بڕیاری ڕوخاندنی بازاڕی "ژنـان" لە کەسلا هەڕەشە لە بژێوی ژنان و بیرەوەریی شارەکە دەکات
بازاڕی "ژنان" لە کەسلا دوای بڕیاری ڕوخاندنی ڕووبەڕووی داهاتوویەکی نادیار دەبێتەوە، ئەمەش هەڕەشەیە بۆ سەر سەرچاوەی بژێوی دەیان ژن و یادگاری بازاڕێک کە بۆ چەندین دەیە بە تێکۆشانی دایکان و بۆتە مێژوویی گەل.
میرفەت عەبدولقادر
سودان - لە دڵی شاری کەسلا، پایتەختی پارێزگای کەسلا لە خۆرهەڵاتی سودان، هێشتا دەنگی ژنان لەناو کەپرە داڕماوەکاندا بەرز دەبێتەوە، ئەمجارەیان نەک بۆ کڕین و فرۆشتن، بەڵکو بۆ هاوارکردن لەپێناوی ماوەتەوەدا.
لەوێ، لە بازاڕی "ژنان"دا کە یەکێکە لە کۆنترین و گەرموگوڕترین بازاڕەکانی سودان، شارەکە لەم ڕۆژانەدا لەژێر کاریگەریی بڕیارێکی دڕندانەی شارەوانیی کەسلا دەژی بۆ ڕوخاندنی بازاڕەکە، بڕیارێک کە نەک تەنها دار و قوماشی ڕوخاند، بەڵکو تەمەنێکی تەواو لە خەباتی هەڵتەکاند.
ئەم بازاڕە تەنها شوێنێک نییە، بەڵکو دەمارێکی ڕاستەقینەی ژیانە بۆ سەدان خێزان، باوەشێکی گەرمە بۆ ئەو ژنانەی کە زوو واتای لەدەستدانیان ناسیوە، کە بێ هاوژین و دایکن و منداڵی بێ باوکیان لەسەر پشت هەڵگرتووە، هیچ ڕووبەرێکی تریان نەدۆزیوەتەوە بێجگە لەم پارچە زەوییە بچووکە بۆ ئەوەی چیرۆکی خۆڕاگریی خۆیان تێدا بنووسنەوە.

"بازاڕی سکسک" یادگارییەک لە دار خورما و قوڕ
دانیشتووانی کەسلا بە "بازاڕی سکسک" دەیناسن، دەکەوێتە دڵی گەشاوەی شارەکەوە، لە نزیک بازاڕی گەورە و گەراجی گشتی، بۆیە هەمیشە شوێنی سەردانی تێپەڕبووان و گەشتیاران بووە، نەک تەنها بۆ کڕین، بەڵکو بۆ هەڵمژینی بۆنی کولتووری.
لە هەر گۆشەیەکی ئەودا چیڕۆکێک هەیە، دەستکردی دار خورما کە بە پەنجە ماندووەکان چنراون، جانتا و بەڕەی دەستی کە ڕەنگی گون هەڵدەگرن، خشڵی کولتووری، گۆزە کە گەرمای قوڕ هەڵدەگرێت، لەگەڵ عەتری خۆماڵی و بخور کە بۆنەکەی شوێنەکە داگیر دەکات، هەروەھا بەهارات و گیا و خواردنی فۆلکلۆری و پێداویستییەکانی ژنان.
ئەم بازاڕە هەموو یادگاری شارەکە هەڵگرتووە، لە سەرەتای هەزارەی نوێدا سوتا و ئاگرەکە خەونی فرۆشیارانی سوتاند، بەڵام بە دەستەکانی خۆیان لە خۆڵەمێش دروستیان کردەوە، بۆ چەندین ساڵ تەنها خەونیان ئەوە بوو کە شارەوانی کاغەزێکی فەرمیان پێبدات کە بسەلمێنێت ئەم شوێنە هی ئەوانە، ئەم ماندووبوونە ناونیشانێکی هەیە.
شارەوانی ڕایگەیاند، کە بڕیاری ڕوخاندن بەشێکە لە پلانی ڕێکخستنی بازاڕەکان و جوانکاری ناوەڕاستی شار و ئاسانکاری بۆ هاتووچۆ، قسەیەک کە لەسەر کاغەز لۆژیکی دیارە، بەڵام لەسەر زەوی بە واتای سەرگەردانکردن دێت.
