بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا ڤایرۆس لە جیهاندا بڵاودەبێتەوە

شارەزایانی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی زەنگی ئاگادارکردنەوەیان سەبارەت بە بەرزبوونەوەی حاڵەتەکانی تای خوێنبەربوون و چیکۆنگونیا لێدا و ڕایانگەیاند، پێشبینی دەکەن ڤایرۆسی زیکا دووبارە لە جیهاندا بڵاوبێتەوە.

ناوەندی هەواڵ

 

ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی هۆشداریدا لەوەی، تای خوێنبەربوون و نەخۆشییەکانی دیکە کە بەهۆی ڤایرۆسەوە لە ڕێگەی مێشولەوە دەگوازرێنەوە، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا خێراتر و فراوانتر بڵاودەبنەوە، بەمەش ترسی بڵاوبوونەوەی نەخۆشی ڤایرۆسی لە جیهاندا زیادی کردووە.

 

بەپێی شارەزایانی نەخۆشییە ڤایرۆسییەکان، هەریەک لە نەخۆشییە ڤایرۆسییەکانی تای خوێنبەربوون و چیکۆنگونیا و ڤایرۆسی زیکا لە جیهاندا لە ڕێگەی مێشوولەی جۆری Aedes کە بە مێشوولەی پڵنگ ناودەبرێت بۆ مرۆڤ دەگوازرێتەوە.

 

ڕامان ڤێلایودان، ڕێکخەری دەستپێشخەری نەخۆشی خوێنبەربوون و ڤایرۆسیی ڕێکخراوی تەندروستی جیهانی لە میانی کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا وتی: گۆڕانی کەشوهەوا ڕۆڵێکی گەورەی هەبووە لە ئاسانکاری بۆ بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکان.

 

ڤێلایودان و هاوکارەکەی دیانا ڕۆژاس-ئەلڤارێز، کە بەرپرسە لە کۆنترۆڵکردنی ڤایرۆسی چیکۆنگونیا و زیکا، داوای کرد بە خێرایی هەنگاو بنێن بۆ سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆس لەو ناوچانەی مێژووی گواستنەوەی نەخۆشییەکەیان هەیە.

 

ڤێلایدان داوای لە وڵاتان کرد کە "وریا بن" لە دیاریکردنی بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەکە "بۆ ئەوەی خۆیان لە هەر بڵاوبوونەوەی گەورە بەدوور بگرن".

 

نەخۆشی خوێنبەربوون لە ١٠٠ وڵاتدا تا ئێستاش مەترسیدارە، بەڵام مەترسی لەسەر ٢٩ وڵاتی دیکە دروست دەکات، لە ماوەی چەند ساڵی ڕابردوودا ژمارەی توشبووان بەرزبووەتەوە، لە نزیکەی نیو ملیۆن لە ساڵی ٢٠٠٠دا بۆ ٥.٢ ملیۆن لە ساڵی ٢٠١٩دا.

 

لە مانگی کانوونی دووەمەوە تا ئێستا نزیکەی ١٣٥ هەزار حاڵەتی ڤایرۆسی چیکۆنگونیا لە ئەمریکا تۆمار کراوە، لەکاتێکدا لە نیوەی یەکەمی ساڵی ٢٠٢٢دا ٥٠ هەزار حاڵەت تۆمار کراوە، نیگەرانکەرترین شت فراوانبوونی جوگرافیای ئەم دوو نەخۆشییەیە لە باشووری ئەمریکاوە تا نیوەگۆی باکوور، لەنێویاندا هەندێک وڵاتی ئەوروپی.

 

دیانا ڕۆژاس-ئەلڤارێز وتی: لەگەڵ گۆڕانی کەشوهەوا، مێشوولە زۆر زیادی کردووە و بڵاوبوونەوەی ئەم نەخۆشیانە فراوانتر بووە، ئەمەش دۆخەکە مەترسیدار دەکات.

 

تای خوێنبەربوون و ڤایرۆسی چیکۆنگونیا نیشانە سووکەکان (تا، ئازاری جەستە، و پەڵە) دروستدەکەن، زۆربەی ئەو کەسانەی تووشی چیکۆنگونیا دەبن تەنها بۆ ماوەی هەفتەیەک هەست بە نیشانەکانی دەکەن، بەڵام ٪٤٠یان هەست بە کاریگەرییەکانی دەکەن بۆ چەند مانگێک یان تەنانەت ساڵانێک.