ڕەنگین سەلام لە هەڵەبجە داوای پاکڕاگرتنی شوێنە گەشتیارییەکان لە هاوڵاتیان دەکات

ژنان وەک سەرجەم توێژەکانی تر هەوڵیان داوە بۆ سەوزکردن و پاک ڕاگرتنی ژینگەکەیان، هەربۆیە ڕەنگین سەلام لە هەڵەبجە بەپێویستی دەزانێت هاوڵاتیان و گەشتیاران لەکاتی سەیراندا ژینگەکەیان پاک ڕابگرن و پیسی نەکەن.

ڕێژنە سەلام

 

هەڵەبجە- هەرچەندە پارێزگاریکرن لە ژینگە ئەرکی تەواوی تاکەکانی کۆمەڵگەیە بەڵام ژنان لە پاراستنی ژینگەدا توانیویانە ڕۆڵی بەرچاویان هەبێت و لەناو ڕێکخراوە ژینگەییەکان سەرەڕای کەمی بەشدارییان، کاریگەری گەورە لە ژینگەدا بەجێ بهێڵن، لە دنیای سەردەمدا دەتوانن ڕۆڵی گرنگ و بایەخدار ببینن لەبەرەو پێشچونی کۆمەڵگە و پاراستنی ژینگەدا، لە کوردستان چەندین ڕێکخراوی تایبەت بە ژینگە پارێزی هەیە و ژنان ڕۆڵی کاریگەر و گەورەیان هەیە.

 

ژنان وەک سەرجەم توێژەکانی تر هەوڵیان داوە بۆ سەوزکردن و پاک ڕاگرتنی ژینگەکەیان، ژنان بە بەشداری کردن لە هەڵمەتەکانی چاندن و سەوزکردنی شەقام و باخچە و شوێنە گشتییەکان و بەشداری کردن لە هەڵمەتەکانی پاککردنەوە دا ڕۆڵی بەرچاویان هەبووە.

 

هەروەها ڕیسایکڵین بووە بە دیاردە لای ژنان  و لەم ساڵانەی دواییدا زیاتر گرنگی بە پاراستنی ژینگە دەدەن و توانیویانە ئەو پاشەڕۆ و کەلوپەلانە بەکاربهیننەوە کە رۆژانە فڕێی دەدەن و هەوڵیان داوە کەمترین پاشەڕۆ فڕێ بدەن، بەڵکو توانیویانە هەندێک لەو کەلوپەلانەی دروستی دەکەن لە پیشەنگاکاندا یاخود لە ڕیگەی بەبازاڕکردن بەشێک لەو کەلوپەلانە بفرۆشن و سودێکی ماددیان دەست بکەویت، بەمەش هەم کارێکە بۆ پاراستنی ژینگە بەوەی کە کەمترین پاشماوە فڕێ بدەن و لەلایەکیش بڕیک پارە بەدەست بینن.

 

"پێوسیتە پارێزگاری لە ژینگەو دارو درەخت و گوڵ و گوڵزاری ناوچەکەمان بکەین"
ڕەنگین سەلام ژنێکی ژینگە پارێزە لە هەڵەبجە لەکاتی سەیراندا داوا لە هاولاتیان دەکات ژینگەکەیان خۆش بوێت و بیپاریزن لە پیس بوون ئەولەگەڵ براکەی خەریکی پاککردنەوەی  ئەو شوێنەیە کە هاوڵاتیان پیسیان کردوەو وتی: لە ئیستادا وەرزی بەهار دستیپێکردوە ماوەی چەند ڕۆژێکە هاتونەتە دەرەوە بەم ماوە کەمەش ژینگە پیس بووو، داوا لە هاوڵاتیان دەکەین بیپاریزن چونکە پێوسیتە پارێزگاری لە ژینگەو دارو درەخت و گوڵ و گوڵزاری ناوچەکەمان بکەین، ئیستا ناوچەکەی ئێمە ناوچەیەکی چوار وەرزی گەشتیایە.


"بۆ کاتژمێرێک هاتیتە دەرەوە بۆ تەمەنیک ژینگەکەت پیس مەکە"
هەڵەبجەو هەورامان و شارەزوور بەوە ناسراوە کە زۆربەی ناوچە گەشتیاریەکان نزیکن لەیەکترو هاوڵاتیان بە کاتێکی کەم دەگەنە سەیرانگاو شوێنە گشتیاریەکان، ڕەنگین سەلام ئاماژەی بەوەکرد، ئەو کەسەی کە بۆ کاتژمێرێک دێنە دەرەوە، پێویستە پاشماوەکە لە گەڵ خۆیان بەرن و پارێزگاری لە ژینگە بکەن و لە نزیک شوینە گەشتیاریەکان شوێنی تایبەتی خۆڵڕشتن هەیە و بیڕێژن.


سەبارەت بە کارەکەی ڕەنگین سەلام و براکەی وتی: پاش ئەوەی لەگەڵ ماڵەوە هاتینە دەرەوە هەر چەندە سەرە ڕێگەیەک بوو چەندین هاوڵاتی پێیان خۆش بوو بێن و دانیشن، بەڵام لەبەر ئەوەی پیس بوو کەس دانەنیشت بۆیە بڕیارماندا ئەم جێگەیە پاک بکەینەوە، بەڵام ئیستا کە پاکمان کردەوە خەڵک لێی دانیشیت و خەڵکیش ئاسودەیە تیایدا، خۆشمان ئاسودەین بەوە.


ئەوەشی خستەڕوو، کەرەستە پلاستیکیەکان بەکارهێنانی بڕی زۆر لەماددە پاکەرەوە کیمیاییەکان و تێکەڵ بوونیان بەئاو خاک و چەندان کاری ڕۆژانەی تر کە هەر لە ماڵەکەی خۆیەوە کاریگەری لەسەر ژینگە دەبێت بە باش و خراپ، بۆیە زۆر گرنگە ژنان هۆشیاری ژینگەییان هەبێت و بەشداریش بن لە هۆشیار کردنەوەی کۆمەڵگە کە دەتواندرێت لەڕێی بەشدار و ڕۆڵیان لە ڕێکخراوە ژینگەییەکان ئەمە فەراهەم بکەن.