"ڕێگری لە ڕوماڵکردنی کوشتنەکانی ژنان پەردەپۆشکردنی تاوانەکەیە"

دڵسۆز زەنگەنە، چالاکوان دەڵێت: لە کۆمەڵگەی ئێمە ڕێژەی ژن کوشتن زیادی کردووە، بۆیە ڕێگری لە ڕوماڵکردنی کوشتنەکانی ژنان پەردەپۆشکردنی تاوانەکەیە.

هێرۆ عەلی
 
سلێمانی-
پەرلەمانی کوردستان لە ساڵی ٢٠٢٢دا، یاسای ژمارە ٢ی  چەکی دەرکرد، دواتریش وەزارەتی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، ٤٢ بنکەی لە شار و شارۆچکەکانی هەرێمی کوردستان بۆ تۆمارکردنی ئەو چەکە بێمۆڵەتانە دەستنیشانکرد کە لەدەست هاووڵاتیاندایە، بەڵام سەرەڕای هەبوونی ئەم یاسایە چەکی بێمۆڵەت لە ناو بازاڕەکان و بە ئۆنلاینش دەفرۆشرێت، ئەمەش وادەکات ڕیژەی کوشتنەکان بەتایبەتی کوشتنی ژنان زیادبکات.
 
"ڕێژەی ژن کوشتن زیادی کردووە، بۆیە ڕێگری لە ڕوماڵکردنی کوشتنەکانی ژنان پەردەپۆشکردنی تاوانەکەیە"
دڵسۆز زەنگەنە، چالاکوان ئاماژەی بەوەکرد: ئەوەی گوێمان لێبووە ژنانی وڵاتانی تریش بارودۆخیان لە ژنانی باشوور باشتر نییە، بەڵام شێوازی توندوتیژیەکانی هەریەکەیان بە پێی یاسا و کولتووری خۆیان جیاوازە، دەبینین ڕۆژ بە ڕۆژ توندوتیژییەکان زیاد دەکات و لە کۆمەڵگەی ئێمەش بەتایبەت توندوتیژی بەرامبەر بە ژنان زۆر زۆر بووە.
 
لە قسەکانیشدا باسی کوشتنی بەکۆمەڵی کرد، وتی:  ئەمڕۆ لە کۆمەڵگەی ئێمە دەبینرێت ڕێژەی ژن کوشتن زیادی کردوە، بۆیە ڕێگری لە ڕوماڵکردنی کوشتنەکانی ژنان پەردەپۆشکردنی تاوانەکەیە، ئەمەش لەبەرئەوە نیە کە خەڵکی پێی ئەتۆقن و نابێت بڵاوبکرێتەوە، بەڵكو دەبێت بڵاوبکرێتەوە بۆ ئەوەی چارەسەری بۆ بدۆزرێتەوە، چونکە کاتێک کوشتن زۆردەبێت دەبێت بەدوای هۆکارەکانیدا بگەڕێیت و چارەسەری بۆ بدۆزیتەوە، هەروەها کوشتنی بە کۆمەڵیشمان هەیە، بینیشمان لەماوەی مانگێکدا چەند ڕووداوی کوشتنی بەکۆمەڵ ڕوویدا کە زۆرتر ژنان بەرکەوتن، ئەمەش پێمان دەڵێت کە دۆخەکە لە مەترسیدایە بە رامبەر ژنان، لەبەرئەوە دەبێت ڕێگری لێبکرێت. 
 
