کوشتنی دایکێک و کچەکانی؛ هێشتا هۆكاری كارەساتەكە ئاشكرا نەكراوە

ساڵێك بەسەر ڕووداوی کوشتنی دایكێک و دوو کچیدا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا کارەساتە دڵتەزێنەکە لەبەرچاوی خەڵکی سنوورەکە ون نەبووە، دانیشتووانی گەڕەكەكە هێشتا حەسرەت بۆ رۆحی پاکیان هەڵدەکێشن و پێیانوایە كوژراوەكان بە دەستی پیاوێکی تووڕە و دڕندە بە نامەردی کوژران.

شیا کۆیی

 

کۆیە- ساڵێک لەمەوبەر و لە ١٧ی ئایاری ٢٠٢٣ لە گەڕەكی ئازادی شارۆچکەی کۆیە، پیاوێک تەقەی لە ماڵ و منداڵەکەی کرد و دوو کچی خۆی و هاوژینەکەی کوشت، کوڕێکیشی لەم ڕووداوە بریندار بوو، هاوکات تەقەی لە پیاوێكی دراوسێیان کرد و ئەویشی کوشت.

 

دراوسێكانی بكوژ (رزگار قادر) باس لەوە دەكەن، ڕووداوەکە کاتژمێر ٩ی بەیانی بووە، ئەوان دەڵێن: بکوژەکە دراوسێیەكی کوشت بە ناوی سیامەند، هاوكات کوڕەکەی خۆیشی بریندار کرد، کە تەمەنی ١٤ ساڵان بوو، گوایە ئەو منداڵە چووە بەم دراوسێ دوكاندارەی وتووە، "مامە وەرە، بابم دەمانکوژێت".

 

چیرۆكەكە لەوەوە دەست پێدەكات، كە مام سیامەندی دوكاندار دەیەوێت فریایان بكەوێت، بەڵام بکوژەکە دێتە دەرەوە و تەقە دەکات، لە ئەنجامی تەقەكردنەكەیش کوڕەکەی خۆی بریندار دەبێت و مام سیامەندیش لەناو دوکانەکەی خۆیدا دەکوژرێت، پاشان بكوژ دەچێتەوە ژوورەوە و تەقەیەکی زۆر دەکات، دار و دیواری کۆڵانەکە بەر فیشەكی تەقەكەرەكە دەكەون، کەس ناوێرێت بچێتە ژووورە و بزانێت چ باسە، بەڵام لەوێدا گۆمی خوێن دروستبووە و ڕزگار قادر هاوژینەکەی و دوو كچی خۆی دەکوژێت.

 

كوژراوەكان ناویان فاتیمە عەبدوڵا- ٦٣ ساڵ و چرا ڕزگار قادر- ٣١ ساڵ و چرۆ ڕزگار قادر-١٨ ساڵە، بە دەستی باوکیان دەکوژرێن و هەموو خەونەکانیان لە سێ گۆڕی تەنیشت بە یەکتر دەنێژرێن.

 

"هاوژینی خوشکەکەم خراپ و دڵپیس بوو"

گوڵێ عەبدوڵا، خوشکی فاتیمەیە، تا ئێستا برینی خوشکەکەی ساڕێژ نەبووە، کە ناوی خوشك و خوشكەزاكانی دێت، هەنسک دەدات، بۆ نوژنها دوا و وتی: خوشکەکەم لەوەتەی هەیە کێشەی لەگەڵ هاوژینەکەی هەبوو، چونکە زۆر دڵپیس و خەراپ بوو لەگەڵیان، نەیدەهێشت خوشکەکەم بێتە سەر گۆڕی باوكیشم، هەرگیز نەیدەهێشت بێنە دەرەوە، چەندین جار خوشکەكەم ماڵی بەجێدەهێشت، بەڵام دوایی دەیگوت ناکرێت ٧ منداڵ جێبهێڵم، فاتیمەی خوشكم پێنج کوڕ و دوو کچی هەبوو، دەیگوت شەرمم بەخۆمە داوای جیابوونەوە بکەم.

 

گوڵێ دەربارەی خوشکەكەی و کچەکانی بەدەم گریانەوە، دەڵێت: خوشکەكەم پەرستار بوو لە نەخۆشخانە، هەر زوو ڕێگری لێکرد و نەیهێشت بەردەوام بێت لەسەر کارەکەی، ئەوکات پێموت ئەو پیاوە بە کەڵکی تۆ نایەت، بەڵام ئەو وتی شەرمم بەخۆمە و ئێمە بێکەس بووین، باب و برامان نەبوو، بۆیە دەیوێرا بەرامبەر خوشکەکەم هەموو شتێک بکات.

 

"ئارامگرتن باش نییە لەگەڵ پیاوی توندوتیژدا"

گوڵێ دەیەوێت لە ڕێگەی نوژنها بە ژنان بڵێت، کە ئارامگرتن باش نییە لەگەڵ ئەو جۆرە پیاوانە، پێویستە زوو لێیان جیاببنەوە و دەشڵێت: دایکان و خوشکان ئەگەر دەزانن کوڕەکەتان، براکەتان، خراپە و بە كەڵكی هاوسەرگیری نایەت، تكایە کچی خەڵک ماڵوێران مەکەن و ژنی بۆ مەهێنن، با کۆتاییان وەک ماڵی خوشکەکەم نەبێت.

 

دەربارەی کەیسەکەشی گوڵێ دەڵێت: بە ئێمەیان وتووە کە لە ڕۆژی سێشەممەی يابردوو حوکمی هەتاهەتایی بۆ تاوانبارەكە دەرچووە، بەڵام من هیچ بەو سزایە ڕازی نیم و دڵم ئاسودە نابێت، دەبوو بکرایە بە پەند بۆ هەموو پیاوێکی خراپ، کە توندوتیژی بەرامبەر بە ژن دەكات.

 

نوژنها ویستی زانیاری زیاتر لە بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی کۆیە دەربارەی کەیسەکە و ئەنجامەكانی لێکۆڵینەوە وەربگرێت، بەڵام ئەوان پێیانوتین کە کەیسی تاوانبار ڕزگار قادر ڕەوانەی دادگای تاوانەكانی هەولێر کراوە و تا ئێستا هیچمان بۆ نەهاتووەتەوە کە سزا درابێت، چونکە ئەگەر سزا بدرێت بە نووسراو بۆ ئێمە دێت.