ژنانی یەمەن لە بازاری کاردا... دەرفەتە سنوردارەکان و پەرەسەندنی ئاستەنگەکان
ژنانی یەمەن جەنگێکی دوولایەنە لە بازاری کاردا دەبەنەپێش، لە نێوان سنوردارکردنە کۆمەڵایەتییەکان و بەرپرسیارێتییە خێزانییەکان، ئاستەنگە ئابووری و داراییەکان، ململانێکە ژمارەیەکی زیاتر لە ژنان پاڵنەر دەبێت بۆ گەڕان بەدوای داهات و سەربەخۆیی.
ڕەحمە شەنزور
يەمەن ـ بەشداری ژنانی یەمەن لە بازاری کاردا ئیتر دیاردەیەکی پەراوێزخراو نییە، چونکە ساڵانی ململانێ و تێکچوونی بارودۆخی ئابووری زۆرێک لە ژنانی پاڵناوە بۆ گەڕان بەدوای سەرچاوەی داهاتدا، دامەزراندنی پرۆژەی تایبەت، لە هەوڵێکدا بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی خێزانەکانیان و ڕووبەڕووبوونەوەی دەرئەنجامەکانی قەیرانەکە.
ئەو ژنانەی حەز دەکەن بچنە ناو بازاری کارەوە، ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگی جیاواز دەبنەوە، کە لە سنوردارکردنە کۆمەڵایەتییەکان و ڕوانگەی کۆمەڵگەوە دەست پێدەکات و درێژ دەبێتەوە بۆ جیاکاری و قورسی دەستگەیشتن بە سەرمایە و پۆستە سەرکردایەتییەکان، بێجگە لە بەرزی تێچوونی کارکردن و لاوازی ژێرخان، لە هەمان کاتدا، بەرپرسیارێتییەکانی ماڵ و خێزان لەوێن، بۆ ئەوەی باری سەرشانی کار قورستر بکەن.
سەرەڕای ئەم ئاستەنگانە، ژنانی یەمەنی توانیویانە ڕێگەی خۆیان لە بوارە جیاوازەکاندا ببڕن، لە پرۆژە ماڵییەکانەوە تا بازرگانی و پرۆژە بچووکەکان، هەوڵ دەدن کارەکانیان بپارێزن و گەشەیان پێ بدەن لە بازارێکدا کە ئاستەنگی زیاتریان بەسەردا دەسەپێنێت.
دەرچوون بۆ کار... ئاستەنگێک لە خۆیدا

ئەزموونی ئیمان عریقی، ٤٥ ساڵ، خاوەنی پرۆژەی "کافی مزجان " و ئەندامی ژووری بازرگانی لە شاری تەعز، لایەنێک لەم ئاستەنگانە دەخاتە ڕوو، بەو پێیەی ئاماژەی بەوەدا، کە ژنی یەمەنی ڕووبەڕووی چەندین ئاستەنگ دەبێتەوە لە بازاری کاردا، لە سایەی بارودۆخی ململانێ و گۆڕانکارییەکانی کولتوور و کۆمەڵگە و لاوازی ژێرخاندا، بەڵام سەرەڕای ئەوەش سوورە لەسەر بەردەوامبوون و سەرکەوتن.
ڕوونیکردەوە، کە تەنها چوونە ناوەوەی ژن بۆ بازاری کار ڕەنگە ببێتە ئاستەنگ، بەتایبەت لە ژینگەیەکدا کە زۆرینەی پیاوسالارانەیە؛ چونکە ڕەنگە خۆی لەبەردەم ناچاربووندا ببینی بۆ دەستکەوتنی مۆڵەت، مامەڵەکردن لەگەڵ لایەنە جیاوازەکاندا.
جەختی لەوە کردەوە، کە ڕەنگە ژن ڕووبەڕووی ڕەخنە ببێتەوە بەهۆی سەرقاڵبوونی بە کارەوە بۆ ماوەی درێژ، تۆمەتبار بکرێت بەوەی ماڵەکەی بەجێهێشتووە و سەرقاڵی کارەکەی بووە، کە ئەوەش دەیخاتە بەردەم ئاستەنگێکی دوولایەنە کە خۆی لە بەدیهێنانی سەرکەوتنی پیشەیی لەلایەک و پاراستنی بەرپرسیارێتییە خێزانییەکان لەلایەکی ترەوە دەبینێتەوە.