"ئەوانەی کۆمەڵکوژی دەکەن بە چەکی بێمۆڵەت ئەو کارە دەکەن"
دڵسۆز زەنگەنە وتیشی: لە کۆمەڵگە دەبینین چەکی بێمۆڵەت زۆر بووە، زۆربە ئاسانی دەتوانیت چەکی بێمۆڵەت بکڕی لە هەموو شوێنێک هەروەها بە ئۆنڵاینیش دەتوانین چەک بکڕین، بینیشمان کەس هەبووە چەکی بێمۆڵەتی بە ئۆنڵاین کڕیوە و دواترکەسێکی پێ کوشتوە، هەروەها ئێمە دەبێت باسی چەکی بەمۆڵەتیش بکەین چونکە ئەوانەی کە لە بەشی سەربازین یان لە بەشێکن کە دەبێت چەکیان لابێت ئەوا بە نوسراوێکی ڕەسمی دەبێت ئەو چەکە دابنێن کاتێک لە ئەرکەکەیان تەواودەبن و دەچنەوە ماڵەوە، بەڵام کاتێک کەسەکە چەک دەباتەوە ماڵەوە ئەوا مەترسیە لەبەرئەوەی ئەو کەسە کاتێک چەک دەباتەوە ماڵەوە ڕەنگە کوشتنێکی پێبکات، بۆیە چەکی بەمۆڵەت و چەکی بێمۆڵەت هەردووکیان کێشەیان هەیە بەتایبەتی چەکی بێمۆڵەت، چونکە هەموو کەسێک دەتوانێت بیکڕێت، بینیشمان ئەوانەی کۆمەڵکوژی دەکەن بە چەکی بێمۆڵەت ئەو کارە دەکەن، بۆیە نابێت لە پێناو قازانجێکی کەم کۆمەڵگەکەمان بشێوێنین.
 
"دادگاکانیش سزای قورس بەسەر ئەو شوێنانەدا بسەپێنن کە چەکی بیمۆڵەت دەفرۆشن"
دڵسۆز زەنگەنە ئاماژەی بەوەشکرد، چەکی بێمۆڵەت دەبێت یاسای و ڕێسای خۆی هەبێت، نابێت ئەو چەکە بێمۆڵەتانە بمێنێت جا لەڕێگەی حکومەتەوە بێت یان یاساوە، دەبێت دادگاکانیش سزای قورس بەسەرئەو شوێنانەدا بسەپێنن کە چەکی بیمۆڵەت دەفرۆشن، چونکە دەبینین تەنها سزایەکی ماددیە نەک سزایەک کەوابکات جارێک تر ئەم کەسە چەکی بێمۆڵەت بەکارنەهێنێت، بۆیە چەکی بێمۆڵەت کار و یاسای خۆی دەوێت.
 
وتیشی: پێشنیاردەکەم کاتێک حکومەتی نوێ دادەمەزرێت، لەناو پەرلەمان کار لەسەر ئەوە بکرێت کە چەکی بێمۆڵەت نەمێنێت، هەرکەسێکیش چەکی بێمۆڵەتی لەلابوو کاتێک دەستگیرکرا سزایەکی قورسی بدرێت نەک بە بڕە ماددەیەکی کەم سزابدرێت، ئەمەش کاری حکومەت و پەرلەمانە، هەروەها لایەنە سیاسیەکانیش ئەوەندە چەک بڵاونەکەنەوە لەناو فەجەکانانیاندا، بۆیە دەڵێم ئەوانەی چەکی بە مۆڵەتیشاین هەیە کاتێک دەچنەوە ماڵەوە چەکەکانیان لە جێگەیەک دابنێن کە هیچ کەسێک نەتوانێت دەستی پێیبگات.
 
"پێکەوە دەست بخەینە ناو دەستی یەکتری بۆنە هێشتنی چەکی بێمۆڵەت"
لە کۆتایی قسەکانیدا وتی: داوادەکەم وەک ڕێکخراوەکان، چالاکوانان، حکومەت، پارتە سیاسەیەکان، کار لەسەرە ئەوە بکەین کە چەکی بێمۆڵەت بە هەموو شێوەیەک قەدەغە بکرێت لە کۆمەڵگەدا، بۆیە پێکەوە دەست بخەینە ناو دەستی یەکتری بۆنە هێشتنی چەکی بێمۆڵەت.