توێژینەوەی گرفتەکانی دارستانەکان: ژنان زۆرترین زیانیان بەردەکەوێت
سەرەڕای گرنگی ژینگەیی و کۆمەڵایەتی و ئابووری، کەرتی دارستان لە تونس بەدەست چەندین کێشەوە دەناڵێنێت کە کاریگەری نەرێنی لەسەر بەردەوامی هەیە و پێویستی بە گرنگیدانی بەپەلە هەیە.
نەزیهە بوسعیدی
تونس-کەرتی دارستان هێڵێکی ژیانی گرنگە بۆ ژنانی تونس کە لە ناوچە شاخاوییەکان دەژین، نوێنەرایەتی تاکە و سەرچاوەی سەرەکی داهاتیان دەکات بۆ خۆیان و خێزانەکانیان بە درێژایی ساڵ، بەڵام ئەم کەرتە بەدەست چەندین کێشەوە دەناڵێنێت، بەتایبەتی ئەوانەی پەیوەندییان بە یاساکانی ڕێکخستنی بەلارهێنانی دارستانەکان و لەوەش گرنگتر پاراستنی دارستانەکانەوە هەیە.
لە هەوڵێکدا، بۆ دۆزینەوەی چارەسەر بۆ ئەم کێشانە، ئیناس ئەبیەز، لە بەشی دادپەروەری ژینگەیی لە کۆڕبەندی تونس بۆ مافە ئابووری و کۆمەڵایەتییەکان، ڕایگەیاند، کە کۆڕبەندەکە لەم دواییانەدا لێکۆڵینەوەیەکی بە ناوی "دارستان و بەڕێوەبردنی بەردەوامی دارستان: پێشنیارێکی خوێندنەوە و پێداچوونەوەی ڕەخنەگرانە" بڵاوکردەوە، ئەم توێژینەوەیە کە لە کۆتایی مانگی کانوونی دووەمدا بڵاوکراوەتەوە، دوای کاری مەیدانی بووە کە لەلایەن کۆڕبەندەکەوە لە کەرتی دارستاندا ئەنجامدراوە.
ڕوونیشیکردەوە، ئەو ژنانەی کە لە کەرتی دارستاندا کاردەکەن، بەتایبەتی باکووری ڕۆژئاوا، لەنێو ئەو کەسانەدان کە زۆرترین زیانیان بەرکەوتووە بەهۆی ئەو چوارچێوە یاساییانە، بۆ نموونە لە ناوچەی عەين دراهم لە پارێزگای جەندوبا، بەهەڵمکردنی ڕووەکی بۆنخۆش و دەرمانی کە زۆرجار لەلایەن ژنانەوە لە ژێر بارودۆخی سەختی کارکردندا دروێنە دەکرێن، لە دەرەوەی دارستانی عەین دراهم ئەنجام دەدرێت.
بەرهەمهێنانی زەیتی ڕیحان نموونەیەکی ڕوونی ئەمەیە، دەردەکەوێت کە یەکەم بەرهەمهێنەرانی ئەم ڕۆنە لە سفاکسەوەیە، کە بۆ کڕینی ئەم بەرهەمە ڕووەکییە گەشتیان دەکرد بۆ عەین دراهم، لەبەرامبەردا ئەو ژنانەی بەرپرسیارن لە دروێنەکردن، کرێیەکی کەم وەردەگرن، سەرەڕای ئەو هەوڵە بەرچاوەی کە پێویستە بۆ ئەوەی بچنە قووڵایی دارستانەکە و لقەکان ببڕن و دواتر بیانگوازنەوە، بەتایبەتی کاتێک بەراورد دەکرێت بە نرخی فرۆشتنی لیترێک زەیتی ڕیحانە کە دەتوانێت بگاتە ٣٠ دینار.
سەختی ئابووری و کۆمەڵایەتی ئەو ژنانەی کە سوودمەندن لە دارستانەکان ئاڵۆزتر دەبێت، بەتایبەتی بەهۆی ئەو گۆڕانکارییە کەشوهەوایەی کە تونس تووشی دەبێت، کەمی ئاو و ناوبەناو کەمی ئاوی تەواو زیاتر بارگرانی لەسەر کارەکانی ئەم ژنانە دروست دەکات و کاریگەری لەسەر تەندروستی و کوالیتی ژیانیان دەبێت.
