"هیوا تاکە شتە کە بەهێزترە لە ترس"

ئێمە زیاتر لە لەناوبردنی دەسەڵاتێکی چەوسێنەر و دیکتاتۆر، دەبێت سەرنجمان لەسەر دووبارە نەبوونەوەی هەمان دیکتاتۆریەت و چەوساندنەوە بێت لە دەسەڵاتی دوای شۆڕشدا.

بانە ڕۆز

 

سلێمانی- ڕۆژگاری ئەمڕۆی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی لە ژێر دەسەڵاتی سیستمی چێنایەتی و قازانجویستی سەرمایەداری بەڕێوە دەچێت، ئەم سیستمەش بە چەند قۆناغێکدا گەشتووە بەم ئاستە باڵایەی ئێستا و تەواوی جیهانی لە چوارچێوەی یاریەرکدا کۆکردووەتەوە. زنجیرە فلیمی "یاریەکانی برسێتی- The Hunger Game" لە ساڵی ٢٠١٢ و ساڵەکانی دوای ئەوە بەرهەم هاتووە و لە پەرتوک-ڕۆمانێکەوە وەرگیراوە لە نوسینی "سوزان کوڵینس" کە دوا بە دوای بەناوبانگ بوونی چیرۆکەکەی، لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا ناوی چووە لیستی ڕەشەوە بە تۆمەتی "کۆمۆنیست بوون".

 

ئەم زنجیرە فلیمە، کۆمەڵێک پێشهات و پێشبینی و ڕاستی دەخاتەڕوو کە تاکی ئێستای جیهان لەبەرچاوی ون دەکرێت، یەکێک لە هەرە خاڵە گرنگەکان کە ئاماژەی پێ دەدرێت ئەوەیە، کە ئێمە هەموومان دوژمنێکی هاوبەشمان هەیە ئەویش سیستمی سەرمایەداری و درێژەپێدەرەکانیەتی، پێویست دەکات لە دژی ئەم دوژمنە هاوبەشە یەک بگرین و شۆڕش بکەین تا ڕزگار ببین. گەر بە شێوەیەکی گشتی باس لە زنجیرە فلیمەکە بکەین، چیرۆکەکە وا دەردەکەوێت کە هەرێمێک هەیە پێکهاتووە لە ١٣ شارۆچکە و یەک پایتەخت بە ناوی (کاپیتۆل)، ئەم ١٣ شارۆچکەیە بە ژمارەکانیان ناو دەبرێن و ساڵانێک پێش ئەوە کۆتا شارۆچکە (شارۆچکەی ١٣) خاپوور کراوە، بەهۆی ئەوەی خەڵکەکەی شۆڕشیان لە دژی کاپیتۆل کردووە و شکستیان خواردووە، کەواتە ١٢ شارۆچکە ماوەتەوە و لەم شارۆچکەیانەش خەڵکی پڕۆلیتاری و زۆر هەژار ژیان دەکەن.

 

ساڵانە بە درێژایی ساڵانی حکوومڕانی ئەو سیستمە، یاریەک هەیە بە ناوی "یاریەکانی برسێتی" کە لە هەر ١٢ شارۆچکەکە ئەنجام دەدرێت بە هەڵبژاردنی ژنێک و پیاوێک لە نێوان تەمەنی ١٢ بۆ ١٨ ساڵان، ناوی هەر تاکێکی گەنج دەچێتە تیروپشکەوە و ساڵ بە ساڵ ژمارەی دووبارە بوونەوەی ناوەکانیان لەو تیروپشکەدا زیاد دەکات، دانیشتوانی ئەم شارۆچکەیانە زیاد لە پێویست هەژارن بە جۆرێک زەحمەتی دەکێشن لە نان خواردندا و وەک لە سەرەتای فلیمەکەشدا دیارە، "گەیڵ" سەموونێک دەهێنێت بۆ "کاتنیس" و کاتنیس بڕوا ناکات کە سەموونی ڕاستیە یاخود نا، بۆ ئەمەش هەندێک جار تاکەکان دەچن قەرزی خواردن لە کاپیتۆل دەکەن و ئەمەش چەند جارێک ناویان دووبارە دەکاتەوە لە تیروپشکەکەدا و ئەگەری هەڵبژاردنیان زیاتر دەبێت.

