شانۆی دورینەوەی ئازار لە ڕۆژی دووەمیدا لە سلێمانی نمایش کرا

لە کۆتا ڕۆژی هەڵمەتی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، شانۆی "دورینەوەی ئازار" لە سلێمانی نمایش کرا.

سلێمانی

 

لە کۆتا ڕۆژی هەڵمەتی ١٦ ڕۆژەی جیهانی بەرەنگاربوونەوەی توندوتیژی دژی ژنان، دواینیوەڕۆی ئەمڕۆ ١٠ی کانوونی یەکەم، بە دەستپێشخەری ڕێکخروای خەڵک بۆ گەشەپێدان و هاوکاری ئەنجومەنی باڵای خانمان و گەشەپێدان، شانۆی "دورینەوەی ئازار" لە ڕۆژی دووەمی نماشکردنیدا لە ناو سەرای شاری سلێمانی نمایش کرا.

 

ئەم شانۆیە کە دوێنەش لە شاری هەڵەبجە نمایشکرا، لە نووسین و دەرهێنانی ڕۆژە حەسەن و کاروان سۆفییە؛ کە باس لەو توندوتیژییانە دەکات کە ژنێکی کورد لە ناو کۆمەڵگەدا ڕووبەڕووی دەبێتەوە.

 

ڕۆژە حەسەن، یەکێک لە دەرهێنەرەکانی شانۆکە، باسی لە ناوەڕۆکی شانۆکە کردو وتی: ئەم شانۆیە جەختکردنەوەیەک بوو لە سەر ئازاری ژنانی کورد لە ناو کۆمەڵگەدا و ئێمە بە شێوازێکی سیمبۆلیک لە سەری کارمان کردووە، پێمان خۆش بوو شانۆکە لە دوو ڕۆژی جیاوازدا و لە ناو هەڵمەتی ١٦ڕۆژی بەرەنگاربووونەوەی توندوتیژی دژی ژنان نمایش بکرێت.

 

هەروەرها لە کۆتایی قسەکانیدا ئاماژەی بە گرنگی شانۆ وەک ئامڕازێک بۆ نزیکبوونەوە و دەڕبڕینی هاوسۆزی بۆ خەڵک کرد و وتی: لە ڕێگای شانۆوە دەتوانین کاریگەرتر پەیامەکانمان بگەینین.