"سیستەمی سەرمایەداری سەوزایی لە ژینگە سەندووەتەوە"

سەوزایی و ناشتنی گوڵ جوانی و پاکی بە ژینگە و تەندروستی بە مرۆڤ دەبەخشێت، بەڵام لە ئێستادا زۆر کەس ڕوویان لە کڕینی گوڵی نایلۆن کردووە و ژینگە پارێزێکیش دەڵێت: سیستەمی سەرمایەداری سروشتی تێکداوە.

شیرین ساڵح

 

سلێمانی- هەبوونی سەوزایی و دار و گوڵ گرنگییەکی تایبەتی هەیە بۆ ژینگە و ئاسوودەیی بە مرۆڤ دەبەخشێت لە ڕووی دەروونی و تەندروستیشەوە، بەڵام بەهۆی سیستەمی سەرمایەداریەوە، کە ڕێژەیەکی زۆر گوڵی نایلۆنی لە شێوەی گوڵی سروشتی خستووەتە بازاڕەوە و وای لە خەڵک کردووە گرنگی بە گوڵ و داری سروشتی نەدەن و ڕوو لە کڕینی نایلۆن بکەن، کە ئەمەش زەرەر بە ژینگە دەگەیەنێت و لە ڕووی دەروونیشەوە هیچ سوودێکی بۆ مرۆڤ نییە.

 

"چاندنی گوڵ و سەوزایی پێویستە بۆ تەندروستی مرۆڤ"

شلێر سەمەد، سەرۆکی سەنتەری سلێمانی بۆ ژینگەپارێزی و شاخەوانی و خاوەنی نەمامگەیە، ئاماژەی بەوە کرد، من خۆم وەکو ژنێک زۆر حەزم بە سەوزایی و سروشتە، چی ئەوانەی دوورن لە دەستی مرۆڤ، یان ئەو سەوزایی و گوڵانەی لە ماڵەکاندا دەچێنرێت، لە ڕووی تەندوستیشەوە سەوزایی پێویستییەکی زۆر گرنگی ئەم ڕۆژەیە، چونکە ژینگە پیس بووە و کۆمەڵگە قەرەباڵغ بووە، بۆیە دەبێت سەوزایی لە ماڵ و کۆڵان و هەموو شوینێکدا هەبێت، بە تایبەتی لە ماڵەکاندا کە پێویستە ژنان گرنگی بە سەوزایی بدەن، چونکە ئەرکێکی کەم و تێچوویەکی کەمی دەوێت، تەنها ئەوەی دەوێت کە حەزمان هەبێت و هەست بەوە بکەین سەوزایی چەند گرنگە لە ماڵەکاندا.

 

"هەموو ڕۆژێک لەگەڵ گوڵەکانم قسە دەکەم"

شلێر سەمەد ڕوونی کردەوە، گوڵ و سەوزایی لە ڕووی دەروونیەوە مرۆڤ ئارام دەکەنەوە، "من چەند ئینجانەیەکی گوڵم هەیە و وەکو منداڵی خۆم وان و ڕۆژانە قسەیان لەگەڵ دەکەم، ئەوەی من هەستی پێ دەکەم لەگەڵ گوڵەکانمدا حەزم دەکرد هەمووی ئەو هەستەی هەبوایە، چونکە لە ڕووی دەروونییەوە بۆ مرۆڤ بەسوودە، بەهۆی زۆری کارگەکانەوە پێویستە لە ڕووی ژینگەییەوە گرنگی زۆر بە سەوزایی بدەین و نابێت چاوەڕێی حکومەت بکەین، بەڵکو دەبێت هەرکەسە و لەلایەن خۆیەوە و لە ماڵەکانی خۆمانەوە دەست پێبکەین و سەوزایی بچێنێت.

