"سیستمی سەرمایەداری وەبەرهێنەری دەسەڵاتدارییە"

سیستمی سەرمایەداری لە مێژووەوە لە ڕێگەی دەسەڵاتدارانەوە هەوڵی پەیڕەوکردن و سەپاندنی دەدرێت، بۆ ئەم مەبەستەش یاسایان بەکارهێنا و کۆمەڵگەیان لە بوونی ئەخلاق دوورخستەوە و توانیان لە هەموو جیهاندا ئەو سیستمە بەکاربەرن.

سلێمانی

 

شرۆڤەکردنی سەرمایەداری زۆرترین قسەی لە بارەوە کراوە، ئەوروپا یەکێکە لەو ناوچانەی سەرکەوتنی تیایدا بەدەستهێناوە، ئەوروپا و زهنیەتی ئەوروپی سەرباری ئەوەی زۆرترین قسە سەبارەت بە سەرمایەداری دەکەن، بەڵام ئەمانیش ڕاستینەی هەبوونی سەرمایەدارییان کردووەتە ڕۆحانی، تەنانەت مەسیحی سۆسیالست و ئەنارشیستەکانیش کە خۆیان بە ڕکابەری هەرە دژواری سەرمایەداری دادەنێن، دەکەونە ناو سیستمەکەوە.

 

هزر و ئەقڵی ناوەندگەرایی ئەوروپا قوتابخانەیەکە، لە سەدەی شازدە بە دواوە وەک سیستمێکی جیهانیی قۆناغی هەژمونگەراییان دەستپێکردووە، سەرکەوتنی سەرمایەداری لە باکووری خۆرئاوای ئەوروپا فاکتەری جوگرافی و گرنگی شوێن دەخاتە بەرچاو، سەرمایەداری بە شێوەیەکی بنەڕەتی هاوکاتی قۆناغی پووکانەوەی پەرەسەندنی شارستانییەتە.

 

کاتێ باس لە سیستمی سەرمایەداری دەکرێت، ناکرێت وەک هزر و چالاکییەکی نەگۆڕ هەڵبسەنگێندرێت، بە شێوەیەکی سەرەکی کاتێک دەڵیین سەرمایەداری، پێویستە وەک بەسیستمبوونی چالاکی ئەو کەس و گروپە هەلپەرستانە لێی تێبگەین کە لە کەلێنەکانی کۆمەڵگەدا جێگیربوون و لەگەڵ زیادبوونی ماتە وزەی زێدە بەرهەم لە کۆمەڵگەدا مشەخۆرانە زیادەکە دەکڕێننەوە و دەیخۆن.

 

دەسەڵات و یاسا سیستمی سەرمایەدارییان بەهێز کرد

 

ڕێبەری گەلی کورد، عەبدوڵا ئۆجالان، لە بارەی سەرمایەداری و یاساوە دەڵێت: "سیستمی سەرمایەداری لە سەرەتاکانیدابوو دەسەڵات و یاسا پێیانگەیاند، کاتێک دەسەڵات و یاسا لە خزمەتی سیستمی سەرمایەداریدا بوون سوودی لێوەرگرتوون، کاتێک زیانی بە بەرژوەندییەکانیشی گەیاندووە دوودڵ نەبووە لە ڕووخاندنی ڕێچکە و شێوازی بەڕێوەبردنی، هەندێک جار بەشداری لە دژوارترین یاری شۆڕشگێڕیدا کردووە بەتایبەتی لە قۆناغەکانی قەیراندا لە کودەتای فاشیستانەوە تا دەگاتە کودەتای کۆمۆنیستی ساختە" هەروەها ئۆجالان مانەوەی سەرمایەداری بە بوونی دەسەڵاتەوە دەبەستێتەوە، واتە سەرمایەداری دەسەڵات بە قەڵغانی خۆی دەناسێنێت.

 

یاسا دەزگایەکە چەندە بە گشتی پەیوەندییەکانی بازرگانی، بازاڕ و شار پەرە بسەنێت، خۆی دەسەپێنێت، ئەو کۆمەڵگەیانەی یاسایان تێدا کەوتووەتە گەڕ، کۆمەڵگەیەکن ئەخلاقیان تێدا بەلاوە نراوە، ڕۆڵی توندوتیژی تیایاندا زیاد بووە و ڕێگەیان لە پێش کائۆس-خراپەکاری کردووەتەوە، بە شێوەیەکی بەرفراوان هەست بە نەبوونی یەکسانی دەکرێت.