 

"یاریەکانی برسێتی" چیە؟

یاریەکە لە ناو دارستانێکی دروستکراودا دەکرێت بە بەشداری ٢٤ گەنج لە ١٢ شارۆچکەوە، لەم دارستانەدا، کۆمەڵێک ئاڵنگاری هەیە دەبێت بەشداربووەکان لێی دەرباز ببن، وەک خواردنی ژەهراوی، ئاژەڵی دروستکراو و تەڵە، لە هەمووی نامرۆڤانە تر، ناچار دەکرێن کە یەکتر بکوژن، هەموو ئەم بەشداربووانە هەم دەبێت لە هەوڵی پاراستنی خۆیاندا بن، هەم دەبێت لە هەوڵی "بردنەوە"دا بن کە ئەویش کوشتنی هەموو بەشداربووەکانی دیکەیە. ئەوەش کە بووە براوە، خۆی و خێزانەکەی دەچنە دەوڵەمەندترین بەشی شارۆچکەکەیان دەژین کە پێی دەوترێت "گوندی سەرکەوتووەکان".

 

"فلیمی یەکەم؛ یاریەکانی برسێتی"

لە فلیمی یەکەمدا، سەرەتاترین دیمەنەکان بە دڵەڕاوکێ و بارودۆخی ناهەمواری کۆمەڵەیەک دێتە بەرچاو کە پڕۆلیتارین، لە ناوچە سنووردارکراوەکانی خۆیانەوە خەریکن خۆیان ئامادە دەکەن بۆ ٧٤ەمین ساڵی "یاریەکانی برسێتی" و کاتنیس ئێڤەردیین، خۆی دەبەخشێت و لە جیاتی خوشکە ١٣ ساڵانەکەی، کە ناوی لە تیروپشکەکەدا دەرچووە، دەچێتە یاریەکەوە. ئەوەی گرنگە و لەم بەشەی فلیمەکەدا ئاماژەی پێ دەدرێت، ئەو شێوازی ئارایشت و خۆگۆڕین و شێوازی دەرکەوتنەیە کە لە دانیشتوانی کاپیتۆڵ دەبینرێت، ڕەنگی قژی نامۆ، ڕوخساری نامۆ، جلوبەرگی نامۆ، ئەویش بۆ ئەوکاتەی دروستکردنی چیرۆکەکە، پێشبینیەکی زۆر ورد و لە جێی خۆی بووە بۆ داهاتووی مرۆڤایەتی لە ناو سیستمی بۆرژوازیدا، کە ئێستا وەک دەرئەنجام هەمان وێنە دەبینینەوە لە جیهانی ڕاستی ئەمڕۆدا، بەتایبەت وڵاتانی ڕۆژئاوا، کە یەکێک لە ڕێگاکانی داماڵینی مرۆڤ لە بەهای مرۆڤایەتی خۆی، گۆڕینی ڕوکاریەتی.

 

لەگەڵ ئەوەشدا، دەتوانین بە ڕوونی ئەو یاریانە ببینین کە لەگەڵ بەشداربووەکاندا دەکرێت و جۆرێک لە سیناریۆی میدیایی دروست دەکرێن، تەنها بۆ ڕووکەش و چیژی کەسانێک لە دەسەڵاتدا، بە گشتی لەم فلیمەدا، دەردەکەوێت کە کاتنیس کچێکی جیاوازە و ئەگەرچی کەسایەتیەکی سارد و ڕەقی هەیە، بەڵام لەوە زیرەکترە کە بیەوێت بۆ ڕزگارکردنی خۆی بچێتە ژێر ڕکێفی یاریەکەوە کە تیایدا لە مرۆڤایەتی دەخات، لە کۆتایی فلیمەکەدا کاتنیس ئامادە نابێت هاوڕێکەی خۆی، "پییتا مەلارک" کە لە هەمان شارۆچکەی خۆیەوە هاتووە، بکوژێت. لەبەر ئەمەش بڕیارێک دەردەچێت کە دوو کەس دەتوانن ببن بە براوە و هەردووکیان دەگەڕێنەوە ناو خێزانەکانیان وەک "سەرکەوتووەکان".

