شانۆی "زاگرۆس"؛ ئاوێنەیەک لە تواناکانی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت
هەشتەمین فێستیڤاڵی شانۆی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان "زاگرۆس" لە شاری کرماشان بەڕێوەچوو؛ شوێنێک کە هونەر و تواناییەکان لەسەر تەختەی شانۆ دەدرەوشایەوە، بەڵام ئایا چاوی کۆمەڵگە ڕووی کردە ئەم درەوشاوەییە؟
کرماشان
هەشتەمین فێستیڤاڵی ناوچەیی شانۆی کەسانی خاوەن پێداویستی تایبەت، بە ناوی "زاگرۆس" بە میوانداریی شاری کرماشان و بە بەشداری گروپ و هونەرمەندانی پێنج پارێزگا، لە ناوچەی زاگرۆس بە ناوەکانی ئیلام، سنە، هەمەدان، لوڕستان و کرماشان لە ٦ تا ٩ی کانوونی یەکەم بەڕێوەچوو. لە وەڵامی بانگەوازی پێشوەختە چاپکراوی ئەم فێستیڤاڵەدا، بە گشتی ٨٧ دەقی دراما ڕەوانەی سکرتاریەتی ئەم فێستیڤاڵە کرا، لەو ژمارەیەش ٤٩ دەق پێداچوونەوەیان بۆ کرا و پەسەند کران و لە کۆتاییدا، ١٤ گروپی دراما ڕێگەیان پێدرا بەشداری ئەم فێستیڤاڵە بکەن، کە بریتی بوون لە پێنج گرووب لە پارێزگای کرماشان، چوار گروپ لە پارێزگای سنە، سێ گرووپی خەڵکی پارێزگای ئیلام، گرووپێک خەڵکی پارێزگای هەمەدان و گرووپێکی خەڵکی پارێزگای لوڕستان لە هۆڵی "ئنتزار"ی کرماشان نمایشی خۆیان پێشکەش کرد. لە کۆتاییدا ڕێز لە گروپە بەشداربووەکان و هونەرمەندان گیرا،هەروەها لەم فێستیڤاڵەدا ڕێز لە سەرجەم هونەرمەندانی بەشداربوو گیرا و ئەو شێوازە کێبڕکێیەی کە لە زۆربەی فێستیڤاڵەکاندا دەبینرێت دوور کەوتەوە.
ئەم فێستیڤاڵە لە بوارەکانی شانۆ لە سەر تەختەی شانۆ، شانۆی سەر شەقام، ژینگە، منداڵان و هەرزەکاران، بوکەڵەسازی، شانۆنامەنووسین بەڕێوەچوو و هەموو خاوەن پێداویستییە تایبەتەکانی جەستەیی، بینین، بیستن، تێکچوونی دەروونی، نەخۆشانی دەروونی و بەساڵاچووان ئامادەبوون. هەروەها لە هەمان کاتدا کە ئەم فێستیڤاڵە بەڕێوەچوو، وۆرک شۆپ و کۆبوونەوەی تایبەتمەند و پەروەردەیی بۆ بەشداربووانیش بەڕێوەچوو.
یەکێک لە سەرنجڕاکێشییەکانی ئەم فێستیڤاڵە نمایشی ژن و مێردێکی گەنجی خەڵکی شاری سنە بوو، کە سەرەڕای خاوەن پێداویست بوونی هەردووکیان، چەند ساڵێکە پێکەوە دەژین و لە هەمان کاتدا بەدوای پیشە و ژیانی هونەری خۆیاندا دەگەڕێن. گفتوگۆیەکی کورتمان لەگەڵ ئەم دوو هونەرمەندە کرد کە لەم فێستیڤاڵەدا درەوشایەوە.
"هەموو ئەندامانی گروپەکەمان خاوەن پێداویستی تایبەتن"
یەکەم گفتوگۆمان لەگەڵ سودابە گوڵنەما بوو، کە لەبارەی سەرجەم ئەندامانی خاوەن پێداویستی تایبەتی گرووپەکە و ئەو شانۆیەی کە پێشکەشیان کردبوو ڕوونیکردەوە: " نزیکەی دوو ساڵە لە هونەری شانۆدا کار دەکەم، ساڵ. هەمووی ئەندامی گروپەکەمان خاوەن پێداویستی تایبەتن. ئێمە نزیکەی چوار کەس بووین کە بەشداریمان لەم فێستیڤاڵەدا کرد و بابەتی شانۆکەمان چیرۆکی ژن و مێردێک بوو کە لە سەرەتای ژیانیاندا بڕیار دەدەن کۆچ بکەن بۆ ئەمریکا، بەڵام زنجیرەیەک کێشەیان بۆ دروست دەبێت و هەر جار بڕیارەکەیان دەگۆڕن و بڕیار دەدەن نەچن".
"کێشەکان نەبووەتە هۆی ئەوەی کە خۆمان پەراوێز بخەین"
زانیار خەیرئابادی، هاوشێوەی هاوسەرە هونەرمەندەکەی، باسی لە بارودۆخی ژیانی خاوەن پێداویستی تایبەت و تێڕوانینی کۆمەڵگەی بۆیان کرد و وتی: لە ساڵی ٢٠٠٧ وە دەستم بە کاری شانۆ کردووە، لە شانۆی خاوەن پێداویستییە تایبەتەکان و شانۆکانی تردا کارم کردووە. ئێمە دەمانەوێت بۆ خۆمان، کۆمەڵگە و هەرکەسێک کە کارەکانمان ببینێت بیسەلمێنین کە سەرەڕای ئەوەیکە کێشەی باڵا، یان کێشەی جەستەییمان هەیە، بەڵام ئەو کێشانە نەبوونەتە هۆی ئەوەی کە ئێمە لە گۆشەدا گیر بخۆین و لە کۆمەڵگەدا ناچالاک بین، پێویستە کۆمەڵگە تێبگات کە بەڕاستی ئەمە بارودۆخی ئێمەیە، ڕاستە هەندێک شتمان نییە، بەڵام هەندێک شتمان هەیە و دەتوانین لە کۆمەڵگەدا چالاک بین و خۆمان نیشان بدەین. داواکاریی من ئەوەیە خەڵک وزەمان پێ بدەن تا بتوانین بەردەوام بین لە چالاکییەکانمان".