ژنانی سویسرا بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و مافی مرۆڤەوە حکومەتی وڵاتەکەیان دەبەنە دادگای ئەوروپا

زیاتر لە دوو هەزار ژن، بەهۆی گۆڕانی کەشوهەوا و پێشێلکردنی مافی ژیان و تەندروستییان، حکومەتی سویسرا دەبەنە دادگای ئەوروپا.

ناوەندی هەواڵ

 

دوای شەش ساڵ لە جەنگی ناسەرکەوتوو بەرامبەر گۆڕانی کەشوهەوا لە ڕێگەی دادگاکانی سویسراوە و ناڕەزایەتی دوو هەزار ژن لەو وڵاتەدا، بۆ یەکەمجارە دادگای مافی مرۆڤی ئەوروپا "ECHR" گوێ لە کەیسێک دەگرێت لەسەر کاریگەری گۆڕانی کەشوهەوا لەسەر مافەکانی مرۆڤ.

 

پلەی گەرمی لە سویسرا خێراتر لە تێکڕای جیهانی بەرزدەبێتەوە و تا ئێستا شەپۆلی گەرمی زیاتر هەیە، بۆیە ژنانی سویسری کە تەمەنیان تێکرای ٣٧ ساڵە ئاماژەیان بەوەکرد، گۆڕانی کەشوهەوا مافی مرۆڤ و تەندروستی و تەنانەت ژیانیان دەخاتە مەترسییەوە، هەروەها لە بەڵگەکانیان بۆ دادگا تۆماری پزیشکییان تێدایە.

 

حکومەتی سویسرا نکۆڵی لەوە ناکات کە گۆڕانی کەشوهەوا کاریگەری لەسەر تەندروستی هەبێت، بەڵام ڕایگەیاندووە ناتوانرێت بە تایبەتی بە تەندرووستی ژنانی بەتەمەنەوە ببەسترێتەوە، ئەگەر ژنەکانی سویسرا لەو کەیسەدا سەرکەوتوو بن، کەیسەکە دەتوانێت پێشەکی بۆ هەر یەکێک لە ٤٦ وڵاتی ئەندامی دادگای ئەوروپا دابنێت.

 

ئەوە لە کاتێکدایە پلەی گەرمی جیهانی بەهۆی چالاکی مرۆڤەوە بەرزدەبێتەوە و گۆڕانی کەشوهەواش ئێستا هەڕەشە لە هەموو بوارەکانی ژیانی مرۆڤ دەکات، مرۆڤ و سروشت تووشی گەرمبوونی کارەساتاوی دەبن، لەگەڵ خراپتربوونی وشکەساڵی، بەرزبوونەوەی ئاستی دەریاکان و لەناوچوونی بەکۆمەڵی جۆرەکان.

 

کاریگەرییەکانی گۆڕانی کەشوهەوا زۆر توندترن لە سەرانسەری جیهاندا، هەڕەشە لە ژیان و گوزەران دەکەن، بە پێی زانایانی کەشوهەوا پێویستە پلەی گەرما نزم ببێتەوە، ئاماژەیان بەوەکردووە کە گەرمبوونی جیهانی پێویستە تا ساڵی ٢١٠٠ بۆ ١.٥ پلەی سیلیزی بهێڵدرێتەوە.

 

بە پێی دەستەی کەشوهەوای نەتەوە یەکگرتووەکان، ئەگەر بەرزبوونەوەی پلەی گەرمی جیهانی لە ماوەی ١.٥ پلەی سیلیزیدا نەپارێزرێت، ئەوا ئەوروپا تووشی لافاو دەبێت بەهۆی بارانبارینی زۆرەوە.