منداڵانی کۆبانێ کولتووری خۆیان دەپارێزن

منداڵانی ناوەندی کولتوور و هونەری کۆبانێ کە ئەندامی گروپی هەڵپەڕکێی منداڵانی شەهید دەلیلان، ڕایانگەیاند، کە "کولتووری هەڵپەڕکێ میراسی ناسنامەی گەلانە" و داوا لە هەموو منداڵان دەکەن کەلتووری خۆیان بپارێزن.

نورشان عەبدی

 

کۆبانێ- مرۆڤایەتی لە زۆر ڕووەوە شوناس و کولتووری خۆی لە لەناوچوون و جینۆساید پاراستووە، بە تایبەتی لەم ڕووەوە بە داستان و چیرۆک و دەنگبەجی و چەندین ڕێگەی دیکە هەوڵی داوە، هەروەها گۆرانی وتن یەکێکە لەو شێوازە سەرەکیانەی کە لەلایەک فۆلکلۆر و کولتووری گەلان بەرز دەکاتەوە و لە هەمان کاتیشدا، وەک ڕێگەیەک بۆ پاراستن و زیندووکردنەوەی کولتوور و شوناسیان بەکاری دەهێنێت.

 

لە شاری کۆبانێ لە کانتۆنی فورات لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، چەندین گۆرانیبێژی ڕەسەن نمایش دەکەن، تەڤگەری هیلالی زێڕین و ناوەندەکانی کولتوور و هونەر خەباتێکی فەرهەنگی بۆ پاراستن و پەرەپێدانی گۆرانی وتن بە دامەزراندنی گروپی هەڵپەڕکێ بۆ منداڵان، گەنجان، ژنان و دایکان بەڕێوەدەبەن.

 

گروپی منداڵانی شەهید دەلیلا

لە ناوەندی کولتوور و هونەری باقی شیدۆ لە کۆبانێ، گروپی منداڵانی شەهید دەلیلا سەرنجی ڕاکێشاوە، ئەو گروپە کە ماوەی ٤ مانگە دامەزراوە، وێنەیەکی ناوازە لە کولتوورو هونەری ڕەسەنی کۆبانێ بە جلوبەرگ و جوڵە و هەڵپەڕکێ و میوزیک و ڕەنگەکانیەوە دروست دەکات.

 

دڵڤین محەمەد، بەڕێوەبەری بەشی هەڵپەڕکێی ناوەندی کولتوور و هونەر، کە هاوکات مامۆستای گروپی شەهید دەلیلا و خۆی ئەندامی گروپەکەیە، لەسەر ئەم بابەتە بۆ ئاژانسەکەمان قسەی کردو وتی: گروپەکەمان هاوڵاتیانی کۆبانێیە، بەمەبەستی ناسین و پاراستنی کولتووری ناوچەکانی دیکە، منداڵانیش فێری هەڵپەڕکێی هەموو ناوچەکانی کوردستان دەکەین.

 

"سەما منداڵان ڕادەکێشێت"

گروپی شەهید دەلیلا کە لە ٣٥ منداڵ پێکهاتووە، تا ئێستا بەشداری زۆرێک لە فێستیڤاڵ و ئاهەنگ و چالاکییەکانیان کردووە، دڵڤین محەمەد باسی لەوەشکرد، دوای ئەوەی ئەم منداڵانە لەسەر شانۆ نمایشیان کرد و توانای هەڵپەڕکێیان لە زۆر چالاکییدا نیشاندا، زۆرێک لە منداڵان سەرسام بوون و پەیوەندییان بە گروپەکەوە کرد، دڵڤین ئاماژەی بەوەدا، کە منداڵان لە ئێستاوە ئەم تایبەتمەندییەیان هەیە، کە کاریگەری کولتوور و هونەریان لەسەرە و لە هەموو لایەنە هونەریەکانیشدا ئەمە دەبینن.