”چەندین سەختی”
ئیناس ئەبیەز ڕایگەیاندووە، پەیوەندیمان بە لایەنە پەیوەندیدارە جیاوازەکانەوە کرد لە کەرتی دارستان و ئاڵەنگاری بەرچاومان بەدیکرد، جا چ کۆمەڵایەتی بێت، چ ژینگەیی بێت، یان یاسایی بێت.
ئاستەنگە کۆمەڵایەتییەکان بریتین لە بوونی ئەو کەسانەی کە لەناو دارستانەکاندا دەژین و دەستڕاگەیشتنێکی گونجاویان بە سەرچاوەکانی دارستانەکان نییە، ئاڵەنگاری ژینگەیی و کەشوهەوا بریتین لە پرسە سەرەکییەکانی وەک ئاگرکەوتنەوە لە دارستانەکان، زەوی لەرزین، بەفر و کەمبوونەوەی جۆراوجۆری زیندوو، لایەنە یاساییەکان پەیوەندییان بە یاسای دارستانەوە هەیە، کە لە کۆتاییدا کۆمەڵێک دەقی یاساییە کە دەبێت پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت بۆ ئەوەی ئەم لایەنانە لەبەرچاو بگیرێت، چونکە "دارستان سەرمایەیەکی ئابووری و کۆمەڵایەتی و ژینگەییە کە دەبێت بیپارێزین".
ڕوونیکردەوە، کە کۆڕبەندەکە ڕۆژێکی خوێندنی ڕێکخست، لەو ماوەیەدا بابەت و یاسای جیاواز کە دەتوانرێت پێداچوونەوەیان بۆ بکرێت تاوتوێ کرا، ئێمەش کۆمان کردەوە بۆ ڕاپۆرتێک کە هیوادارین بگاتە دەست بڕیاردەران بۆ ئەوەی بتوانن کۆدەکە بخەنە سەر مێزەکە بۆ گفتوگۆکردن، وەک چوارچێوەیەکی یاسایی لەبەرچاوی بگرن کە بەدڵنیاییەوە پێویستی بە پێداچوونەوە هەیە.
ئاماژەی بەوەشکرد، هەروەها ئەم پێشنیازانەمان لە وەرەقەیەکی سیاسەتی پوختدا جێگیرکردووە، کە پێشکەشی لیژنەی کشتوکاڵی ئەنجومەنی نوێنەران دەکەین بۆ کردنەوەی گفتوگۆیەک لەسەر ئەو پێشنیازە چلجیاوازانە، بەتایبەتی دوای ئەوەی زانیمان وەزارەتی کشتوکاڵیش پێداچوونەوە بە یاسای دارستانیش دەستپێدەکات.
شایانی باسە کە یاسای دارستان بۆ یەکەمجار لە ساڵانی شەستەکاندا لە تونس دەرچووە و ئەم بەڵگەنامە یاساییە کە بەڕێوەبردنی دارستانەکان ڕێکدەخات لە نێوان ساڵانی ٢٠٠١ و٢٠١٥و ٢٠٢٠ چەندین پێداچوونەوەی بەسەردا هاتووە.
سەرەڕای ئەم هەموارکردن و دەستکارییانە، لە چوارچێوەی گۆڕانکارییە خێرا و قووڵەکانی سیاسی و کۆمەڵناسی لە وڵاتەکەدا لە ساڵی ٢٠١١ەوە، هێشتا دارستانەکانی تونس بەدەست کێشە پێکهاتەییەکانەوە دەناڵێنن، کە بە پلەی یەکەم پەیوەستن بەو نموونە سیاسی و ئابوورییانە و چوارچێوە یاساییانەی کە لەلایەن دەسەڵاتە گشتییەکانەوە لە کاتە جیاوازەکاندا پەسەندکراون.