لە مانگی کانوونی دووەم، بولدۆزەرەکان هاتن و بەشی ڕۆژهەڵاتی بازاڕیان ڕووخاند، لە ناو هەواڵی ئازاربەخشدا باسی فرۆشتنی زەوییەکە بە لایەنی نادیار دەکرا، ئەمەش برینی ژنان و هەستی ستەمکاری لەلایان زیاتر کرد.
هیچ ڕێگەیەکی تریان نەبوو بێجگە لە شەقام، لە ١٣ی ئەیلوولدا، دەیان فرۆشیار، کە بەتەمەن و نەخۆش و کەمئەندام بوون، دەرچوون و شەقامێکی سەرەکییان لە کەسلا داخست، کە ئەوەش ناڕەزایەتییەکی سیاسی نەبوو، بەڵکو هاواری هاوکاری بوو، داوای ڕاگرتنی ڕووخاندن یان لەسەر کەمترین دابینکردنی جێگرەوەیان دەکرد بە نرخێک کە دۆخی داراییان لەبەرچاوبگرێت.
بەپێی سەرچاوەکان، شارەوانی پێشنیاری گواستنەوەی بۆ بازاڕی "عامریە" بۆ کردوون، بەڵام ئەوانەی ڕۆیشتن بێهیوا گەڕانەوە، نە کڕیار لەوێ هەیە و نە جووڵە، شوێنە نوێیەکە بێبەشە لەو ژیانەی کە ئەوان لە ماوەی چەندین دەیەدا دروستیان کردبوو، هەروەها زەوییە جێگرەوەکە ناکۆکی کۆنی لەسەر خاوەندارێتی دەورەدراوە.
ئەنجومەنی یاسادانانی پارێزگای کەسلا زوو هەستی بەم مەترسییە کردبوو، بۆیە لە ساڵی ٢٠١٩دا ڕێکارەکانی تایبەتکردنی پارچە زەوی بازرگانی لە ناو بازاڕدا بە فرۆشتنی ڕاستەوخۆ ڕاگرت، هەروەھا تایبەتکردنی شوێنەکەی بۆ ڕێکخراوی "دروستکەرەکانی بەیانی" تا کاتێکی نادیار ڕاگرت، بەڵام بڕیارەکە ئەمڕۆ دووبارە گەڕایەوە.

دەنگەکان لەناو داروپەردووەکانەوە... چیڕۆکی تێکۆشانی مەترسی لەدەستچوون
ئاژانسەکەمان چاوی بە ژمارەیەک لەو ژنانە کەوت کە لە بازاڕدا کار دەکەن، هەریەکێکیان چیرۆکێکی دڵتەزێنی هەبوو، لەگەڵیاندا قسەمان کرد دەربارەی کارەکەیان و چۆن پێشوازییان لە بڕیاری ڕووخاندن کرد کە وەک "بروسکە" بەسەریاندا هاته خوارەوە.
ئامنە قريش، تەمەن ٨٠ ساڵ، بە دوو چاوی ماندووی کاتەوە دانیشتووە، وتی: من لەم بازاڕەدا لە ساڵی ١٩٧١وە هەم، ئەم بازاڕە نیشانەیەکی مێژووییە، بێ ئەوەی لێمان بپرسن لێیان سەندینەوە.
ئامینە قريش کە مێز و ڕاخەر و عەتر و ماددە خۆراکییەکان دەفرۆشێت، بە شانازییەکی تێکەڵ بە خەمەوە وتی: منداڵەکانم لەم بازاڕەدا گەورە کرد و تا ئێستاش بژێوی ژیانم لەسەرییەتی.
ڕووەکی تەلح دارێکی بۆنخۆشە کە لە دارەکانی ئەکاسیا دەردەهێنرێت کە لە سودان بڵاون، تایبەتە بە بۆنە بەهێزەکەی لە کاتی سووتانیدا، و بنەمای سەرەکییە لە "گەرماوی دووکەڵی سودانی" (ڕێوڕەسمێکی جوانکاری نەریتیە بۆ ژنان).