 

ئەرکی یاسا بووەتە ڕەوایەتیدان بە نایەکسانی و خراپەکارییە

یاسا جۆرێک لەو دەوڵەتەیە کە وەستاوە، ئارامە و جێگیری بەدەستهێناوە، دامەزراوەیەکە زۆرترین پەیوەندی بە دەوڵەتەوە هەیە، وابەستەبوونی بازرگانی دەوڵەت هەر لە سەردەمی سەرهەڵدانییەوە تا سەردەمی سەرمایەداریبوون، بەردەوام ئاڵۆزتر بووە، یاسا هەندێک کات خزمەت بە کەمکردنەوەی کێشەکانی سیاسەت دەکات، هەندێک کاتیش هەوڵی زیادکردنی کێشە سیاسییەکان دەدات، ئەرکی یاسا گەرەنتیکردنی هەڵوێستی یەکسانیخوازی بەرامبەر هاوڵاتیان نییە، بەڵکو بە پێچەوانەوە نایەکسانییەکان ڕەوا دەکات.

 

ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت: کۆمەڵگە بە بێ بوونی ئەخلاق بوونی نییە، ئەخلاق یەکەمین پرەنسیپی ڕێکخستنی کۆمەڵگەی مرۆڤە، یاسا لە ئاستێکی یەکساندا ڕەفتار لەگەڵ تەواوی کۆمەڵگە دەکات، بەڵام ڕۆڵ و مافە جیاوازەکان ڕەچاو دەکات، لە سەرەتادا نوێنەرایەتی ویژدانی کۆمەڵگە دەکات، بەڵام لەگەڵ بەدەزگابوونی پلەبەندی و دەسەڵاتی سیاسی بە شێوەی دەوڵەت، یەکەمین زەبر لە کۆمەڵگەی ئەخلاقی دەدات، بەم شێوەیەش تەنگەژەی ئەخلاقی دروست دەکات.

 

ئەوەی ئازادی نەبێت، ئەخلاقیشی نابێت

لە هەڵسەنگاندنەکانیدا ڕێبەری گەلی کورد، ئەخلاق و ئازادی گرێ دەدات، چونکە لە بنەڕەتدا کۆمەڵگە لە ڕێگەی ئەخلاقی خۆیەوە ئازادی دەستنیشان دەکات، بەو پێیەی ئەوەی ئازادی نەبێت ئەخلاقیشی نابێت، سەرەکیترین ڕێگەی داڕووخانی کۆمەڵگەیەک بریتییە لە دابڕینی پەیوەندیی لەگەڵ ئەخلاقیدا، هەرچی ئەو بۆشاییانەی نەبوونی ئەخلاق دروستی کردوون، تەنها ملکەچبوون و نەبوونی ئازادی دەتوانێت پڕی بکاتەوە.

 

دەسەڵاتداران سیستمیان قۆرغ کرد و خستیانە ژێر دەسەڵاتی خۆیان

کاتێک توخمەکانی سەرمایەداری لە ڕێگەی هێزی پارەوە هەوڵی پەیڕەوکردنی سیاسەتی تواندنەوە لەسەر ڕکابەرەکانی دەدات، دەسەڵات دەیەوێت ڕکابەرەکانی بە خۆیەوە ببەستێتەوە، لە چەرخی ڕێنیسانس، ڕیفۆرم و ڕۆشنگەریدا تەواوی شارستانیەتەکان هەستانە سەرپێ، سەرلەنوێ زیندوو بوونەوە، خۆیان کرد بە گۆرانی، تابلۆ و ئاواز، بوون بە خوداوەند، بوون بە بەندە، شەڕیان کرد و ئاشتبوونەوە.

 

ڕێبەر عەبدوڵا ئۆجالان دەڵێت: لە دەرەنجامدا ئەو ئەندامانەی سەرمایەداری کە سەدان ساڵە لە کەلێن و قوژبنە بێکاریگەرییەکانی کۆمەڵگەدا لە بۆسەدان، وەکو ئامادەترین ڕێکخستن و هێزی ماددی، لەناو ئاڵۆزی ئەم سەدانەی مەحشەردا لە ڕێگەی هێزی پارە، کارە زهنییەکان و توندوتیژییەوە دۆخەکەیان قۆستەوە و بە زەبر خستیانە ژێر دەسەڵاتی خۆیان، سیستمەکەیان بە ویستی خۆیان سەرخست و تا ڕۆژگاری ئەمڕۆش لە پیلانەکانیان بۆ سەرخستنی سیستمە سەرمایەدارییەکەیان بەردەوامن، لە دنیابینی ڕێبەری گەلی کوردەوە، پێویستە تاک، بە تایبەت کورد، کە خاوەن کولتووری سروشتی بوونیەتی، لە بەرامبەر ئەو سیستمە هۆشیار بێت، ئەو دەڵێت، کە پێویستە ژنان لە پیلانگێڕییەکانی سەرمایەداری ئاگادار بن، خۆیان هۆشیار بکەنەوە و بەدوای حەقیقەتدا بگەڕێن، بە تێکۆشانیان دژی سیستم، دەسەڵات، یاسا و بۆ گەڕانەوەی ئەخلاقی کۆمەڵایەتی، ژیانی ئازاد بئافرێنن.