 

"فلیمی دووەم؛ گڕ گرتن"

بەهۆی ئەوەی کاتنیس هەم لە ناو شارۆچکە پڕۆلیتایەکانی تردا و هەم لە ناو کاپیتۆلدا دەبێتە سیمبول، "سنۆو" کە سەرۆکی هەرێمەکەیە، بڕیار دەدات کە نەهێڵێت بە ئاسانی بمرێت و دووبارە لە کۆمەڵێک یاریدا شەڕی پێ بکات، بەڵام ئەم جارە بە نیەتی شێواندنی وێنەی ئازایەتی کاتنیس و ئەوجا کوشتنی یاخود گۆڕینی، بۆ ئەوەی لە دوای کاتنیسەوە کەس بوێری نەکاتەوە کە هەمان ئازایەتی دەربخات و ببێتە هەڕەشە لەسەر کاپیتۆل. بۆیە لە ٧٥ەمین ساڵی یاریەکاندا بڕیارێکی جیاواز دەردەکەن کە ئەمجارە لە تیروپشکەکەدا، براوەکانی ساڵانی پێشوو دووبارە ببنەوە بە شەڕکەر و بیاندەن بەیەکدا.

 

ئەمە بەتەواوی کاتنیس وێران دەکات، چونکە ئەو خۆی لە مۆتەکەکانی یاریەکەی پێشوو ڕزگاری نەبووبوو، ئێستا ناچارە دووبارە لە هەمان مۆتەکەدا بژیەتەوە. لێرەدا کاتنیس دووبارە بە هەمان جۆر ڕەتی دەکاتەوە بە شێک بێت لە یاریەکە و تا بتوانێت ئازاری کەسی دیکە نادات، بەڵام ئەوەی کە ئاگایان لێ نیە ئەوەیە کە بەشێک لە ڕێکخەرانی یاریەکان یاخین و ژێر بە ژێر هەوڵی ڕزگارکردنی کاتنیس دەدەن تا ببێتە ڕوخساری شۆڕشێک، لە دوا دیمەنەکانی ئەم بەشە فلیمەشدا کە کاتنیس دوای ئەو هەموو یاریکردنە لێی دەشێوێت کە ئایا کێ هاوڕێیەتی و کێ دوژمنیەتی، "فینیک" کە یەکێکە لە بەشداربووە یاخیەکانی دیکە، پێی دەڵێت: "بیرت بکەوێتەوە کێ دوژمنە ڕاستەقینەکەیە" و دوا بە دوای ئەم قسەیە کاتنیس تیرەکەی ئاڕاستەی ئاسمانە دەستکردەکە دەکات و هەموو کارەبای دارستانەکە تێک دەدات.

 

"فلیمی سێهەم و چوارەم؛ مۆکینگجای ١&٢"

لەم دوو بەشە فلیمەدا، کاتنیس ڕزگار دەکرێت و هەموو پڕۆلیتاریە یاخیەکان دەچنە شارۆچکەی ١٣ و لەوێ خەریکی پلان دانان دەبن بۆ شۆڕشێكی سەرتاسەری لە تێیدا کاپیتۆل و سنۆو دەڕووخێنن، بێگوومان شەڕ و کوشتارگەکان کۆتاییان نایەت و تەنانەت شارۆچکەی ١٢ کە شارۆچکەی کاتنیسە، دەکرێت بە یەک پارچە وێرانە و بۆردوومان دەکرێت لە سزای یاخیبوونی کاتنیسدا. لێرەدا گەر باس لە وردەکاریەکان بکەین ئەویش ئەوەیە کە هەمان ئامێرە تەکنەلۆجی و داهێنانە گەورەکانی کاپیتۆل، دەکرێتەوە بە چەکێک و دژی سنۆو کاری پێ دەکرێتەوە، کارەکتەرێکیش وەک ڕابەری شۆڕشەکە دێتە باسەکەوە، کە ژنێکە بە ناوی "کۆین"، ڕابەرایەتی و سەرکردایەتی شۆڕشەکە دەکات و کاتنیس دەکات بە سمبولی بەرخۆدانەکە.