ئەم ژنە بەتەمەنە بۆ کاتژمێری درێژ لەژێر خۆری گەرمدا دادەنیشێت، برسی و تینوو تا ئێوارە، لەپێناوی دابینکردنی بژێوی خێزانەکەی، پاشان ساتی ڕوخاندنەکە پێناسە دەکات وتی: لەپڕ دەسەڵات هاتن و دوکانەکانیان شکاندین و کاڵاکانمانیان بێ ئاگادارکردنەوە فڕێدان.
ئامنە قريش تەنها نییە، بەڵکو بازاڕەکە نزیکەی ١٦٠ ژن لەخۆدەگرێت، بە فرمێسکەوە دەپرسێت: نازانم بەبێ کار چۆن دەژیم؟
میراسی داپیرەکان دوو جار دەسووتێت
سەبارەت بە کەلتوم محەمەد نور، کە ٤٥ ساڵی لە بازاڕدا بەسەر بردووە، باس لە بۆماوەیەک دەکات گەورەترە لە تەنها بازرگانی وتی: ئێمە لەم بازاڕەداین بۆ ماوەی ٤٥ ساڵ، هاتین بۆ پەروەردەکردنی بێ باوکان، ئێمە ژنی بێ هاوژینن دەمانەوێت بە کەرامەتەوە بژین.
جەختی لەوە کردەوە، کە بازاڕ میراسی داپیرەکانە و لە ناوخۆدا بە "حبوبات" دەناسرێن، کاڵاکانیان لە گوندەکانی کەسلاوە دێن و بە ئارەقەی ناوچەوانیان دەیفرۆشن، وتی: هەموو هۆزێک لە کەسلا لەم بازاڕەدا هەیە، ئێمە بیرمان هەڵکۆڵیوە و ئاومان لەگەڵ خەڵکی ئەم شارەدا خواردووەتەوە.
ڕووخاندن یەکەم ئازاری کلتوم محەمەد نور نەبوو، پێشتر سێ کەپرەکەی سوتابوون و پارەیەکی زۆری لەدەستدابوو، بەڵام دووبارە درووستی کردەوە و بەردەوام بوو، ئەمڕۆ ڕووخاندن هات بۆ تەواوکردنی ئازارەکە وتی: کەپرەکانیان بەسەر سەرماندا شکاند و بە کاڵاکانمانەوە ڕاکردین، لە ساڵێکەوە هەموو ڕۆژێک دەبیستین کە شوێنەکە دەفرۆشرێت، ڕوخاندن واتای ئەوەیە کە ئەوان لە هەموو ژیان ڕەتیان کردینەوە.
کلتوم محەمەد نور بە تەنها بەخێوکەری شەش کچە، نەخۆشی شەکرە و پەستانی خوێن و لاوازی چاوی هەیە، شارەوانی تۆمەتبار دەکات بە قەرەبووکردنەوەی ژنانی دیاریکراو و بەجێهێشتنی ئەوانەی تر بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی چارەنووسیان بە تەنها.
لە لای خۆیەوە، هودا محەمەد، کە بۆ ماوەی پێنج ساڵ لە بازاڕدا کار دەکات، بە دەنگێکی نزم چیرۆکەکەی دەگێڕێتەوە، ئەو تەنها بەخێوکەری خێزانە گەورەکەیەتی، کاتێک هەواڵی بڕیاری ڕوخاندنی بیست، جەستە ماندووەکەی هەڵگرت و بۆ دادگا ڕۆیشت بەرگری لە کەپرە بچووکەکەی کرد، بەڵام بێهیوا گەڕایەوە، وتی: هیچ شوێنێکمان نەبوو بۆی بڕۆین، ئیتر نەمانتوانی کار بکەین یان نان بخۆین، گریاین چونکە تەنها سەرچاوەی بژێوی ژیانمان لەدەستدا.
ئەمڕۆ، دۆسیەی بازاڕی "ژنان" دەسەڵاتدارانی خۆجێی لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی مرۆیی ڕاستەقینەدا داناوە، کێشەکە تەنها ڕێکخستنی بازاڕەکان و شێوەی گشتی نییە، بەڵکو هاوسەنگییەکی وردە لە نێوان یاسا و مافی هەزاران ژنی تێکۆشەر بۆ ژیانی شایستە، ئەو ژنانەی تەنها شوێنێکی بچووک داوا دەکەن بۆ ئەوەی منداڵەکانیان تێیدا نان بخۆن لە سایەی دۆخێکی سەختی ئابووری کە وڵات تێیدا دەژی.