ڕەگی کورد لە مێژوودا؛ بە بنەچە دەگەڕێنەوە سەر سۆمەریەکان

مێژووی کورد بە هۆی پەراوێزخراویەوە بە درێژایی ساڵانی هەبوونی ون بووە، بەڵام لە ئێستادا بە هۆی تێکۆشانی ئازادی گەلی کوردەوە زیاتر لە هەر کاتێک گەل لە گرنگی مێژوو و شوناسی خۆی تێدەگات و بە دوای بنەچەی گەلی کورددا دەگەڕێن.

بانە ڕۆز

 

سلێمانی- مێژووی کورد یەکێکە لە مێژووە هەرە دێرینەکانی کۆمەڵگەی مرۆڤایەتی و لەم ساڵانەی دواییشدا چەنەها بەڵگەی جۆراوجۆر دۆزراوەتەوە کە ئەم دیدگایە دەسەلمێنێت، هەم لە ڕووی زمانەوانیەوە، هەم لە ڕووی ڕۆژژمێرەوە، هەم لە ڕووی ئاسەوار و ئاین و خاکەوە. دەشێت بە هۆی ئەوەی لە سەرەتاکانی دروست بوونی مرۆڤەوە، مرۆڤ هاوتای ئێستا خاوەن نەتەوە و خاکی سنوردار نەبووبێت، کەمێک ناڕوون بێت کە گوایە کام بەشە خاکە و کام نەتەوە کۆنترینە، بەڵام شتانێک لەبەرچاون کە دەکرێت بەرچاوڕوونی زیاترمان بۆ دروست بکات دەربار بەو سەردەم و کات و پێشکەوتنە زانستیەکانی تێدا نەژیاوە کە لە کاتی خۆیدا تۆمار بکرێن. ئەگەر باسی ڕۆژژمێر بکەین، چەندین ڕۆژژمێری دێرین هەیە کە بەروارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ زۆر پێش زاین، کۆنترین ڕۆژژمێری دۆزراوەش کە لە سکۆتلەنداوە سەری هەڵداوە، دەگەڕێتەوە بۆ ٨ هەزار ساڵ پێش زاین، ئەگەر باز بدەینە سەر ڕۆژژمێری کوردی، مێژووەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٧ سەد ساڵ پێش زاین کە بەراورد بە ساڵەکانی زاینی و هەتاوی و هیجری، بەڵگەیەکە لەسەر ئەوەی مێژووی شارستانیەتی کورد کۆنترە لە مێژووی فارسەکان و ئیسلام و تەنانەت مەسیحیش. لە ڕووی زمانەوانیشەوە، زنجیرە بەڵگەیەک دەرکەوتووە کە زمانی سۆمەریەکان، لەیەک چوونێکی زۆری هەیە لەگەڵ زمانی ئێستای کوردیدا، بەتایبەت کورمانجی.

 

سۆمەریەکان، نەتەوەیەک بوون لە باشووری میزۆپۆتامیا، لێکۆڵینەوەکان گەشتوون بە ئەگەری ئەوەی ئەم نەتەوەیە لە سەرەتای سەردەمی نیمچە نووسینەوە بوونیان هەبووە، (واتا کاتەکەی دەگەڕێتەوە بۆ ٦ بۆ ٥ هەزار ساڵ پێش زاین)، بەڵام هێشتا مشتوومڕ لەسەر ئەوەی کە ئایا سۆمەریەکان پێشان لە کوێوە هاتوونەتە باشووری میزۆپۆتامیا کۆتایی نەهاتووە و وەڵامەکەشی نادیارە. سۆمەریەکان، کە خاوەنی کۆنترین شارستانیەتی مێژوون و دێرینترین کۆمەڵەن، سەرچاوەی بەشێک لە داهێنانەکانی جیهانی ئەمڕۆی مرۆڤایەتین، یەکەمین گەلیش بوون کە مێژووی خۆیان لە ڕێی نووسینەوە تۆمار کردبێت و نووسینی مسماری (بزماری) یەکێکە لە داهێنانەکانیانە. سۆمەریەکان لە کۆمەڵەی بچووک بچووکەوە لە دامێنی چیا و دۆڵەکان گەشەیان سەندووە و توانیویانە گرنگیەکی زۆر بە کشتووکاڵ بدەن و کاری سەرەکیان بووە، لەبەرئەوەی شوێنیان نزیک ڕووبار و کەناراو بووە، پاشان چەندین شار و لادێی گرنگیان دامەزراندووە کە دیارترینیان {ئور، لارسا، نیبۆر} بووە، ئەمەش ئەوە دەردەخات کە گرنگیەکی زۆریان بە ئەندازیاری و بیناسازی داوە. شانبەشانی لایەنەکانی دیکەش هونەر و موزیک لەلایان بایەخدار بووە و ئامێری موزیکیشیان داهێناوە، بەڵام گرنگترین داهێنانی سۆمەریەکان نووسین بووە، لێرەشەوە دەرگا دەکەینەوە بۆ ئەو لەیەکچوونانەی درک پێ کراوە لە نێوان زمانی سۆمەریەکان و زمانی کوردی.

