جلوبەرگی هەرزان و نزمی کوالێتی؛ بەرزبوونەوەی شێرپەنجە لە جیهاندا

کۆمپانیایەکی نوێی جلوبەرگ ڕۆژانە ٦٠٠ هەزار پارچە بەرهەم دەهێنێت، ئەم زیادەڕەوی کردنە بڕێکی زۆر ئاو و وزە بەفیڕۆ دەدات و دەردانی دووانەئۆکسیدی کاربۆن زیاد دەکات، ئەمەش زیانی بۆ مرۆڤەکان و ژینگە هەیە.

ڕۆزا ڕزگار

 

سلێمانی- جیهانی مۆدێل و جلوبەرگ لەم ساڵانەی دواییدا بە خێرایی بە ناو خەڵک دا بڵاوبووەو کۆنترۆڵی کەسەکانیان کرد، بێ ئاگا لەوەی ئەم جلوبەرگەی لەبەر دەکرێت لە چی دروستکراوە، بەدەر لە زیانە ژینگەییەکانی کە پیشەسازی جلوبەرگ بەرپرسیارە بەرامبەر بڕێکی زۆر ئاو بەفیرۆدان و دەردانی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن، بە گشتی پیشەسازی جلوبەرگ بەرپرسیارە لە 8-10%ی دەردانی گازی ژەهراوی جیهان، بە پێی لەکۆڵینەوەی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەم ڕێژەیە زیاترە بەراورد بە دەردانی گازی ژەهراوی فڕۆکەوانی و کەشتیوانی بەیەکەوە.

وڵاتی چین لە پلەی یەکەمدایە بۆ بەرهەمهێنانی جلوبەرگ, بەردەوام یەکێک بووە لە گەورەترین هەناردەکارانی جلوبەرگ و قوماش لە سەرانسەری جیهاندا، سوودی کێبڕکێی چین لەم پیشەسازییەدا, دەگەڕێتەوە بۆ دانیشتوانی زۆر و کەمی تێچووی کار و ژێرخانی بەرفراوانی بەرهەمهێنانیان، ئەو جلوبەرگانەی لە چین دروست دەکرێن زۆربەی هەرە زۆریان لە ماددەی زیانبەخش دروستدەکرێن لە پێناو بەرهەمهێنانی زۆر و فرۆشی زۆر، یەکێک لە کۆمپانیا گەورەکانی ئەو وڵاتە کە "Shein" ە، بە شەین، شی ئێن، یاخود شاین ناسراوە، کۆمپانیایەکی بازرگانی ئەلیکترۆنییە کە بە خێرایی گەشە دەکات و تایبەتە بە مۆدەی خێرا، بە پێشکەشکردنی بەرهەمی جلوبەرگی مۆدێرن و گونجاو لە ئاستی جیهانیدا ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێنا، لەم ساڵانەی دواییدا پلەی پێوانەی شکاند لە زۆرترین فرۆشدا.

ئەم کۆمپانیا گەورەیەی ئۆنلاین، تا ڕادەیەک جێگەی سەرسوڕمانە کە کۆمپانیاکە ئەوەندە نهێنییە، زۆر شت لەبارەی دامەزرێنەرەکەیەوە نازاندرێت کە ناوی کریس شویە و دەرچووی زانکۆی چینگداو بووە, لە مانگی ١٠ ی ساڵی ٢٠٠٨ لە گوانگژۆی وڵاتی چین، کۆمپانیای شەین-ی دامەزراندووە.

 

شەین چۆن بەرهەمەکانی دەفرۆشێت؟

شەین سیستمی داواکاری تایبەتی خۆی هەیە بە شێوازی ئەپلیکەیشن، وێبسایت و ئیمەیڵ، کە کڕیار دەتوانێت بەرهەمەکانیان ببینێت بکڕێت، پڕە لە ئۆفەری ناوازە و نرخی کەم بۆ ڕاکێشانی کڕیار بۆ فرۆشتن و ساغکردنەوەی بەرهەمەکانیان، بە پێچەوانەی زۆرێک لە بەرهەمهێنەرانی چینی، شەین تەنها سەرنجی لەسەر بازاڕی نێودەوڵەتییە و بە شێوازی ئۆنڵاین دەفرۆشێت و لە چین نافرۆشێت.

 

ئاماری کۆمپانیاکە

لە ماوەی پێنج ساڵی ڕابردوودا، شەین بەهاکەی بەڕادەیەک بەرزبووەتەوە بەو پێیەی چووە ناو بازاڕی ئەمریکا و ئەوروپا. بەهاکەی لە ساڵی ٢٠١٩ لە ٥ ملیار دۆلارەوە بۆ ١٠٠ ملیار دۆلار لە سەرەتای ساڵی ٢٠٢٢دا بەرزبووەوە. بەڵام بە چەند هۆکارێک بەهاکەی لە ساڵی ٢٠٢٣دا بۆ ٦٤ ملیار دۆلار دابەزی.

