پاشماوەی ئۆرگانیک وەک جێگرەوەیەک بۆ پەینی کیمیایی کشتوکاڵ بەرەوپێش دەبات

فەتخە غەبرە دەستپێشخەرییەکی ژینگەی و ئابووری دەستپێکرد، کە پاشماوەی کشتوکاڵی و پاشماوەی ئاژەڵی بەسەرکەوتووی گۆڕی بۆ پەینی ئۆرگانیک "کۆمپۆست"، کە خۆراک دەدات بە خاک و بەپیتی دەهێڵێتەوە، هەروەها بەرهەمی کشتوکاڵی پاک لە ناوچەکانی دەوروبەری بەرز دەکاتەوە.

زەینەب خەلیف

 

دێرەزوور- بە بەکارهێنانی ئامرازی سادە و کەرەستەی بەردەست لە ناوخۆدا، و بەبێ هیچ پشتیوانییەکی دەرەکی، فەتخە غەبرا، لە گوندەکانی پارێزگای دێرەزوور لە باکوور و ڕۆژهەڵاتی سووریا، توانی بیرۆکەیەکی بچووک بگۆڕێت بۆ پڕۆژەیەکی بەرهەمدار لە ماڵەوە.

 

لە سەردەمێکدا، کە کشتوکاڵ بووەتە ئاڵەنگاریەکی ڕاستەقینە لە ژێر ڕۆشنای قەیرانە ئابووری و کەشوهەواکانی ڕووبەڕووی سووریا، ئەزمونە ناوازەکان وەک نمونەی زیندوو دەردەکەون کە چارەسەرە گەورەکان لە بیرۆکەی سادە دەست پێدەکەن، هەروەها دەستپێشخەری بچووک جیاوازیەکی گەورە دروست دەکات و ژیان دەگەڕێنێتەوە سەر زەوی.

 

فەتخە غەبرە، دامەزرێنەری دەستپێشخەرییەکە، وردەکارییەکانی ئەزمونی خۆی لە بەرهەمهێنانی کۆمپۆست، یان پەینی ئۆرگانیکدا ڕوون دەکاتەوە، وتی: هەموو شتێک لە حەوشەی ماڵەکەمەوە دەستیپێکرد، کاتێک دەستم کرد بە کۆکردنەوەی گەڵاکانی دار و چیمەن و پوش و خاشاکی ئاژەڵان، بە چین چین ڕێکم خستن، هەر چینێکمان ئاومان ڕشت و فشارمان خستە سەر و جێمان دەهێشت تا تێکەڵاو بێت، دوای ١٥ ڕۆژ، پارچەکانمان هەڵدەگەڕاندەوە، دوای ٣٠ ڕۆژ، پەینی ئۆرگانیک ئامادە بوو بۆ چاندن.

 

پرۆسەی بەرهەمهێنانی پەینی ئۆرگانیک پشت بە دوو ماددەی سەرەکی دەبەستێت: ماددەی سەوز، وەک گیای ناسک، پاشماوەی سەوزە و توێکڵی پاقلەمەنی، هەروەها پوشی وشک، گەڵا وشکەکان، لق و پۆپی ڕووەک و خاشاکی ئاژەڵ.

 

فەتخە غەبرە، ڕوونیدەکاتەوە، کە سوودێکی زۆری لەم پڕۆژەیەی ماڵەوە وەرگرتووە بە دوورکەوتنەوە لە کڕینی پەینی کیمیای گرانبەها و ئەو زیانانەی کە بە تەندروستی خۆی و خێزانەکەی دەگەیەنن، وتی: لەسەر زەوی تەماتە و باینجان و کولەکە و خەیار بڵاوم کردۆتەوە و هەموویان پاکتر و تامتر و بەرهەمدارتر بوون لە جاران، هەروەها ڕووەکەکان بەهێزتر بوون، میوەکانیش تەندروستتر بوون، چونکە بەبێ پەینی کیمیای گەشەیان کرد.

 

کشتوکاڵی ئۆرگانیک: پڕۆژەیەکی ژیان بۆ ژنان

دەستپێشخەرییەکەی فەتخە غەبرە زیاترە لە تاقیکردنەوەیەکی کشتوکاڵی، پڕۆژەیەکی ژیانە بۆ ژنانی گوندنشین، کە بەدوای چارەسەری جێگرەوە و بەردەوامدا دەگەڕێن بۆ چارەسەرکردنی بەرزبوونەوەی نرخەکان و کەمی کەرەستەی کشتوکاڵی، وتی: سەرەتا تەنها بۆ خواردنی ماڵەوە کارم دەکرد، بەڵام دوای ماوەیەک، بەرهەمێکی زیادەم پەرەپێدا و دەستم کرد بە فرۆشتن بە خزم و دراوسێکانم، هەندێکجاریش لە بازاڕی ناوخۆییدا دەیفرۆشم، ئەم جۆرە پڕۆژەیە دەرفەتی ئابووری ڕاستەقینە دروست دەکات.