 

"هەڵپەڕکێ یەکێتی فۆلکلۆر و کولتوور و ناسنامەیە"

دڵڤین محەمەد ئاماژەی بەوەدا، کە سەما تەنها شێوازێکی خۆدەرخستن نییە، یان دەربڕینی خۆشی نییە و لە درێژەی قسەکانیدا، وتی: هەڵەیە سەما بە شێوەیەکی سادە هەڵسەنگێنین، سەما ڕێگەیەکی گرنگ و واتادارە بۆ پاراستنی کولتووری ڕەسەنی خۆمان، هەروەها لە ڕێگەی سەماوە جلوبەرگ و میوزیک و هونەر و ناسنامەمان دەناسێنین، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش هەڵپەڕکێ بوارێکی فراوانە بۆ ناساندن و پاراستنی کولتوور.

 

"پاراستنی کولتوور لەگەڵ منداڵان دەکرێت"

دڵڤین محەمەد، لە کۆتاییدا، سەبارەت بە دامەزراندنی گروپی هەڵپەڕکێی منداڵان، وتی: دەمانەوێت نەوەیەکی تێگەیشتوو و زانا و پەیوەندیدار بە کولتوورەوە دروست بکەین، هەر لەبەر ئەم هۆکارەش هاتنی منداڵان بۆ ناو هەڵپەڕکێ  بڕیارێکی دروست و واتادارە، ئێمە لە ئێستاوە چەندین ئەندامی گروپی هەڵپەڕکێی گەنجانمان هەیە کە لە منداڵییەوە دەستیان پێکردووە و تا ئێستاش لە گەنجیدا بەردەوامن.

 

خۆشەویستی و کنجکاوی بووە هۆی ئەوەی بەشداری گروپی سەماکە بکات

زیلان محەمەد،تەمەن ١٢ ساڵ، ئەندامی گروپی شەهید دێلیلا، ئاماژەی بەوەدا، کە کنجکاوی و خۆشەویستییەکەی بۆ هونەر گەیاندیتە گروپی شەهید دەلیلا، وتی: کاتێک دەچمە سەر شانۆ و لەگەڵ هاوڕێکانم نمایش دەکەم، هەست بە دڵخۆشییەکی زۆر دەکەم و هەیەجانێکی گەورە لەناومدا کۆدەبێتەوە، هەر بۆیە لە منداڵییەوە دەستم پێکردووە، بەڵام بەنیازم تا گەورە دەبم بەردەوام بم لە هەڵپەڕکێ.

 

زیلان بانگی منداڵەکانی کرد، وتی: بە منداڵەکان وت، لەبری ئەوەی کاتەکانتان لەسەر شەقام و تەلەفۆنەکان بەسەر بەرن، وەرن بەشداری گروپەکەمان بکەن و با پێکەوە هەڵپەڕین.

 

سەرکەوتوو بوو لە هەردوو قوتابخانە و سەما

دیرۆک حەنیفی، تەمەن ١٣ ساڵ ڕایگەیاند، کە خۆشەویستی بۆ هەڵپەڕکێ لە بنەماڵەکەیەوە سەرچاوەی گرتووە و هەستی خۆی بەم شێوەیە دەربڕی: خوشک و برا گەورەکانم لە گروپی هەڵپەڕکێدان، بۆیە من ئاشنا بووم و دڵسۆزی ئەم گروپە بووم، هەر بۆیە پەیوەندیم بە گروپی شەهید دەلیلا کرد، بەهۆی خۆشەویستییەکی زۆرم بۆ هەڵپەڕکێ هەم لە خوێندن و هەم لە هەڵپەڕکێدا سەرکەوتووم.

 

دیرۆک هەروەها ڕایگەیاند، کە پلانی هەیە بۆ بەشداریکردن لە گروپەکانی هەڵپەڕکێی گەنجان و لە کۆتاییدا، وتی: هەندێک منداڵ دێنە لای ئێمە و دوای ماوەیەکی کەم گروپەکە بەجێدەهێڵن، من بە تایبەتی ئەمە بە هەڵە دەزانم، کاتێک شتێکت خۆشدەوێت، پێویستە بیکەیت و پەرەی پێبدەیت، هەر بۆیە لە گروپی شەهید دەلیلا دەمێنمەوە و کاتێک گەورە دەبم پەیوەندی بە گروپەکانی گەنجانەوە دەکەم.