شەین لە ساڵی ٢٠٢٢دا، ٣٠ ملیار دۆلاری بەدەستهێناوە، کە بەڕێژەی ٩١% زیادیکردووە بە بەراورد بەو ١٥.٧ ملیار دۆلارەی لە ساڵی ٢٠٢١دا بەدەستیهێناوە، و گەر بەم جۆرە بەردەوام بێت پێشبینی دەکرت داهاتەکەی زیاتر لە دوو هێندە زیاد بکات و تا ساڵی ٢٠٢٥ بگاتە نزیکەی ٦٠ ملیار دۆلار.

لە تەنها ساتێکدا شەین ٦٠٠ هەزار بەرهەمی ئامادەیە بۆ فرۆشتن بە بەردەوامی, بەرهەمەکانیش بریتین لە جلوبەرگی ژنان، پیاوان، منداڵان، ئیکسسوارات، پێڵاو، جانتا و کەلوپەلی تر، کوالێتی بەرهەمەکانی  لە بابەتێکەوە بۆ بابەتێکی تر جیاوازە، زۆربەی زۆری کڕیارەکان نیگەرانییان هەیە سەبارەت بە بەرهەمەکان کە لە ڕابردوودا ڕووبەڕووی ڕەخنەیەکی زۆر بووەتەوە بەهۆی ئەوەی گوایە دیزاینەکانی دیزاینەرە سەربەخۆکان و براندەکانی دیکەیان دووبارە کردووەتەوەو بە نرخێکی زۆر کەم دەیانفرۆشنەوە، ئەمەش واتە ماددەی کوالێتی نزمتر بەکاردەهێنن کە زیانی هەیە بۆ ژینگە و مرۆڤ، هەروەها کۆمپانیاکە تۆمەتبار کراوە بە پێشێلکردنی مافی خاوەندارێتی فیکری و بەرهەمهێنانی کەلوپەل کە لە دیزاینی کۆمپانیاکانی دیکە دەچێت.

 

ئەو ماددانەی بەکاردەهێندرێن لە سووتەمەنییەوە بەرهەم دەێت

بەرهەمەکان بە نرخێکی زۆر کەم و کاتێکی کەم و باوەرپێنەکراو بەرهەم دەهێندرێن و ڕوونکردنەوە نەدراوە لە لایەن کۆمپانیاکەوە کە ئەو ماددانە چین بەرهەمەکانی پێدروست دەکرێت، بەرهەمەکان ماددەی نایلۆن و پۆلیستەری تێدا بەکاردەهێنن کە لە نەوت و بەنزین و ماددەی سوتەمەنی بەرهەم دێت و زیانی زۆری بۆ ژینگە و بۆ تەندروستی مرۆڤ هەیە، هەروەها ماددەی ئەکریلیک، ڕەیۆن، و ئەسیتات بەکاردەهێنن کە لە کاتی بەرهەمهێناندا بە هەزاران ماددەی کیمیایی ژەهراوی زیانبەخش دەردەدەن، ئەوانە پێیان دەوترێت ماددە کیمیاییە ژەهراویەکان کە خراپترین و هەرزانترین قوماشن و زیان بە پێست دەگەیەنن و دەبنە هۆی چەندەها نەخۆشی.

پۆلیستەر و پلاستیک و ماددەکانی تر ناتواندرێت لەناو بچێت، سەدان ساڵ دەخایەنێت تا دەتوێنەوە. کاتێک دەنێردرێت بۆ زبڵدان، ئەو ماددە ژەهراویانەی کە لە کاتی پڕۆسەی بەرهەمهێناندا بەکاردەهێندرێن، دەچنە ناو خاکەکەوە و دەتوانن خاک و ئاو پیس بکەن کە سەرچاوەی ژیانن بۆ مرۆڤ.

 

منداڵان بۆ کار بەکاردەهێنن بە کرێی کەم و کاتی زۆر

سەختە بیهێنیتە بەرچاوت کە کارگەکانی دروستکردنی جلوبەرگی شەین کاتژمێری زۆرو کرێی کەم بە زۆر بەسەر کرێکارەکانیاندا دەسەپێنن و کار بە منداڵانی خوار تەمەنی یاسایی دەکەن،  بەڵام ئەوە ڕاستییەکەیە و بەم دواییانە لە لێکۆڵینەوەیەکدا دەرکەوتووە کە کۆمپانیای شەین کار بە منداڵانی خوار ١٦ ساڵ دەکات بە بڕە پارەیەکی کەم و کاتێکی زۆر.

