ئینتیسار هەزیم؛ نموونەیەکی ئیلهامبەخش بۆ بەهێزکردنی ژنان لە بواری سینەمادا
جیهانی دەرهێنانی فیلم ئاوێنەیەکە ڕەنگدانەوەی لایەنی ڕاستی و بەکارهێنانی خەیاڵە بۆ خزمەتکردنی ڕاستی، ئەمەیە کە ئینتیسار هەزیم، دەرهێنەری سووری خۆی بۆ تەرخان کردووە، بەڵام بە شێوازێکی جیاواز کە گوزارشت لە بیرکردنەوە و داهێنەری ژنان دەکات.
نور ئەحمەد
ڕەققە- لە جیهانێکدا کە خەیاڵ لەگەڵ ڕاستیدا تێکەڵ دەبێت، چیرۆکەکان لە ئازاری گەلان و خەونی تاکەکانەوە دەچنرێنەوە، جۆرەناوێک سەرهەڵدەدەن کە هونەریان کردووە بە پەیام و سینەمایان کردۆتە دەنگ بۆ ڕاستی، لە نێو ئەو ناوانەدا، ئینتیسار هەزیم، دەرهێنەری سووری هەیە، کە توانیویەتی سنوورە فیکری و کۆمەڵایەتییەکان تێپەڕێنێت و بیسەلمێنێت کە ژنان ڕۆڵی پێشەنگیان لە پیشەسازی فیلمدا هەیە.
ئەزموونی ئینتیسار هەزیم نموونەیەکی ئیلهامبەخش بۆ بەهێزکردنی ژنان لە بواری سینەمادا بەرجەستە دەکات، توانی ئەو چەشنە چەقبەستووە باوە بشکێنێت کە ڕۆڵی هەبوو لە بەشداریکردن لە سیناریۆ و نووسین و دەرهێناندا، هەروەها بووەتە ڕاهێنەری فیلم لەسەر ئاستی سووریا، کە لە ڕێگەی کارەکانییەوە ئامرازەکانی هونەری بەکارهێنا بۆ ئەوەی ببێتە دەنگێک بۆ ڕاستی و ئاوێنەیەکی ڕاستی.
''ئەو ڕاستی وڵاتەکەی بەرجەستە کرد''
ئینتیسار هەزیم، هاوڵاتی شاری حومسی سووریایە، بە پێنوس و بەکارهێنانی زمانی ڕووخسار و جەستە، توانی ڕاستی وڵاتەکەی و کاردانەوەکانی لەسەر کۆمەڵگە و ژنان بەرجەستە بکات، ئەو ئازارانەی کە خۆی بەرگەی گرتووە وێنا بکات، ئەمەش ببێتە سەرچاوەی ئیلهام بۆ ژنان کە بەرەو داهێنان و پێشکەوتن بچن.
سەبارەت بە یەکەم هەنگاوەکانی لە جیهانی سینەمادا، وتی: لە منداڵییەوە مەیل و خولیای خوێندنەوەی چیرۆک و ڕۆمانم هەبووە، دیدێکی جیاوازم هەبوو بۆ ئەوەی دەیبینم، بۆیە گەشتە هونەریەکەم بە نووسینی کورتە چیرۆک و ئامادەکردنی سیناریۆ دەستپێکرد، هەندێکیان پێشکەشی ڕێکخراوی گشتی بۆ سیناریۆم کرد، هەروەها لە ساڵی ٢٠٢٢دا لە چەندین فێستیڤاڵی ئەدەبی لە دیمەشق بەشداریم کردووە، دواتر خواستم بۆ نووسین و دەرهێنان پەرەی سەندووە دوای ئەوەی باوکم هانیداوم کە بەردەوام بم و لێهاتووییەکانی بەهێزتر بکات.
ئینتیسار هەزیم، ڕوونیکردەوە، کە ڕووبەڕووی چەندین بەربەست بووەتەوە کە لە داب و نەریتی کۆمەڵایەتییەوە سەرچاوەیان گرتووە بە گومانەوە سەیری کارەکانی دەکەن، بەتایبەتی لە بوارێکدا کە پیاوان زاڵن، سەرەڕای سەختی جێگیرکردنی خۆی لەم ژینگەیەدا، خۆی بەدەست ئەم سنووردارکردنانە نەدا، بەڵکو بە ئیرادەیەکەوە ڕووبەڕووی بووەوە تا گەیشتە خەونەکەی.
سەبارەت بە کارە سینەماییەکانی، ئاماژەی بەوەدا، کە دوو کورتە فیلمی بەرهەم هێنراوی ڕێکخراوی گشتی بۆ سینەما لە دیمەشق دەرهێناوە، لەوانە "پەنجەرە داخراوەکان" و "تامی ئاو"، ئەم فیلمانە بەشێکن لە زنجیرەیەک لەسەر ڕاستی هاوچەرخ، ڕۆشنایی دەخەنە سەر کاردانەوەکانی قەیرانی سووریا و ئازارەکانی گەلی سووریا، لەگەڵ ئەم بەرهەمانە لە چەندین فێستیڤاڵی فیلمدا بەشداریم کردووە، لەوانە فێستیڤاڵی فیلمی ستێپس، ئۆپێراهاوس و فێستیڤاڵی ئۆسکاری ئافرێنەرانی عەرەب لە میسر، هەروەها خەڵاتی بەناوبانگم بۆیان وەرگرتووە، دیارترینیان خەڵاتی باشترین دەرهێنەر بوو بۆ فیلمی 'پەنجەرە داخراوەکان' و خەڵاتی باشترین سیناریۆ بۆ فیلمی .'تامی ئاو''.
