گوندی قەسرین؛ گۆڕانی کەشوهەوا لە چاوی ژنانەوە

ژنانی گوندنشین ڕۆژانە چاودێری گۆڕانی کەشوهەوا دەکەن و لە ڕێگەی گونجاندن و پێکەوەژیانی ڕووبەڕووی ئاستەنگیەکان دەبنەوە سەرەڕای بارودۆخە سەختەکان.

ئیخلاس حەمرونی

 

تونس - ڕەنگە زۆرێک لەو ژنانەی لە ناوچە گوندنشینەکان دەژین ئاشنای دەستەواژەی "گۆڕانکاری کەشوهەوا" نەبن، بەڵام چاو و هەستەکانیان هەڵە نییە، کاریگەری قوڵن لەسەر ژیانی ڕۆژانەیان، هەرلە بەرزبوونەوەی گەرمای هاوینەوە تا سەرمای تاڵی زستان، لە کەمی ئاوەوە بۆ گۆڕانی بەفربارین و شێوازی بارانبارین تا ئاگرکەوتنەوە، کە هەڕەشە لە بەرهەم و ئاژەڵەکانیان دەکات.

 

لەگەڵ هەر وەرزێکدا، چاودێریکردنی ڕۆژانە دەبێتە بەشێک لە زانیاری پراکتیکییان لەسەر کەشوهەوا، وە  ستراتیژییەکانی گونجاندنیان شێوە وەردەگرن، جا چ بە ڕێکخستنی کاتژمێرەکانی کارکردن، چ بە هەڵگرتنی ئاو، یان پاراستنی بەرهەم و ئاژەڵەکان بێت، کە ئەمەش ڕێگە بە ژنان دەدات خۆڕاگر بمێننەوە بەرامبەر بە سروشت، هەروەها تێڕوانینە هەستیارەکانیان بگۆڕێت بۆ کارامەی ژیانی بەرجەستە کە یارمەتیان دەدات ڕووبەڕووی هەڵچونی بەردەوامی کەشوهەوا ببنەوە.

 

''ئاڵەنگاری ڕۆژانە''

لێرەوە چیرۆکی ئەو ژنانە سەرهەڵدەدەن کە ئەم گۆڕانکاریانەیان لەسەر زەوی لە شاری قەسرین ئەزمون کردووە، زموردە فالحی، ژنێکی دانیشتوی گوندەکان، چیرۆکەکەی دەست پێدەکات و پشتڕاستی دەکاتەوە، کە لە ساڵانی ڕابردوودا هەستی بە هەندێک گۆڕانکاری لە وەرزەکاندا کردووە، هەرچەندە ئەو زاراوەی "گۆڕانی کەشوهەوا" نازانێت، بەڵام مانگی تەمووز لە ئاسایی گەرمتربووە، لەکاتێکدا سەرمای مانگی یەک بەرگەی ناگیریت، ڕوونیشی دەکاتەوە، کە چیتر گەرما تەنها لە مانگەکانی هاویندا سنووردارنییە، بەڵکو درێژبووەتەوە بۆ چەند مانگێک، لەکاتێکدا پێشترهاوین تاکە وەرزی گەرما بووە.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ژنانی گوندەکان زیاترڕووبەڕووی ئەم گۆڕانکاریانە دەبنەوە بە بەراورد بە ژنانی شارەکان، چونکە کاتێکی زۆر لەبەر خۆردا کاردەکەن و لە ژینگەیەکی سروشتیدا دەژین، کە وایان لێدەکات زیاترئامادەبن بۆ بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی لە وەرزی هاوین و نزمبونەوەی پلەی گەرمی لە زستانەدا، ئەم گۆڕانکاریانە کاریگەری لەسەر ئاژەڵ و درەختە بەرزەکان و ڕووەکەکانی ناوچەکەش هەیە، هەروەها گەرما بەرژەوەندییەکانی ژنان تێکدەدات و کاریگەری لەسەر منداڵان و گەورەکانیش هەیە، بەو پێیەی ژنانی گوندنشین زۆرترین بەرپرسیارێتییان لەناو خێزان و کۆمەڵگەدا هەڵدەگرن، زیاتر ڕووبەرووی کێشەکانی ئەم گۆڕانکاریانە دەبنەوە لە هەردوو وەرزی هاوین و زستاندا.

