"دەبێت سینەماکاران لە ڕێگەی کارەکانیانەوە کولتووری کوردی بپارێزن"
لە ڕۆژی جیهانی سینەمادا بەشێک لە دەرهێنەرانی کورد لە هەڵەبجە نمایشی کارەکانیان کرد و لە پەراوێزی کارەکاندا داوا دەکەن کار لە سەر کولتوری کوردی بکرێت و جوانییەکانیش بە کۆمەڵگە نیشان بدرێت.
هەڵەبجە
بەڕێوەبەرایەتی گشتی ڕۆشنبیری و هونەر لە شاری هەڵەبجە لە ڕۆژی جیهانی سینەما، ٢٨ی کانوونی یەکەمدا، بۆ پشتیوانی سینەماکارانی کورد شەش فیلمیان لە شارەکە نمایش کرد، کە لە دەرهێنانی دەرهێنەرانی کوردە و باس لە ژیان و ڕاستی کۆمەڵگە دەکات.
لیلیان ئەمیر، دەرهێنەری فیلمی ژووری سور لە دوای نمایشکردنی فیلمەکەی وتی: فیلمەکەم باس لەو ژنانە دەکات کە بە تەنها دەژین و لە کۆمەڵگەدا ڕووبەڕووی ئاستەنگ و بەربەست دەبنەوە، هیوادارم فیلمەکەم ببێت بە بەشێک لەو هەنگاوەی کە کێشەی ژنان چارەسەر بکەم و پیشانی بدەم، هەروەها لە ڕێگەی فیلمەکەشەوە هۆشیاری بە کۆمەڵگە بگەیەنین.
هەروەها وتیشی: پێویستە لە فیلمەکاندا دابونەریت و کولتووری کوردی بپارێزین، چونکە ئەگەر کولتوورمان نەپارێزین، چۆن لە فێستیڤاڵەکاندا وەک کورد بناسرێینەوە.