گیانلەبەرە کێوییەکان لە کوردستان؛ لە نێوان باروتی داگیرکاری و قڕبووندا

لە کاتێکدا جیهان لە ١٠ی ئابدا یادی پاراستنی گیانلەبەرە کێوییەکان دەکاتەوە، لە کوردستان سروشتی زاگرۆس بەهۆی تۆپباران، جەنگ و سووتاندنی بەردەوامەوە بەرەو قڕبوون دەچێت، پاراستنی ئەم ئاژەڵانەش مەرجێکی ژیانییە بۆ ڕاگرتنی هاوسەنگیی سروشت.

هێڤی سەڵاح

 

سلێمانی_ ڕۆژی ١٠ی ئاب لە هەموو جیهاندا وەک ڕۆژی جیهانیی شێر دیاریکراوە ئەم ڕۆژە لە ساڵی ٢٠١٣وە لە لایەن دامەزراوە نێودەوڵەتییە ژینگەیییەکانەوە هاتە کایەوە بە مەبەستی دروستکردنی شەپۆلێکی سەرانسەری لە هۆشیاریی جیهانی بۆ پاراستنی شێرەکان و تیشکخستنە سەر کەمبوونەوەی مەترسیداری ژمارەیان، لە جیهاندا ئەم ڕۆژە جیهانییە بەبیرهێنەرەوەی ئەوەیە کە ئاژەڵە کێوییەکان تەنها کۆمەڵێک زیندەوەر نین لە سرووشتدا بژین بەڵکو بڕبڕەی پشتی هاوسەنگیی ژینگەیی و زنجیرەی خۆراکن

 

پاراستنی گیانلەبەرە کێوییەکان و دابینکردنی مافی نیشتمانی سرووشتییان گرنگییەکی یەکلاکەرەوەی لە سیستمی ئیکۆلۆژیدا هەیە هەر جۆرە ئاژەڵێک یاخود باڵندەیەک کە لە ڕووی جۆرییەوە لەناو دەچێت زنجیرەی گەشەکردنی سەدان جۆری دیکەی ڕووەک و زیندەوەر دەپچڕێنێت هاوسەنگیی تۆووەشاندنی دارستانەکان تێکدەدات و زەمینە بۆ بڵاوبوونەوەی بێئەندازەی ئافات و نەخۆشییەکان خۆش دەکات، لە ئاستی جیهانیدا تێکدانی نیشتمانی سروشتی ئاژەڵان بە دەستی مرۆڤ و گۆڕانی کەشوهەوا هەڕەشە لە هەزاران جۆری زیندەوەر دەکات، بەڵام چەمکی تێکدانی ژینگە لە هەرێمی کوردستان ڕەهەندێکی بەسوێتر و ئاڵۆزتری وەرگرتووە کە ڕاستەوخۆ بەستراوەتەوە بە جەنگ، تۆپباران و داگیرکارییەوە.

 

هێرشی سەربازی تۆپباران و داگیرکار

لە کاتێکدا کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە ١٠ی ئابدا بە کۆمەڵێک بەرنامەی توێژینەوە و سیاسەتی نوێ هەوڵی بنبڕکردنی مێژوویی ڕاوی نایاسایی و پاراستنی مافی گیانلەبەرە کێوییەکان دەدات هەرێمی کوردستان لە ناوەڕاستی ناڵەی برینێکی زۆر قووڵتردا دەپێژێت برینێک کە بە باروتی هێرشە سەربازییەکان داگیرکاری و سووتاندنی بەردەوامی سەدان هەزار دۆنم لێڕەوار و دارستانی ڕەسەن دروست بووە، شاخە بڵندو سەختەکانی هەرێمی کوردستان وەک قەندیل، مەتین، گارا ئاسۆس، بەمۆ و زاپ درێژکراوەی سرووشتی زاگرۆسن، کە لە مێژوودا بە پەناگە و نیشتمانی سەرەکیی دەگمەنترین جۆرەکانی ئاژەڵی کێوی هەژمار کراون، لەوانە پلنگی کوردستان، بزنی کێوی کەوێل، ورچی قاوەیی، گورگی زاگرۆس ڕێوی و سەدان جۆری دەگمەنی داڵ و هەڵۆ بەڵام ئەم ناوچە شاخاوییانە ساڵانە بە شێوەیەکی ڕۆژانە و بەردەوام دووچاری هێرشی ئاسمانی تۆپبارانی قورس و لەشکرکێشیی وڵاتانی دراوسێ دەبنەوە.