 

لەگەڵ خراپتربوونی ئەم گۆڕانکاریانە، گەشتکردن بۆ شاخەکان بۆ کار ئاڵەنگاریەکی بەرچاو بۆ ژنان دروست دەکات، زموردە فالحی، وتی: بۆ ئەوانەی دەچنە شاخ لەڕادەبەدەرسەخت بووە، بەو پێیەی کەشوهەوا ڕێگریمان لێدەکات لەوێ کاربکەین، بەڵام ژنان دەستیان کردووە بە چاودێریکردنی بەردەوامی ڕاپۆرتەکانی کەشوهەوا بۆ یارمەتیدانیان لە ڕێکخستنی چالاکییەکانی ڕۆژانەیان بەپێی بارودۆخی چاوەڕوانکراوی کەشوهەوا، کە ئەمەش یارمەتیدەربووە بۆ ئەوەی خۆیان لەگەڵ دۆخەکەدا بگونجێنن.

 

هەروەها تیشکیشی خستەسەر کێشەی کەمی ئاو لە گوندەکان کە بەهۆی ئەم گۆڕانە کەشوهەوایانەوە درووسبوە، وتی: بەهۆی کەمی ئاوەوە دەستمانکردووە بە کۆکردنەوەی بڕێکی زۆر لێی،  کاتێک کە هەموو پێداویستییەکانمان تەواو دەکەین، ئەوکاتە کات بەردەست دەبێت بۆ هەڵگرتنی ئاوی ڕۆژانەی کە هەموو کات بەردەست نییە.

 

''کاریگەری ڕاستەوخۆ لەسەر کشتوکاڵ و کار''

هەرلەو چوارچێوەیەدا، دەلیلا تالبی، جوتیار، باس لەوە دەکات، کە هەرگیز زاراوەی "گۆڕانی کەشوهەوا"ی نەبیستووە و واتای وردی نازانێت، بەڵام تێبینی ئەوەی کردووە کە لە ساڵانی ڕابردوودا کەشوهەوا گۆڕانکارییەکی بەرچاوی بەسەردا هاتووە، هەروەها کەشوهەوا ناجێگیر بووە و هاوینەکان لە پێشوو گەرمترن، لە کاتێکدا زستانەکان بە شێوەیەکی بەرچاو ساردترن، ئیتر بەفر لە کاتی ئاسای خۆیدا نابارێت، هەندێکجار لە وەرزێکی تردا دەبارێت، لەگەلیشیدا وەرزی هاوین کە بەهۆی ئاگرکەوتنەوەیەکی زۆرەوە تووشی کێشە بووە، کاریگەری نەرێنی لەسەر ناوچەکەیان هەبووە و بە درێژایی وەرزەکە گەرما زیاد دەکات.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، ئێمە بە هاوینێکی درێژ و سەختدا دەژین، لەو ماوەیەدا بەدەست گەرماییەکی زۆرەوە دەناڵێنین بەتایبەتی لە مانگی تەمووزدا، تەنانەت لە وەرزی پایزدا پلەی گەرما بە بەرزی دەمێنێتەوە و بڕینی ئاویش زۆرە، ئەمەش کاریگەری زۆری لەسەر ئێمەی ژنان هەیە، چونکە ئەم گۆڕانکارییانە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەر چالاکییە کشتوکاڵییەکان لە ناوچە گوندنشینەکاندا هەبووە، کە دانیشتوانەکەی پشت بە کشتوکاڵ دەبەستن وەک سەرچاوەی سەرەکی بژێوی ژیانیان، هەروەها لە وەرزی هاویندا بەهۆی گەرمایەکی زۆرەوە، چالاکییە کشتوکاڵییەکان بە تەواوی وەستان و ئەمەش دەبێتە هۆی وەستانی کرێی ژنانی کرێکاران، ئەو ڕۆژەی بەهۆی گەرمایەکی زۆرەوە ناتوانین کار بکەین کرێ وەرناگرین و بەمجۆرە چالاکییەکانمان بە تەواوی دەوەستاێت لەگەڵ بژێوی ژیانماندا.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر چالاکییە جۆراوجۆرەکان هەیە، بەتایبەتی چالاکییە بازرگانییەکان،  ژنانەی لە بازاڕەکاندا بەرهەمەکانیان دەفرۆشن ئیتر توانای دەرچوونیان نییە تا کاتژمێرەکانی زووی بەیانی، چونکە خەڵک لە گەرمای تونددا ناچنە دەرەوە، وە زۆرجاردەبێت پێش نیوەڕۆ بڕۆن، چونکە بەرگەی گەرمای خۆر ناگرین و بەبێ ئەوەی هیچ بفرۆشین دەگەڕێینەوە، لەبەر ماندوێتیش ناتوانین ڕۆژی دواترکاربکەین.