 

شلێر سەمەد وتیشی: زۆر کەس دەڵێن کاتمان نییە بۆ بەخێوکردنی سەوزایی، لەکاتێکدا چاندنی گوڵ و سەوزایی کاتێکی زۆری ناوێت و منیش هەرچەندە ڕۆژانە بە کارکردنەوە مەژغوڵ دەبم، بەڵام کاتم بۆ ئەوەش هەیە گرنگی بە گوڵەکانم بدەم و بووە بە بەشێک لە ژیانم، بەڵام نابێت ئیهمال بکرێن چونکە ئەوانیش گرنگی پێدانیان دەوێت وەکو هەموو شتێکی تر، چونکە یان ئینجانەکە مەهێنە یان کە هێنامان ئەبێت بە جوانیش بەخێوی بکەین.

 

"گوڵی نایلۆن جیگەی گوڵی سروشتی گرتووەتەوە"

شلێر سەمەد ئەوەشی خستەڕوو، گوڵ زۆر جۆری هەیە و هەر جۆریکیش ژینگەیەکی دەوێت، هەندێکیان ڕووناکیان دەوێت و هەندێکیان تەنها ئاودانیان دەوێت، وە هەرکەسێک گوڵ بچێنێت دەبێت زانیاریشی هەبێت لەسەری، ئێستا گوڵی ئینجانە زۆرە لە ماڵەکاندا، بەڵام بەداخەوە  زۆربەیان گوڵی نایلۆنن کە تەنها ڕووکەشیە و لە دوورەوە جوانن، بەڵام ئەوە جێگەی خۆشحاڵیە ڕۆژ بە ڕۆژ سەوزایی لەناو شاری سلێمانیدا زیاد دەکات.

 

وتیشی: خێزانی ئێمە زۆر گرنگی بە سەوزایی دەدەین، ئەوەش لە دایکمانەوە بۆمان ماوەتەوە و خۆشی باخێکی دروست کردووە و ڕۆژانە گرنگی پێدەدات، پێشتر دایکم نەخۆش بوو، بەڵام لەوەتەی گرنگی بە سەوزایی دەدات و گوڵ دەچێنێت، لە کاتی هاتنی وەرزی بەهاردا تەندروستی دایکم باشتر دەبێت، هیوادارم هەر ماڵێک بە پێی دەرفەتی خۆی و ئەگەر چەند ئینجانەیەکیش بێت گوڵ بچێنێت یان دارێکیش بێت لەبەردەم ماڵەکەی خۆیدا بیچێنێت، بەم شیوەیە کۆڵانەکە سەوز دەبێت.

 

"پێویستە هۆشیاری بڵاوبکرێتەوە بۆ ئەوەی گرنگی بە سەوزایی بدەین"

شلێر سەمەد جەختی کردەوە، سیستەمی سەمایەداری ژینگەی بۆ پیس کردووین، گوڵی نایلۆنی هێناوە و جێگەی گوڵی سروشتی گرتوەوەتە جگە لەوەی چەندین ماددەی نایلۆنی خستووەتە بازاڕەوە، بەداخەوە خەڵکیش ئێستا گوڵی نایلۆن دەکڕن، کە ئەمەش جێگەی نیگەرانییە، چونکە وەکو ئەوە وایە مردوویەک لە ماڵدا دابنێیت، دەبێت هۆشیاری بڵاو بکرێتەوە لەناو خەڵکدا لە ڕێگەی تۆڕی کۆمەڵایەتی و کەناڵەکانی ڕاگەیاندنیش کەسانێک بهێننە سەر شاشە کە شارەزاییان لە چاندنی سەوزایدا هەبێت، بۆ ئەوەی خەڵکی دوور بکەونەوە لە کڕینی گوڵی نایلۆن، پێویستە هەر کەسە و لەلایەن خۆیەوە ژینگە بپارێزێت بۆ ئەوەی ژینگە سەوز بکەین، لە ئێستاش بەدواوە دەبێت زۆر ئاگامان لە ئاگر کردنەوە بێت، چونکە لەوانەیە ببێتە هۆی سوتاندنی چەندین دار.