 

بە گشتی لەم دوو بەشە فلیمەدا هەوڵی بەرەنگاری سیستمەکە بە ڕاستەوخۆیی دەدرێت و لە کۆتاییدا یاخیەکان سەردەکەون بەسەر کاپیتۆڵدا و سنۆو دەگرن. بەڵام گرنگترین خاڵی تەواوی زنجیرە فلیمەکە لە کۆتا کردەی بکوژی کاتنیسدایە، لە کۆتایی شۆڕشەکەدا کاتێک سەرکردە کۆین کۆبوونەوە بە شۆشگێرە ماوەکان دەکات، باس لەوە دەکرێت کە "یاریەکانی برسێتی" دەبێت بەردەوامی پێ بدرێت بە هەمان جۆر، بەڵام ئەمجارە بۆ منداڵەکانی کاپیتۆڵ. بۆ ئەمەش چەند دەنگێک بەدەست دەهێنێت، و کاتنیس لە بەرامبەر ڕازیبوونیدا بەو مەرجە، داوا دەکات کە خۆی سنۆو بکوژێت. کاتێک لە لە مەیدانەکە بە خۆی و تیر و کەوانەکەیەوە دەچێت بۆ کوشتنی سنۆو، سەرکردە کۆین لە سەروو سنۆو وەستاوە و تەماشای کاتنیس دەکات، کاتنیس تیرەکەی ئاڕاستەی سنۆو دەکات و ڕایدەکێشیت، بەڵام پێش ئەوەی بیهاوێژێت ئاراستەی تیرەکەی دەگۆڕێت و سەرکردە کۆین دەکوژێت لە جیاتی سنۆو. ئەمەش بوێرانەترین و زیرەکانەترین دەرئەنجامە بۆ ڕاپەڕین، کە ئێمە زیاتر لە لەناوبردنی دەسەڵاتێکی چەوسێنەر و دیکتاتۆر، دەبێت سەرنجمان لەسەر دووبارە نەبوونەوەی هەمان دیکتاتۆریەت و چەوساندنەوە بێت لە دەسەڵاتی دوای شۆڕشدا.

 

"کاتنیس ئێڤەردین: من نەمدەویست ببمە مۆکینگجای"

کاتنیس ئێڤەردین، کچێکی ١٦ ساڵانە کە لەگەڵ دایک و خوشکە ١٣ ساڵانەکەی لە شارۆچکەی ١٢ ژیان دەکات و بەرپرسیارێتی خێزانەکەی کەوتووە بەسەریدا دوای مردنی باوکی لە کاتی کرێکاریدا، کاتنیس کەسایەتیەکی کەم دوو و سارد و سڕی هەیە و کەمترین سۆز کار پێدەکات، بەڵام مرۆڤێکی خاوەن بەها و ویژدان و مەبدەئە.

 

گرنگترین لایەن کە لە کاتنیسدا درکی پێ دەکەین ئەوەیە کە کاتنیس لەگەڵ هۆشداری و زیرەکی و بوێریەکەیدا، هەرگیز خواستی بوون بە شۆڕشگێڕی نیە و ناخوازێت ببێتە سیمبول و هیوا بۆ گەلەکەی، چونکە کاتنیس تەنها گەنجێکی ١٦ ساڵانە کە دەیەوێت خێزانەکەی بپارێزێت و بەبێ ترس بژی، بەڵام بارودۆخی نیشتیمانەکەی ناچاری دەکات تا کۆتایی ببێتەوە بە ئامێرێک بۆ بەرەوپێشچوونی شۆرش و بەبێ ویستی خۆی دەبێتە هیوا.

 

وەک دەرئەنجام

ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ئەم سیستمە هەم لە دەسەڵاتداریدا و هەم لە بەرەنگاری کردنیدا، هیچ هەڵبژاردەیەک بۆ مرۆڤ جێناهێڵێت، جگە لە چەشتنی مەینەتی، بۆ ئەمەش هەمیشە کۆمەڵێک کەس دەبێت ببنە قوربانی بارودۆخەکە. کاتنیس زیاتر لەوەی شۆڕشگێڕ بوو، قوربانی بوو.

 

تەواوی فیلمەکە باس لەوە دەکات، کە سیستمی سەرمایەداری ئەمڕۆ، چەشنی فیلمەکە مرۆڤ لە بێچارەیی و قۆرغکاریدا پەروەردە دەکات، کە بۆ مانەوەی خۆی دەبێت شەڕی کوشتنی فیزیکی و لۆژیکی دەوروبەری بکات. فیلمەکە قەدەغە کرا، چونکە ڕەنگێکی تر دەبەخشێت بە شۆڕشەکان، ئەویش ئەوەیە، جیاواز لە سەدەکانی پێشوو، دەبێت شۆڕشی ئەمڕۆ شۆڕشی گۆڕانکاری بێت، نەک دووبارەبوونەوەی دیکتاتۆریەت بێت لە بەرگی کەسێکی دیکەدا.