 

دەلیلە تالبی ئاماژەی بەوەدا، کاریگەری گەرما لە شوێنی کاردا ناوەستێت، بەڵکو درێژدەبێتەوە بۆ تەندروستی خودی ژنان، زۆربەیان بەدەست ماندوێتی و نەخۆشییەکی زۆرەوە دەناڵێنن کە لە ئەنجامی کارکردن لەبەر خۆردا دروست دەبێت، ژنان زۆر ماندوو دەبن و ناچاردەبن بەرگە بگرن و لە گەرمادا کار بکەن بۆ ئەوەی نانی ڕۆژانەیان پەیدا بکەن.

 

سەبارەت بە ئاویش ڕوونی کردەوە، کە کەمی ئاو زۆر بووە، بەتایبەتی لە ماوەکانی گەرمادا ، وتی: خۆمان دەبینینەوە کە ناچارین مەودای دوور ببڕین بۆ هێنانی ئاو لە ناوچە دوورەکانەوە، ئاو کەمە بۆیە هەوڵدەدەین بیپارێزین بۆ ئەوەی دوو سێ ڕۆژمان بخایەنێت، بەڵام وەک بارگرانییەکی قورس دەمێنێتەوە بەتایبەتی بە لەبەرچاوگرتنی نەبوونی گواستنەوەی پێویست.

 

جەختیشی لەوە کردەوە، کە ئەو پرسە تەنها لە ژناندا سنووردار نییە، بەڵکو ئاژەڵداری و بەخێوکەرانی ڕووەکیش دەگرێتەوە، بەخێوکەران ڕووبەڕووی کێشەی بەرچاو دەبنەوە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی پلەکانی گەرما ئاژەڵەکان ناتوانن بژین، هەروەها مەڕ و پەلەوەرەکان زۆرجار بەهۆی گەرمای زۆر و کەمی ئاوەوە گیان لەدەست دەدەن، سەبارەت بە بەروبوومەکان، کاتێک کە ئاگرلە شاخەکانی دراوسێ دەکەوێتەوە دەگاتە زەوییەکان و زیانێکی بەرچاو بە باخەکانی زەیتون و بادەم و قەیسی دەگەیەنێت.

 

دەلیلە تالبی، لە کۆتایی قسەکانیدا داوای چارەسەری بەپەلەی کرد، وتی: پێویستمان بە چارەسەری ڕاستەقینە هەیە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی گەرما و دابینکردنی ئاو بۆ ماڵ و کێڵگەکانمان، لە هاویندا بەدەست وشکەساڵی و گەرما دەناڵێنین، وە لە وەرزی زستانیشدا بەدەست ئەو سەرما و بەفرەوە دەناڵێنین کە ڕێگرن لە کارکردن و لەگەڵ هەموو وەرزێکدا لە بژێوی ژیانمان بێبەشمان دەکەن.

 

''ڕۆڵی ژنان لە ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا''

سورەیا تەرشی، کە بە ئاگاداری و شارەزا دەرکەوت لەم بابەتەدا، وتی: ئەمڕۆ بە دڵنیاییەوە هەست بە گۆڕانکارییەکانی کەشوهەوا دەکەین و کاریگەرییەکانیان لەسەر ژیانی ڕۆژانەمان دەبینین، هەروەها پلەکانی گەرما لە ماوەی سێ ساڵی ڕابردوودا وەک پێشتر نەبوون، هەندێکجار دەگاتە ٤٨ یان ٥٠ پلەی سەدی، کە کاریگەرییەکانی ئەم گۆڕانکاریانەی ئێستا لە وردەکارییەکانی ژیانی ڕۆژانەدا بەرجەستەن.

