"تکایە فریای دارەکانی شاخی سارا بکەون"

ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە چەند وێنەیەکی بڵاوکردووەتەوەو ئاماژە بەوەدەکات کە مەترسی لەسەر دارەکانی شاخی سارا هەیە و داوای پاراستنیان دەکات.

ناوەندی هەواڵ

 

لە یاداشتتێکدا کە ئاڕاستەی وەزیری کشتوکاڵ و سەرچاوەکانی ئاو، فەرمانگەی ژینگە، لیژنەی کشتوکاڵی و ژینگە لەپەرلەمانی کوردستان و سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە، ڕێکخراوی ئایندە بۆ پاراستنی ژینگە داوای پاراستنی دارەکانی شاخی گۆیژە دەکات.

لە یاداشتەکەدا هاتووە، "هێشتا وەرزی زستان و سەرما و سۆڵە نەهاتووە، بە داخەوە دەستکراوە بە بڕینەوەی درەختەکان، ئەگەر ئەم پڕۆسەیە ڕانەگیرێت ئەوا، لە ماوەی چەند ساڵێکی تر دارستانەکانمان دەبن بە بیابان".
هەروەها ڕێکخراوەکە دەڵێت : "ئێمە پێشتریش بەرپرسانمان لەو مەترسییانە ئاگادار کردۆتەوە بەڵام بە داخەوە نەیانتوانیوە ئەو دیاردەیە بنبڕبکەن، ئەوها بڕوات لەزۆربەی ناوچەکانی تری هەرێم دیاردەکە ڕوو لە زیادبوون دەکا".

شاخی سارا لە سنوری قەزای دوکانی سەر بە پاریزگار سلێمانی-ە.