 

مووشەک و بۆمبە نایاساییەکان نەک تەنها لە چەند چركەیەکدا سەدان هێکتار دارستانی بەڕوو دەسووتێنن بەڵکو هێلانە و حەشارگەی سەرەکیی ئاژەڵە دەگمەنەکان بە تەواوی خاپوور دەکەن دەنگی تەقینەوەکان و سووڕانەوەی بەردەوامی فڕۆکە و درۆنە جەنگییەکان ترسێکی بەردەوامی وا لە ناوچەکەدا دەچێنن کە ئاژەڵەکان دووچاری دڵڕاوکێی قورس دەکەن ئەم بارودۆخە دەبێتە هۆی کۆچپێکردنی زۆرەملێ لەدەستدانی بێچووەکان تێکچوونی خولی زۆربوونی سروشتی و لە کۆتاییدا دابەزینی مەترسیداری ئاماری ئاژەڵە کێوییەکان بە ئاڕاستەی قڕبوونی نادیار

 

کارەساتی سووتانی ئەنقەست و دارستان بڕین

جگە لە مەترسییە ڕاستەوخۆکانی جەنگ دیاردەی ئاگرکەوتنەوەی بەردەوام لە دەشت و شاخەکانی کوردستان لە وەرزەکانی هاوین و پاییزدا بووەتە کارەساتێکی خولگەیی، ساڵانە بەشێکی زۆری ئەم ئاگرکەوتنەوانە بەهۆی تەقەمەنی و تۆپبارانی سنوورییەوە دروست دەبن بەڵام بەشێکی دیکەشیان بە دەستی ئەنقەست بۆ داگیرکردنی زەوی و دارستانبرین یاخود لە ئەنجامی کەمتەرخەمیی سەیرانکاران ڕوو دەدەن، لە ناو ئەو دۆڵ و شاخانەی ئاگریان لێدەکەوێتەوە، بە هەزاران زیندەوەری بچووک و هێواش وەک ژیژک، مار، سیسرک، سەلەمەندەر و سەدان جۆر بێچووی باڵندەکان کە توانای هەڵهاتنیان نییە بە زیندەیی لە ناو ئاگردا دەسووتێن و خۆڵەمێش دەبن، لەناوچوونی دارستانە بەڕووەکان  بەم شێوەیە بەربڵاوە زەبرێکی کوشندە لە دروستبوونی خۆراکی سروشتیی ئاژەڵە گەورەکانیش دەدات

 

ڕاوی نایاسایی و وشکەساڵی

لەگەڵ ناپاڵم و باروتی داگیرکاری دیاردەی ڕاوی ناڕەوا و بێسەروبەر بە بەکارهێنانی چەکی پێشکەوتوو تەڵەی کارەبایی و ژەهر لە ڕووبارەکاندا ژینگەی هەرێمی کوردستانپڕتر کردووە لە مەترسی بازرگانیکردنی نایاسایی بە بێچووی ئاژەڵە کێوییەکان و فرۆشتنیان لە بازاڕە ڕەشەکاندا ئاسایشی ژینگەیی شێواندووە هاوكات وشکەساڵی و گۆڕینی ئاڕاستەی ڕووبارە سنوورییەکان لە لایەن وڵاتانی دراوسێوە کانی و سەرچاوەکانی ئاوی لە ناوچە کێوییەکاندا وشک کردووە ئەمەش ئاژەڵەکان ناچار دەکات بە دوای ئاودا بەرەو گوندەکان داببەزن و بکەونە بەردەم دەستی ڕاوچییە ناڕەواکان

 

چارەسەر و هەنگاوە ئیکۆلۆژییە پێویستەکان

بۆ وەستاندنی ئەم کارەساتە ئیکۆلۆژییە و پاراستنی پاشماوەی گیانلەبەرە کێوییەکان لە کوردستان پێویستە ئەم هەنگاوە کردارەکییانە بنرێن، دەبێت حکومەتی هەرێم و عێراق لە ڕێگەی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوە ژینگەیییە نێودەوڵەتییەکانەوە دۆسیەی ژنۆسایدی ژینگەیی بەهۆی تۆپباران و جەنگەوە لەسەر وڵاتانی دراوسێ تۆمار بکەن و هەروەها هەمواری یاسای پاراستنی ژینگە و جێبەجێکردنی سزای دارایی زۆر قورس و زیندانیکردنی درێژخایەن بۆ ڕاوچییە ناڕەواکان و ئەوانەی دارستانەکان دەسووتێنن و بەفەرمیکردنی ناوچە پارێزراوەکان لە چیای قەرەداغ، هەڵگورد سەکران، پێنجوێن و بەمۆ بە مەبەستی پاراستنی ئاژەڵەکان لە کاتی وەچەنانیانداو دابینکردنی درۆنی چاودێری کامێرای گەرمی و کەرەستەی هاوچەرخی ئاگرکوژێنەوە بۆ هێزەکانی پۆلیسی دارستان و ژینگە.