 

ئەگەرچی بە پێی نووسراوە مێژووییەکان، ١٧٠٠ ساڵ پێش زاین شارستانیەتەکە بەرەو لەناوچوون چووە، بەڵام زمانەکە بە زیندوویی هێڵراوەتەوە و دواتر بە زمانی ئەکەدی ناسراوە، چونکە ئەکەدیەکان هێرشیان کردۆتە سەر هەموو ئەو ناوچانەی سۆمەریەکان تیایدا شاریان دروست کردووە و داگیری کردوون. شارستانیەتی ئاشووری و بابلیەکان بوون بە درێژکەرەوەی کولتووری سۆمەریەکان، بەڵام بە هەندێک گۆڕانکاریەوە، دوو تێڕوانین هەیە بە گشتی لەسەر سۆمەریەکان ئەوانیش؛ دەوترێت کە لە سندەوە هاتوون بۆ باشووری عێراق، یانیش کە گوایە لە باکووری میزۆپۆتامیا (کە کوردستانی ئێستا دەکات) هاتوون بۆ دەشتاییەکانی خوارووی میزۆپۆتامیا. لێرەدا ئەوەی گرنگە و پەیوەندیدارە بە باسەکەی ئێمەوە زمانی سۆمەریەکانە کە لەگەڵ زمانی کوردیدا زۆرترین لێکچوونی هەیە. لەگەڵ ئەوەدا کە شوێنەوارناسان بایەخێکی کەمیان داوە بە زمانی کوردی بە گشتی، لەبەر ئەوە تا ئێستا نەیانتوانیوە بیسەلمێنن کە زمانی سۆمەریەکان بنچینەی چ زمانێکی ترە لە سەردەمی مۆدێرندا، بەڵام ئێستا کۆمەڵێک بەڵگە و نموونە دەخەینە بەردەست کە تا ڕادەیەکی باش دەبێتە بەڵگە، کە نزیکترینە لە زمانی کوردی ئێستاوە:

 

 وشەکە بە سۆمەری/ (mir)

وشەکە بە وەرگێڕانی کوردی و ئینگلیزی/  -snake مار

 وشەی کوردی بەرامبەری/ - marمار

——————–

 وشەکە بە سۆمەری / (men)

وشەکە بە وەرگێڕانی کوردی و ئینگلیزی/  من

-وشەی کوردی بەرامبەری/ -min من-

——————–

 وشەکە بە سۆمەری/(silan)

وشەکە بە وەرگێڕانی کوردی و ئینگلیزی: to knead شێلان شێلانی هەویر یان قوڕ

 وشەی کوردی بەرامبەری/ Şêlan - شێلان-

——————–

 وشەی سۆمەری/(gal)

وشەکە بە وەرگێڕانی کوردی و ئینگلیزی/ گەورە گەورەبوون، مەزن، ئاژەڵی نێری پێگەی -

(to be) big, great, (to be) mature (of male animals)