جەنگ ژمارەیەکی زیاتری ژنانی ناچار کرد کار بکەن
ئیمان عریقی ڕوونیکردەوە، کە زۆرێک لە ژنان لە ساڵانی ململانێدا چوونەتە ناو بازاری کارەوە، بە جۆرێک ژن دەگەڕێت بەدوای کاردا بۆ دابینکردنی پێداویستییەکانی منداڵ و خێزانەکەی، هەر بۆیە ژنی کارکەر پێویستی بە پشتگیری خێزان و کۆمەڵگە هەیە، چونکە بەرپرسیارێتییەکی گەورە هەڵدەگرێت لە سایەی بارودۆخی سەختدا.
ئیمان عریقی ئاماژەی بەوەدا، کە ژن هێشتا ڕووبەڕووی جیاکاری دەبێتەوە لەناو کۆمەڵگەدا، کە بە کۆمەڵگەیەکی پیاوسالار پێناسەی دەکات، بەو پێیەی ژنان هێشتا ڕووبەڕووی سنوردارکردن دەبنەوە لە دەستگەیشتن بە پۆستە سەرکردایەتییەکان یان خاوەندارێتی پرۆژە گەورەکان، وتی: زۆرینەی پرۆژەکانی ژنانی ناو بازار هێشتا بچووک یان تازەپێگەییشتوون، بەراورد بە قەبارەی ئەو پرۆژانەی کە پیاوان خاوەنیانن.
دارایی... بنبەستێک کە ڕێگرە لە بەردەم فراوانبووندا
ئیمان عریقی جەختی کەوە کردەوە، کە توانای دارایی یەکێکە لە گەورەترین ئاستەنگەکان لە بەردەم خاوەن پرۆژەکاندا، ناتوانێت پرۆژەکەی بەو شێوەیە فراوان بکات کە ئارەزووی دەکات بەهۆی کەمبوونی سەرمایە، لەگەڵ سنوورداربوونی هەڵبژاردنە بەردەستەکان بۆ دەستکەوتنی قەرزی ئاسان یان پارەدارکردنێک کە یارمەتی ژنان بدات پرۆژەکانیان پەرە پێ بدەن.
ئاستەنگەکان تەنها لە دارایی و سنوردارکردنە کۆمەڵایەتییەکاندا قۆرخ نەبوون، بەڵکو نرخی بەرز و کرێیەکانیش دەگرێتەوە، لەگەڵ پچڕانی ئینتەرنێت، کە ئەمانە هۆکارن کاریگەرییان لەسەر بەردەوامی پرۆژەکان و توانایان بۆ گەشەکردن و فراوانبوون هەیە.
ئیمان عریقی لە کۆتایی قسەکانی وتی: ژنی یەمەنی کە دەچێتە ناو بازاری کارەوە تەنها ڕووبەڕووی ئاستەنگی پەیوەندیدار بەوەی کە خاوەن پرۆژە یان فەرمانبەرە نابێتەوە، بەڵکو ڕووبەڕووی ئاستەنگی کۆمەڵایەتی و ئابووری و خێزانی تێکەڵاودەبێتەوە، بۆیە پێویستی بە پشتگیری خێزان و کۆمەڵگە هەیە، بە ژینگەیەکی کارکردنی دادپەروەرتر، هەلی دارایی کە یارمەتی بدات پرۆژەکانی پەرە پێ بدات و سەربەخۆیی ئابووری بەدی بهێنێت.
سەرەڕای فرەیی لە ڕێگرییەکان، ژنی یەمەنی بەردەوامە لە ئامادەبوونی لە بازاری کاردا، لە هەوڵێکدا بۆ پاراستنی سەرچاوەی داهاتەکەی و ڕووبەڕووبوونەوەی دەرئەنجامەکانی قەیرانەکە، لە نێوان فشارەکانی کۆمەڵگە و بەرپرسیارێتی خێزان و قورسی دارایی، هێشتا هەلەکانی بۆ فراوانبوون و گەشەکردن دیارکراون، ئەوەش پشتگیریکردنی بەشداری ئابووری دەکاتە ئاستەنگێک کە پێویستی بە وەڵامدانەوەیەک هەیە کە سنوری هەوڵە تاکەکەسییەکانی ژنان تێپەڕێنێت.