 

جەخت لەوە دەکاتەوە، کە کەرەستەکان بەردەستن، و ئێمە پێویستمان بە ئامێری ئاڵۆز نییە، تەنها کات و کەمێک هەوڵ و ئارامی دەوێت، هەموو ژنێکی بەتوانا دەتوانێت لە ماڵەوە دەستپێبکات، بەبێ سەرمایە و ئاڵۆزیی، هەروەها لە دەرەوەی چەمکی نەریتی کشتوکاڵ، تاقیکردنەوەی پەینی ئۆرگانیک ڕەنگدانەوەی لایەنە قوڵەکانی گەشەپێدانی بەردەوامە، کە تاقیکردنەوەیەکە لەسەر بنەمای دووبارە بەکارێنانەوە و بەدەستهێنانی بەهێزکردنی ئابووری ژنان و بونیادنانی کولتوورێکی نوێی پشتبەستن بەخۆبوون.

 

بە سەرنجدان بە نەبوونی ژێرخانی کشتوکاڵی لە زۆربەی ناوچەکانی دێرەزوور بەهۆی شەڕ و قەیرانە ئابوورییەکان، ئەم جۆرە پڕۆژە ناوخۆییە نوێنەرایەتی ئامرازێکی کاریگەر دەکات بۆ بەرزکردنەوەی ئاسایشی خۆراک و بەهێزکردنی زۆرترین گروپی پەراوێزخراو بەتایبەتی ژنان.

 

"دەستپێشخەرییە بچووکەکان تۆوی یەکەمی ڕێنێسانسن"

خاوەنی ئەم پڕۆژەیە، فەتخە غەبرە، ڕوونیدەکاتەوە، کە سودەکانی پەینی ئۆرگانیک تەنها بە بەهێزکردنی ڕووەکەکان سنووردار نییە، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ زەوی و کەشوهەوا و ئاوی ژێر زەوی، چونکە زیادەڕۆی لە بەکارهێنانی پێوانەی کیمیای خاکەکە ماندوو دەکات و ئاوەکە پیس دەکات، هەروەها وردە زیندەوەرە سودبەخشەکان بۆ ڕووەکەکان دەکوژێت، لەکاتێکدا، پەینی ئۆرگانیک پەینیێکی سروشتی ئۆرگانیکە کە هاوسەنگی بایۆلۆجی زەویەکە دەگەڕێنێتەوە.

 

بەم کارە سەلماندوویەتی کە دەتوانرێت پڕۆژەی کشتوکاڵی بەردەوام لە سفرەوە دەست پێبکرێت، بەبێ ئەوەی بودجەیەکی بەرچاو دابین بکرێت، تەنها شتێک کە پێویستە کەمێک زانیاری و هاوکاری کۆمەڵگە و خواستێکی ڕاستەقینە بۆ گۆڕانکارییە، پەینی ئۆرگانیک نەک تەنها جێگەی پێوانەی کیمیای دەگرێتەوە، بەڵکو توانای ڕاگرتنی ئاوی زەوی باشتر دەکات و وەرینی زەوی کەمدەکاتەوە و بە تایبەتی بۆ ژینگە وشکەکانی وەک دێرزوور گونجاوە.

 

فەتخە غەبرە هیوادارە ئەم ئەزمونە بۆ ژنانی دیکەی گوندەکانی دەوروبەری بگوازرێتەوە، وتی: هیوادارم هەموو ژنان تاقیبکەنەوە، پەینی ئۆرگانیک ئاسانە، ئەنجامەکانیش زۆر باشن، هیچ شتێک قورس نییە کاتێک ئیرادەیەک هەبێت بۆ پشتبەستن بەخۆبوون، داوای پشتگیری لەم جۆرە دەستپێشخەرییە دەکات،  ئاماژەی بەوە دا، کە دەستپێشخەرییە بچووکەکان تۆوی یەکەمی ڕێنێسانس بن.

 

پڕۆژەکەی نوێنەرایەتی تۆوێک دەکات، کە لە زەوییە سەختەکاندا گەشەی کردووە، بەڵام خۆبژێوی و هۆشیاری ژینگەی و وانەی سەربەخۆی ئابووری بەدەستهێناوە، هەموو سەروەت و سامان لە ژێر زەویدا نێژراو نییە، بەڵکو هەندێکیان لە پاشماوەی ڕووەک و خاشاکی ئاژەڵان و دەستی ژنێکدا دەبینرێن کە بە هەوڵی ڕۆژانە و ئارامیەکی جوان بڕیاری داوە ڕاستی خۆی بگۆڕێت.