یاران چۆمانی تەمەن ٩ ساڵ ئامانجی گەورەبوونی کاری چنینەکەیەتی
یاران سەرەڕای کەمی تەمەنی بەڵام خولیاکانی بەرەو لوتکەی دەبات، دەڵێت: لە ٢١ی ئاداردا لە ڕۆژی نەورۆزدا لە قەندیلەوە کارەکانم نمایش دەکەم.

هێلین ئەحمەد
سلێمانی_ ژنان لە مێژووەوە هەوڵی ڕەنج بۆ کارەکانیان دەدەن، ڕەنجی ژنان لە کارکردنیان لە گوندەکانەوە سەری هەڵداوە، لە کۆندا لە ڕێگەی دروستکردنی بەرهەمە شیرەمەنی و کاری چنینەوە دەستی کاریان هەبووە، پاشان لە لایەن پیاوانەوە لە بازاڕەکاندا ساغ دەکرانەوە، لە ئێستادا ژنان هەلی کار بۆ خۆیان و هاوڵاتیانی دیکە لە بازاڕەکاندا دەڕەخسێنن، زۆرێک لەو ژنانەی لە ئێستادا توانیویانە خاوەن کارێک بن، هەبوونی ئەو کارەیان بۆ خولیای منداڵیان دەگەڕێتەوە، یاران چۆمان، یەکێکە لەو منداڵانەی هەر لە سەرەتای تەمەنیەوە هەوڵ بۆ دابینکردنی پاشەڕۆژێکی پڕ لە ئەزموون دەدات، لە ئێستادا لە سوچێکی ماڵەکەیاندا سەرقاڵی چنین و دروستکردنی دەستبەندە، سەرەڕای ئەوەی خوێندکاری سەرەتاییە، بەڵام خوێندنەکەی نەبۆتە ڕێگر لەبەردەم کارکردنیدا، بە خولیایەکی گەورەوە لە ماڵە خنجیلانەکەیاندا بە موروو دیزاینی بچوکی خەیاڵە منداڵانەکەی هەوڵ بۆ داهاتوویەکی پرشنگدار دەدات.
یاران چۆمان، منداڵێکی تەمەن ٩ ساڵانە، لە قۆناغی چواری سەرەتایی لە خوێندنگەی سەرەتایی توژەڵ دەخوێنێت، یارانی دەست ڕەنگین لە سەرەتای تەمەنی منداڵییەوە خولیای کاری چنین و دەستڕەنگینی بۆ دروست دەبێت، وتی: زۆر دەمێکە دەمەوێت کاری چنین بکەم، لە ئێستادا زیاتر لە ساڵێکە بە زەنگیانە و موروەکانم خەریکی دروستکردنی ملوانکە و دەستبەندم بۆ خۆم و هاوڕێکانم، لە ئێستادا خوێندکاری پۆلی چواری سەرەتاییم، لە دوای گەڕانەوەم لە قوتابخانە دەستدەکەم بە کاری چنین و هەوڵ دەدەم چەندین مۆدێلی نوێ دروست بکەم، کاتێک کار دەکەم خۆم بە مێشکی خۆم مۆدێلەکان دەردەکەم و دروستیان دەکەم، لەڕێگەی سەرنجدانەوە هەوڵ بۆ چەندین کاری دیکە دەدەم، بەهۆی خوێندن و نەبوونی هەلێک بۆ کارکردن، نەمتوانیوە بەشداری پێشانگا دەستڕەنگینیەکان بکەم، تا بتوانم خۆم لە ڕێگەی کارەکەمەوە بناسێنم، لە داهاتوودا لە ڕێگەی پێشانگاکانەوە کاری دیکە نمایش دەکەم.
ئەو منداڵە دەستڕەنگینە، لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەکرد، لەگەڵ گەورەبوونی تەمەنیدا هەوڵ بۆ گەورەکردنی کارەکەی دەدات، وتیشی: دەمەوێت لەگەڵ خۆمدا کارەکەم گەورە بکەم تا بتوانم هەلی کار بۆ چەندین ژنی دیکەش بڕەخسێنم، هەروەها سەرەتایی نمایشکردنی کارەکەم لە چیاکانی قەندیلەوە نمایش دەکەم، لە ڕۆژی ٢١ی ئاداردا بۆ نەورۆز کارە دەستییەکانم لە پێشانگایەکدا نمایش دەکەم و نەورۆزی کوردی پیرۆزدەکەین، هیوادارم منداڵانی دیکەش پەرە بە تواناکانیان بدەن.