"سینەما بەشێکە لە من و نوێنەرایەتی من دەکات"
ئاماژەی بەوەشکردووە، حەزم لە هەڵبژاردنی بابەتگەلێکی هەمەچەشن و جۆراوجۆرە کە ڕەنگدانەوەی ئەو ڕاستیانەن کە تێیدا دەژین، بۆیە زۆربەی کارەکانم لەسەر قەیرانی سووریا چڕکردووەتەوە، کە ناوی دەبەم 'ڕاستی ئێستا'، بە ئامانجی تیشک خستنە سەر ئەو ئاڵەنگاریانەی کە ڕووبەڕووی کۆمەڵگە دەبێتەوە، چ ژن و پیاو، هەوڵدان بۆ گەیاندنی ئەو پرسانە بە هەموو جیهان.
ئینتیسار هەزیم سینەما بە بەشێکی دانەبڕاو لە خۆی دەزانێت، وتی: پەیوەندی من لەگەڵ سینەما زۆر بەهێزە، ئێمە تەواوکەری یەکترین، ناتوانم لێی دوور بکەومەوە، هاوکات لەگەڵ خوێندنەوەی چیرۆک و ڕۆمان، ئەگەر ئەوە نەکەم هەست بە بۆشایییەک دەکەم لەناو خۆمدا، هەاوەها ئەوە بۆ من خۆشی و شێوازێکی ژیانە، کە دەمباتە جیهانی خۆم.
ڕوونیکردەوە، نووسینی هەر سیناریۆیەک لە ساڵێکەوە بۆ زیاتر دەخایەنێت، پێویستی بە ماوەیەکی زۆرە بە وردی و سەرنجدان، هەر فیلمێک پێویستی بە کاتێکی دیاریکراو هەیە، بەپێی ژمارەی بەشەکانی، سینەما لە گەیاندنی ڕاستیدا گرنگییەکی زۆری هەیە، تەنها ڕەنگدانەوەی ئەزموونی ژیاو نییە، بەڵکو ڕەهەندێکی فیکری و کولتووری و ڕۆحی زیاد دەکات و وێنەیەکی جوان دروست دەکات، هەر دەقێک، چ فیلمێک بێت یان چیرۆکێک، سەرەتا پێویستی بە سیناریۆی تایبەتی خۆی هەیە، کە بڕبڕەی پشتی خۆی پێکدەهێنێت، دواتر ڕۆڵی دەرهێنەر دێت، کە بیرۆکەی تێدایە، بەم شێوەیە کارەکتەری جیاواز و توانای وێناکردنی وردی پێدەبەخشێت، بۆیە ئینتیسار هەزیم زیاتر خۆی پەروەردە دەکات بە خوێندنەوەی زۆرترین سیناریۆ و سەیرکردنی فیلم.
"کاتالیستێکی فیکری بۆ گۆڕانکاری و کاریگەری ئەرێنی"
سەبارەت بە ئەزموونی خۆی لە بواری فیلم و سیناریۆنووسیدا، وتی: سینەما تەنها سەرچاوەی چێژوەرگرتن نییە، بەڵکو کاتالیستێکی فیکرییە بۆ گۆڕانکاری، کاریگەری ئەرێنی لەسەر بیرکردنەوە و ژیانی تاکەکان هەیە و ئاڵەنگاری فۆرمە کۆمەڵایەتیە بەسەرچووەکان دەکات، وە هەموو فیلمێک چیرۆکێک دەگێڕێتەوە کە دەتوانین لە وانەکانی فێربین.
ئینتیسار هەزیم توانیویەتی تێڕوانینی کۆمەڵگە بۆ بوارەکەی و خولیای سیناریۆنووسی بگۆڕێت.
بە ئەزموونی خۆم لە جیهانی سینەمادا توانیومە ئەم چارەسەی بگۆڕم، هەروەها کاریگەری و ئیلهامبەخش بووم بۆ ژنانی دەوروبەرم، جیهانی سینەما کاریگەرییەکی قووڵی هەیە، بەبێ گوێدانە تەوەری فیلمەکە، بەتایبەتی کە زۆرێک لە فیلمەکان ڕاستی ژنانی سووریا ی وەرگرتووە، کە قورسایی ئەو ئازارەیان لە ئەستۆ گرتووە کە بەهۆی قەیرانی سوریاوە دروست بووە، جا دایک بن یان ژنی گەنج، ئەم فیلمانە دەنگیان بە هەموو ژنێک داوە کە شتێکی هەیە لەسەر ئەزموونەکەی بڵێت.
ئینتیسار هەزیم ئاواتەخوازە لە ڕێگەی کارەکانی وەک ڕاهێنەر لەم بوارەدا پیشەسازی فیلم و سیناریۆنووسی لە سووریا پێشبخات، ئاماژەی بەوەشکردووە، سەرنجم دا کە ئیدارەی خۆسەر گرنگی بە هونەر و ئەو پلاتفۆرمە کولتوورییە دەدات کە ناوچەکە خاوەنییەتی و ئەمەش هانی منی دا کە بێمە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا و ڕاهێنان لە بواری فیلمسازیدا پێشکەش بکەم.
لە کۆتاییدا، وتی: هانی هەموو ئەو کەسانە دەدەم کە بەهرەی نووسین و بەرهەمهێنانیان هەیە، تاوەکو لە خۆیاندا بیدۆزنەوە بۆ ئەوەی بە نێژراوی نەمێنێتەوە، بەڵکو زیاتر پەرەیپێبدەن، هەروەها زانینی سروشتی ڕاستەقینەی خۆی لە پێناو پێشخستنی بواری سینەمایە بەتایبەتی ژنان، بەو پێیەی دەتوانن گوزارشت لەوە بکەن کە لە ناخیاندایە، لە هەر شوێنێک هونەر هەبێت ژن هەیە.