گۆڕانی کەشوهەواو ژینگە لە لوبنان خێراتر دەبێت
لوبنان خێراتر تێکچوونی ژینگەی بەخۆیەوە دەبینێت، ئەمەش کاریگەری نەرێنی لەسەر تەندروستی دەروونی و کۆمەڵایەتی هاوڵاتیان و بەتایبەت ژنان و منداڵان هەیە.

ئەمەل محەمەد
بەیروت – ژینگە هەمیشە پەیوەست بووە بە تەندروستی مرۆڤ و کوالیتی ژیانی مرۆڤەوە، تەنها چوارچێوەیەکی سروشتی نییە کە تێیدا دەژین، بەڵکو توخمێکی بنەڕەتییە کە کاریگەری لەسەر هاوسەنگی دەروونی و کۆمەڵایەتیمان هەیە، لە لوبنان کە سەردەمانێک بە "لوبنانی سەوز" ناسرابوو، ئێستا ئاستەنگە ژینگەییەکان مەترسی لەسەر ئەم هاوسەنگییە دروست دەکەن، بە زیادبوونی ڕێژەی پیسبوون و کەمبوونەوەی شوێنی سەوزای و پیسبوونی سەرچاوە ئاوییەکان.
ژینگەیەکی تەندروست پایەیەکی بنەڕەتییە لە بونیادنانی کۆمەڵگەیەکی تەندروست و هاوسەنگ، لە لوبنان قەیرانە ژینگەییەکان لەگەڵ قەیرانە ئابووری و سیاسییەکاندا سەریەک دەخەن و کاریگەرییەکانیان لەسەر تاکەکان دوهێندە زیاد دەکات.
سەفیە زازا، بەڕێوەبەری کۆمەڵەی قەڵغان و ژینگە ڕوونیکردەوە، پیسبوونی ژینگە یەکێکە لەو هۆکارە مەترسیدارانەی کە کاریگەری لەسەر دەروونناسی ژنان هەیە، هەروەها لەسەر منداڵان و سەرجەم هاوڵاتیان، وتی: زۆر گرنگە سیستەمی کاریگەر بگرینەبەر بۆ پاراستنی ژینگە، سەرەتا لە چاودێریکردنی کارگە و کێڵگەکان و تەنانەت نەخۆشخانەکانیشەوە دەست پێبکەین.
ئاماژەی بەوەشکرد، پەروەردەی ژینگەی لە ماڵەوە و قوتابخانەوە دەست پێدەکات، وتی: دەبێت منداڵەکانمان فێری ڕێزگرتن لە سروشت بکەین، ڕێزگرتن لە ژینگە، ڕێزگرتنە لە خۆمان، ئەمەش تەندروستی دەروونی و جەستەییمان دەپارێزێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، شەش مانگ لەمەوبەر لەکاتێکدا لە ڕێگادا بووم بۆ زانکۆی یەسوعی لە بەیروت، شایەتحاڵی هەوڵێک بووم بۆ بڕینی دارێکی کۆن، دەستبەجێ دەستپێشخەریم کرد و داوام لە ئامادەبووان کرد ڕێگری لە بڕینەکە بکەن، چونکە ئەم درەختە هەوا پاکدەکاتەوە لە شارێکدا کە بەدەست پیسبوونەوە دەناڵێنێت، وە ئەوانەی ژینگە دەپارێزن پێویستە نەمام بچێنن نەک بیبڕن.
بەیروت... لە سەوزەوە بۆ چیمەنتۆ
ئاماژەی بەوەشکرد، لوبنان سەردەمانێک بە لوبنانی سەوز ناسرابوو، بەڵام ئەمڕۆ دارستانی بەیروت، کە سییەکانی شارەکە پشتگوێ دەخرێت، وتی: پیسبوونی دروست بوو لە مۆلیدەکانی کارەبا و گازۆیلی سووتاو کاریگەری لەسەر هەموو کەس هەیە، نەک تەنها ژنان، بۆیە دەبێت سیستمی وردی بەڕێوەبردنی وزە جێبەجێ بکرێت، سووتاندنی پاشماوە قەدەغە بکرێت، هەروەها پێویستە بەکار هێنانەوە بەرەوپێش ببرێت.
جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئاو بناغەی خۆراک و ئاسایشی تەندروستییە، وتی: لوبنان دەوڵەمەندە بە کانیاو و ڕووبارەکان، وەک ڕووباری لیتانی، بەڵام پیسبوونی پیشەسازی هەڕەشە لەم سەرچاوانە دەکات، خۆراکی تەندروست بە ئاوی پاکی ئاودێری دەست پێدەکات، ئەگەر ئاوەکە پیس بوو، ڕووبەڕووی نەخۆشییە مەترسیدارەکانی وەک شێرپەنجە دەبین.
سێ پایەی ئاسایشی ژینگە
وتیشی: ئێمە وەک ڕێکخراوەکان باوەڕمان بە سێ پایەی سەرەکی هەیە: ئاسایشی ئاو، ئاسایشی خۆراک و ئاسایشی تەندروستی، هەموویان لە خاڵێکەوە دەست پێدەکەن، کە ئاوە، بە ئاماژەدان بەوەی بەفری لوبنان لە شاخەکاندا هەڵدەگیرێت و ئاوی ژێر زەوی پڕدەکاتەوە و لە بەهار و پایزدا کانیاوەکان زیندوو دەکاتەوە، هەر بۆیە پاراستنی بە واتای پاراستنی سووڕی سروشتی ژیانە.
سەبارەت بە ڕۆڵی یاسا لە پاراستنی ژینگەدا، وتی: وەک پارێزەر و لێکۆڵەرێکی یاسایی هەوڵمداوە ڕۆڵی داواکاری گشتی ژینگەی کارا بکەم، داوام کردووە یاسایەک دەربکرێت کە بڕینی دار و سووتاندنی دارستانەکان بە تاوان بزانێت، هەروەها بە تاوانی دژ بە ژیان بزانێت، ئەمە جگە لە زیادکردنی چاندنی نەمام لە سەرانسەری جیهان.