 وشەی کوردی بەرامبەری/ kel - کەڵ

——————–

 وشەکە بە سۆمەری/(are)

وشەکە بە وەرگێڕانی کوردی و ئینگلیزی/ to grindئەهاڕێ

 وشەی کوردی بەرامبەری/ eharê - ئەهاڕێ 

——————–

 وشەکە بە سۆمەری/(bir)

وشەکە بە وەرگێڕانی کوردی و ئینگلیزی/ to shred - بڕین

 وشەی کوردی بەرامبەری/ -bir/birîn بڕ/بڕین

——————–

 وشەکە بە سۆمەری/(aka)

وشەکە بە وەرگێڕانی کوردی و ئینگلیزی: to do - ئەکات

 وشەی کوردی بەرامبەری/ dekat - ئەکات/ئەکا

——————–

 وشەکە بە سۆمەری/(nu-zu)

وشەکە بە وەرگێڕانی کوردی و ئینگلیزی/ ingnorant - نەزان

 وشەی کوردی بەرامبەری/ نەزان -nezan 

 

ئەمانە کۆمەڵێک نموونەی بەرچاون لە بەڵگەکان کە زمانی سۆمەریەکان نزیکترە لە زمانی کوردیەوە بە بەراورد بە فارسی و عەرەبی و تورکی، کە هەندێک جار بانگەشەی ئەوە دەکرێت سۆمەریەکان پێشینەی ئەو دەوڵەتە قۆرخکارانە بن، لە کاتێکدا مێژووی نووسین دەگەڕێتەوە بۆ ٣٥٠٠ ساڵ پێش زاین ئەوکاتەی سۆمەریەکان شێوازی نووسینی بزماریان داهێناوە و بە زمانی هێما پێکەوە پەیوەندیان دروست کردووە و بە پێی سەرچاوەکانیش، ئەم داهێنانانە لە بناغەی دروستبوونی کوردەکانەوە نزیکترینە.

 

بە گشتی، گەلی کورد بە هۆی هەڵکەوتەی شوێنی نیشتەجێبوونیەوە و نەبوونی تایبەتمەندی داگیرکاری و زیاتر میانڕەوانەتریان، توانراوە کە داگیرکاری و لەناوچوونی شووناسی و مێژوویی زۆر ئەزموون بکات، یەکێک لەو زیانانەی کە دووبارە بووەتەوە بە هۆکار بۆ ون بوونی کورد لە خۆی و شوناسی خۆی، پەیماننامەی لۆزانە کە خاکی کوردستانی گەورەی کردووە بە ٤ بەشەوە و لە هەر ٤ بەشەکە بە شێوازی جیاواز داگیرکاری تیایاندا بەردەوامە، لە کاتێکدا کە ١٠٠ ساڵ بەسەریدا تێپەڕیوە و بە هەموو بنەمایەک دەبوو پەیماننامەکە هەڵبوەشێتەوە.

 

لەگەڵ ئەوەشدا دەسەڵات گرتنە دەستی وڵاتانی ڕۆژئاوا و ساڵ بە ساڵ تۆخبوونەوەی سیستمی سەرمایەداری و داگیرکردنی تەواوی جیهان لەلایەن وڵاتانی بۆرژوازی ڕۆژئاواییەوە، وڵاتانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە شێوەیەکی گشتی وەک ژێر دەستەیەک هەژمار دەکرێن و یەکێک لەو وڵات و خاکانەی کە تەواو بەکاردەهێنرێت و لە تۆمار و مێژوو دوورخراوەتەوە، کوردستانە. بەڵام خاڵە گرنگەکە ئەوەیە، ئێستا گەنجانێکی بێشومار هەن کە گرنگی بە دۆزی کورد دەدەن و بە قۆرخکاری قایل نابن و خۆیان لێکۆڵینەوە دەکەن و ئیتر مێژوو و شوناسی گەلی کورد، هەروا بە ونبوویی نامێنێتەوە و لە هەموو جیهاندا ڕەسەنایەتییەکەی چەق دەبەستێت.