 

ئاماژەی بەوەشکرد، هەندێک دیاردەی دیکەش هەن کە ڕوویانداوە، وەک تۆمارکردنی ڕەوتی بەهێزی زەریاکان لە کەناراوەکانی وڵات، کە بووەتە هۆی خنکانی ژمارەیەک هاوڵاتی، ئەمەش بۆ کاریگەرییە ڕاستەوخۆکانی گۆڕانی کەشوهەوا دەگەڕێتەوە.

 

ڕاشیگەیاند: دەتوانرێت بوترێ مرۆڤ هۆکاری سەرەکی ئەم گۆڕانکاریانەن، هەروەها وڵاتانی پیشەسازیش ڕۆڵێکی سەرەکی دەگێڕن، ئەمەش لەبەر ئەوەیە کە کاتێک مرۆڤ ئاگاداری گرنگی ڕۆڵی خۆی دەبێت لە پاراستنی سروشتدا، درک بەوە دەکات کە بەکارهێنانی قڕکەر و ماددە کیمیاییەکان زیان بە سروشت دەگەیەنێت و بەشدارە لە تێکچوونی کەشوهەوا، وە پیسبوونی ژینگە زیاد دەکات، بۆیە " بەشێکی زۆری کێشەکە بەهۆی مرۆڤەوەیە، کە هەڕەشە لە خۆیان و نەوەکانی داهاتوو دەکەن''.

 

جەختی لەسەر پێویستی زیادکردنی هۆشیاری ژینگەیی کردەوە، وتی: زۆر گرنگە ئاستێکی بەرزی هۆشیاری لەلایەن مرۆڤەوە هەبێت، ئەویش بە کەمکردنەوەی بەکارهێنانی ئەو ماددانە کە زیان بە سروشت دەگەیەنن و گۆڕانی کەشوهەوا توندتردەکەن، هەروەها دەبێت بەکارهێنانی وزە بەگشتی زیرەکانە بکەین، چونکە ڕاستەوخۆ کاریگەرییان لەسەرهەموومان هەیە.

 

لە درێژەی قسەکانیدا باسی لە دۆخی ژنان کرد، وتی: ژنان ڕاستەوخۆ بەرکەوتەی ئەو گۆڕانکاریانە دەبن، بەو پێیەی کاریگەری بەرزبوونەوەی پلەی گەرمایان لەسەرە بەتایبەتی کاتێک لە دەرەوەی ماڵ کاردەکەن، هەروەها ئەو ژنانەی کە لە کشتوکاڵ یان بوارەکانی ژینگەدا کاردەکەن، ئەوان ئەو گروپەن کە زۆرترین ڕاستەوخۆ کاریگەریی ئەو گۆڕانکارییانەیان لەسەرە.

 

سورەیا تەرشی، جەختی لەسەر پێویستی ئاگاداری ژنان لە ڕۆڵی خۆیان کردەوە، بەو پێیەی هەموومرۆڤێک بەرپرسیارێتی هەیە بەرامبە بە ژینگە و دەوروبەری، وە پاراستنیشی زۆر گرنگە، هەروەها کێشەی گۆڕانی کەشوهەوا هەموو جیهان دەگرێتەوە و کاریگەری لەسەر هەموو کۆمەڵگەکان هەیە، ژنان بەهۆی ڕۆڵی خۆیان لەم کۆمەڵگەیانەدا ڕۆڵێکی زۆر گرنگ دەگێڕن لە هەوڵدان بۆ کەمکردنەوەی ئەم دیاردەیە بە وەرگرتنی ئەو پراکتیکانەی کە ژینگە دەپارێزن، وە گۆڕانی کەشوهەوا ئاڵەنگاریەکی بەردەم هەموو جیهانە، ژنانیش وەک توخمێکی بنەڕەتی لە کۆمەڵگەدا ڕۆڵێکی کارا و بنچینەیان هەیە لەم ڕووبەڕووبوونەوەیەدا.