.
ئاماژەی بە لێکۆڵینەوەکان کرد، کە ئاماژە بۆ ئەوە دەکەن، کە بەشداری ژنان لە بازاڕی کاردا لە چاو پیاوان کەمترە، هەروەها کرێی پیاوان زیاترە لە ژنان، ئەمە جگە لە کێشەی ڕەگەزی و نەبوونی یاسای پاڵپشتی ژنان.
جەختی لەوە کردەوە، کە ئاسایشی ئابووری یەکێکە لە گرنگترین ئەو شتانەی کە پێویستە ژنان هەوڵی بۆ بدەن، بۆیە هەست بە وابەستەیی بە هیچ کەسێک ناکەن، تەنانەت باوکیشیان، وتی: ئەمە یارمەتیان دەدات خۆیان بسەلمێنن و ئەندامی چالاکن لە کۆمەڵگە و خێزانەکەدا، دەتوانن بەشداری بکەن لە خۆشگوزەرانی خێزانەکانیان.
وتیشی: ژنان مافی ئەوەیان هەیە کارێک هەڵبژێرن کە لەگەڵ خۆیان بگونجێت و لەگەڵ توانا و شارەزاییەکانیان و لەگەڵ خشتەکانیان بگونجێت، ئاماژە بە چەندین لێکۆڵینەوە دەکات کە بەو ئەنجامە گەیشتووە کە ژنانی کارکەر باشتر توانای بەڕێوەبردنی کاتەکانیان هەیە، غەنا نەجاتی هانی هەموو ژنان دەدات بچنە ناو هێزی کارەوە، تەنانەت ئەگەر لە ڕاهێنانەوە دەست پێبکات و بەرەو دامەزراندن پێشبکەوێت، بەبێ گوێدانە پابەندبوونی کات.