مانگی کانوونی دووەمی ساڵی ٢٠٢١ کاتێک ژنێکی ئەمریکی بە ناوی ئەماندا داوای چەند بەرهەمێک دەکات لە شەین و بەرهەمەکانی پێدەگات شتێکی نامۆ و سەیر دەبینێت، هەر بۆیە بە زووی لە سۆشیاڵ میدیاکانی خۆی بڵاوی دەکاتەوە و باسی ئەوە دەکات کە بینیوویەتی، پشانی دەدات کە یەکێک لە بەرهەمەکان دەکاتەوە و لەناو جلوبەرگەکەدا لەسەر کاغەزی بچووک بچووک نوسینی سەیروسەمەرە نوسراوە وەک ئەگەر ئەم جلوبەرگە بپۆشیت دەمریت، یارمەتیم بدە من تەنها منداڵێکم و یارمەتی، ئەم ڤیدیۆیەی ئەماندا هەرای زۆری نایەوەو زیاتر لە ٩ ملیۆن بینەری هەبوو، هەر کەسێکیش زانیارییە سەیرەکانی خۆی باس دەکرد کە لەکاتی داواکردنی بەرهەمەکانی شەین بینیویەتی.

کاتێک بینەرەکان وردە وردە بە باسەکایان زانی هەمویان سەیری تاگی جلوبەرگەکانیان کرد و سەریان سوڕما کاتێک بینیان لەسەر زانیاریەکان نوسراوە "یارمەتیم بدە، تکایە" و هەموویان بڵاویان کردەوە لە ڕێگەی تۆرەکۆمەڵایەتیەکانی خۆیان بۆ ئەوەی لایەنی پەیوەندیدار ڕێگای یاسایی بگرێتە بەر، بەڵام ئەم هەوڵەی هاوڵاتیان بێ ئەنجام بوو، کۆمپانیای شەین خۆی هیچ ڕوونکردنەوەیەک یاخود بەدرۆخستنەوەیان پشان نەدا، بۆیە ئەماندا بڕیاریدا خۆی پەیوەندی بە کۆمپانیای شەینەوە بکات و بە هەمان شێوە بێئەنجام بوو چونکە هیچ کەسێک ناتوانێت پەیوەندی بە شەینەوە بکات بە هیچ جۆرێک.

هەڵمەتەکەی هاوڵاتیان بەردەوام بوو هەتا رۆژنامەنوسان هاتنە سەر هێڵ و چون بۆ دەرخستنی ڕاستی و دروستی بابەتەکە، چەندین ڤیدیۆی ڕۆژنامەنوسەکان بڵاو بووەوە کە بە نهێنی قسەیان لەگەڵ کارمەندەکانی ئەو کۆمپانیایە کردووە لەبەر ئەوەی بەڕێوەبەری کۆمپانیاکە بە هیچ جۆرێک رازی نییە کە چاوپێکەوتن لەگەڵ کارمەندەکانی بکرێت، ئەو ڤیدیۆیانەی بڵاو بونەتەوە ژنی گەنج و مناڵن و دەڵێن کە ڕۆژانە ١٨ کاتژمێر کاردەکەن بەرامبەر ٦ بۆ ٨ دۆلار و هیچ رۆژێکی پشویان نییە لە مانگەکەدا، لە کارگەکەدا، ڕۆژنامەنووسێک بینیویەتی ژنان لە کاتی پشووەکانی نیوەڕۆدا قژیان دەشۆن و ئەگەر هەڵەیەکیان لەسەر شتێکی جلوبەرگ کردبێت، دوو لەسەر سێی مووچەی ڕۆژانەیان دەبڕدرێت وەک سزا، ئەو کات و بارودۆخەی کارکردن کە رۆژنامەنووسەکان دەیڵێن یاساکانی کار لە چین پێشێل دەکات، ئەو ڤیدیۆیانە بە جیهاندا بڵاو بوونەوە بەڵام لایەنی پەیوەندیدار هیچ هەڵوێستێکی نییە هەتاوەکو ئێستا و کەس بە هانای ئەو کارمەندانەوە نەڕۆیشتووە.

 

پیشەسازی جلوبەرگ زیانە بۆ ژینگە

زیاتر لە نیوەی مۆدەی خێرا وەک جلوبەرگەکانی شەین لە کەمتر لە ساڵێکدا فڕێ دەدرێت، وەک براندێکی مۆدەی زۆر خێرا کە ڕۆژانە هەزاران جۆر و شێوازی جلوبەرگ دادەبەزێنێت، هەر بۆیە شەین بەرپرسیارە لە خێراکردنی ئەم ڕەوتە، ئەم زیادەڕۆییکردنە تەنها نابێتە هۆی پڕبوونی زبڵدانەکان و فڕێدانی جل و بەرگی بەکارهاتوو، بەڵکو بڕێکی زۆر ئاو و وزە بەفیڕۆ دەدات و دەردانی دووانە ئۆکسیدی کاربۆن زیاد دەکات، ئەمەش زیانی بۆ مرۆڤەکان هەیە و ژینگە و ئاو پیس دەکەن.