هونەر لە نێو ئاستەنگ و گۆڕانکارییەکاندا دەرگای ڕاستی بۆ ژنان دەکاتەوە

هونەرمەندی سووری ڕەغد شوجاع دووپاتیکردەوە کە شانۆی کارلێککارانە و کاری بەکۆمەڵی ژنان ژینگەی پێویست بۆ دەربڕینی ئەزموونە مرۆییەکان پێکدەهێنن، بەتایبەتی لە نێو ئەو گۆڕانکارییە کۆمەڵایەتییانەی کە لە ناوچەکەدا ڕوودەدەن.

ڕۆشێل جونیور

 

سوەیدا-ژنانی هونەرمەند لە سووریا هەوڵ دەدەن ڕۆڵی هونەر پێناسە بکەنەوە، نەک تەنها وەک ئامڕازێکی جوانکاری، بەڵکو وەک ئامڕازێکی کاریگەر بۆ دروستکردنی دیالۆگ و گەیاندنی دەنگ، سەرەڕای ئەو سنووردارکردنانەی کە چارەسەرکردنی پرسە هەستیارەکانی پەیوەست بە ژنان و ئازادی لەو وڵاتە سنووردار دەکەن.

 

لە ژێر ڕۆشنایی ئەو گۆڕانکارییە خێرا کۆمەڵایەتی و کولتوورییانەی لە کۆمەڵگەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا ڕوودەدەن، هونەر وەک پانتاییەکی گرنگ بۆ دەربڕینی پرسە مرۆییەکان، بەتایبەتی پرسەکانی ژنان و ئەزموونی ڕۆژانەیان سەرهەڵدەدات.

 

ڕەغد شوجاع، هونەرمەندی سووری دیدگای خۆی سەبارەت بە گرنگی شانۆی کارلێککار و کاری بەکۆمەڵی ژنان و ڕۆڵی ئەوان لە دروستکردنی ژینگەی پارێزراو بۆ دەربڕین و بەڵگەنامەکردنی ساتەوەختی مێژوویی دوور لە وتارە فەرمییەکان دەخاتە ڕوو.

 

ڕەغد شوجاع، دەرچووی بەشی شانۆ لە پەیمانگای باڵای هونەرە دراماتیکییەکان باسی لەوەکرد کە ناساندنی شانۆی کارلێککارانە بە سووریا، خاڵی وەرچەرخانێک بووە لە ژیانی پیشەییدا. بە هاوکاری دامەزراوە کولتووری و پەروەردەییەکان بەشداری لە وۆرکشۆپەکانی ڕاهێناندا کردووە، کە ڕێگەی پێداوە فێری تەکنیکەکانی ئەم جۆرە شانۆیە بێت، چ لە بواری نمایش و چ لە نووسینی دەقی کارلێککارانەدا.

 

بۆ ئەو هونەر تەنها ئەزموونێکی کاتی نەبوو

ڕەغد شوجاع کە لە خوێندنگە دەستی بە کاری ڕۆژنامەوانی و ڕەخنەی شانۆ کردووە، ئاماژەی بەوەکرد، هونەر تەنها ئەزموونێکی کاتی نییە، بەڵکو هەڵبژاردەی سەرەکی پیشەیی ئەو بووە و وەک پڕۆژەی دەرچوون وەریگرتووە، لەسەر بنەمای باوەڕەکەی بە توانای دروستکردنی گۆڕانکاری ڕاستەقینە لە کۆمەڵگەدا.

 

ژنان دەتوانن لە ڕێگەی نووسین و نواندنەوە خۆیان دەرببڕن

ڕەغد شوجاع جەختی لەوە کردەوە کە شانۆی کارلێککار ژینگەی پارێزراو بۆ بەشداربووان بۆ دەربڕینی هەست و ئەزموونەکانیان دروست دەکات، بەبێ ئەوەی بترسن لەبەردەم بینەرێکدا بوەستن. وتی: دەتوانن بەشێک بن لەو ئەزموونەی کە دەتوانن لە ڕێگەی نووسین و نواندنەوە خۆیان دەرببڕن، بوونی ژنان لە بواری هونەردا زیاتر دیار و گرنگتر دەبێت. چونکە وەک کاردانەوەیەک دێت بەرامبەر بە ماوەیەکی درێژخایەن لە پشتگوێخستن.

 

ڕۆژانی ژنان نابێت تەنها وەک ئاهەنگێکی ڕەمزی بمێنێتەوە

ڕەغد شوجاع ڕەخنەی لە هەندێک ڕووداو گرت، وەک ڕۆژی جیهانی تێکۆشانی ژنان کە لە تۆرە کۆمەڵایەتییەکاندا بەبێ هیچ کاریگەرییەکی ڕاستەقینە دەگۆڕدرێن بۆ دروشم، جەختیشی لەوە کردەوە کە ئامانجی ڕاستەقینەی ئەم ڕۆژانە تیشک خستنە سەر پرسەکانی ژنان بەتایبەت ئەوانەی کە هەراسان کراون و فەرامۆش کراون و قایل نەبن بە ئاهەنگگێڕانی ڕەمزی.

 

درامای نێوان پێشکەوتن و ئاستەنگەکان

 ئاماژەی بەوەدا کە سنووردارکردن بۆ هونەر هێشتا بوونی هەیە، جا چ لە تەلەفزیۆن یان لە پلاتفۆرمی دیجیتاڵیدا، بەو پێیەی هەندێک لە هونەرمەندان لە کاردانەوەی نەرێنی دەترسن، ئەمەش وایان لێدەکات خۆیان لە باسکردنی بابەتە هەستیارەکان بەدوور بگرن، سەرەڕای گرنگییەکەی، ئاماژە بەوە دەکەن کە ڕەنگە بوارەکانی تری هونەری وەک نیگارکێشی، مۆسیقا و شانۆ لەم چوارچێوەیەدا بوێرتر بن.

 

کاریگەری شەڕ لەسەر جیهانی هونەر

ڕەغد شوجاع ڕوونیکردەوە، شەڕی سووریا ئاستەنگێکی گەورەی بۆ ژیانی پیشەیی دروستکرد، بەو پێیەی ناچار بوو دیمەشق بەجێبهێڵێت و لەنێوان ناوچە جیاوازەکاندا هاتوچۆ بکات، ئەمەش کاریگەری لەسەر سەقامگیری پیشەیی هەبوو و ڕێگری لێکرد لە بەشداریکردن لە وۆرکشۆپە گرنگەکان لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات، سەرەڕای چەندین دەرفەت، شوێنکەوتنی پێشکەوتنەکانی هونەر پێویستی بە ئەزموونی نوێ هەیە، چونکە هونەر بەرهەمی سەردەمی خۆیەتی و مرۆڤ ناتوانرێت بە میتۆدە نەریتییەکان قایل بێت.