تێکەڵبوونی سەرچاوەی ئاو و ئاوەڕۆ لە زاپی بچوک مەترسییە بۆ سەر ژیان

بوونی ئاوی پیسی شار و گوند و پیشەسازی لە شوێنی کۆبوونەوەی ئاو لە "زاپی بچوک" مەترسی گەورە بۆ ژینگە دروستدەکات، دروستکردنی بەنداویش لەسەر ڕووباری "زاپی بچوک" دەبێتە هۆی وەستاندنی لێشاوی ئاو و کاریگەرییە نەرێنییەکانی ڕژانی ئاوەڕۆ بۆ ئاوەکان زیاد دەکات.

ڕۆژین قادری

 

سەردەشت- پرسی ڕژانی ئاوی پیسی شار و گوند و پیشەسازی بۆ ناو سەرچاوە ئاوییەکانی وەک ڕووبار و بەنداو و دەریاچە، یەکێک لەو پرسە گرنگانەیە کە کاریگەرییەکی بەرچاوی لەسەر ژینگە و تەندروستی مرۆڤ هەیە، پرسی ڕژانی ئاوەڕۆ بۆ ناو ڕووباری "زاپی بچوک" مەترسی لەسەر تەندروستی خەڵکی ناوچەکەش کردووە.

 

زێی زاپی بچووک لە بناری قەندیل لە شاری پیرانشاری ڕۆژهەلاتی کوردستانەوە سەرچاوە دەگرێت، پاشان بەناو شارەکانی میراباد و سەردەشتدا تێدەپەڕێت و بەناو قەڵادزێ لە باشووری کوردستاندا تێدەپەڕێت و دواجار دەڕژێتە ناو ڕووباری دیجلە.

 

- بۆچی ئاوەڕۆ تێکەڵ بە ناوچەی زێی "زاپی بچوک" بووە؟

ئەفسانە (ناوی خوازراو)، شارەزای باڵای ژینگە و ئەندامی چالاک لە بواری چالاکییە مەدەنییەکانی شاری سەردەشت، سەبارەت بە تێکەڵبوونی ئاوەڕۆ بۆ ناو ڕووباری "زاپی بچوک" باسی لەوە کرد، ناوچەی زێی "زاپی بچوک" لە دەڤەری ڕۆژهەلاتی کوردستان دەستپێدەکات و دەچێتە دەڤەری "ئالان"ی شاری سەردەشت، پاشان بە شارۆچکەی قەڵادزێ لە باشووری کوردستاندا تێپەڕ دەبێت، لە ئێستادا، لەگەڵ زیادبوونی ژمارەی دانیشتووان و زیادبوونی ئاوەڕۆدا، ڕژانی ئاوەڕۆ بۆ ناو زێیەکە زیادی کردووە، چونکە ئاوی زاپی بچوک بۆ بەکارهێنانی کشتوکاڵ بەکاردێت و بەشێکیشی بۆ دەریاچەی ورمێ لادراوە، هەروەها دروستکردنی بەنداو لە ناوچەکانی پیرانشار و سەردەشت لەسەر "زاپی بچووک" بڕی ئاوی کەمکردووە، بەراورد بە قەبارەی ئاویش، بڕی ئاوی پیس بەشێوەیەکی سەرسوڕهێنەر زیادی کردووە و مەترسیی گەورەی لەسەر ژینگە دروستکردووە.

 

- هاتنی ئاوەڕۆی شار و گوند و پیشەسازی چ مەترسییەک بۆ ئیکۆسیستەمی ئاوی دەهێنێت؟

ئەفسانە باسی لەوەکرد، ئاوی پیسی شار و گوندەکان کە بە شێوازی نەگونجاو دەڕژێتە ناو ڕووبارەکان دەبێتە هۆی پیسبوونی ئاو، کە ئاوی پیسی شارەوانی، پیشەسازی و کشتوکاڵین، هۆکارەکانی وەک نەبوونی یان نادروستی کارکردنی وێستگەکانی پاککردنەوە، نەبوونی ڕێوشوێن و کۆنترۆڵکردنی دروست لەلایەن دەسەڵاتە ناوخۆییەکانەوە، نەبوونی پەروەردە و زانیاری تەواو بۆ کۆمەڵگە و جێبەجێنەکردنی بەڕێوەبردنی دروستی ئاوەڕۆ، دەبنە هۆی ئەوەی ئاوەڕۆ بڕژێتە ناو ڕووبارەکانەوە، ئەم پیسبوونە دەبێتە هۆی مردنی ئاژەڵە ئاوییەکان و ڕووەکی ئاوی و کاریگەری نەرێنی لەسەر ژیانی ئاوی و ئیکۆسیستەمی ئاوی دەبێت، ەروەها پیسبوونی ئاو دەتوانێت مەترسی بۆ بەکارهێنانی ئاوی خەڵک بەدوای خۆیدا بهێنێت، هەروەها ئاوی پیسی پیشەسازی مادەی کیمیایی و کانزای قورس و پاشماوەی ئۆرگانیکی تێدایە، کە ڕەنگە ژەهراوی بن و زیان بە ژینگە و تەندروستی گشتی بگەیەنن.

 

- دەرئەنجامەکانی تێکەڵبوونی ئاوەڕۆ و ئاوی "زاپی بچوک" چین؟

ئەفسانە ڕوونی کردەوە، لە ئێستادا لە دەڤەری سەردەشت و پیرانشار دوو بەنداوی گەورە و چەند بەنداوێکی بچووک هەیە و زۆربەی ئاوی بەنداوی کانی سیو دەگوازرێتەوە بۆ دەریاچەی ورمێ، کاتێک ئاوەڕۆ دەچێتە ناو بەنداو و دەریاچەکانەوە و ئاوی پیسی شارەوانی و پیشەسازی کە دەڕژێتە ناو بەنداوەکانەوە دەتوانێت پێکهاتەی کیمیایی ئاو بگۆڕێت و کوالێتیەکەی کەم بکاتەوە، ئەمەش لێکەوتەی جددی بۆ ژینگە و کۆمەڵگە ناوخۆییەکان بەدوای خۆیدا دەهێنێت، کەمبوونەوەی ئاستی ئۆکسجینی ئاو و کاریگەرییە نەرێنییەکان لەسەر ئاژەڵە ئاوییەکان، گۆڕانکاری لە پێکهاتەی کیمیایی ئاو لەگەڵ زیادبوونی نیترات و فۆسفات و ماددە ئۆرگانیکەکان، کاریگەری نەرێنی لەسەر بەرهەمهێنانی خۆراک و هەڕەشەکردن لەسەر سەلامەتی و کوالێتی وە کاریگەرییە ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆکانی لەسەر کۆمەڵگە ناوخۆییەکان دروستدەکات، لەوانە لەناوبردنی سەرچاوەکانی ئاو، کەمکردنەوەی سەرچاوە ئاوییەکان کە دەتوانرێت بۆ ئاوی خواردنەوە بەکاربهێنرێت، کاریگەرییەکانی لەسەر پیشەسازی و گەشتیاری، تەندروستی گشتی کۆمەڵگەکە و خراپبوونی کوالیتی ژیانی مرۆڤەکان، بەگشتی ئەم دۆخە دەبێتە هۆی تێکچوونی ژینگە، کەمبوونەوەی جۆراوجۆری زیندوو، کەمبوونەوەی کوالیتی ئاو و کاریگەری نەرێنی لەسەر کۆمەڵگە ناوخۆییەکان، بۆیە گرنگی پاککردنەوەی دروستی ئاوی پیس و بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو زۆر بەرزە بۆ کەمکردنەوەی ئەم دەرئەنجامانە.

 

-چۆن ڕێگری لە پیسبوونی "زاپی بچوک" بکەین؟

لە ئێستادا هیچ ڕێوشوێنێکی جددی بۆ ڕێگریکردن لە هاتنی ئاوەڕۆی شار و گوند و پیشەسازی بۆ ناو ڕووباری "زاپی بچوک" نەگیراوەتەبەر، لە شارەکانی سەردەشت و پیرانشار تەنیا دوو وێستگەی پاککەرەوە هەیە کە تەنیا بەشێک لە ئاوە پیسەکانی ئەو شارانە پاک دەکەنەوە، لەکاتێکدا ئاوی پیسی شارەکانی ڕەبەت و نێلاس و میراباد و دەیان گوند ڕاستەوخۆ دەچێتە ناو ڕووباری "زاپی بچوک" و بەنداوەکانی ئەم ناوچەیە. بۆیە پاککردنەوەی ئاوی پیس گرنگییەکی زۆری هەیە و پێویستە دامەزراوەی پاککردنەوەی ئاوی پیس لە شار و گوند و پیشەسازییەکان دابنرێت و کار بکات. هەروەها پلاندانانی دروست بۆ بەڕێوەبردنی سەرچاوەکانی ئاو و کۆنترۆڵکردنی بەکارهێنانی ئاو لە کەرتەکانی پیشەسازی و کشتوکاڵ و ناوخۆدا زۆر گرنگە، جگە لەوەش پەروەردە و زیادکردنی هۆشیاری گشتی سەبارەت بە گرنگی پاراستنی سەرچاوەکانی ئاو و کاریگەرییە نەرێنییەکانی هاتنی ئاوەڕۆ بۆ ناو ڕووبار و بەنداوەکان دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە کەمکردنەوەی پیسبوونی ئاو و ڕێگریکردن لە چوونە ناو ئاوەڕۆکان بۆ سەرچاوە ئاوییەکان.